بەغدا بۆ ئێمە برا گەورەیە .....!!

بەغدا بۆ ئێمە برا گەورەیە .....!!
ئەگەر لەژێر سایەی دەوڵەتێکی دیمۆکراسی بام ، گومانم لەبەرەی دژە ریفڕاندۆم نەدەکرد، بەڵام لەگەڵ دەوڵەتێکدا دەژیم ،حوکمڕانەکانی بەردەوامن لە پیلانگێڕی بۆ لەنێوبردنی وجودی نەتەوەو نیشتمانەکەم ... من لەگەڵ دەوڵەتێکی شۆڤێنست ومەزهەبگەرا رۆژو شەوە پڕ لە نیگەرانییەکانم بەسەر دەبەم ، خەمی ئەوەمە مناڵ و نەوەکانم ئەو رۆژانە ببیننەوە کە چەکدارەکانی رژێم و تۆپ و تەیارە پڕ لە رقوکینەکانیان ، سوتانی جەستەو خاکی نیشتمانیان تێکەڵ بە یەکدی دەکرد . من لە گەڵ دەوڵەتێکی وادا دەژیم نەتەوەم بە کۆیلەو نیشتمانەکەم بە کێلگەی رابواردنی خۆی دەزانێ ، دەوڵەتێک حوکڕانەکانی هەموو رۆژێ پەیامێکم بۆ دەنێرن ، یادەوەرییە پڕ لە ئازارو کوشتنی بە کۆمەڵی خەڵکم بیر دێننەوەو پێمان دەڵێن : لێناگەڕێین بە خەونیش تامی سەربەخۆیی بکەن .. ئێمە بە دەوڵەتێک لکێنراوین کە فرچکیان بە بێ بەهاکردن
مان گرتووە ، حوکمڕانانی ئەو دەوڵەتە سادیستە ، بە بینینی خوێنی رۆلەکانی ئێمە موچڕکەی خۆشیی بە لەشیاندا هەڵدەگەڕێ، ئەوانە تەنیا بەرهەمهێنری بەهاکانی باڵادەستی نەتەوەی خۆیان و بەکۆیلەکردنی نەتەوەی ژێر دەستەن . من لە دەوڵەتێکی وەهادا بژیم چۆن گومان لەو کەسانە ناکەم کە رووی رەشی حوکڕانەکان سپی دەکەنەوە و پەیماننامەی شوومی سایکس بیکۆ دەپارێزن . ئاخر چۆن گومان نەکەم کە من دەڵێم ئازادی و سەربەخۆییم دەوێ ،کەچی بەرەی دژە ریفڕاندۆم پێم دەڵێ : تۆ شایانی سەربەخۆیی نیت ، تۆ لەوە کەمتری لەسەر کورسی دەوڵەت و لە ژێر سێبەری ئاڵای کوردستان بژیت .. ئاخر چۆن گومان لە هەموو شتێکی ئەوان نەکەم ، کە من بڵێم کوردستان بۆ من قیبلەیە ، ئەوان بڵێن ، بەغدا بۆ ئێمە برا گەورەیە ...!
Top