بۆ ئەوانەی بە بیانووی جیاواز دژی سەربەخۆین ئایا بێجگە لەسەربەخۆیی رێگە چارەیەكی دیكە هەیە؟

بۆ ئەوانەی بە بیانووی جیاواز دژی سەربەخۆین ئایا بێجگە لەسەربەخۆیی رێگە چارەیەكی دیكە هەیە؟
لە نۆڤمبەری 2014 فراكسیۆنە كوردستانیەكانی پەرلەمانی بەغدا بە میانگیری ئەمریكا و بەریتانیا و نەتەوەیەكگرتووەكان لەمەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕان لە چوارچێوەی ریككەوتنێكدا بڕیاریاندا بەشداری لە كابینەكەی د.حەیدەر عەبادیدا بكەن..بەپێی ئەم رێككەوتنە بڕیاردرابوو كە پرۆژەی یاسای بودجەی 2015 عێراق لە پەرلەمان دەربچێت و پشكی 17% بنێرێت بۆ كوردستان، هەروەها لە ریككەوتنی نێوان كوردستان و بەغدا ئەو خاڵەش بڕیاری لەسەر درابوو ، ئەگەر لایەنێك پابەندنەبوو بەو رێككەوتنە ئەوا لایەنی بەرامبەر مافی خۆیەتی پاپەند نەبێت.
حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر لەسەرەتاوە پابەندبوونی خۆی بەوجۆرە راگەیاند كە لە ئاماری گشتی ساڵێكدا، رۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی دەكات ، بەڵام كابینەكەی عەبادی هەر لەمانگی یەكەمی ساڵی 2015 كەوتە بیانوو دۆزینەوە بۆ ئەوەی پشكی 17% و مانگە 100 ملیۆن دۆلاری پێشمەرگە نەنێرێێت. هەربۆیە ریككەوتنی فراكسێونە كوردستانیەكان و كابینەكەی عەبادی بووە مەرەكەبی سەر كاغەز و لە پرۆژەی یاسای بودجەی 2016 و 2017 ش، كابینەكەی عەبادی بە هاوشێوەی كابینەكەی مالیكی بەردەوام بوو لەسەر نەناردنی بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان.
بیانووی حكومەتی عێراق بۆ نەناردنی پشكی كوردستان لە بودجەی عێراق ئەوەیە كە كوردستان هەموو نەوتەكەی بەپێی یاسای نەوتی عێراقی سەردەمی بەعس رادەستی بەغدا بكات، لەبەرامبەردا حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا دەكات یاسای نەوت و گازی فیدرالی دەربچێت و لە چوارچێوەی یاسای نەوت و گازی دەوڵەتی فیدرالی عێراق مامەڵە لەگەڵ نەوتی كوردستان بكرێت و پاشان داهاتی هەموو نەوتی عێراق بە كوردستانیشەوە لە سندوقێكدا كۆبكرێتەوە و پاشان بە یەكسانی بەسەر هەموو گەلانی عێراقدا دابەش بكرێت. بەڵام حكومەتی عێراق لەدوای ساڵی 2005 ەوە هەتا ئێستا بەهیچ جۆرێك ئامادەنیە كە یاسای نەوت و گازی سەردەمی حكومرانی بەعس بگۆرێت بۆ یاسای نەوت و گازی حكومەتی فیدرالی عێراق، ئەم پێداگرتنەی حكومەتی عێراق بۆ مامەڵكردن لەگەڵ پرسی نەوت و گاز بەپێی یاسا كۆنەكەی سەردەمی بەعس، مانای ئەوەیە دەسەڵاتدارنی شیعە لەبەغدا ئامادەنین بەهیچ جۆرێك دەوڵەتی مەركەزی عێراق بگۆرێت بۆ دەوڵەتی فیدرالی عێراقی .
ئەوانەی لە یاسای دەستوری پسپۆرن دەزانن كە دەستوری عێراقی 2005 لەسەر بنەمای دابەشكردنی دەسەڵات و داهات دارێژراوە و هەر لەسەر ئەم بنەمایەش خەڵكی كوردستان دەنگی پێداوە، بۆیە كاتێك حكومەتی بەغدا نایەوێت دان بەو دابەشكردنی دەسەڵاتەدا بنێت كە دەستوری عێراق پەیوەندی نێوان هەرێمەكان و حكومەتی فیدرالی عێراق ریكدەخات، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەوە دەستوری عێراقە دەسەڵاتی بەحكومەتی هەرێمی كوردستانداوە كە وەبەرهێنان لەو كێڵگە نەوتی و گازیانە بكات كە دوای ساڵی 2005 نەوت یان گازی تێدا دەدۆزرێتەوە، هەر لەسەر ئەم بنەمایەش لە ساڵی 2007 پەرلەمانی كوردستان یاسای نەوت وگازی هەرێمی كوردستان پەسەند كردووە، ئەمەش راشكاوانە ئەوەمان پێدەڵێت حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێك لەچوارچێوەی دەوڵەتێكی فیدرالی و بەپێی دەستورری ئەو دەوڵەتە فیدرالیە ئەو دەسەڵاتانە پیادە دەكات كە ئەو دەستورە بۆی دیاریی كردووە ، لەبەرامبەردا حكومەتی بەغدا لەبری ئەوەی بەپێی دەستور مامەڵە بكات ، ئەسڵەن دەستورەكەی ژێر پێ خستووە و دەوڵەتی فیدرالی عێراقی گێراوەتەوە بۆ دەوڵەتی مەركەزی سەردەمی بەعس.
هەموو دەوڵەتانی جیهان ئەو راستیە باش دەزانن كە حكومەتی بەغدا، حكومەتێك دەسەڵات سنورداری ناو دەوڵەوتێكی فیدرالی نی یە، بەڵكو گەراوەتەوە بۆ حكومەتێكی سەنتراڵی بەهێز و بەهیچ شێوەیەك بڕوای بە دابەشكردنی دەسەڵات نیە، هەربۆیە لەوكاتەوەی شەڕی داعش دەستی پێكردووە ، دەوڵەتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش خۆیان پشكی كوردستان لەو هاریكاریانە جیادەكەنەوە كە بۆ شەڕی دژی داعش دەینرێن، ئەوجا ئەم هاوكاریانە بەشێكیان لەبەرێگەی بەغدا بێن بۆ كوردستان یاخود راستەوخۆ خۆیان دەینرێن بۆ كوردستان.
لەسەر ئاستی ئابوری و دووبارە رێكخستنەوەی ئابوری عێراقیش، دیارە بانكی نێودەوڵەتی گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی كە جارێكی دیكە ناشێت ئابوری كوردستان پاشكۆ و گرێدراوی ئابوری عێراق بێت، هەر بۆیە ئەو راپۆرتەی وەزارەتی پلانان دانانی كوردستان لە ژێر ناونیشانی ( تێروانینی كوردستان بۆساڵی 2020) ئامادەی كردووە، بانكی نێودەوڵەتی نەخشەیەكی رێگەی تایبەتی بۆ جێ بەجێ كردنی داڕشتووە،لەهەمانكاتدا بانكی نێودەوڵەتی كە مامەڵەش لەگەڵ حكومەتی عێراق دەكات بە نەخشەرێگەیەكی دیكە مامەڵە دەكات.
ئەمانە هەمووی مانای ئەوەن ، ئێستا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بانكی نێودەوڵەتی هەردوولایان گەیشتوونە ئەو قەناعەتەی كە بەو میكانیزمەی بەغدا دەیەوێت مامەڵە لەگەڵ كوردستان بكات ، ناتوانرێت عێراق و كوردستان لەچوارچێوەی یەك دەوڵەت پێكەوە بن، هەر بۆیە هەموو ئامادەكارییەكان بۆ ئەوەن لەدوای تەواوبوونی شەڕی دژی داعش، ئەوا دەبێت هەموو دەوڵەتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، چۆن لەشەڕی دژی داعشدا هاوكاری ئەمریكا بوون، ئەوا دەبێت دوای تەواوبوونی شەڕەكەش هاوكاری ئەمریكا بن بۆ دووبارە بونیادنانەوە و رێكخستنەوەی پەیوەندی نێوان عێراق و كوردستان ، ئەم پرۆسەیەش كە راستەوخۆ دوای ئازادكردنەوەی موسڵ دەبێتە پرسی سەرەكی و دەستی پێدەكرێت، پرۆسەیەكە راستەوخۆ پێویستی بەوە هەیە كە عێراق و كوردستان پێكەوە و بە میانگیری ئەمریكاو دەوڵەتانی هاوپەیمانی دژی داعش و نەتەوە یەكگرتووەكان راشكاوانە باسی لێوە بكەن، بەمانایەكی دیكە دەبێت حكومەتی كوردستان و حكومەتی بەغدا پێكەوە بە شاهیدی ئەمریكا و دەوڵەتانی هاوپەیمانی دژی داعش و نەتەوەیەكگرتووكان بگەنە رێككەوتن لەسەر ریكخستنەوەی پەیوەندی نێوانیان.
لێرەوە گرنگە لەسەر میكانیزمی ریكخستنەوەی پەیوەندی ئایندەی نێوان كوردستان و عێراق هەڵوەستەیەكی جدی بكەین، ئەمەش لەبەر ئەوەیە بەشی هەرە زۆری ئەو خەڵكانەی لەژێر پەردە و ناوی جیاوازدا دژایەتی خۆیان بۆ ریفراندۆم و پرۆسەی سەربەخۆیی دەردەبڕن و خەڵكی كوردستان دەترسێن بەوەی گوایە ئەگەر كوردستان ریفراندۆم ئەنجامبدات گەمارۆی دەخرێتە سەر و گەلەكەی لە برسان دەمرێت، بە دڵنیایەوە بێ ئاگان لە مانا و گەوهەری پرۆسەی رێكخستنەوەی پەیوەندی نێوان كوردستان و عێراق لەدوای شەڕی دژی داعش.
هەربۆیە لێرەوە گرنگە بە ئەعسابێكی سارد ، موناقەشەیەكی جدی لەگەڵ ئەو دەنگە نەشازانە بكەین كە دژایەتی ریفراندۆم دەكەن و لێیان دەپرسین: ئەری برادەران ئەگەر ریفراندۆم ئەنجام نەدەین و هەنگاو بۆ سەربەخۆیی هەڵنەگرین، ئەدی چی بكەین ؟ ئایا دەسەڵاتدارانی شیعە كە ئێستا حكومرانن لە بەغدا ئامادەن لەچوارچێوەی دەستورێكی تازەدا ، دەست بكەن بە وتو وێژ و دانوستاندن لەگەڵ كوردستان بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی ئارەزوومەندان ئەوجا ( فیدرالی بێت یان كۆنفیدرالی) رێز لە هەموو ئەو ماف و دەسەڵاتانە بگرن كە هەردوولا بە رێككەوتن لەسەر رێكدەكەون؟ ئایا دەسەڵاتدارانی شیعە لە بەغدا ئامادەن ئەمری واقیعی دوای شەڕی داعش قبوڵ بكەن و لەسەر بنەمای ئەم ئەمری واقیعە تازەیە پرۆسەی دانوستاندن لەگەڵ كوردستان دەست پێبكەنەوە و حكومەتی بەغدا خۆی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بگونجێنێت؟ ئایا گەلی كوردستان بەجیاوازی ئایین و نەتەوەوە جارێكی دیكە چارەنووسی خۆی دەداتەوە دەستی مەترسی و قەدەر و لە ئایندەی خۆی دڵنیا نەبێت؟
بەداخەوە ئەو خەڵكانەی بۆ هەر مەبەستێك و بۆ بەرژەوەندی هەر حزب و دەوڵەتێك ، بەرژەوەندی نەتەوەكەیان دەخەنە ژێر پێوەو بانگێشە بۆ عێراقێكی یەكگرتوو دەكەن، بە دڵنیایەوە پێیان دەڵێن ، بێ ئاگان لەو گۆڕانكاریانەی كە لە سیاسەتی دەوڵەتانی هاوپەیمانی دژی داعش، دەوڵەتانی یەكێتی ئەورپا و ناتۆ و لەسەروو هەمووشیانەوە ئەمریكا، بەرامبەر بە عێراق هاتۆتە ئاراوە، ئەو دەوڵەتانە هەر هەموویان گەیشتوونە قەناعەتی تەواو كە پێداگیری لەسەر مانەوەی عێراق بە یەكپارچەیی و گوشار خستنە سەر كورد بۆ ئەوەی لەچوارچێوەی عێراق بمێنێتەوە ئایندەیەكی زۆر خراپی لەسەر شەڕی دژی تیرۆر و ئاشتی و ئاسایشی جیهان و سیستمی جیهانی دەبێت، بۆیە ئێستا هەموویان پێداگیری لەسەر ئەوە دەكەن كە دەبێت كوردستان و عێراق لەدوای شەڕی دژی داعش لە چوارچێوەی پرۆسەی هاوسەنگی هێز و دوور لە گوشار و ترس، وتو وێژ و دانوستاندنی خۆیان بۆ شێوازی تازەی پەیوەندی نێوانیان دەست پێبكەن، ئەوجا ئەگەر دەسەڵاتدارانی شیعە بە هۆش خۆیان هاتنەوە و توانیان لەگەڵ واقیعی تازەی دوای شەڕی دژی داعش ، پەیوەندیەكی تازە لەگەڵ كوردستان ریكبخەنەوە، ئەوا ئەمە چارەسەرێكە كە هەم كوردستان و هەمیش دەوڵەتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و یەكێتی ئەورپا و ناتۆ و ئەمریكاش پێی رازی دەبن، بەڵام ئەگەر دەسەڵاتدارانی شیعە بەوشێوەیە رەفتار بكەن وەك ئەوەی ئێستا هەندێكیان لێدوان دژی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دەدەن، ئەوا لەم حاڵەتەدا دەوڵەتانی جیهان لەپەیامی دەسەڵاتدارانی شیعە تیدەگات و دەزانن كە مەبەستیانە فیتنەو ئاژاوەیەكی دیكە دروست بكەن، بۆیە رێگە نادەن ، دەسەڵاتدارانی شیعە و ئێرانیش مەترسی لەسەر كوردستان دروست بكەن و پشتگیری دەوڵەتی كوردستان دەكەن.
لەم چوارچێوەیەدا هەقە ئەو خەڵكانەی دژایەتی ریفراندۆم دەكەن و لە دژی نەتەوەی خۆیان خزمەتێكی بەلاش پێشكەشی ئامانجەكانی شیعەو ئێران دەكەن، هەقە لەسەر چارەنووسی كوردستان و میكانیزمی پەیوەندیەكانی نێوان عێراق و كوردستان لەدوای شەڕی دژی داعش موناقەشە بكەن و پشتگیری لەمافی نەتەوەكەی خۆیان بكەن كە جارێكی دیكە ژێر دەستەیی و پاشكۆیەتی قبوڵ ناكات.هەر بۆیە مەسەلەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی، پرسێك نیە لەچوارچێوەی رای جیاواز و ئازادی رادەبرین شرۆڤەی بۆ بكرێت یان هەڵوێستی لەسەر وەربگیریت، پرسی ریفراندۆم پەیوەیستە بەوەی نەتەوەیەك دەیەوێت بە ئازادی بژی، بۆیە ئەوانەی دەیانەوێت رای جیاواز یان لەچوارچێوەی ئازادی رادەبرین دژی ئازادی نەتەوەیەك رەفتار بكەن، ئەوا جۆرە رەفتارانە ناچنە چوارچێوەی بیربۆچوونی جیاواز یان ئازادی رادەبرینەوە ، بەڵكو دەچێتە خانەی خۆفرۆشی و جاشایەتیەو ئەوەشی دژی ئازادی نەتەوەی خۆی رابوەستێتەوە، نە بڕوای بە بەهاكانی مرۆڤایەتی و نە بروای بە ئیمان و ئاینەكەی خۆشی هەیە.
Top