نا بۆ ریفڕاندۆم.......!

نا بۆ ریفڕاندۆم.......!
ریفڕاندۆم وەک پرەنسیپێک بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە ئاڵۆزو گەورەکان تەنیا لە وڵاتە دیمۆکراسییەکان پەیڕەو ناکرێ ، بەڵکو زۆرجاریش بۆ دیاریکردنی چارەنووسی گەلانی ژێردەستەش کە لە وڵاتێکی نا دیمۆکراتدا دەژین ، کاری پێکراوە . ئەنجامدانی ئەو پرەنسیپە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گەلانی رزگاریخواز رێساو هەلومەرجی تایبەتی گەرەکە وەک :
1- مەحاڵبوونی پێکەوە ژیانی گەلی ژێردەستە لەگەڵ نەتەوەی باڵا دەستی حوکمڕان لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی سانتڕاڵی نا دیمۆکرات .
2- لەباربوونی دۆخی سیاسی نێوخۆیی بزاڤی رزگاریخوازی گەلەکە.
3- هەبوونی جۆرێک لە پشتیوانی نێودەوڵەتیی ، کە مەترسی پەلاماردان بۆ سەر گەلی ژێردەستە بڕەوێنێتەوە .
4- هەبوونی جۆرێک لە قەناعەت لەلایەن دەوڵەتی سەنتراڵەوە بۆ حەقانییەتی ئەو ریفڕاندۆمە ،کە ئەمەیان زۆر سەختە و پەیوەستە بە تێکچونی باڵانسی هێز و زهنییەتی سیاسی نوخبەی حوکمڕان .
5- دیاریکردنی ئامانج لە بەڕێوەبردنی ئەو پڕۆسەیە .
6- هەبوونی دەزگایەکی شەرعی بۆ راگەیاندن و بەڕێوەبردنی ئەو پڕۆسەیە .
لە هەرێمی کوردستان (باشور) زۆربەی ئەو مەرجانەی سەرەوە کەموزۆر بۆ ئەنجامدانی ریفڕاندۆم وجودیان هەیە ، لێ ئەوەی لەو رێگەیەدا بۆتە مایەی نیگەرانی و دروستکردنی کۆسپ و تەگەرە ململانێی هێزە سیاسییەکانە کە دەیانەوێ لەموقابیلی ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیە دەسکەوتی حزبی بۆخۆیان مسۆگەر بکەن ، واتە مەرجی رازیبوونیان ،سازشکردنە . مەترسییەکە لێرەوە دەستپێدەکا ، کە پراکتیزەکردنی ریفڕاندۆم وەک پرەنسیپێکی نیشتمانیی مەرجی سیاسی و حزبی بۆ دادەنرێ ، لە کاتێکدا ئەزموونی هەموو گەلانی ئازادبوو ،ئەوەمان پێ دەڵێ کە هێزە سیاسییە سەرەکییەکانی ئەو گەلانە لەسەر هەموو شتێک ناکۆک و دژ بن ،لە مەسەلەی ریفڕاندۆم هاوتەبان ، چونکە سەرکەوتنی بۆ هەمووان وەک یەکە ، ئەگەرچی لەهەلومەرجی ئاڵۆزی جیۆسیاسی کوردستان زۆر زەحمەتە ئەو تەباییە هەبێ ، بۆیە خۆخەریکردن بۆ گەیشتن بەو تەباییە وەخت کوشتنە و رۆژ بە ڕۆژ نیگەرانی و دڕدۆنگی بەرهەم دێنێ و ئەنجامدانی پڕۆسکەش لە مەحاڵ نزیک دەکاتەوە ، کەواتە باشترین ئیختییار بڕیاردانە لەسەر سەربەخۆیی و راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان ، کە من پێموایە هیچ هێزێکی سیاسی( بچوک و گەورە) ناتوانێ دژی سەربەخۆیی بێ .بۆ ئەو هەنگاوەش دەکرێ سەرۆکی هەرێم بە زووترین کات راوێژ بە یاساناسە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بکا و لەگەڵ هەموو حزبەکانیش کۆ ببێتەوەو بڕیاری کۆتایی بدا . بۆ ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش ریفڕاندۆم بکرێ . ئەمە تاکە رێگایە بۆ رزگاربوون لەو کێشمە کێشەو کۆتایی هێنانە بە هەموو گومان و موزایەدە سیاسییەکان .......
Top