كوردستان و عێراق لە نێوان سیاسەتی هەڵەی گۆڕان و مالكیدا

كوردستان و عێراق لە نێوان سیاسەتی هەڵەی گۆڕان و مالكیدا
هەروەك چۆن لە ئاكامی سیاسەتە هەڵەكانی نوری مالیكی موسڵ كەوت و داعش خەلافەتی ئیسلامی راگەیاند و، دوای ئەمەش هەموو لایەك گەیشستنە ئەو قەناعەتەی جارێكی دیكە عێراق ناگەرێتەوە بۆ رۆژی پێش 10ی حوزەیرانی 2014 و یەكپارچەیی عێراق كۆتایی هات ، بەهەمان شێوە دوای ئەوەی لە ئاكامی سیاسەتە هەڵەكانی بزووتنەوەی گۆڕان پەرلەمان پەكی كەوت و دوای ئەوەش پرۆسەی سیاسی لە كوردستاندا گەیشتە بن بەست و گۆڕان پەنای بۆ شەڕ و ئاژاوە برد بۆ ئەوەی مەرجەكانی خۆی بەسەر پارتی دیموكراتی كوردستان فەرز بكات،بەڵام بۆی نەچووە سەروو پارتی ئەو رێككەوتنەی هەڵوەشاندنەوە كە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆران هەیبوو، بەمەش هاوكێشەی سیاسی و هاوسەنگی هێز گۆڕانكاری بەسەرداهات و گۆڕان بەتەنها لە گۆڕەپانی سیاسیدا كەوتە پەراوێزەوە، ئەوا هەموو لایەنە سیاسیەكانی كوردستانیش گەیشتوونە ئەو قەناعەتەی كە جارێكی دیكە هاوكێشەی سیاسی و هاوسەنگی هێز لە ناو پرۆسەی سیاسی كوردستان ناگەڕێتەوە بۆ پێش 12ی ئۆكتۆبەر و بزووتنەوەی گۆڕانیش جارێكی دیكە ئەو سەنگ و هێزەی لە ناو پرۆسەی سیاسیدا نابینێتەوە كە پێشتر هەیبووە.
ئەوجا چۆن لایەنە شیعیەكانی عێراق لەسەروو هەمووشیانەوە نوری مالیكی و حزبی دەعوە زۆر باش لەو راستیە تێگەیشتوون كە عێراقی پێش حوزەیرانی 2014، دەبێت وەك یوگسلافیای پێشوو پێی بگوترێت عێراقی پێشوو، لەمەش زیاتر نوری مالیكی و حزبی دەعوەش لەوە تیگەیشتوون كە جارێكی دیكە لەناو لایەنە شیعیەكانیشدا ئەو دەنگانەی پێشان ناهێننەوە و نابنەوە بە حزبی حكومران لە عێراقدا، هەر بۆیە هەموو هەوڵی لایەنە سیاسیەكانی شیعە و نوری مالیكی و حزبی دەعوە لەو خاڵەدا چڕبۆتەوە كە دان بە واقیعی تازەدا نەنێنن و كەوتوونە گووتنەوەی بەیت و بالۆرە و شین یەكپارچەیی عێراق دەكەن و دڵی خۆیان بەوە خۆش دەكەن كە دەتوانن عێراق پێشووی دووبارە بگێڕنەوە، كە ئەمەش بیجگە خەیاڵێكی بێ بنەما شتێكی دیكەی لی دروست نابێت.
لە كوردستانیشدا، سەركردایەتی بزووتنەوەی گۆڕان بەگشتی و شەخسی نەوشیروان مستەفا رێكخەڕی گۆڕان ، ئەوانیش باش لەو راستی یە تێگەیشتوون كە جارێكی دیكە پرۆسەی سیاسی كوردستان ناگەرێتەوە بۆ ئەو كاتەی كە گۆڕان وەك لایەنێكی سەرەكی و حزبی دووەم مامەڵەی لەگەڵ دەكرا و بێجگە لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان چەندین وەزارەتی سەروەریشان پێدرابوو، هەربۆیە كاتێك پارتی دیموكراتی كوردستان داوای ئەوە دەكات لەسەر بنەمای واقیعی تازە دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان دەست پێبكاتەوە بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای رێككەوتنێكی نوێ پرۆسەی سیاسی ریكبخرێتەوە، بزووتنەوەی گۆڕان پێداگیری لەسەر ئەوە دەكات و دەڵێت : دەبێت باردۆخەكە بگەرێتەوە بۆ پێش 12ی ئۆكتۆبەری 2015 ئەوجا دەست بە وتو و وێژ دەكات، ئەمە لە كاتیكدا پارتی دیموكراتی كوردستان بە جۆرێكی دیكە واقیعی تازە دەخوێنێتەوە و ئامادەنیە وەك پێشان مامەڵە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بكات، ئەوا بزووتنەوەی گۆڕان لە بری ئەوەی خۆی سەرقاڵی دانانی پلانێكی ئەقڵانە بكات بۆ ئەوەی هەم خۆی ریكبخاتەوە و هەمیش بێتەوە ناو پرۆسە سیاسیەكە، ئەوا گۆڕانیش وەك نوری مالیكی و حزبی دەعوا ، لە هەوڵی داڕشتنی پیلانی یەك لەدوای یەكە بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی لە كوردستان ئاڵۆز ببێت و ئاستەنگی گەورە لەبەردەمی پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی دروست دەكات.
دوای تەواو بوونی پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ ، لایەنە شیعیەكان و نوری مالیكی و حزبی دەعوە ، ئەو واقیعە تازەیەی ئاماژەمان پێكرد بەكردەیی رووبەرووی دەبنەوە و بە چاوی خۆیان دەیبینین كە ئەمجارەیان ئەمریكا بۆ بەرژەوەندی خۆی، داعش و خەلافەتی ئیسلامی لە عێراقدا دەروخێنێت و لەسەر سینیەكی زێر ئەم سەركەوتنە پێشكەشی ئێران و وەكیلەكانی لە عێراقدا ناكات، ئەم ستراتیژەی ئەمریكاش پێویستی بەوە دەبێت كە پێش هەموو شت عێراق و كوردستان لەیەكتری جیابكاتەوە و بە میتۆدێكی تازە پەیوەندی نێوان عەرەبی سونە و عەرەبی شیعە رێكبخاتەوە، وەك پسپۆران و چاودێرانی بواری ئاسایش و سەربازیش باس لەو ستراتیژە تازەی ئەمریكا بۆ عێراقی عەرەبی دەكەن،جارێكی دیكە لایەنە شیعیەكانی عێراق ئەو دەسەڵاتەیان نابێت كە پەنا بۆ هێز و سوپا و ئاسایش بەرن بۆ ئەوەی عەرەبی سونەی پێ ملكەچ بكەن و ئەوانیش خۆیان دەبنە خاوەنی هێزی خۆیان و هەر خۆشیان بەرگری لە خۆیان دەكەن و تەنانەت بۆ بەرێوەبردنی بەغداش كە گەورەترین شار و پایتەختی عێراقیشە، هەنگاوەكان بەو ئاراستەیە دەبن هاوسەنگیەكی تەواو لە نێوان عەرەبی شیعە و سونە دروست بكەن، ئەمەش مانای ئەوەیە بەغداش وەك پایتەخت، بەتەنیا بەدەستی لایەنە شیعیەكانی عێراقەوە نابێت.
لە كوردستانیش كە بەرەو ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم و هەڵبژاردنی داهاتوو هەنگاو هەڵدەگرین، بزووتنەوەی گۆڕانی بەكردەیی رووبەرووی واقیعێكی تازە كردۆتەوە كە بەهەر لایەكدا هەنگاو هەڵبگرێت بە زیان بۆ بزووتنەوەی گۆڕان دەشكێتەوە، هەر بۆ نموونە:
1- سیاسەتی ئێستای بزووتنەوەی گۆڕان هەوڵدانە بۆ رێگرتن لە ریفراندۆم و هەروەها ئاستەنگ دروستكردنە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی داهاتوو لەكاتی خۆیدا ئەنجام نەدرێت. ترسی بزووتنەوەی گۆڕان لە پرۆسەی ریفراندۆم و هەڵبژاردنی داهاتوو ئەوەیە ، ئەوان زۆر باش دەزانن ئەگەر هەموو حزبە سیاسیەكانی كوردستانیش دژی ریفراندۆم بن و تەنها چەند چالاكوانیكی مەدەنی ئەم پرۆسەیە ئەنجامبدەن خەڵكی كوردستان دەنگ بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەدات و نایەوێت جارێكی دیكە بەشێك بێت لە عێراق، بۆیە لەم حاڵەتەدا ئەگەر ریفراندۆم بكرێت و گۆڕان هەر سوربێت لەسەر دژایەتیكردنی ریفراندۆم، ئەوا بە سیاسەتێكی شكستخواردووە دەچێتە ناو هەڵبژاردنی داهاتوو كە نەك هەر دەنگەكانی هەڵبژاردنی پێشوو ناهێنێتەوە، بەڵكو لەوانەیە ژمارەی كورسیەكانی هێندە كەم ببنەوە كە خۆیان شەرم بكەن باسی بكەن.
2- ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان واز لە عینادی سیاسی بهێنێت و رازی بێت بەوەی كە لە سەر بنەمایەكی نوێ لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان دانوستاندن بكات بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی نوێ، ئەوا لەم حاڵەتەشدا هەموو سیاسەتە هەڵە و شكستخواردووەكانی گۆڕان بۆ جەماوەرەكەی ئاشكرا دەبێت و ناتوانێت وەڵام ئەو پرسیارانە بداتەوە كە هەڵسوراو ئەندامەكانی خۆی ئاراستەیانی دەكات ، بۆیە لەم حاڵەتەشدا جۆرێك لە ناسەقامگیری سیاسی ئەوتۆ لەناو ریزەكانی گۆڕان دروست دەبێت كە حزبەكە زۆر لە ئێستا خراپتر پارچە پارچە دەبێت، بۆیە لەم روانگەیەوە پێداگیری لەسەر هێشتنەوەی باردۆخیكی چەقبەستوو دەكات بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی رابوەستێت و سیاسەتە هەڵەو شكستخواردووەكانی گۆران ئاشكرا نەبێت.
ئەم دووڕیانە خراپەی سیاسەتی هەڵەی گۆڕان رووبەرووی خۆی كردۆتەوە و ناتوانێت هیچ رێگەیەكیان هەڵبژێرێت، تاسەر حزبەكانی كوردستان سەبری ئەیبووبیان بەرامبەر ئەم چەقبەستووییەو عینادی گۆڕان نابێت، ئەمەش لە ئێستادا بەتەواوەتی جوڵەی بە ئاراستەی پێچەوانەی عینادی سیاسی گۆڕان لە ناو حزبە سیاسەكانی كوردستان دروستكردووە و هەموو حزبەكان بیجگە لە گۆڕان بە ئاشكرا هەڵوێستی خۆیان راگەیاندووە كە ناكرێت پرۆسەی سەربەخۆی دوابخرێت و ئەم هەلە میژووەی بۆ میللەتەكەمان هاتۆتە پێشەوە لەبەر خاتری سیاسەتی هەڵە و شكستخواردووی بززوتنەوەی گۆران لەدەست بدرێت.
Top