ڕەهەندەکانی پشت سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران

ڕەهەندەکانی پشت سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران

دوای نزیکەی ٣ ساڵ جارێکی دیکە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگێشتی فەرمی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران سەردانی تارانی کرد، چاوەروان دەکرێت ئەم سەردانە پەیوەندی نێوان هەولێر و تاران بەرەو ئاسایبونەوە ببات و چارەسەری زۆرێک لەو پرس و کێشانەبکات کە لە ماوەی ٢ ساڵی ڕابردوودا ببوە هۆکاری گرژی و ئاڵۆزی لە پەیوەندیەکانی نێوان هەولێر و تاران، لە ماوەی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی ئێران گۆشارێکی یەکجار گەورەی دەست پێکردبوو بۆسەر هەرێمی کوردستان هەر لە ئاراستەکردنی درۆن و موشەک بۆسەر هەولێر بگرە تاکو بەکارهێنانی دادگای فیدڕاڵی و دەسەڵاتدارانی شیعە و گروپە پڕۆکسیەکان سەر بەتاران لە عێراق بە مەبەستی لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بە چەندین پاساوی بێ بنەما، لە ئێستادا ئەو دەرفەتە هاتۆتە پێش هەردوو لا کە پەیوەندیەکانی نێوانیان بەرەو ئاسایی بوونەوە بەرن، ئاسیایی بوونەوەی پەیوەندیەکانی هەردوولاش دەرفەت دەرەخسێنێت بۆ هەرێمی کوردستان تاکو چارەسەری زۆرێک لە پرس و کێشە هەڵپەسێراوەکانی نێوان هەولێر و بەغداد بە ئاڕاستەی چارەسەری بچێت، بەو پێیەی کۆماری ئیسلامی ئێران هەژمون و کاریگەریەکی زۆری بەسەر دەسەڵاتدارانی شیعە هەیە لە عێراق کە ئێستا پێکهێنەری سەرەکی کابینەی حکومەتن. لەم وتارەدا تیشک دەخەینە سەر گرنگترین ڕەهەندەکانی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران.

ڕەهەندی سیاسی:

کۆماری ئیسلامی ئێران بەو پێیەی لە داوای پڕۆسەی ئازادی عێراق و گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن پێکهاتەی شیعەوە هەژمونێکی فراوانی هەیە بەسەر بڕیاری سیاسی لە عێراقدا بۆیە هەرکاتێک مەبەستی بێت دەتوانێت کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکات لە ڕێگای لایەنە سیاسیە شیعەکان و گروپە پڕۆکسیەکانی نزیک لە خۆیەوە، بۆیە گەیاندنی ئەو پەیامە لە لایەن سەرۆکی هەرێمەوە بە تاران کە هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی هاوسەنگ پەیڕەو دەکات لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتی و کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی بە گشتی، وە هەرێمی کوردستان ناچێتە هیچ بەرەیەکی دژ بە تاران یەکێکە لە پرسە گرنگەکان کە دە بێتە هۆی ڕەوینەوەی نیگەرانیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم ڕوەوە، هەروەها پێشبینی دەکرێت تارانیش دڵنیایی ئەوەبدات کە هاوکاربێت لە چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد.

ڕەهەندی ئابوری:

١ـ کۆماری ئیسلامی ئێران سنوورێکی فراوانی هەیە لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەروەها چەندین دەروازەی سنووری فەرمی و نافەرمی گرنگ لە نێوان هەرێمی کوردستان و تاراندا هەیە کە ساڵانە بەبەهای ملیاران دۆلار مامەڵەی بازرگانی ئەنجام دەدڕێت لەنێوان هەردوو لادا جگەلەوەی کەساڵانە جموجۆڵێکی گەشتیاری گەورە هەیە لە دەروازە سنوریەکانی نێوانیاندا ، بۆیە یەکێک لە تەوەرەکانی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بریتی دەبێت لە بەرەو پێش بردنی ئەم پەیوەندیە ئابوریە کە خواستی هەردوو لایە ئەم جموجۆلە ئابوری و بازرگانیانە فراوانتر و زیادتر بکرێن.
٢ـ ڕاگرتنی نەوت و پرسی بودجە و موچەی هەرێمی کوردستان یەکێکە لە کێشە و ناکۆکیە سەرەکیەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کە هەریمی کوردستان بەهۆیەوە دوچاری قەیرانێکی سەختی ئابوری بۆتەوە، بۆیە ئەم سەردانە تا رادەیەکی زۆر ئەم کێشانە بەرەو ئاراستەی چارەسەری دەبات بەو پێیەی کە ئێران ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە دروست کردنی ئەم کێشانە وەک وڵاتێکی هەژموون دار بەسەر عێراقەوە.

ڕەهەندی ئەمنی:

سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم جگە لە ڕەهەندی سیاسی و ئابووری ڕەهەندی ئەمنیشی هەیە بەو پێیەی کە یەکێک لە نیگەرانیەکانی ئێران بونی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان کە تاران هەمیشە وای وێنا دەکات کە مەترسین بۆسەر ئاسایشی وڵاتەکەی، گەرچی لە ئێستادا ئەم پارتانە لە چەک داماڵێندراون و لەو کەمپانەی کە بۆیان دروستکراوە دوور لە سنورەکان جێگیرکراون، هەروەها نیگەرانی قوڵی هەرێمی کوردستانیش لە وڵاتی ئێران بریتیە لەو هێرشە بێ بنەمایانەی کە لەماوەی ڕابردوو ئێران و گروپە میلیشیاکانی نزیک لەو کردویانەتە سەر هەرێمی کوردستان بۆیە ئەم سەردانە دەبێتە مایەی لێک تێگەیشتنی هاوبەش و ڕەوینەوەی ئەو نیگەرانیانە و کۆتایهێنان بەو هێرشە بێ پاساوانەی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەمیشە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی دوپات کردۆتەوە کە نابێتە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر هیچ وڵاتێک و ڕێگاش نادات بە هیچ گروپ و لایەنێک کە خاکی هەرێمی کوردستان بەکاربهێنێت بۆ تێکدانی ئاسایشی ولاتانی دراوسێ.

 

Top