رێبەرایەتی بارزانی بۆ سەربەخۆیی و خەیاڵی سیاسی یە لۆكاڵەكان

رێبەرایەتی بارزانی بۆ سەربەخۆیی و خەیاڵی سیاسی یە لۆكاڵەكان
ئەگەر بەم نزیكانە سەرۆك بارزانی بریاریدا راستەوخۆ لەگەڵ گەلی كوردستان قسەبكات و لە هەمانكاتدا بەتوندی بەغدا و تاران ئاگادار بكاتەوە بەوەی بۆتان نیە دەستێوەردان لە كێشە ناوخۆییەكانی كوردستان بكەن؟ ئایا ئەمجارەیان سیاسیە لۆكاڵەكان چ بریارێك دەدەن؟ دیارە بەمنزیكانە گەلی كوردستان لەگەڵ سەرۆكەكەی وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە.
*******
لە ساڵی 1964 سیاسیە لۆكاڵەكانی باڵی جیابوەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، حسابی خۆیان لەسەر ئەوە كردبوو، لەبەر ئەوەی مستەفا بارزانی وتویژی لەگەڵ حكومەتی عێراق كردووە و حكومەتی ئەو كاتی عێراقیش بە حساب لە سۆڤیەت نزیكە، ئەوا بە پشت بەستن بە ئێرانی شاهنشاهی بەو حسابەی لەبەرەی رۆژئاوا نزیكە، ئەوا دەتوانن بەرامبەر مستەفا بارزانی رابوەستن و بە دەركردنی بەیانێك لە رێبەرایەتی شۆرش و كوردستان دووری دەخەنەوە، ئەم بیركردنەوەیەی ئەو سیاسیە لۆكاڵانە كە بەرهەمی ئەقڵێكی موجەردی لۆكاڵی ناوخۆی كوردستان بوو، لەوە تێنەدەگەیشتن تكاو لیبوردەیی بارزانی نەمر بۆ ئەوەیە یەكگرتوویی نیوماڵی كورد تێكنەچێت، هەر بۆیە كاتێك بارزانی نەمر داوای لێدەكردن بە خۆدا بچنەوە و ئەو پرسەی بە دزیەوە باسی دەكەن، بە جوامێری لە كۆنگرەی پارتی دیموكراتی كوردستان بیخەنەروو، ئەوان وایان لیكدەدایەوە بارزانی نەمر بەتەنیایەو ناچار دەبێت تەسلیمی ئیرادەی ئەوان ببێت، بەڵام كاتێك مستەفا بارزانی بریاریدا، یەكەمجار بریارەكەی ئاراستەی ئەوان نەكرد، بەڵكو ئاراستەی ئێرانی شاهنشاهی كرد و پێی راگەیاند، ئەگەر دەستێوەردان لە شۆرشی كوردستاندا بكەیت، ئەوا شەڕ دەخەمە نیو تارانەوە، بۆیە شا ئەم بریارەی بارزانی مستەفای بە جدی وەرگرت و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و ئەوانەشی دوای ئەوان كەتبوون ، دووری خستنەوە بۆ هەمەدان كە لەسنوری كوردستانەوە هەر زۆر دووربوو. پاشانیش كە بارزانی مستەفا لێیان خۆش بوو و پلەی پایەی خۆیانی پیدانەوە و گەرانەوە ناوچە ئازادكراوەكانی شۆرش، لەوێوە بۆ بەدیلێكی دیكە گەران بۆ ئەوەی دژایەتی شۆرش و بارزانی نەمر بكەن، ئەمجارەیان روویان كردە بە غدا و بیریان لەوە كردەوە بە تۆپ و دەبابە و فرۆكە و پێشرەوی بۆ سوپای عێراق ، بڕنەوەكەی بارزانی تیكبشكێنن، بەڵام ئەمجارەشیان بڕنەوەكەی بارزانی چۆكی بەبەغدا داداو حكومەتی عێراقی ناچار كرد لە ناوپردان دانوستاندن لەگەڵ شۆرشی كوردستان بكات و رێككەوتنی ئادار مۆربكات. سەدام و بەعس لە رێككەوتن لەگەڵ شۆرش و بارزانی نەمر، ئامانجیان ئەوەبوو ، زەمینە بۆ شەڕی كورد كوژی برەخسێنن، بەڵام ئەمجارەش بارزانی مستەفا بە حیكمەتی خۆی ماڵی كوردی رێكخستەوە و برادەرانیش لە بەغداوە حزبە كارتۆنیەكەی خۆیان هەڵوەشاندنەوە و گەرانەوە بۆ لای بارزانی نەمر.
لە ئێستاشدا پێدەچێت، جارێكی دیكە برادەران هەمان مێژووی 50 ساڵ لەمەوپێش دووبارە بكەنەوە، لە كاتیكدا سەرۆك مسعود بارزانی هەموو هەوڵی خۆی خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی لەسەر مێزی گفتوگۆ و بە دانوستاندن و رێككەوتنی سیاسی لە چوار چێوەی سازانی نیشتمانی كێشەی ناوخۆیی نێوان پارتی و گۆڕان چارەسەر بكات، لە كاتیكدا سەرۆك مسعود بارزانی ئەمە جاری دووەمە بانگێشتی حزبە سیاسیەكان دەكات بۆ ئەوەی كێشەی سەرۆكایەتی هەرێمی چارەسەر بكرێت وحزبە سیاسیەكان كێ دەسنیشان دەكەن بۆ سەرۆكایەتی هەرێم ، جەنابیان پشتگیری لیدەكات و دەور و تەسلیمی لەگەڵ دەكات، ئەمانەش هەمووی لە پێناوی ئەوەی نیوماڵی كورد یەكگرتوو بێت و ئەم دەرفەتەی بۆ كوردستان هاتۆتە پێشەوە بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان لەدەست نەدرێت، هەروەها بۆ ئەوەی گەلی كوردستان لە نیەت پاكی سەرۆكی كوردستان تێبگات، كە ئامانجی سەرۆك مسعود بارزانی ئەوەیە كە كورد خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆی بێت، نەك ئامانجی ئەوە بێت خۆی سەرۆكی ئەو دەوڵەت بێت، كەچی وەك ئێستا دەیبینین، ئەو هەموو هەوڵ و پەرۆشی و تكایەی سەرۆك بارزانی بۆ پاراستنی یەكریزی و یەكگوتاری گەلی كوردستان بە لاوازی لیكدەدرێتەوە و زۆر بەبێ منەتی باس لەوە دەكەن پارتی و سەرۆك بارزانی بە تەنیان، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئەگەر بەم نزیكانە سەرۆك بارزانی بریاریدا راستەوخۆ لەگەڵ گەلی كوردستان قسەبكات و لە هەمانكاتدا بەتوندی بەغدا و تاران ئاگادار بكاتەوە بەوەی بۆتان نیە دەستێوەردان لە كێشە ناوخۆییەكانی كوردستان بكەن؟ ئایا ئەمجارەیان سیاسیە لۆكاڵەكان چ بریارێك دەدەن؟ دیارە بەمنزیكانە گەلی كوردستان لەگەڵ سەرۆكەكەی وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە.
Top