بەڵێنەكەی دێڤد كامیرۆن و چارەنووسی یەكێتیی ئەوروپا

بەڵێنەكەی دێڤد كامیرۆن و چارەنووسی یەكێتیی ئەوروپا
رەنگە سەركەوتنی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا بە سەرۆكایەتیی دێڤد كامیرۆن لە هەڵبژاردنی ئەم دواییەی پەرلەمان مایەی نیگەرانییەكی زۆر بێ بۆ یەكێتیی ئەوروپا. لەم رووەوە كەس بە قەد فەرەنسا نیگەران نییە، چونكە فەرەنسا بە دڵی ئەوروپا و هەڵگری ئاڵای بیرۆكەی ئەوروپاییبوون و سەرمەشقی پڕۆژەی ئەوروپای یەكگرتوو دادەندرێ.
دێڤد كامیرۆن لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی دابوو كە ئەگەر لە هەڵبژاردندا سەركەوتن بە دەست بێنێ، راپرسییەك سەبارەت بە مانەوە و دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەوروپا ساز دەكا. ئێستا كە سەركەوتنی بە دەست هێناوە، هەر ئەوە ماوە بەڵێنەكەی بباتەسەر. دەنگدانی بەریتانییەكان بە كامیرۆن شتێكی وای لێ هەڵدەكڕێندرێ كە ئاراستەیەكی بەهێز لە شەقامدا بۆ دەنگدان بە دەرچوون لە یەكێتیی ئەوروپا هەیە.
بەریتانیا بە درێژایی مێژووی تازەی، خۆی بە ئەوروپایی- ئەتلانتیكی زانیوە و هەستی بە ئەوروپاییبوون تێیدا بە قەد وڵاتەكانی تری ئەوروپا بەهێز نەبووە.
یەكێتیی ئەوروپا لەدوو لاوە نیگەرانە. لە لایەك دەترسێ دەرچوونی بەریتانیا ببێ بە مایەی ساردكردنەوەی زۆر وڵات لە بەدەستهێنانی مافی ئەندامبوون لە یەكێتیی ئەوروپا، چونكە مەسەلەی بە ئەندامبوون باق و بریقی جارانی لە دەست دەدا. لەلایەكی تریشەوە ترسێكی زۆری لەوە هەیە نەبادا دەرچوونی بەریتانیا سەرەتای لەبەریەك هەڵوەشانەوەی تەواوی یەكێتییەكە بێ.
كامیرۆن بەنیازە لە كۆتایی ساڵی 2017 راپرسییەكە ساز بكا. ئەمەش بەم مانایە دێ كە هێشتا رای گشتیی بەریتانیا نزیكەی ساڵ و نیوێكی بۆ یەكلاكردنەوەی هەڵوێستی خۆی لە بەردەمدایە. ئەم ماوەیەش ماوەیەكی درێژە و رەنگە رووداوی وا بەخۆیەوە ببینێ كە ئاسەواری باش و خراپ لە سەر بڕیاری شەقام بەجێ بێڵێ.
بەدەر لە مەسەلەی بەڵێنەكەی كامیرۆن بۆ یەكلاكردنەوەی مەسەلەی مانەوە و دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتییەكە، گۆڕانێك لە بیركردنەوەی ئەوروپییەكاندا سەبارەت بە چارەنووسی یەكێتییەكە هەیە. گرفتەكە لەوەدایە كە بیركردنەوە لە درووستكردنی یەكێتییەكی پتەو لە ئەوروپا، زۆرتر بۆ سەردەمی جیهانی دووجەمسەری دەگەڕێتەوە، كاتێك ئەوروپا لە ئەگەری هێرشی یەكێتیی سۆڤێت تۆقیبوو و هەمیشە لە ترس و دڵەڕاوكێدا دەژیا. بە گوتەی لێكۆڵیار سپاستان رۆسانۆ، ترس لە یەكێتیی سۆڤێت و هەستكردن بە هەڕەشە فاكتەری سەرەكیی هاندانی ئەوروپییەكان بووە بۆ یەكگرتن، بەڵام ئێستا هەل و مەرجەكە تەواو جیاوازە، چونكە ئەوروپا هەست بە هەڕەشە ناكا و هەموو ترس و نیگەرانییەكانی رەویوەتەوە. بۆیە پێویستیی یەكگرتنەوەش بە قەد جاران بەهێز نییە. سەرباری ئەوانەش، هەندێ لە دەوڵەتانی ئەوروپای رۆژئاوا هەست بەوە دەكەن كە خەریكە یەكێتییەكە دەبێتە بارێكی گران بەسەریانەوە، بەتایبەتی كە یەكێتییەكە لە بنەمادا یەكێتییە لە نێوان چەند دەوڵەتێكی دەوڵەمەند و هەژاردا. بەپێی توێژینەوەكانیش، نێونجی گەشەی ئابووریی ئەوروپا پاش دەركردنی یۆرۆ وەك دراوێكی یەكگرتوو، هیچ پێشكەوتنێكی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەدیوە. هەندێ لە ئەندامە كاراكانی یەكێتییەكە (لەوانە ئەڵمانیا)، خەریكن بەپێی بەرژەوەندیی نەتەوەیی خۆیان، نەك بەپێی بەرژەوەندیی بەكۆمەڵی ئەوروپا هەڵسوكەوت دەكەن و بەپێی چەند راپرسییەك دەركەوتووە كە 53%ـی ئەڵمانەكان ئەوروپا بە ئایندەی خۆیان نازانن.
كێشەی دارایی و ئابووریی هەندێ وڵاتی كەم گەشەكردووی وەك یۆنان، شێواوییەكی لە بیركردنەوەی ئەوروپییەكاندا درووستكردووە، چونكە هەست دەكەن یۆنان بۆتە بارێكی گران بەسەریانەوە. دیارە بەڵێنەكەی كامیرۆنیش مەسەلەكە ئاڵۆزتر دەكا. بەڵام هێشتا مەسەلەكە زۆری بە بەرەوە ماوە.
Top