بەنداوی موسڵ گەورەترین پرۆژەی ستراتیژی لەناوچەكەدا

بەنداوی موسڵ گەورەترین پرۆژەی ستراتیژی لەناوچەكەدا
لەدوای هەردوو پرۆژەی (السد العالي) لە میسر و (ئەتاتۆرك) لەتوركیا بەنداوی موسڵ بەیەكێك لەگەورەترین پرۆژەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت ، بەڕادەیەك ئەمباری ئاوەكەی كە 11 ملیار مەتر سێجایە لەكۆی ئاوی هەردوو بەنداوی دوكان و دەربەندیخان زیاترەو كارەباكەشی دەگاتە 1052 مێگاوات، ئەمە جگە لەوەی لەهەردوو بواری ئاودێری و كشتوكاڵ سودێكی رادەبەدەری لەناوچەكەدا هەیە، هەر لەبەر ئەم هۆیەش بوو تیرۆرستانی داعش هێرشیان كردە سەر بەنداوەكەو داگیریان كرد، تاوەكو ئەم پرۆژە ستراتیژییە وەكو هەڕەشەیەك لەدژی خەڵكی كوردستان و عێراق بەكار بهێنن . لەبەر ئەوەی بەشی هەرە زۆری سنووری حوگرافیای بەنداوەكە دەكەوێتە ناو هەرێمی كوردستانەوە و خۆشبەختانەش هێزەكانی پێشمەرگە بەپشتیوانی هاوپەیمانان و بەپلانێكی تۆكمە توانیان بەنداوەكە ئازاد بكەن و ئەركی پاراستنی كەوتە سەرشانی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان، بەمەش توانرا ئەم پرۆژە ستراتیژی و گرنگە لەرووی ئابووری و كشتوكاڵی و وزەوە كۆنترۆڵ بكرێت ، گەرچی پێش ئازادكردنی چەند شوێنێكی پرۆژەكە لەلایەن داعشەوە تەقێنرایەوە وەكو پردی لای راستی پرۆژەكە، بەڵام لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە چاككرایەوە . ئەمڕۆ ئەم پرۆژە گەورەیە رووبەرووی چەندین كێشەو گرفت بووەتەوە كە گرنگترینیان كێشەی بۆماوەیی پرۆژەكەیە لە داخورانی بناغەی بەنداوەكە كە لەساڵی 1986 ەوە تا ئێستا سەدان هەزار تەن چیمەنتۆی رەق تەحشییە دەكرێت ، هەروەها گرفت و كێشەكانی تری وەكو دەرگای بەردانەوەی ئاوی لەناكاو بەگرنگترین گرفتە تەكنیكیەكانی بەنداوەكە دادەنرێت، كۆمپانیای راوێژكاری واشنتۆن ئینترناشناڵ گروپ لە توێژینەوەیەكیدا باس لە ئەگەری هەرەسهێنانی بەنداوەكە دەكات كە دوای 3 كاتژمێر مەزەندەی گەیشتنی سەرەتا شەپۆلەكانی ئاوی بەنداوەكە بۆ ناو شاری موسڵ بەقووڵی 20 مەتر دەكات و كاریگەری مەترسیداری بۆ سەر 2 ملیۆن كەس لەو شارەدا هەیە، لەكۆنگرەیەكی فراوانی نێودەوڵەتیشدا (هایدرۆی 2015) بەندە لێكۆڵینەوەیەكی پێشكەش كرد كە لەو كۆنگرەیەدا 1450 شارەزا ئامادەیبوون ئەمە جگە لە ئامادەبوونی رێكخراوە جیهانییەكان وەكو ئەنجومەنی نێودەوڵەتی بۆ بەنداوە بەرزەكان International Commission of Large Dams ( ICOLD)، تێیدا ئامادەبووان رۆڵی پێشمەرگەیان بەرز نرخاند لە كۆنتڕۆڵكردنەوەو پاراستنی ئەم بەنداوە گەورەیە تەنانەت لە دۆكۆمێنت و بڵاوكراوە جیهانییەكانی ئاژانسەكە و رابەرو ئەتڵەسی جیهانی پیشەسازی وزە باسی ئازایەتی پێشمەرگە كراوە لەپاراستن و كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەنداوەكە ، لەبەشێكی كۆنگرەكەدا داوا لە بانكی نێودەوڵەتی و كۆمپانیا و دامەزراوە قەرزبەخشەكان كرا تاوەكو هاوكاری هەرێمی كوردستان بكەن بۆ پێشخستن و نۆژەنكردنەوەی ئەو چەشنە پرۆژانە، داواكەشیان لەلایەن كۆمپانیا گەورەكانی ئەوروپاوە كە سپۆنسەری كۆنگرەكە بوون بەهەند وەرگیرا.
نۆژەنكردنەوەو بەڕێوەبردنی پرۆژەی ستراتیژی بەنداوی موسڵ بەیەكێك لەو ئەركە گرنگانە دادەنرێت كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستە مشوری جیدی بخوات، چونكە پێگەی ئەم بەنداوە دەكەوێتە ناو جوگرافیای كوردستان و بەخوێنی شەهیدەكانی پێشمەرگە ئازاد كراو ئێستاكەش بڕێك لەكارەبای لێ بەرهەم دێت و زۆربەی ناوچە ئازادكراوەكانی دەشتی نەینەوا سوودی لێوەردەگرن و لەداهاتووشدا بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال پێویستمان دەبێت ، ئەمەش پارەو تەمویلێكی گەورەی دەوێت كە دەكرێت هەوڵ بدرێت لە ڕێگای ئەو گەورە كۆمپانیاو رێكخراوە پێوەندارە نێودەوڵەتییانەوە قەرزو هاوكاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكرێت.

*راوێژكار لەبواری هایدرۆپاوەر
Top