ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرلە سێگۆشەی خێزان و قوتابخانە و میدیاوە
September 17, 2015
وتار و بیروڕا
بۆیە ئەمڕۆ لە هەموو رۆژێك زیاتر پێویستیمان بە بایەخدانە بە بواری پەروەردەی خێزانی و، پەروەردەی قوتابخانەیی و، پەرەپێدانی میدیایی، چونكە بیست ساڵی یەكەمی تەمەنی زۆربەی مرۆڤەكان ڕۆژانە لە نێو سێگۆشەی خێزان و خوێندنگا و میدیادایە.
یەكەم: چی بكرێت لە بواری خێزانیدا؟
1- ئەنجامدانی پێداچوونەوە و هەمواركردنەوە بۆ زۆرێك لە یاساكان لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە، بە ئاراستەی بنیادنانی خێزانی پشتبەستوو بە ماناكانی خۆشەویستی و ئارامی و سەقامگیری، دوور لە توندوتیژیی خێزانی.
2- داڕشتنی ستراتیژییەتێكی درێژخایەن و ئەنجامدانی كۆبوونەوەی خولیی لە نێوان وەزارەت و دەزگا پێوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ یەكخستنی دیدگا و ئامانج و پرۆژەكانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی خێزانی.
3- چاكتركردنی ڕۆڵی دادگاكان و پارێزەرانی پسپۆڕ، بۆ گرتنەبەری میكانیزمی پشتبەستوو بە ئەزموونەكانی سەردەم بۆ كەمكردنەوەی دیاردەی توندوتیژیی خێزانی.
4- كاراتركردنی ئەو رێكخراوانەی كۆمەڵگەی مەدەنی كە تایبەتمەندن لە بواری چاكسازیی خێزانی.
5- بەشداری پێكردنی زانایانی ئایینیی لە هەوڵەكانی روونكردنەوەی زیانەكانی توندوتیژیی خێزانی و گەڕان بە دوای دۆزینەوەی رێگەچارەكانی.
6- زیادكردنی رۆڵی میدیا و راگەیاندن لە رێگەی خستنەڕووی ئەو بابەتانەی كە یارمەتیدەرن بۆ كۆنتڕۆڵكردنی دیاردەی توندوتیژیی خێزانی.
7- داهێنانی ڕابەری خێزانی بۆ هۆشیاری لە بواری هاوسەرگیری و پێوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا.
8- كاركردنی هەمەلایەنە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو هۆیانەی كە دەبنە مایەی تەڵاق و جیابوونەوەی هاوسەران و تێكچوونی شیرازەی خێزان.
9- ئەنجامدانی توێژینەوەی وردتر بۆ زیاتر روونكردنەوەی هۆكارە راستەقینەكانی تەڵاق و جیابوونەوە.
10- بایەخدان بە ڕۆشنبیریی پڕۆسەی هاوسەرگیری بە شێوازیی سەردەمییانە بۆ كەمكردنەوەی رێژەی تەڵاق لە كۆمەڵگەدا كە ئێستا بەداخەوە لە زیادبووندایە، خێزانی هەڵوەشاوەش هۆكارێكی بەخشینی ئەندامە بە گرووپە تیرۆریستییەكان .
11- بایەخدانی وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی بە پڕۆسەی هۆشیاریی لەبارەی بەهاكانی پەیوەست بە خێزان و خانەی بێ باوكان و بەساڵاچووان .
دووەم: چی بكرێت لەبواری پەروەردەو فێركردندا؟
1- پێناسەكردنەوە و گۆڕینی چەمكی ئاسایش لە ئامرازێكی گرتن و ترسەوە، بۆ پێناسكردنی وەك پیشەیەكی پێویست و ئامرازێكی پاراستنی تاك و كۆمەڵگە .
2- تەرخانكردنی لە10%ی پڕۆگرامی هەر قۆناغێكی خوێندن بە بابەتەكانی ئاسایشی گشتی و رۆشنبیركردنی قوتابیان لە قوتابخانەكاندا بە گرنگیی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و دەزگاكانی ئاسایشی نێودەوڵەتی و نیشتمانی و نەتەوەیی.
3- ئاگاداركردنەوەی قوتابیان لە مەترسییەكانی كەلتووری نامۆ بە كۆمەڵگەی كوردستانی و، هزری توندڕەویی نامۆ بە تێگەیشتنی كوردانە لە ئایین و مەترسیی ماددە هۆشبەرەكان .
4- خستنەڕووی زیانە دوور و نزیكەكانی ماددە هۆشبەرەكان و خراپ بەكارهێنانی تەكنۆلۆژیای سەردەم و ئالودەبوون بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.
5- كاركردن لە سەر بووژاندنەوەی بەها ئەخلاقی و مرۆییەكانی وەك :
- راستگۆیی و دەستپاكی و داوێنپاكی
- عەدالەتخوازی و یەكسانی و لێبوردەیی و پاراستنی ژینگە
- هاوكاری و بەزەیی و ڕێز و بەرپرسیارێتی.
- هاووڵاتیبوون و نیشتمانپەروەری و تێكۆشان.
- ئارامگرتن و متمانە و ئازایەتی
- جواندۆستی و داهێنانكاری .
سێیەم: چی بكرێت لە بواری میدیاییدا؟
1- كاراكردنی میدیا بۆ ڕاهێنانی هاوڵاتییان لەسەر ئەوەی كە پابەندبوون بە یاسا و یاساپارێزییەوە ئازایەتییە نەك ترسنۆكی.
2- رەتكردنەوەی هەر گوفتار و رەفتارێكی نامۆ بە كۆمەڵگەی ئاشتیخواز و لێبوردەیی كوردەواری.
3- خستنەڕووی ئەو راستییەی كە هەر سەكۆیەكی ئازاد بۆ ڕادەربڕینی ئازاد، بەرهەمی هەبوونی زەمینەیەكی ئارام و كۆمەڵگەیەكی سەقامگیر و مرۆڤی ئاشتیخوازە لەپێشدا.
4- تەرخانكردنی بەرنامەی میدیایی و هۆشیاری لە كەناڵەكانی راگەیاندنەوە سەبارەت بە زیندووكردنەوەی بەها باڵاكان و ڕەوشتە كۆمەڵایەتییەكان و رەفتارە مەدەنییەكان و رێكارە شارستانییەكان.
ئەمانەی ئاماژەمان بۆ كردن، بەشێكی بنەڕەتین لەو هەنگاوانەی كەدەبنە هۆكاری بنبڕكردنی هەوێنەكانی توندوتیژی و پێشینەكانی تیرۆر لە سەرەتاوە، چونكە چارەسەركردنی هەموو كێشەیەك لە سەرەتاوە ئاسانترە وەك لە كۆتاییدا، رێگرتن لە هۆیەكانیشی باشترە وەك لە مامەڵەكردن لەگەڵ دەرئەنجامەكانی.