هەولێر و هەولێرییەكان سەقامگیری و ئارامییان گەرەكە
November 12, 2015
وتار و بیروڕا
ئێمە وەكو هەولێری بە گشتی و هونەرمەند و رۆشنبیران بە شێوەیەكی تایبەتی بە مافێكی سەرەكی و پێویستی خۆمانی دەزانی كە شارەكەمان بپارێزین، بۆیە ئەم بۆچوونە بە زۆر هەڵە و ناتێگەیشتوویی دەزانین، هەرچەندە من حەز ناكەم باسی بابەتی سیاسی بكەم، چونكە بەداخەوە هەست دەكرێ لە كوردستان سیاسەتێكی راستەقینە نییە و تەنانەت نەمانتوانیوە بە شێوەیەكی زانستی و درووست سیاسەت بەكاربهێنین و پەیڕەوی بكەین، بەڵام دیارە ئێمە ئێستا كەوتووینەتە نێو ئەو قەیرانە سیاسییەی كە ئێستا هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە و پێوەندی بە ژیانی هەموو تاكێكی كوردستانەوە هەیە و كەس ناتوانێت نكۆڵی لەوە بكات.
ئەو بۆچوونە ناڕەوا و دەنگە نەشازەی بەرامبەر بە هەولێر دەمبیست، هەستم كرد دەیەوێ هەولێر دابەش بكات لەنێوان كورد و ئەو نەتەوە و ئایینانەی كە سەدان ساڵە وەكو برا بە یەكەوە ژیاون و هەولێر نموونەی پێكەوەژیان و برایەتی بووە، بۆیە كورد و توركمان و كلدو ئاشوری و سریان هەموویان خۆیان بە رۆڵەی پیرە هەولێر زانیوە و شانازییان بە منارە و قەڵاكەی كردووە، هەروەها جگە لە هەولێرییەكان خەڵكی گشت شار و شارۆچكە و رۆژهەڵات و رۆژئاوا و باكووری كوردستانیش بە شاری خۆیانیان زانیوە و تێیدا ژیاون، جگە لەو نەبەردییانەی كوڕانی هەولێر لە شۆڕشەكانی كوردستان تۆماریان كردووە كە نموونەی خۆڕاگری بوون، هونەرمەندان و ئەدیب و رۆشنبیرانی هەولێریش لە شاكارە هونەرییەكانیان و لە ناخۆشترین و ئاڵۆزترین رۆژانی مێژووی میللەتی كورد و سەرەڕای چاوسووركردنەوە و ترس و تۆقاندنی دەزگا داپڵۆسێنەرەكانی بەعس، گوزارشتیان لە كوردبوونی خۆیان و چەكەرەكردنی گیانی كوردایەتی لە هەست و سۆزیاندا كردووە و كارەكانیان نموونەی قبووڵنەكردنی جەور و ستەم بووە. هەروەها خەڵكی هەولێر بە هەموو هێز و توانایەكیان لە رۆژانی بەدناوی ئەنفال و كیمیاباران دەرگای خۆیان واڵا كرد بۆ برایانیان لە هەڵەبجە و بادینان، ئەوانەی ئەو دەنگە نامۆیەیان بەرامبەر بە كەلتووری كورد بەرز دەكردەوە و داوای تێكدانی هەولێر و درووستكردنی كەشێكی ناسەقامگیری لە پیرە هەولێر دەكرد و لەسەر دەستی هونەرمەندان و رۆشنبیرانی هەولێر، ئەو نامۆیانە لە بیریان چووە كە هەموو دام و دەزگا سیمبولییەكانی كوردستان لە هەولێرە.
ئەوانەی كە دەیانەوێ هەولێر دابەش بكەن و دووبەرەكی بخەنە نێو رۆڵەكانی ئەم شارە، یاخود بانگەشەی ئەوە دەكەن كە هەولێر بێدەنگە لە خۆپیشاندان گوایە قەیران لە كوردستان هەیە، پێویستە بە وردی بەخۆیاندا بچنەوە، چونكە ئەوەی بە ناوی قەیران و گرفت هەیە روون و ئاشكرایە و پێویست ناكات كەس موزایەدە لەسەر كەسی تر بكات و لێرەوە دەڵێم: مەبەستیان لەو خۆنیشاندانەی كە چەند ناوچەیەكی كوردستان گرتەوە بە هیچ شێوەیەك ئەنجامدانی چاكسازی نەبووە و باشتر كردنی بژێوی ژیانی خەڵك نەبوو، بەڵكو مەبەستی سیاسییان لە پشت بوو.
من زۆر حەزم نەدەكرد بخزێمە نێو بابەتی سیاسییەوە و دەمویست تەنیا خۆم بە هونەر و بابەتە هونەرییەكانەوە سەرقاڵ بكەم، بەڵام ناچارم بێمە سەر باسی سیاسەتیش، بە ڕای من دووركەوتنەوەی كەلتوور خواز و هونەرمەند و رۆشنبیران لە ژیانی سیاسی و دوورپەرێزییان لەو بوارەوە هەڵەیەكی گەورەیە، چونكە لە هەموو دنیا كە سیاسەت چەوت دەبی یان بەلاڕێدا دەبردرێت كەلتوور راستی دەكاتەوە و هەموو نەتەوەیەكیش لە سەرتاسەری دنیا و بە درێژایی مێژوو بە كەلتوورەكەی ناسراوە، لە كوردستان سیاسەت زیاتر بۆ بەرژەوەندی تایبەت و شەخسی و كاری ناڕاست و قۆزتنەوەی هەندێك هەڵە بەكاردەهێندرێت، بەڵام لە جیهانی پێشكەوتوو، سیاسەت تەنیا بۆ سەقامگیری و ئارامی و بەرژەوەندیی میللەت بەكاردەهێندرێت و ئەو بەرنامەیەی پێشكەش دەكرێت، ئامانجیان بەرژەوەندییەكانی خەڵكە.
لێرەوە دەمەوێ ئەو راستیە بخەمەڕوو كە بە داخەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بەتایبەتی وەك پێویست ئاوڕی لە هونەرمەندانی ئەم شارە نەداوەتەوە و پرۆگرامێكی جددییان لەم بوارەوە نەبووە، چونكە لە هەموو ژانرە هونەرییەكان ئەم شارە خاوەن دەیان و سەدان هونەرمەند بووە كە مێژوویەكی پرشنگداریان بۆ نەتەوەكەیان تۆمار كردووە و كارو بەرهەمەكانیان شایەدی ئەوەن، هونەرمەندان و رۆشنبیرانی ئەم شارە خۆڕاگرە لە هەموو كەس و هونەرمەندانی هەموو شارەكانی دیكە مەغدوورترن و پشتگوێ خراون، بۆیە پێویستە لەو بوارەدا ئاوڕی زیاتر لە هونەرمەندانی هەولێر بدرێتەوە، مەبەستیشم تەنیا هەولێرییەكان نییە، بەڵكو گشت ئەو كەلتوورخواز و هونەرمەندانەی لە هەولێر دەژین، چونكە هەموویان بە بەش خوراو و پشتگوێ خراو دەزانم.
لەو كەسانەی كە زۆر بە ناڕەوایی باسی ئەم بابەتەیان كردووە و ورووژاندوویانە، دەپرسم: ئایا ئێوە لەو شوێنانەی خۆتان چیتان كردووە بۆ ئەوەی ئێمە چاوی لێ بكەین و بە نموونەی بزانین و بڵێین راستە ئێوە پێش ئێمە كەوتوون و ئەوەتان كردووە و ئێمە دواكەوتووین و بەجێماوین و پێویستە ئێمەش هەنگاوێك وەك ئێوە بچینە پێش؟ تەنیا یەك نموونەیان بە بیر دەهێنمەوە، یەك ساڵ گفتوگۆ و بینە و بەردە نەتوانرا كەسێك بكرێت بە پارێزگار! ئەگەر ئەم تەجروبە بهێنینە هەولێر دەبێ چی لێ دەربچێ؟!
خەڵكی هەولێر كورد و كوردستانیی دڵسۆزن، هەولێر شارێكی كوردییە و پایتەختی كوردستانە و باوەڕ ناكەم رۆژێك لە رۆژان هیچ تاكێكی ئەم شارە خۆڕاگرە بیر لەوە بكەنەوە كە یەك هەنگاو و كارێك ئەنجام بدەن كە كاریگەریی سلبی لە سەر ئەزموونی سیاسی هەرێمی كوردستان و ناشیرین كردنی ئەم ئەزموونە هەبێت، كە زۆر پێویستە هەموو كوردێك هەوڵی پاراستن و پەرەپێدانی ئەم ئەزموونە بدەن.