(گەر دەتەوێ خۆشم بوێی ئازادم کە ...! )

(گەر دەتەوێ خۆشم بوێی ئازادم کە ...! )
کاک هەڤاڵ ئەبو بەکر لەگەڵ پێدانی ئۆتۆنۆمی نیە بۆ کریستانەکانی کوردستان ،ئەو برادەرە لەوە دەترسێ نەوەکو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی دیکەی کوردستان هەمان داوا بکەن و یەکێتی خاکی کوردستان تێک بچێ ، چارەسەریشی بۆ ئەو کێشەیە جێبەجێکردنی پرەنسیپی هاووڵاتیبوونە.راستییەکەی کە دوێنێ شەو گوێم لەو قسانە بوو ، نەمتوانی لەو هەڵوێستە شۆڤینییە بێدەنگ بم ، چونکە کەسێک مامۆستای زانکۆ و هەڵبژێردراو بێ وەک پارێزگار لە گەورەترین پارێزگای هەرێمی کوردستان و کادیرێکی پێشکەوتووی حزبێک بێ چۆن جورئەت دەکا قسەی وا بکا ؟ مەگەر ئەوانیش وەکو ئێمە نەتەوە نین ؟ با لە رووی ژمارەوە زۆریش لە ئێمە کەمتر بن ئایا شایانی مافی ئۆتۆنۆمی نین کە خۆیان داوای دەکەن ؟ دواتر ئەو داخوازییە چ مەترسییەک بۆ یەکێتی خاکی هەرێمی کوردستان دێنێتە پێش و چ دژایەتییەکی لەگەڵ مافی بڕیاردانی چارەنووس (بۆ گەلانی گەورەو بچوک) هەیە ،کە لە یاسا نێودەوڵەتییەکان ئیقرار کراوە ؟ بەسە توخوا با ئەو گەمە خەتەرناکەی شۆڤێنستە عەرەبەکان ، کە سەد ساڵە لەگەڵ ئێمەی دەکەن ، ئێمەش لەگەڵ ئەوانی دیکەدا نەکەین ، لێگەڕێین با خۆیان شێوەی ژیانیان لەگەڵ ئێمە هەڵبژێرن ، ئەوان لە ئازادیدا خۆشەویستی خۆیان بۆ کوردستان دەردەبڕن و ئینتمایان جێگیر دەبێ نەک لە فەزای شۆڤێنی و پەراوێزخستن ،دەوڵەتی کوردستانی چاوەڕوانکراویش هەر شێوە سیستەمێکی هەبێ ، ئەوا گەرەگە لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون و ئازادی بەخشین بە نەتەوەو ئایینەکان بەڕێوە ببرێ کاکی برا ....!
Top