شازدەی ئابێكی دیكە

شازدەی ئابێكی دیكە
ئەو دەمەی پارتی هاتەمەیدان، تەنیا داگیركەر هەبوو. تەنیا واقعی بندەستی و ئومێدی ئازادی هەبوون، بۆیە پارتییەكان هەر لە سەرەتاوە فێرە شەڕی كورد و كورد و سەنگەرگرتن لە غەیری دوژمن نەبوون. بە درێژایی حەفتاساڵیش هەر جارێك تفەنگێكی كوردی پەلاماری پارتی دەدا، پارتی دەشڵەژا و سیرەی پێنەدەگیرا و تا خۆی دەگرتەوە و بە ناچاری شەڕی خۆپاراستن و دەفعی بەڵای دەكرد، بارەگاكانی دەگیران و كادیرەكانی قۆڵبەست و پێشمەرگەكانی غافڵگیر دەكران.
پارتی داهێنەر و پێشڕەوی كوردایەتی و پێشمەرگایەتی و خاوەنی پرۆژەی سیاسیی هاوچەرخی نەتەوەی كوردە، نزیكەی سی ساڵ تاكە سواری مەیدان بوو، بەڵام كاتێك نسكۆ رویدا و هێزی دیكە و خەڵكی دیكە هاتنەمەیدان، دەم و دەست دەست وپەنجەی لەگەڵ فرەیی نەرم كرد. لە خاوەن پاوانێكی ئەوحەد و پێشڕەوێكی بێ مونافیسەوە بووە شەریك و هاوخەباتی هەموو ئەوانەی تا دوێنێ لە قوتابخانەكەی خۆیدا قوتابیی گوێرایەڵ بوون.
پارتی هەر لە دەسپێكەوە تەجاوەزی ئینتیما لاوەكییەكانی ناوچەگەری و لەهجەگەری و عەشرەتگەری و شارچێتی و هەموو جۆرە پەڕگیرییەكی نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزایی كرد و لە چوارچێوەی روانگای كوردستانیبوندا هەموو ئەو ئینتیمایانەی لە ئینتیمایەكی گەورەتردا كۆكردەوە. بۆ حزبێك تەجاوەزی ئەم هەموو دەمارگیرییەی كردبێ، قبوڵكردنی ئایدیا و دنیابینی و تێڕوانینی سیاسی جیاواز لە ئاسان ئاسانترە. بۆیەش هەرگیز ئاوت كردن و سڕینەوە و جێی خەڵكی دیكە گرتنەوە و دەرپەڕاندن و سەركوت و دەمكوتی موخالیفانی سیاسی، بەشێك نەبوون لە دەیدەن و بەرنامەی پارتی و بۆ یەكلابونەوەی خیلافاتی سیاسییش جگە لە دەنگ و ئیرادە و بڕیاری خەڵك، پەنای بۆ هیچ رێكارێكی دیكە نەبردووە و نابات.
پارتی هەر لە سەرەتاوە لە پێناو یەك ئامانج دروست بوو، بەڵام هەر لە سەرەتاشەوە دەیزانی قۆناغ بە قۆناغ دێتەدی. ئەو ئامانجەش جگە لە سەندنەوەی مافی زەوتكراوی دیاریكردنی چارەنوس و سەربەخۆیی كوردستان، شتێكی دیكە نەبووە و نییە. سەربەخۆیی نە بۆ پارتییە و نە بۆ ناوچەیەكی كوردستانە و نە تەنیاش بۆ ئێستایە تا بۆ بردنەوەی گرەوی سیاسیی ناوخۆیی و دەنگ كۆكردنەوە بشێت. سەربەخۆیی بۆ كوردستان و گەلەكەی و بۆ مسۆگەركردنی وجود و مافی نەوەكانی داهاتووە. ئەنجامدانی ئەركێكە كە قەدەر بە نەوەی ئێستای خەباتكارانی كوردستانی سپاردووە و مێژوو لێمان قبوڵ ناكات بە نیوەچڵی بۆ نەوەكانی داهاتوی بەجێبێڵین.
لەم پێودانگ و هاوكێشە روونەوە، پارتی بە لێكدانەوەی هەموو ئەگەرە لە بار و نالەبارەكان، ئێستا بە دەرفەت دەزانێ. دڵنیاشە دەرفەتەكە كراوە و هەمیشەیی نییە و بەرگەی خۆخەفڵاندن و دواخستن ناگرێت. ئەو دەرفەتە كە دواجار بەدیهێنەری ئامانجی هەموو لایەك و تاك بە تاكی گەلی كوردستانە بە جیاوازی روانگاری سیاسی و هەر جۆرە تێفكرینێكەوە، پێكەوەیی و هاوبڕیاری و یەكخستن و رێكخستنەوەی نێوماڵ دەخوازێ. پارتی لەو پێناوەدا لە موبادەرە و هەوڵ و تەقەللا ماندوو نابێ. بڕواشی پتەوە بەوەی دواجار كۆبونەوە لە دەوری پرۆژەی سەربەخۆیی، باشترین چوارچێوە و لەبارترین زەمینەیە بۆ بچوككردنەوەو بەسەردا زاڵ بوون و دواجار چارەسەریی تەواوی كێشە و ناكۆكییە نێوخۆییەكان و دەرهاویشتەكانیان.
سەركەوتن بۆ حەفتا ساڵ خەبات و نەسرەوتن و بەرگەگرتنی پارتی .
سڵاو لە رێبازی مستەفا بارزانی نەمر و مێژووی پڕاو پڕ شەهید و قوربانی و بەخشین.
Top