چارەنووسی ئەی ڕەقیب لای ریفڕاندۆمە نەك پەرلەمان

چارەنووسی ئەی ڕەقیب لای ریفڕاندۆمە نەك پەرلەمان
سروودی نیشتمانیی سویسرا كە لە ساڵی(1841)ـەوە لەلایەن (لیۆنارد فیدمەر 1808 - 1868)ـەوە نووسراوە و (ئەلبیرك زۆیسیگ)یش ئاوازی بۆ دانابوو، لەم ساڵانەی دواییدا هەوڵێك هەبوو بۆ گۆڕینی بە سروودێكی دیكە.
(نیدەر بێرگەر)ی سەرپەرشتیاری پێشبڕكێی گۆڕینەكە لە سەرەتای ساڵی پارەوە لەلایەن (كۆمەڵەی سویسرا بۆ بەرژەوەندی گشتیی) دەڵێت: «لەبەر ئەوەی لە سویسرادا گەل خاوەن و سەرچاوەی دەسەڵاتە، بۆیە پرۆژەی گۆڕینی سروودی نیشتمانیمان پڕۆژەیەكی تەواو سویسراییە و گەل لە بنكەی كۆمەڵگەوە تا لوتكەی لەم بڕیاری گۆڕینەدا بەشدار دەبێت».
بۆ ئەم مەبەستە پێشبڕكێیەك سازكرابوو بەم جۆرە:
1. هەتا بەرواری (30/6/2014) تێكستەكانیان وەرگرتووە لە (200) كەس كە تێكستی نوێیان بۆ سروودی نیشتمانیی وڵاتەكەیان نووسیبوو بۆ هەر چوار زمانی فەرمی وڵاتیش وەرگێڕدرابوو.
2. مەرجی سەرەكیی بۆ نووسەرانی تێكستەكان ئەوە بوو كە دەبووایە وشەكانی هۆنراوەكانیان رەنگدانەوەی دیباجەی دەستووری سویسرا بێت كە لە ساڵی (1999)دا بە دەنگدانی گشتیی پەسەند كرابوو.
3. لیژنەیەكی پسپۆڕ و فرەڕەنگ وەك لیژنەی دادوەریی كە لە (7) كەس پێكهاتبوون، هەستاون بە هەڵبژاردنی (10) دەق و خاوەنی هەر (10) سروودە هەڵبژێردراوەكانیش خەڵاتێكیان وەرگرت كە لەنێوان (1000) بۆ(10000) فڕەنكی سویسریدا بوو.
4. هەر (10) تێكستەكە كراون بە سروود و لە ڕێگەی تەلەفزیۆنەوە پەخش كراون.
5. جەماوەر لە ڕێگەی دەنگدانی گشتییەوە سروودێكیان بە زۆرینەی دەنگی گەل پەسەند دەكەن.
6. لەناوەڕاستی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ (2015)دا، سویسراییەكان لە ڕێگەی دەنگدانی ئەلكتڕۆنییەوە سروودی نوێی نیشتمانیی سویسرایان پەسەند كرد كە لە فیستیڤاڵی سروودی نیشتمانیی لە كانتۆنی (ئاراو)دا سازكرابوو، لە خولی یەكەمدا جەماوەر دەنگیان دا بۆ هەڵبژاردنی (3) ئاواز و پاشان لە دەنگدانی دووەمدا یەك سروودیان پەسەند كرد كە زۆرینەی دەنگی هێنا لە نووسینی (ڤێرنەر فیدمەر)ی دانیشتووی كانتۆنی (زیۆریخ)ـە كە تیایدا دەڵێت: «ئەوەتا بەدەم باوە دەشەكێتەوە ئاڵا سوور و سپییەكەمان.»
7. سروودە هەڵبژێردراوەكە خراوەتە بەر دەستی حكومەت بۆ ئەوەی لە ئەمساڵدا پەسەندی بكات.
پەرلەمان و سروودی ئەی ڕەقیب
سروودی (ئەی ڕەقیب)ی كوردستانیش كە لە هۆنراوەی دڵداری شاعیرە كە ناوی (یونس مەلا رەئوف مەحموودی مەلا سەعدی)یە، واتە شاعیر لە بنەماڵەیەكی مەلازادەیە، ئاوازەكەیشی هی (شێخ حوسێن بەرزنجی)یە كە لە بنەماڵەی شێخانی قەرەچێوارە. پار و ئەمساڵیش ئەم سروودە دێرینەی ئێمە بە ناوی بەیاساییكردنییەوە لەلایەن پەرلەمانەوە، هەوڵێك هەبووە و هەیە بۆ دەستكاریكردنی هەمووی، یان هەندێك كۆپلە و بڕگەی بەم هەنگاوانە:
1. لە بەرواری (9/12/2014) خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای سروودی ئەی ڕەقیب كراوە.
2. لە بەرواری (14/12/2014) ئاراستەی لیژنە پێوەندیدارەكان كراوە.
3. لە بەرواری (19/1/2015) لیژنەی رۆشنبیریی و راگەیاندن و هونەر راپۆرتی خۆی كۆتایی پێهێناوە و ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كردووە.
4. لە بەرواری (5/5/2015) لیژنەی كاروباری یاسایی لە سەر هەمان پرس راپۆرتی خۆی ئاراستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە.
5. لە بەرواری (5/5/2015)وە، ئەم پڕۆژەیاسایە ئامادەیە بخرێتە بەرنامەی كارەوە.
ئێمە چی بكەین بۆ سروودی نیشتمانیی كوردستان؟
لە پێناوی پاراستنی سروودی نەتەوەیی و نیشتمانیی (ئەی ڕەقیب)دا، پێم باشە هەوڵەكانمان یەك بخەین بەم هەنگاوانەی خوارەوە:
1. كۆك بوون لەسەر ئەو راستییەی كە بە پشت بەستن بە عورفی نەتەوەیی و ڕای زۆرینەی گەل، ئەم سروودە تا ئەمڕۆش بە سروودی نەتەوەیی و نیشتمانیی ناسراوە.
2. راستتر و باشتر وایە پرۆژەیاسای سروودی ئەی رەقیب لە پەرلەمان وەربگیرێتەوە، چونكە سروودی ئەی رەقیب شەرعییەتی جەماوەری و میللی وەرگرتووە و لە دەسەڵاتی پەرلەماندا نییە بیگۆڕێت، یان دەستكاری بكات.
3. هەر كەس و لایەنێك داوای گۆڕین، یان دەستكاری سروودی ئەی رەقیب بكات، پێویستە داواكەی بكەوێتە دوای پەسەندكردنی دەستووری كوردستان، پێویستیشە دەستكاریكردنەكەش لە ڕێگەی ریفراندۆمێكەوە بێت كە كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی ئەنجامی بدات.
تێبینی: بۆ زانیاریی زیاتر سەبارەت بە پڕۆسەی پەسەندكردنی سروودی نوێی نیشتمانیی سویسرا بڕوانە ئەم لینكە:

http://elaph.com/Web/News/2015/9/1039427.html#sthash.e23vE0tf.dpuf
Top