چەند پێشنیارێك بۆ چاكسازی ئیداری و پێشخستنی باری دارایی هەرێمی كوردستان

چەند پێشنیارێك بۆ چاكسازی ئیداری و پێشخستنی باری دارایی هەرێمی كوردستان
یەكەم: كەمكردنەوەی قەبارەی پەیكەری كارگێڕی حكوومی و تێچووەكانی:
1. بەمەبەستی گەیاندنی قەبارەی پەیكەری كارگێڕی حكوومی و تێچووەكانی بۆ ئاستی پێویست بۆ ئەنجامدانی ئەركە سەرپەرشتیاری و ستراتیژی و ئەمنییەكانی لە ژێر سیستمی بازاڕی ئازاد، بە باشی دەزانین وەزارەتی پلاندانان بە سەرۆكایەتی لیژنەیەكی باڵا رابسپێردرێت بە كەمكردنەوەی ژمارەی وەزارەت و دەستە و ئەنجومەن و ئەو دەزگایانەی كە چالاكی هاوشێوە ئەنجام دەدەن لەسەر بنەمایەكی پیشەیی وەزیفی، ئەویش بە هەڵوەشاندنەوە و لكاندنیان بە دەزگای هاوشێوەی دیكە، بۆ نموونە:
أ- هەڵوەشاندنەوەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و لكاندنی بە وەزارەتی شارەوانی بە ئاستی بەڕێوبەرایەتی گشتی.
ب- هەڵوەشاندنەوەی دەستەی ژینگە و لكاندنی بە وەزارەتی تەندروستی بە ئاستی بەڕێوبەرایەتی گشتی.
ت- هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان و یاساكانیان و دووبارە داڕشتنەوەیان لەسەر بنەمای كارگێڕی و ئەندام بوونی سەرۆكی فەرمانگە خزمەتگوزاری و ئەمنییەكان لە ئەنجومەنی پارێزگاكە لە بەر ئەم هۆیانەی خوارەوە
جێبەجێكردنی ئەو پەیكەرە ئیدارییە كە لەم یاسایەدا هاتووە قەبارە و تێچوونەكی زۆر گەورەی پێویستە و لە روی ئابوورییەوە هیچ بیانوویەك نییە جگە لە دروستكردنی ئاستەنگ لە نێوان دەسەڵاتە (تشريعي وتنفيذي) پێوەندیدارەكان .
سەرەڕای خاڵی سەرەوە ئەم یاسایەی لە هەرێمی كوردستان دەركراوە هاوتای یاسای پارێزگاكانی عێراقە كە ناكەونە چوارچێوەی هەرێم (المحافظات غير المنتظمة باقليم)، ئەوەش دەبێتە هۆی مامەڵەكردن لەگەڵ سێ ئاستی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان (فیدڕاڵ، هەرێم، ئەنجومەنی پارێزگاكان) بەڵام لە پارێزگاكانی دیكەی عێراقدا تەنیا دوو ئاستی دەسەڵات هەیە.
ث- هەڵوەشاندنەوەی دەستەی كاروباری ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم و راسپاردنی ئەركەكانی بە یەكێك لە فەرمانگەكانی ئەنجومەنی وەزیران.
ج- هەڵوەشاندنەوەی پۆستی وەزیری كاروباری پەرلەمان و هەڵسانی هەر یەك لە وەزارەتە پێوەندیدارەكان بە هەماهەنگی و كاری پێویست بە شێوەكی راستەوخۆ.
ح- هەڵوەشاندنەوەی دەستەی دەستپاكی و لكاندنی بە دیوانی چاودێری دارایی هەرێم بە ئاستی بەڕێوبەرایەتی گشتی (وەكو فەرمانگەی دەستپاكی وشەفافییەت) و راسپاردنی ئەركە دادوەرییەكانی ئەم دەستەیە بە دادگا پێوەندیدارەكان.
خ- گۆڕینی ناونیشانی وەزارەتی داد بۆ وەزارەتی داد و ماف و لكاندنی هەر یەك لە دەستە و دەزگا پێوەندیدارەكان بە مافی مرۆڤـ و ئەنجومەنی خانمان و كار و بەكارهێنەران (پاش هەڵوەشاندنەوەیان) بە ئاستی بەڕێوبەرایەتی گشتی بەم وەزارەتە.
د- هەڵوەشاندنەوەی دەستەی وەبەرهێنان و پێدانی دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی وەبەرهێنان بە ئەنجومەنی ئابووریی كوردستان لەسەر بنەمای یاسایەكی نوێ و پێدانی دەسەڵاتەكانی دەستەی هەڵوەشاو بە وەزارەتەكان كە بە سروشتی پڕۆژەی پێشكەشكراو نزیكن و پێمان پەسەندترە تەنیا پرۆژەی ستراتیژیی ژێرخان لەخۆبگرێت لە ئاسانكاری گومرگی و لێبووردنی باج و زەوی تەرخانكردن.
ذ- لە كاتی دامەزراندنی دەستەیەك یاخود فەرمانگەیەكی نوێ لە هەرێمی كوردستاندا (بۆ نموونە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن) پێداویستییەكانی لە كارمەندی جۆراوجۆر لە رێگەی گواستنەوە پڕبكرێتەوە نەك لەرێگەی دامەزراندن.
2. لە ئەنجامی بڕگەی (1) پێویستە ژمارەی فەرمانبەری حكوومی لەگەڵ پەیكەر و قەبارەی كارگێڕی نوێی حكومەت بگونجێندرێت لە رێگەی:
أ- خانەنشینكردنی ژمارەیەك لە فەرمانبەرانی بێ ئەرك، بۆ نموونە فەرمانبەرە معەومەكان و راوێژكاری زیاد لەسەر میلاك بەپێی یاسای وەزارەت و دەزگای پێوەندیدار.
ب- گواستنەوەی راژە فەرمانبەرانی زیاد لە سەر میلاك، بەپێی پسپۆڕی و پێویستی و ئەو فەرمانبەرانەی كە بە شوێن و ئەركی نوێیان رازی نابن (بە مەرجێك لە دەڤەری كاری پێشوووی خۆیان گوازرابنەوە) خانەنشین دەكرێن بەپێی مافی یاسایی خۆیان و سوودمەند نابن لە مافەكانی زێدەكی بڕگە (3)ی خوارەوە.
ت- هەمواركردنی یاسای خانەنشین بۆ كەمكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بۆ ماوەیەكی دیاریكراو و بە مەرجێك هەڵاوێركردنی (إستثناء) تێدا نەبێت بۆ هیچ پلەیەكی وەزیفی تەنیا مامۆستایانی زانكۆ كە پلەی زانستییان یاریدەدەری پڕۆفیسۆر بە سەرەوەیە و دادوەرەكان. ئەم خشتەیەی خوارەوە نموونەی پلانی خانەنشینكردنی فەرمانبەرانە بە شێوەكی خێرا و ماوەیەكی دیاریكراو:

سالَي دارايي خانةنشينكردنى ئيلزامي بةثيَي سالَى لةدايكبوون سالَي دارايي خانةنشينكردنى ئيلزامي بةثيَي سالَى لةدايكبوون
2016 1954 و 1955 و1956 و 1957 2021 1960
2017 1958 2022 -
2018 - 2023 1961
2019 1959 2024 -
2020 - 2025 1962

3. ئەو فەرمانبەرانەی كە بە هۆی ئەم پلانە خانەنشین دەكرێن بە شێوەكی ئیلزامی، ژمارەی ساڵەكان لەنێوان بەرواری خانەنشینكردن وادەی ئاسایی پێشوویان بە خزمەتی فیعلی هەژمار بكرێت بۆ مەبەستی سەرمووچە و بەرزكردنەوەی پلە و مووچەی خانەنشین.
4. بە مەبەستی سوودوەرگرتنی راستەقینە لە كەمكردنەوەی قەبارەی كارگێڕی و ژمارەی كارمەندی حكوومی، پێویستە لیژنەیەكی باڵا لە وەزارەتەكانی پلاندانان و دارایی و پەرەوەردە...هتد پێكبهێندرێت بۆ بەدواداچوون و بڕیاردان لە سەر شێوەی دووبارە تەرخانكردنەوەی باڵەخانە بەتاڵەكان و كەلوپەلەكانیان بەتایبەت بۆ قوتابخانەكان هەروەها سەبارەت بە چۆلكردنی گشت باڵەخانە و خانووبەرەی ناپێویست و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكانیان بە شێوەكی یاسایی.
دووەم: فەراهەمكردنی هەلی كار لە رێگەی كەرتی تایبەت:
بە مەبەستی كەمكردنەوەی كاریگەری ئابووری و كومەڵایەتی، نەریتی جێبەجێكردنی ئەم هەنگاوانە كە بریتییە لە راگرتنی دامەزراندنی فەرمانبەری نۆی لە دام و دەزگاكانی حكوومی بۆ ماوەیەكی دیاریكراو پێویستە لە سەر حكومەتی هەرێم كار و پلان دابنرێت بۆ دروستكردنی دەرفەتی كار بۆ گەنجانی هەرێمی كوردستان لە كەرتی تایبەت، ئەمەش بە راوبۆچوونی ئیمە پێویستی بە چەند هەنگاوی یاسایی و مەیدانییە. بۆ نموونە:
1. دەركردنی یاسایەك بۆ ناچاركردنی دەسەڵاتە داراییەكان و پلاندانان لە هەرێمی كوردستان بۆ تەرخانكردنی رێژەیەكی تەوزیمی لە داهاتی هەرێم بۆ پڕۆژەكانی ژێرخانی ئابووری وەكو رێگەوبان و تونێل و بەنداو و شەمەندەفەڕ و میترۆ و گواستنەوەی گشتی و...هتد، كە لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەنجامە ئەرێنییەكانی گشت كەرتی ئابووری و كۆمەلایەتی و تەندروستی دیار دەبێت، سەرەڕای ئەم پرۆژانە بە سروشتی خۆیان درێژ خایەنن و دەرفەتی كار دابین دەكەن بۆ ژمارەێكی زۆر و جوراوجۆر لە لە كرێكار و پیشە و خاوەن ئامێر.
2. بە مەبەستی دروستكردنی ژینگەیكی دروست لە رووی هەبوونی دەرفەتی كار و جێبەجێكردنی ئەرك بە شێوەیكی تەواو و پرۆفیشنال و دوور لە دیاردەی بندیواری جۆراوجۆر، پێویستە یاسایەك و پلانێكی جددی دەربكرێت و جێبەجێبكرێت بۆ نەهێشتنی دووفاقەیی كار لەنێوان كەرتی حكوومی و تایبەت لەسەر ئەم بنەمایانەی خوارەوە:
أ- خانەنشینكردنی ئەو فەرمانبەرانەی كە ناتوانن كەرتی تایبەت جێبهێڵن.
ب- جێبەجێكردنی ئەم نەریت و هەنگاوانەی لە سەر گشت پیشەكان بە بێ هەلاوێركردن بە هاوشێوەی (پارێزەرانی هەرێمی كوردستان)، بوو نموونە: پزیشك و یاریدەدەری پزیشك و دكتۆرەكانی دەرمانساز و تاقیگەكان و ئەندازیاران و مامۆستای زانكۆ و ژمێریاران و....هتد.
ت- ناچاركردنی گشت كۆمپانیا بیانی و خۆجێییەكان بۆ بەكارهێنانی رێژەیێكی دیاریكراو وەكو كەمترین رێژە بۆ بەكارخستنی كرێكار و فەرمانبەری هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان
ث- كەمكردنەوەی جیاوازی و جازبیەتی كەرتی حكوومی بەرامبەر كەرتی تایبەت لەرێگەی یاساو سیستمی پێشكەوتوو لە سەر بنەمای هاووڵاتیانە لە رووی تەرخانكردنی زەوی یاخود پێشینەی عقاری، دڵنیابوونی تەندروستی وكۆمەڵایەتی .....هتد
سێیەم: مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەر و خانەنشینانی هەرێمی كوردستان:
دیوانی چاودێری دارایی لەگەڵ ئەم بۆچوونانە نییە كە چارەسەری قەیرانی دارایی هەرێم لە رێگەی كەمكردنەوەی مووچە و دەرماڵە بكرێت لە بەر ئەم هۆیانەی خوارەوە:
1. كەمكردنەوەی مووچە و دەرماڵە چارەسەری دەرئەنجامی كێشەكان دەكات، نەك سەرچاوەكانیان، بەڵكو سزایەكیشە بۆ گشت پلە وەزیفییە راستەقینەكان، لەگەڵ پلە و مووچەی ئەو كەسانەی كە بەهەمان پلە دامەزراون و پلەیان بەرزكراوەتەوە، یاخود خانەنشین كراون بەدەر لە رێنماییەكان، كە بارەكەی بۆتە یەكێك لە هۆكارەكانی ئەم قەیرانە.
2. كەمكردنەوەی مووچە و دەرماڵە جیاوازی لە ئاستی ژیان لە نێوان فەرمانبەر و خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ پلەكانی هاوتا لە ناوچەكانی حكومەتی فیدڕاڵ دروست دەكات، جگە لە كاریگەری نەرێنی سایكۆلۆژی وەزیفی و كۆمەڵایەتی و ئابووری كە لەم بارودۆخەدا زۆربەی خۆراك و كاڵاكان لەدەرەوەی وڵات هاوردە دەكرێن و نرخیان وەكو خۆی دەمینێت، هەروەها نرخی سووتەمەنی و كرێی كارەبا و....هتد.
3. بۆیە پێشنیار دەكەین كە لیژنەێكی باڵا لە سەر ئاستی ئەنجوومەنی وەزیران پێكبهێندرێت بە مەبەستی دووبارە چاوپیاخشاندنەوە بە مووچە و دەرماڵەكانی فەرمانبەران و خانەنشینەكان و هەمواركردنی گشت كەیسەكانی كە بەدەر لە یاسا و رێنماییەكان كراون لەسەر بنەمای راستی نەك یەكسانی (العدالة وليس المساواة).
4. بەمەبەستی رەچاوكردنی خزمەتی وەزیفی گشتی خانەنشینانی پلە تایبەتەكان، هەروەها كەمكردنەوەی مووچەی ئەو خانەنشینانەی كە ناتواندرێت بە پێی بڕگەی (3)ی سەرەوە هەموار بكرێن، پێویستە یاسای پێوەندیدار هەموار بكرێت و لەسەر بنەمایەكی نوێ مووچەی خانەنشینی ئەم پلانە بەم شێوەیە هەژمار بكرێت. بۆ نموونە: (50%ی مووچە پلەكە + 1،25% بۆ هەر ساڵێك لە ساڵانی خزمەتی وەزیفی) بە مەرجێك كۆی گشتی 80% مووچە پلەكە زیاتر نەبێت.
چوارەم: بەرزكردنەوەی داهاتە نانەوتییەكان و كەمكردنەوەی تێچووەكان لە كەرتی تەشغیلی:
پێكهینانی لیژنەیەكی باڵا بۆ توێژینەوە و جێبەجێكردنی ئەم بۆچوونانە:
1. دەركردنی یاسایەكی نوێ بۆ هەژماركردنی باجی دەرامەت (لە سەر بنەمای رێژەی دیاریكراو. بۆ نموونە: 15% لە داهات – نەك لەقازانج – بۆ گەنجینەی حكومەتی هەرێم ئەوش تەنیا بۆ كۆمەڵێك لە پڕۆژە و ئیمتیاز و رێپێدانی بەكارخستن كە دراوەتە كەرتی تایبەت كەوا ئەركێكی هونەری بەرزی پێویستیان نییە و قازانجەكانیان مسۆگەر و ئاسان و قۆرخكراون بۆ نموونە:
أ- هۆیەكانی گەیاندن (تەلەفۆن و ئینتەرنێت).
ب- پشكنینی توندی ئۆتۆمبێل (هەززە).
ت- كۆمپانیای فروشتنی بیمەی دڵنیایی ئیلزامی بۆ ئۆتۆمبێلی بیانی لە دەروازە سنوورییە نێودەوڵەتییەكان.
ث- هاوتای كۆمپانیاكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان (كە دانەمەزراون).
ج- گواستنەوەی گشتی (وەكو میتڕۆ و تراموای و شەمەندەفەڕ و ....هتد، لە ئایندە).
2. پێچەوانەی بڕگەی یەكەم دانەوەی چەند كەرتێك كە حكومەت سەركەوتوو نەبووە لە جێبەجێكردنیان لە رێگەی راسپاردنی كەرتی تایبەت (OUT SOURCING) بەئەركی كۆكردنەوە و وەرگرتنی كرێی ئاو و كارەبا لە هەرێمی كوردستان بەرامبەر رێژەیەكی دیاریكراو بۆ كۆمپانیای بەڵێندەر و لە رێگەی بەكارهێنانی پێوەری زیرەك بە بێ ئەوەی دەستكاری نرخەكانیان بكرێت.
3. دۆزینەوەی میكانیزمێكی كارا و یاسایی بۆ گۆڕینی داهاتەكانی هەرێم كە بە دراوی بیانین بۆ دیناری عێراقی بە مەبەستی كەمكردنەوەی جیاوازی نرخی دۆلار لەنێوان نرخی حكومەت كە دەیداتە بانكە ئەهلییەكان و نرخی راستەقینەی بازاڕ.
4. بەناوكردنی یەكە نیشتەجێبووە فرۆشراوەكان بە هاووڵاتیان لە لایەن پڕۆژەكان كە تا ئێستا زۆربەیان بەناو نەكراون بە بیانووی تەواونەبوونی بە رێژەی 100%ی پرۆژەكە، ئەوەش جگە لە كێشەی یاسایی و كۆمەڵایەتی زیانێكی گەورەی هەیە بۆ داهاتی هەرێم لە نەدانی باجی خانووبەرە (ضريبة العقار) و رسوماتی بەناوكردن وە هەروەها نەدانی باج لەكاتی بەكرێدانی ئەم یەكە نیشتەجێبووانە .
5. هەروەها هەزاران پارچە زەوی لە لایەن شارەوانییەكان و لیژنەی قەرەبو كردن بە شێوەی كارت دابەش كراون تا ئێستا قەواڵەی (سند) بۆ دەرنەچووە و رەنگە هەریەك لەو پارچە زەویانە چەندین جار مامەڵەی كرین و فرۆشتنیان لەسەر كرابێت بێ گەرانەوەی داهاتەكەیان بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان.
6. چاوپیاخشاندن بە نرخی كرێی زەوی و زار و باڵەخانە و دوكان و گۆڕەپان ...هتد كە سەر بە دام و دەزگاكانی هەرێمن بە مەرجێك رەچاوی نرخی بازاڕ بكرێت لە كاتی فرۆشتن و بەكرێدانی ماڵ و موڵكی حكومەتی هەرێمی كوردستان (الاموال المنقولة و غير المنقولة) لە لایەن لیژنەكانی خەمڵاندن و فرۆشتن و رێگەگرتن لە دەست تێوەردانی هەر كەسێك لە كاتی ئەنجام دانی زیادكردنی ئاشكرا و لە كاتی كرین و فرۆشتن و بەكرێ دانی شوێنە ئاماژە پێكراوەكان بۆ زیاتركردنی داهاتی حكومەت.
7. دەركردنی رێنمایی پێویست بۆ رێكخستنی راگرتنی ئۆتۆمۆبیل لە شەقامەكان و دانانی پێوەری ئۆتۆماتیكی هاوشێوەی وڵاتە پێشكەوتووەكان بۆ پەیڕەوكردنی سیستەمی راگرتنی ئۆتۆمۆبیل لە سەنتەری پارێزگاكان بە بەرامبەر (بۆ نموونە شەقامی 60 مەتری بەرەو ژوورەوە لە شاری هەولێر)، بۆ زانین ئەم سیستەمە جگە لەوەی سوودی هەیە بۆ داهاتی حكومەتی هەرێم، هەروەها دەبێتە هۆی سوودوەرگرتن لەو شوێنانە بۆ هەموو هاووڵاتیان نەك تەنیا بۆ خاوەن دوكانەكانی بەرامبەر.
8. دەركردنی رێنمایی پێویست بۆ پەیڕەوكردنی سیستەمی وەرگرتنی باج لەو كەسانەی گەشت دەكەن بۆ دەرەوەی وڵات لە رێگەی فڕۆكەخانەكان، یاخود خاڵە سنوورییەكان بە بڕێكی گونجاو بۆ نموونە (15000) دینار بۆ هەر كەسێك و هەلاوێركردن تەنیا بۆ گەشتە فەرمییەكان.
9. دەركردنی رێنمایی پێویست بۆ پەیڕەوكردنی سیستەمی باجی شار بۆ بێگانەكان بۆ نموونە (5000 دینار شەوانە) بۆ یەك كەس لە میوانەكانی ئوتێلی 5 ئەستێرە و4 ئەستێرە .
10. دەركردنی رێنمایی پێویست بۆ وەرگرتنی باج، یاخود گومرگی تایبەت بە رێژەی 100% لەسەر جگەرە و خواردنەوەی كحولی.
11. دەركردنی رێنمایی پێویست بۆ رێكخستن و دیاریكردنی رسوماتی خزمەتگوزاری فەرمی خێرا، یاخود تایبەت بۆ ئەو كەسانەی باری تەندروستی وكۆمەلایەتی تایبەتیان هەیە بۆ نموونە مارەبڕین، خزمەتگوزاری دادنووس، تاپۆی خانووبەرە، مامڵەی بەناوكردنی ئۆتۆمبیل و نۆیكردنەوەی ساڵیانە (سنویە) و ...هتد.
12. دەركردنی رێنمایی پێویست بۆ پەیرەو كردنی سیستەمی تەمەنی ئابووری خەملێندراو (العمر الاقتصادي المقدر) بۆ ئۆتۆمۆبیل و ئامێر وكەل و پەل لە دەزگا حكوومییەكان بە مەبەستی نەهێشتنی، یان كەمكردنەوەی زێدەخەرجی، بۆ نموونە (گۆڕینی ئۆتۆمبیل، یان كەل وپەل، یان سڕینەوەیان) بۆ جیاكردنەوە لە نێوان بەكارهێنانی سروشتی یاخود لە خراپ بەكارهێنان، یان كەموكوڕی لە پڕۆسەی كڕین.
پێنجەم: پتەوكردنی سیستەمی دارایی گشتی پەیڕەوكراو لە هەرێمی كوردستان:
پتەوكردن و بەهێزكردنی پڕۆسەی دارایی گشتی لە هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی یاسا پەیڕەو كراوەكان .. تا ئێستا ئەم بابەتە ناڕوونە، بۆیە وای بەباش دەزانین كە هەنگاوی پێویست و بڕیاری یەكلاكەرەوە لە سەرۆكایەتییە بەڕێزەكەتان دەربچێت بۆ ئەم تێبینیانەی خوارەوە:
1. دیاركردنی ئەم یاسا داراییانەی كە لە هەرێمی كوردستان پەیڕەو دەكرێن بۆ پێش چاوڕوونیی فەرمانبەران و كارمەندانی حكومەتی هەرێم، چونكە هەر یەك لەو یاسایانە جۆرە پابەندی و تێڕوانینی جیاجیایان هەیە كە لە نووسراوەكانمان ژمارە (30) لە 14/1/2015 و 471 لە 10/6/2015 ئاماژە بەو بابەتە كراوە و بۆ تیشك خستنەسەر نووسراوەكەمان نووسراوێكمان لە ژێر ژمارە (851) لە 3/2/2015 ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی كردووە، وە لە هەمان كاتدا بۆ دڵنیابوون نووسراوێكی ترمان ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی كردووە بۆ دووپاتكردنەوە بە ژمارە (332) لە 13/4/2015 .
2. پێویستە گشت داهاتەكانی حكومەت لە حیسابی داخراو و تایبەت بۆ بەرژەوەندی گەنجینەی حكومەت دانرابێت و هەڵوەشاندنەوەی گشت ئەو ماددە یاسانەی كە رێگە بە وەزارەتی پێوەندیدار دەدات بۆ بە كارهێنانی داهات بۆ ئەنجامدانی چالاكییەكانی، هەروەها جەختكردنەوە لەسەر وەرگرتنەوەی ئەو پارانەی كە لە ئەستۆی هاووڵاتیاندایە و بكرێت بە داهاتی كۆتایی بۆ ئەم مەبەستە پێویستە هەڵسوكەوتی یاسایی بكرێت لەگەڵ كەمتەرخەمەكان و ئەو كەس و لایەنانەی دوادەكەون لە دانەوەی قەرزەكان.
3. هەبوونی یاسایەكی دیاریكراو بۆ وادە و هەنگاوەكانی ئامادەكردنی بودجە لەلایەن وەزارەتە پێوەندیدارەكان بە شێوەیەك كە وادەی هەر هەنگاویك دیاری بكرێت و ئەو هەنگاوانە ئاماژەپێكراوە لە نووسراومان ژمارە 471 لە 10/6/2015.
4. یەكلاكردنەوەی ئەو كێشە داراییانەی بە هەڵواسراوی ماونەتەوە لە گەڵ حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ كە بە نووسراوەكانمان ژمارە331 لە 13/4/2015 و455 لە 4/6/2015 پێشنیاری چۆنییەتی چارەسەركردنی ئەو بابەتەمان كردووە.
5. ئیلزام كردنی وەزارەتەكان بەوەی كە بەگوێرەی یاسای خۆیان چەند راوێژكاریان بۆ دیاری كراوە ئەوەندەیان هەبێت نەك زیاتر.
6. چارەسەر كردنی كێشەی پۆستە (معومەكان) لە دام و دەزگاكانی حكومەت بە تایبەتیش لە وەزارەتی ناوخۆ.
شەشەم: بابەتە هەنووكەییەكان:
1. جێبەجێكردنی یاساو بڕیار و رێنماییەكانی پەرلەمان و حكومەت بەبێ هەڵاوێركردن (استپناء) لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و هەروەها ئەو یاساو بڕیارو رێنماییانەی پەرلەمان و حكومەت كە پشتگوێ خراوون. بۆ نموونە نووسراوی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (5787) لە 29/5/2012، بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (1706) لە 9/7/2007، بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (359) لە 26/6/2011 .
2. پاكتاوكردن و یەكلاكردنەوەی ئەو پارانەی كە لە پارەی نەوت تەرخان كراوە بۆ پڕۆژەی وەزارەتەكان كە تاكو ئێستا لە بانكە ئەهلییەكان ماون كە بە نووسراومان ژمارە 54 لە 22/1/2015 ئاماژەمان پێداون.
3. نوێكردنەوەی تۆماری ئۆتۆمۆبیلی حكومەت ساڵانە و سزای ئۆتۆمبیلەكانیش بكەوێتە ئەستۆی بەكارهێنەر، یاخوود سوودمەند، نەك فەرمانگەی حكوومی وەكو لە بڕگەی (1) و (2)ی نووسراوی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (1907) لە 3/8/2003 ئاماژەی بۆ كراوە، وەرگرتنی سزای سەرپێچی هاتوچوو بۆ ئۆتۆمۆبیلەكانی تایبەت و گشتی و بارهەڵگر (ناحكوومی) بە شێوەی ساڵانە لەگەڵ ئەنجامدانی پشكنین (هەززە) .
4. وەرگرتنی كرێی كەڵەكەبووی مولك و ماڵی حكومەت تایبەت بە وەزارەتەكانی ( شارەوانی، ئەوقاف، پیشەسازی و ئەوانی دیكە).
5. وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانەی كە هەندیكیان وەكو پێشینە بە كاش دراون بە لایەن و كەسانی تایبەت لە لایەن بانك و گەنجینەكانەوە، ئەویش پاڵپشت بە یاسای ژمارە (56)ی ساڵی 1977 (قانون تحصيل الديون الحكوومية).
6. هەڵوەشاندنەوەی رێنمایی ژمارە(25) لە 29/5/2013 تایبەت بە پێدانی دەرماڵەی 50% لە سەر مووچەی بنەڕەتی بۆ فەرمانبەرانی خاوەن پلەی بەرێوەبەری گشتی و پلەی تایبەت لە هەڵگرانی بڕوانامەی (ماستەر، دكتورا) لەبەر ئەوەی لە هیچ یاسایەكدا نەهاتووە كە پلەی تایبەت دەرماڵەی بڕوانامە وەربگرێت.
7. پێداچوونەوە بە یاسای ژمارە (62)ی ساڵی 2007 تایبەت بە دیاریكردنی كرێی یەكەكانی نیشتەجێبوونی فەرمانگەكانی دەوڵەت و كەرتی گشتی بە شێوەیەك كە لەگەڵ بارودۆخی ئێستا بگونجێت. هەروەها هەڵوەشاندنەوەی نووسراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری / ب. گشتی ژمێركاری ژمارە (16060) لە 8/9/2013 تایبەت بە لە ئەستۆگرتنی حكومەت پارەی كرێی خزمەتگوزاری سەرجەم شووقە و یەكە نیشتەجێ حكوومییەكان.
8. هێنانی پشتگیری لە بەڕێوەبەرایەتی تۆماری خانووبەرە لەلایەن ئەو كەسەی كە یەكەی نیشتەجێی حكوومی پێ دەدرێت كە هیچ یەكەیەكی بەناو نییە لەو شوێنەی كە یەكەكەی پێ دراوە، هەروەها پڕكردنەوەی بەڵێننامە كە هیچ مولكێكی لە كۆمەڵگاكانی نیشتەجێبوون بەناو نییە.
9. ئەنجامدانی هەڵمەتێكی بەرفراوان بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەكانی كرێی خزمەتگوزاری وەك (ئاو و كارەبا و ...هتد) بەتایبەتی شوێنە پیشەسازی و بازرگانی و گەشتیارییەكان و لایەنە حزبییەكان، گرتنەبەری رێكاری یاسایی بەرامبەر بەو شوێنە بازرگانی و گەشتیارییانەی كە بە لادان (تجاوز) لە یاسا و رێنماییەكان هێلی كارەبایان راكیشاوە.
10. وەرگرتنی پشكی حكومەت لە قازانجی كەرتی تێكەلاو بەپێی یاسا و رێنماییەكان بۆ نموونە وەك داهاتی كۆمپانیای (كورد تێل).
11. وەرگرتنی داهاتی ئەو لایەنانەی كە لە لایەن حكومەتەوە كارمەندەكانیان مووچەیان بۆ دابین دەكرێت بۆ نموونە (سەنتەری دڵ، سەنتەری منداڵانی بلووری... هتد).
12. سنوورێك دابندرێت بۆ یارمەتی و هاوكاری بۆ (سەندیكا، رێكخراوەكان، حزبە سیاسییەكان و ...هتد) بۆ كاتێكی دیاریكراو، تاكو پشت بە داهاتی خۆیان ببەستن بۆ ئەوەی چیدی پێویستیان بە یارمەتی و هاوكاری حكومەت نەبێت و بەرەو بەرهەمهێنان و دۆزینەوەی هەڵی كار بن، نەك كاریگەری نەرێنیان هەبێت لەسەر بودجەی حكومەتی هەرێم.
13. دووركەوتنەوە لە دیاردەی زێدەرۆیی (مظاهر الاسراف) لە دام و دەزگاكانی هەرێم بە شێوەیەكی گشتی.
14. پێدان (احالە) و جێبەجێكردنی پرۆژەكان بە پێی یاسا و رێنماییە پەیڕەوكراوەكان دوور لە كاریگەری لایەنی دەرەكی.
بەگەڕخستنی ئەو كارگانەی قازانجبەخشن و بەكرێدانی ئەو كارگانەی كە قازانجیان نییە لە رووی ئابوورییەوە، هەروەها دامەزراندنی كارگەی بچووك لە شوێنی جیا جیا لە هەرێم بۆ نەهێشتنی بێكاری و دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێ بۆ داهات.
Top