ئیسلام لە گۆشەنیگای فەلسەفەی ئایینەوەبەشی نۆیەم

ئیسلام لە گۆشەنیگای فەلسەفەی ئایینەوەبەشی نۆیەم
یەکەم؛ بۆچی محەمەد بۆ ئەوان جێگەی پرسیار بوو کاتێ کە ئەو خۆی وەک پەیامبەرێک بەوان دەناساند؟ ئەم پرسیارە ئەمانباتەوە سەر زیهنییەتی عەرەبی ئەو سەردەمەی ئەوان کە تیایدا چۆن لە پەیامبەرێتییان ڕوانیوە. پەیامبەر لە تێگەشتنی ئەواندا کەسێکی ئاسایی نەبووە، وەک مرۆڤی ئاسایی نەژیاوە، چواردەوری بە فریشتەکان گیراوە، موعجیزەکان لە بەردەستیا وەک باران دەبارێن، ئیدی چۆن دەبێت ئەم مرۆڤە ئاساییەی وەک محەمەد، مرۆڤێکی بێ باوکی بێدەسەڵات، چۆن دەبێت ئەمە ئەو پەیامبەرە بێت کە خودا بینێرێت!؟ واتە ئەوەی لە زیهنی ئەواندا سەبارەت بە دیاردەیەکی وەک پەیامبەر ئامادەیە، لەگەڵ ئەو مرۆڤەدا پێکنایەتەوە کە بانگەشەی پەیامبەرێتی دەکات.
دووەم؛ لەو سەردەمەدا عەرەب باوەڕی نەکردووە کە کەلامی خودا بەو شێوە سادەییە بێتە بەردەستیان کە قورئان خۆی پێئاشکرا کردووە. لە زیهنی ئەواندا دەبێت کەلامی خودا وەک موعجیزەیەک لە ئاسمانەوە بێتە خوارێ. ئەم زیهنییەتە ئەگەر ڕابردوو نەیخوڵقاندبێت لە کوێوە هاتووە؟! ئەم دوو نموونەیە دەتوانین لە ناو قورئان بدۆزینەوە بێئەوەی بۆ مێژوو بگەڕیینەوە، واتە پێویست بەوە ناکات بۆچوونەکەمان بە قیل و قالی ئەم و ئەو، پشت ئەستوور بکەین، چونکە خودی قورئان خۆی سەرچاوەی باوەڕپێکراوی جیهانی ئیسلامییە.
ئەم چەند ئایەتەی خوارەوە وەک نموونە وەردەگرین و شیکاری خۆمانی بۆ دەکەین. ئێمە لێرەدا هەوڵی ئەوە نادەین کە تەفسیری ئایەتەکان بکەین، بەڵکو گەرەکمانە بزانین لە پشتی ئەم ئایەتانەوە چ کۆنتێکستێک ئامادەیە کە ئەم تێکستانە تیایدا بەرهەمهاتوون. ئێمە لە پێشەوە دوو خاڵمان ورووژاند سەبارەت بەوەی کە بۆ مرۆڤ ئەفسانەدار دەکرێت و پەیامبەر محەمەدمان کردە نموونە کە چۆن لە سەرەتادا بەرەنگاری دەبنەوە و لە پاشاندا ئەفسوناوی دەکرێ و ئیمڕۆکە لە مرۆڤبوونی خۆی شۆراوەتەوە و کراوە بە کائینێکی خورافی وەها کە ڕەنگە خۆی ئێستا زیندوو بێتەوە، خۆی نەناسێتەوە. پوختەی مەبەست ئەوەیە؛ عەرەبەکانی پێش ئیسلام کە بە سەردەمی جاهلی ناسراوە، چۆن لە دیاردەی پەیامبەرێتییان ڕوانیوە و پەیامبەرەکانی پێش خۆیان چۆن خورافی کراون، ئیمڕۆکەش موسڵمانەکان سەبارەت بە دیاردەی پەیامبەرێتی، هەمان کاراکتەری ئەو عەرەبانە دووبارە دەکەنەوە. وەک گریمانەیەک کە ئەگەر هەنووکە مرۆڤێک خۆی دەرخات و بڵی من پەیامبەرێکم وەک ئەو پەیامبەرانەی لە مێژوودا سەریان هەڵداوە، موسڵمانەکان هەمان داوای لێدەکەنەوە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە ئەو پەیامبەرە، ئەو داوایانەی کە عەرەبەکانی پێش ئیسلام لە محەمەد داوایان کردبوو. ئەم ئایەتانەی خوارەوە وەک نموونە وەرگرە تا بتوانی لە کێشەکانی ئەو سەردەمە بگەیت و لە نێوەندی ئەو ئایەتانەوە واقعەکە وەک خۆی ببینیتەوە، نەک ئەوەی کە مێژووی ئیسلام و موسڵمانان دەیگێڕنەوە.
وَ إِذْ قالُوا اللّهُمَّ إِنْ کانَ هذا هُوَ الْحَقَّ مِنْ عِنْدِکَ فَأَمْطِرْ عَلَیْنا حِجارَةً مِنَ السَّماءِ أَوِ ائْتِنا بِعَذابٍ أَلیمٍ.1
وَمَا أَرْسَلْنَا قَبْلَكَ مِنَ الْمُرْسَلِينَ إِلَّا إِنَّهُمْ لَيَأْكُلُونَ الطَّعَامَ وَيَمْشُونَ فِي الْأَسْوَاقِ ...2
بَلْ قَالُوا أَضْغَاثُ أَحْلَامٍ بَلِ افْتَرَاهُ بَلْ هُوَ شَاعِرٌ فَلْيَأْتِنَا بِآيَةٍ كَمَا أُرْسِلَ الْأَوَّلُونَ.3
إِذْ جَاءَتْهُمُ الرُّسُلُ مِن بَيْنِ أَيْدِيهِمْ وَمِنْ خَلْفِهِمْ أَلَّا تَعْبُدُوا إِلَّا اللَّـهَ قَالُوا لَوْ شَاءَ رَبُّنَا لَأَنزَلَ مَلَائِكَةً فَإِنَّا بِمَا أُرْسِلْتُم بِهِ كَافِرُونَ.4
وَلَقَدْ آتَيْنَا مُوسَى الْكِتَابَ وَقَفَّيْنَا مِن بَعْدِهِ بِالرُّسُلِ. وَآتَيْنَا عِيسَى ابْنَ مَرْيَمَ الْبَيِّنَاتِ وَأَيَّدْنَاهُ بِرُوحِ الْقُدُسِ أَفَكُلَّمَا جَاءَكُمْ رَسُولٌ بِمَا لَا تَهْوَىٰ أَنفُسُكُمُ اسْتَكْبَرْتُمْ فَفَرِيقًا كَذَّبْتُمْ وَفَرِيقًا تَقْتُلُونَ.5
الَّذِينَ قَالُوا إِنَّ اللَّـهَ عَهِدَ إِلَيْنَا أَلَّا نُؤْمِنَ لِرَسُولٍ حَتَّىٰ يَأْتِيَنَا بِقُرْبَانٍ تَأْكُلُهُ النَّارُ قُلْ قَدْ جَاءَكُمْ رُسُلٌ مِّن قَبْلِي بِالْبَيِّنَاتِ وَبِالَّذِي قُلْتُمْ فَلِمَ قَتَلْتُمُوهُمْ إِن كُنتُمْ صَادِقِينَ.6
أَوْ يَكُونَ لَكَ بَيْتٌ مِّن زُخْرُفٍ أَوْ تَرْقَىٰ فِي السَّمَاءِ وَلَن نُّؤْمِنَ لِرُقِيِّكَ حَتَّىٰ تُنَزِّلَ عَلَيْنَا كِتَابًا نَّقْرَؤُهُ. قُلْ سُبْحَانَ رَبِّي هَلْ كُنتُ إِلَّا بَشَرًا رَّسُولًا . وَمَا مَنَعَ النَّاسَ أَن يُؤْمِنُوا إِذْ جَاءَهُمُ الْهُدَىٰ إِلَّا أَن قَالُوا أَبَعَثَ اللَّـهُ بَشَرًا رَّسُولًا. قُل لَّوْ كَانَ فِي الْأَرْضِ مَلَائِكَةٌ يَمْشُونَ مُطْمَئِنِّينَ لَنَزَّلْنَا عَلَيْهِم مِّنَ السَّمَاءِ مَلَكًا رَّسُولًا.7
ذَلِكَ بِأَنَّهُ كَانَت تَّأْتِيهِمْ رُسُلُهُم بِالْبَيِّنَاتِ فَقَالُوا أَبَشَرٌ يَهْدُونَنَا فَكَفَرُوا وَتَوَلَّوا . وَّاسْتَغْنَى اللَّـهُ . وَاللَّـهُ غَنِيٌّ حَمِيدٌ.8
کاتێ بە وردی لەم ئایەتانە دەکۆڵیتەوە، دەگەیتە ئەوەی کە لەو سەردەمەدا گفتوگۆیەکی چڕوپڕ سەبارەت بە شەرعییەتی بوونی محەمەد وەک پەیامبەر، لە ئارادا بووە. کێشەکە ئەوە نەبووە کە باوەڕیان بە خودا نەبووبێت، کێشە ئەوە بووە کە ئایا خودا بەڕاستی ئەم مرۆڤە ئاساییەی هەڵبژاردووە تا بیکاتە پەیامبەری خۆی؟ چونکە ئەوان بە گوێرەی ئەوەی کە لە سەری پەروەردەکراون و لە ناو ئایدیۆلۆژیای ئایینی ئەو سەردەمە کە نقوم بوون، ئەو ڕابردووەی ئەوانی خوڵقاندووە، هەرگیز پەیامبەری لەو چەشنەیان نەبیستبوو، بەڵام پاش ئەو کاتەی کە ئەگەر بە هێزی ئیقناع بووبێ، یان بەهێزی دەسەڵاتی ماریفی و سیاسی بووبێت، کاتێ ئەو پەیامبەرە بووە ئەمری واقع، ئیتر هەرچی خورافاتی ڕابردوو کە بۆیان مابۆوە، دیسانەوە ئەیکەنەوە بە بەری ئەم پەیامبەرە نوێیە و بۆ ئێمەیان ڕەوانە کردۆتەوە.
ئایەتەکانی پێشەوە جوان بخوێنەرەوە و سەردانی مامۆستایەک بکە تا بۆت وەرگێڕێتە سەر زمانی کوردی، ئەوجا بیری لێبکەرەوە؛ بزانە هۆکاری سەرەکی باوەڕنەکردنی ئەوان ئەوە نەبووە کە پەیامبەر محەمەد شەرعیيەتی وەرنەگرتووە نەک باوەڕیان بە پەیامبەرێتی نەبووبێت. ئایەتی یەکەم داوا لە خوا دەکەن تا دڵنیایان کاتەوە، کە ئاخۆ محەمەد ڕاست دەکات و لەلایەن خۆیەوە نێردراوە، بەوەی کە ئەگەر ئەوە ڕاستە، دەی خوایە عەزابی خۆتمان بۆ بنێرە، یان بەردەبارانمان بکە، تا لەوە دڵنیا بینەوە. لە ئایەتی دووەمدا ئەوە ئاشکرا دەبێت کە ئەو خەڵکە هێندە پەیامبەر بەلایانەوە خورافی بووە، باوەڕیان نەکردووە پەیامبەر هەبێت بخوات و بخواتەوە و بەسەر زەویدا وەک مرۆڤەکانیتر هەنگاو بنێت و لە بازارەکاندا بسوڕێتەوە. قورئانیش هەر ئەوەیان لێدووپات دەکاتەوە کە بەڵی ئەوە محەمەدە و مرۆڤە و وەک ئەو خەڵکە ئاساییە بەم سەر زەوییەدا دێت ودەچێت، بەڵام پەیامبەریشە.
ئەم بابەتە وەک پێشەکییەک دەیخەمە بەردەستتان، تا بتوانن لە مەبەستی ئێمە تێبگەن، کە بۆ دەمانەوێ محەمەد وەک مرۆڤ بە ئێوەی بناسێنین. پاش ئەم پێشەکییە هەوڵ دەدەم کە بە یارمەتی میتۆدێکی سایکۆلۆژی بە ناواخنی محەمەدا بچینە خوارەوە و وەک گشت مرۆڤێ کە هەڵگری کۆمەڵی سیفات و خەسڵەتە بخەینە بەرچاوتان. لە سەرەتا بە باسکردنێکی فەیلەسوف و دەرونناسی ئەمریکی ڕۆبەرت دیڵتس دەستپێدەکەم. ئەویش چەمکێکی لە هەقیقەتی پەیامبەر عیسا دەرخستووە، ئێمەش هەوڵ دەدەین چەمکێک لە پەیامبەر محەمەد دەرخەین و وەک مرۆڤ بیخەینە بەردەستتان و لەو خورافات و ئەفسانەدارییەی بۆیان ناوەتەوە دەریبهێنین.
لە پێشەوە تیشکمان خستە سەر پەیامبەرێتی محەمەد لەو گۆشەیەوە تەماشامان کرد کە بتوانین وەک مرۆڤێك بیناسینەوە. واتە ئەو پەیامبەرەی وەک دیاردەیەکی بانسروشتی لە کاتی خۆیدا چاوەڕاوانکراوە و ئیمڕۆکەش وەك بانسروشتێک دەبیندرێ، ویستمان بیکەینەوە بە مرۆڤێک و بە سروشتی وەک خۆی ببیندرێت. مەبەستمان بوو لە ڕێگەی قورئان خۆیەوە کە شایەتحاڵی ڕاستەقینەی ئەو سەردەمەیە، بچینەوە ئەو سەردەمە، تا لە ململانێی ئەو سەردەمە تێبگەین و لە کێشە بنەڕەتییەکانی ئەوکاتە وردبینەوە. ڕەنگە هەبێت ئەم پرسیارە بە خەیاڵیدا بێت: ئێمە کە لەم سەردەمەدا دەژین، چ پێویستمان بەوە دەبێت بچینەوە بە ڕابردوودا و خۆمان بەو سەردەمەوە سەر قاڵ کەین؟ دەخوازم بێژم کە مرۆڤ تەنها بە جەستە لەم سەردەمەدا دەژی، ئەگینا بە ڕۆح لە ڕابردووی خۆیدا دەژی. گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و شەنوکە و کردنی ساتەکانی ژیانی ئەوکات، ئازادیمان پێدەبەخشێ و فەزای بیرکردنەوەمان فراوانتر دەکات. ئەمە جگە لەوەی کە مرۆڤ بەهۆی خوێندنەوەی ڕابردووی خۆیەوە، خۆی دەناسێتەوە. چوونەوە بە ڕابووردوودا، مەبەست ئەوە نییە لەو ڕابردووەدا بچەقیت و نەگەڕێیتەوە وەك ئەو دۆخەی بەسەر سەلەفییەكاندا دێت، بەڵکو مەبەستەکە ئەوەیە کە لەو ڕابردووەدا ئیمڕۆکەی خۆتی تێدا ببینیتەوە. واتە بچیتەوە بە ڕابردوودا، بەڵام بگەڕێیتەوە و لێرەوە خوێندنەوەی بۆ ئەنجام بدەیت، ئەوکات خۆت بە خۆت دەزانێت بۆ ئیمڕۆ تۆ بەم چەشنە ڕەفتار دەکەیت.
پرۆسەی فێربوون لە ناو پرۆسەی بە کۆمەڵایەتیکردنی تاکەوە، مرۆڤ بە چوار دۆخدا تێدەپەڕێنێت، کە مرۆڤ لە دۆخی چوارەمدا گەر بە خۆیدا نەچێتەوە وەک ڕۆبۆتێکی لێدێت، جگە لە خۆ دووبارە کردنەوە، هیچیتری نوێی بۆ ناکرێتەوە، چونکە ئەوەی کە ڕاستی بێت، لێی ون دەبێت و خۆی لە بیر دەچێتەوە. دۆخی یەکەم مرۆڤ تیایدا ناهوشیارێکی بێ توانستە، دۆخی دووەم مرۆڤ هوشیارێکی بێ توانستە، دۆخی سێیەم هوشیارێکی بە توانستە، دۆخی چوارەم دەبێتە ناهوشیارێکی بە توانست. لە قۆناخی چوارەمدا مرۆڤ ئەوەی کە فێری بووە بە بێ بیرکردنەوە، ئەوە دووبارە دەکاتەوە کە پێشتر فێری بووە. ڕەنگە لە سەرەتادا ئەم دۆخە کارێکی پێویست بێت، یان ڕەنگە لە ئیش و کاری ڕۆژانەدا ئەمە گرنگ بێت، کە مرۆڤ بۆ نموونە بۆ شۆفێری سوودی لێوەرگرێت، بێ ئەوەی بیرکاتەوە و ئاگای لە خۆی بێت، بە جوانی شۆفێری خۆی دەکات و وزەی زۆر ناخوازێ بۆ بیرکردنەوە، بەڵام بۆ گۆڕانکاری لە ئاڕاستەی مێژوودا و وەرچەرخان و ڕاگوێزان لە ڕەوتی مرۆڤایەتیدا، گرنگە مرۆڤ لەو دۆخە بێتەدەرێ و ئاوڕێک لە خۆی بداتەوە. بۆیە وردبوونەوە لە دیاردەی ئایین و ناسینەوەی دیاردەی پەیامبەرێتی، جگە لەوەی کە توێژێکی ئایینناسییە، بەڵام توێژەکەی تری لە هەمانکات مرۆڤناسیشە. جیهانی ئیسلامی ئیمڕۆکە لە قۆناخی چوارەمدا دەژی و توانای نییە بە هوشیارییەوە لە خۆی بڕوانێت و ئەوەی لە ڕابردوودا فێری بووە، وەک ڕۆبۆت دەیڵێتەوە و دەیکاتەوە.
هەوڵماندا دیاردەی پەیامبەرێتی و بەتایبەتی پەیامبەر محەمەد لە کۆنتێکستی خۆیدا ببینینەوە و دەسکاریکردنی مرۆڤمیشان لەو دیاردەیەدا ئاشکرا کرد. لێرەوە دەڵێین هەروەک خوێندنی فەیلەسوف و زاناکان بایەخی خۆیان لە ناو زانست و فەلسەفەدا هەیە، ئاوهاش پەیامبەران لە ناو کایەی فەلسەفەی ئاییندا بایەخی تایبەتی خۆیانیان هەیە و هەر پەیامبەرێ بۆ خۆی ئەزموونێکی تایبەتییە و قوژبنێکی تری شاراوەی مرۆڤ جا چ پەیامبەرەکە خۆی بێت، یان مرۆڤی ئەو سەردەمەبێت، ڕۆشن دەکاتەوە. باوەڕم وایە هەروەک چۆن فەیلەسوف لە مێژووی مرۆڤایەتیدا دەردەکەوێ، هەر ئاواش پەیامبەر لە ناو مێژووی مرۆڤایەتیدا دەردەکەوێ. بەمانایەکی دی هەم فەیلەسوف و هەمیش پەیامبەر، دوو ئەزموونی گرنگی جیاوازی مرۆڤن. هەر سەردەمەو مرۆڤ تێشووی تایبەتی خۆی دەبێت، تا ڕابردووی خۆی پێبخوێنێتەوە. ئیمڕۆکە فەلسەفە، سایکۆلۆژیا، سۆسیۆلۆژیا و ئەنثرۆپۆلۆژیا کەرەسەی تایبەتیان بەرهەمهێناوە کە بە هۆیانەوە مرۆڤ دەتوانێ بە چاوێکی زۆر جیاواز لە جاران، دیاردەی ئایین و پەیامبەرێتی و کاراکتەری ئایینی مرۆڤ، بخوێنێتەوە. پوختەی گوتارمان لەوەدا چڕ بۆوە کە دیاردەی پەیامبەریتی لە کەلتووری عەرەبدا باوەڕپێکراو بووە، بەڵام سەلماندنی ئەوەی کە کێ بەڕاستی دەبێتە پەیامبەری چاوەڕوانکراو، ئەوەیان سەخت بووە و جێگەی مشتومڕێکی زۆری ئەو سەردەمە بووە. واتە پەیامبەر دەبێ شەرعیبوونی خۆی بەهەر هۆیەکەوە بووە، بسەپێنێت. خاڵێکی زۆر گرنگی دی ئەوە بوو کە سەختە مرۆڤ وەک پەیامبەرێ بۆ گشت خەڵک وەک مرۆڤێکی ئاسایی خۆی دەرخات. بۆیە مەبەستی سەرەکی ئێمە لەم بابەتدا هەر تەنها ئەوانە نەبوون کە وتمان، بەڵکو دەمانەوێ محەمەد وەک گشت مرۆڤێ چۆن دەناسرێ، ئاوا ئەویش بناسێنین و هۆکاری سەرکەوتنی و دیتنی بەرهەمی تێکۆشانی خۆی لە ژیانی خۆیدا، ڕوون بکەینەوە.

1. سورەتی ئەنفال، ئایەتی ٣٢.
2. سورەتی فورقان، ئایەتی ٢٠.
3. سورەتی ئەنبیاء، ئایەتی ٥.
4. سورەتی فصلت، ئایەتی ١٤.
5. سورەتی بەقەرە، ئایەتی ٨٧.
6. سورەتی ئالیعمران، ئایەتی ١٨٣.
7. سورەتی ئیسراء، ئایەتی ٩٣،٩٤، ٩٥.
8. سورەتی تەغابن، ئایەتی ٦.
Top