ئیسلام لە گۆشەنیگای فەلسەفەی ئایینەوە مرۆڤ ناتوانێ بیر لە هێزێك نەكاتەوە كە ئەم بوونەوەرەی لێوە هاتووە بەشی شەشەم

ئیسلام لە گۆشەنیگای فەلسەفەی ئایینەوە مرۆڤ ناتوانێ بیر لە هێزێك نەكاتەوە كە ئەم بوونەوەرەی لێوە هاتووە بەشی شەشەم
مادام ئێمە واین لە ناو جیهانێكدا، جیهانێك كە مرۆڤ دەتوانێ تیایدا هەڵكات و بژی، مادام مرۆڤ وا فێر بووە كە هیچ دیاردەیەك بە بێ هۆكار دەرناكەوێ، مادام مرۆڤ سەرەتایەك و كۆتاییەكیش دەورەی داوە و ئەزەلی و ئەبەدیش خولیایەتی، مادام مرۆڤ لە توانایدا نییە وێنای بوونەوەرێك بەبێ دەرهێنەرێك بكات، مادام مرۆڤ گەردوونێك وا لە بەردەستیدا و دەستی تێوەردەدا و بە شوێن هەقیقەت و بنەڕەت و بنەماكەیدا دەگەڕێ، ئەگەر ئەمانە هەموو وابن، ئیدی مرۆڤ ناتوانێ ئەم گەردوونەش بەبێ خودایەك وێنابكات، بەمانەیەكیتر ناتوانێ خودایەك بۆ ئەم جیهانە بەرچاوە وێنا نەكات و خۆی لە ئامێزیدا ئاسوودە نەكات. كاتێ مرۆڤ خۆی بە خوداوە خەریك دەكات، ئەو خەریكبوونە خۆی، مرۆڤ فێری زۆر شت دەكات، ئەزموونی تایبەتی وەبەر دەخات. یەكێك لەوانەی كە مرۆڤ فێری دەبێت، ئەوەیە كە بتوانێ لە خودا، یان لە خوداوەندێتی تێبگات. بەندە یەكێكە لە وانەی بە درێژایی مێژووی ژیانی، خودا خەریكی كردووە و سەرسامی لە ژیاندا بۆ جێهێشتووە. وەك سۆفییەك لە كەلتووری مۆنۆتەییسم كە وەك پارادایمێك بۆ خودا بەكارهاتووە، ڕوانیویەتی، وەلێ لە كۆتاییدا ئاسوودەیی پێنەبەخشیوە، هەر بەوچەشنە پارادایمەكانیتریش وەك پانتاییسم، پاننەتەییسم، پۆلیتەییسم و دەییسمیش، بەگشتی پارادایمێكن ئەگەرچی گوزارش لە هەقیقەتێكی بوونی خودا دەكەن، بەڵام ئاوی دڵمی باش نەداوە و سوكنایی بۆ من نەهێناوە. هەر ئەم دۆخە ڕۆحی و دەروونییەی خۆم، بێ ئۆقرە بەردەوام چاوی لەو خودایە بڕیوە، بەڵكو هەقیقەتێكی تری ئەومان بۆ ئاشكرا بكا، تا ڕۆحمان ئاسوودە بێت. هەر وەك لە پێشەوە وتم، بەندە وەك سۆفییەك هەمیشە لە ناخەوە، واتە لە جیهانی قووڵی بێ بنی خودی خۆمدا، لە دوی خودا بوومە، تا بگەمە ئەوەی كە دەبێت بیگەمێ. لە یەكێك لە تەئەمولاتەكانمدا، هەستم دەكرد كە خودا هیچ نییە جگە لە هیچ، واتە خودا دەبێت هیچ شتێك نەبێت، تا خودا بێت، چونكی هەرچی هەبێت، نابێت ئەو بێت، هەرچی هەیە نابێ لەو چێت، جنسی خودا نابێت لەو جنسە بێت كەوا هەبێت، ئەگەر خودا ڕاست بێ هەبێ، دەبێ وابێ، بە ناخمدا تا هەر كوێیەك شۆڕ بوومەوە، كە دەنگی خودا دەهاتە گوێم، جگە لە هیچ، هیچی ترم نەدەبیستەوە.
بێگومان لەم تەئەمولاتانەدا، كاریگەریی هەندێ لەو سۆفییە مەزنانەم بەسەرەوە بووە كە خودایان بە هیچ دەناساند، بەڵێ ئەوە ڕاستە، بەڵام ئەوە تەنها وشەیە دەچێت بەگوێدا، هەتا نەگەیتە ئەو دۆخەی كە هەست دەكەیت خودا خۆی پێناسی هیچ پڕاوپڕیەتی، لەو وشەیە نە تێدەگەیت و نەدەزانی ئەو سۆفییانە مەبەستیان چی بووە. واتە دەبێت ئەو دۆخە خۆت بیچێژی تا تێیبگەیت و پێیبگەیت. ئیدی لێرەوە كە هیچبوونی خودام چەشت، دەمویست ئەو چەشتنە لە وشەدا دەرخەم و لە میتافۆرێكدا بیناسێنم، ئەویشم دەسكەوت كە ناوم ناوە میتافۆری سفر. مەبەست چییە لە میتافۆری سفر؟ سەرەتا بابزانین میتافۆر خۆی مانای چییە؟.
میتافۆر وشەیەكە، یان دەستەواژەیەكە بۆ ئاماژەكردن بە شتێكیتر بەكار دەهێندرێت، یاخود ئایدیایەك لە بری ئایدیایەكیتر وەك سیمبۆل بەكاردەهێندرێت، تا ئەو مەبەستەی بەدەستەوەیە، ئاشكرا بكرێت. ئێمە لێرەدا وشەی سفر، یان ئایدیای سفر لە جیهانی ژمارەدا وەك سیمبۆڵیك دەیخەینە بری ئایدیای خودا تا لە هەقیقەتی خودایەتیی خودا باشتر تێبگەین. وەك لە هەمووان ئاشكرایە؛ ئەگەر خودا وەك وتمان یەكسان بێت بە هیچ، گونجاوترین شت لە جیهانی ژمارەدا، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی كە لەوێدا هیچ شتێك نییە ئامادە بێت، ئەوە ژمارەی سفرە كە بەكاردێت.
بوونی خودا فكرەیەكە بە بوونەوەرەوە بەستراوەتەوە و لێی جیا نابێتەوە، واتە مرۆڤ ناتوانێ بیر لە هێزێك، یان سەرچاوەیەك نەكاتەوە كە ئەم بوونەوەرەی لێوە هاتووە، جا ئەو بیركردنەوەیە چ تەییسمی بێ، یان ئەتەییسمی گرنگ نییە، چونكی سرووشی بوونی ئەم بوونەوەرەیە، وا ئەو دوو چەمكە دەخوڵقێنێ. ئەوەی بۆ من لێرەدا گرنگ بێ كە خودای تێدا ببینمەوە، ئەوەیە؛ لە بری ئەوەی ژمارەیەك لە بوونی خودایا ببینم؛ وەك ئەوەی باوەڕی مۆنۆتەییسمی ئاماژەی بۆ دەكات، یان لە بری ئەوەی كە بوونەوەر خۆی بە خودا بناسێنم وەك ئەوەی كە باوەڕی پانتاییسم دەیناسێنێ، لە جیاتی ئەوەی وەك دەییسم دەڵێن خودا دەستبەرداری گەردوونەكەی خۆی بووە، من خۆم هیچێتی خودا لە سفربوونی ژمارەدا دەبینمەوە، تابتوانم لە هەقیقەتی خواد بگەم. ناساندنی خودا بەوەی كە گەوهەرێكی یەك دانەیە، ئەوە دەردەخات كە هێشتا خودا لە شتبوون خاوێن نەكرابێتەوە. كە دەڵێین خودا یەكە، واتە نابێت دوو خودا هەبێت، ئەمە بۆچوونێكە لەوێوە سەریهەڵداوە كە مرۆڤ خودای بە شت چوواندبێت، ژماردن و ئەژماركردنی وەكار خستبێت. باش ورد بەرەوە؛ سفر یانی هیچ شتێك لەوێدا نییە، واتە نییە، كەچی سفر لەناو ژمارەكانا مەزنترین رۆڵ دەبینێت. پێش بوونی شتێ، هیچ هەیە، واتە شتێك لە وێدا نییە، كە شتێ هات دەبێتە یەك، لێرەدا سفر دەوری نامێنێ، بەڵام هەر هێندە لە یەكەوە بەرەو نۆ سەركەوتی، ئیدی ئەبێ سفرێكی تر دانێیت، دەنا دەوەستی، یان دەبێت لە ٩ وە بەرەو ١١ بازدەی، ئەوكات بۆشایی لەو نێوەندەدا پەیدا دەبێ، یان دەبێ بوەستیت، یان بازێك بدەیت و بێ وەڵام بمێنیتەوە، دەنا وەڵامی گونجاوت نابێ، تا خۆت ئارام بكەیتەوە.
هەروەك هەندێ فەیلەسوف و زانا دەڵێن؛ ئەگەر گەردوون خۆی پێكهاتەیەكی ژمارەیی هەبێت، واتە بوونەوەر، بوونێكی ژمارەیی لە خۆی گرتووە، ئیدی دەشێت میتافۆری سفر بۆ ناساندنی خودا بەكار بێت. كەواتە ئەگەر گەردوون ژمارەئامێز بێت، دەبێت سفر لەو ناوەدا چ بەهایەكی هەبێت. سفر و ژمارە بەیەكەوە بەستراونەتەوە كە دوو جنسی جیاوازن، هەروەها خودا و بوونەوەر بە یەكەوە بەستراونەتەوە كە لەیەكدی جیاوازن، هەر كامیان لابەی ئەویتریش لائەچێت، واتە ژمارە لابەریت، سفر بەهای نامێنی و سفریش لابەریت ژمارە دەوەستێت. هەر بە هەمان ئاڕاستە گەر خودا لە هوشیاربوونەوەی مرۆڤدا ئامادەیی خۆی دەرخات، كە مرۆڤ نەما، خوداش ون دەكات، كە خوداش نەمێنی مرۆڤ هوشیاری لە كوێ بێنێ، جیاوازی چی لە تەك بوونەرەكانی تردا دەمێنێ؟!
لێرەدا هەست دەكەین كە بەرەوە جۆرێك لە دوالیزمی گەڕاوینەتەوە. لە پێشەوە ئەوەمان ئاشكرا كرد كە دەرخستنی هەقیقەت بە دوو ئاراستەدا ڕۆیشتبوو: ئەوانیش (دوالیزمی و مۆنیزمی) بوون؛ واتە جووت گەوهەری و تاك گەوهەری بوون بەكاردەهێندران تا هەقیقەت لەوێوە وەك دوو پارادایمی جیا بناسێنن. ناوەڕۆكی جووت گەوهەری جیاكردنەوەی گەوهەرێكی ماتەری و گەوهەریكی ڕۆحی بوو، بەڵام كرۆكی تاك گەوهەری، خودا یاخود هەقیقەتی بوون بە تاكە گەوهەری ڕاستەقینە دەبینێ، ئەو كاتە ڕۆح و ماتەر وەك دوو سیفاتی ئەو گەوهەرە دەبیندرێن، نەوەك ماتەر و ڕۆح وەك دوالیزمی دەڵێت، دوو گەوهەری جیای سەربەخۆ بن. ڕەنگە ئەم دیدە لە شێوەیەكی تردا بگونجێ ڕوونی بكەیەنەوە، وەك ئەو دۆخەی كە ئاو خۆی تێدا نیشان دەدات. بۆ نموونە؛ ئەگەر ئاو وەك هەقیقەتی بوونێك بناسێنین، ئەوا دەڵێین ئاو یەكاسانە بە (H2O)، دیدی دوالیزمی لێرەدا: دەڵێ ئاو بریتییە لە دوو گەوهەری سەربەخۆی (H) و (O)، هەروەك چۆن هەقیقەت لە دیدی دوالیزمییەوە بریتییە لە ڕۆح و ماتەر. بەڵام كەسێكی تر لە دیدی مۆنیزمییەوە دەڵێ: نا؛ ئاو خۆی تاكە گەوهەرە، بەڵام (H) و (O) دوو سیفاتی جیاوازی ئەو گەوهەرەن. واتە ئاو وەك هەقیقەتی بوونێك، خۆی تاكە گەوهەر دەبێت، ئەوكاتە ڕۆح و ماتەر دەبنە دوو سیفاتی جیاوازی ئەو هەقیقەتە. نابێ لێرەدا ئەو هەڵە تێگەیشتنە پەیدا بێت كە وا تێبگات لەم بۆچوونەدا خودا یەكسانە بە گەردوون، یان گەردوون یەكسانە بە خودا، ئەوە وەك ئەوەیە بڵێیت: (H) یەكسانە بە (O) و (O) یەكسانە (H)، نەخێر لێرەدا واتێدگەین كە ئاو یەكسانە بە (H) و (O) . مەبەستەكە ئەوەیە كە خودا ئەو ڕۆحە نییە كە دوالیزمی ئاشكرای دەكات، بەڵكو خودا وەك ئاوەكەیە و ئەوانیتر دەبنە سیفات بۆ ئەو خودایە.
لێرەدا دەمویست ئەوە شرۆڤە بكەم، كە ئایا میتافۆری سفر، وەبەر پارادایمی مۆنیزمی، یان پارادایمی دوالیزمی دەكەوێت؟! ئەوەی لێرەدا بۆ من دەردەكەوێ، ئەوەیە میتافۆری سفر نەوەك دوالیزمییە كە دوو گەوهەری جیاواز دەبینێت و نەوەك مۆنیزمییە كە یەك گەوهەری سەربەخۆ دەردەخات، لەهەمانكات وەك دەییسمیش نییە كە خودا هیچ پەیوەندییەكی بە دروستكراوی خۆیەوە نەمابێت. لە لایەكەوە لە مۆنیزمی دەچێت كە هەرچی ژمارە هەن لە یەك گەوهەری وەك سفردا دێنەدەر، كەچی لە لایەكیترەوە ژمارە هەرگیز وەك سفر خۆی نانوێنێت. ئەگەر ژمارە گەوهەر بێت، ئەوا سفر كە هیچە، نابیتە هیچ گەوهەرێك، چونكە هەقیقەتێك كە هیچ بێت، چۆن دەبێتە گەوهەر. كەواتە تاك گەوهەر هەیە، بەڵام ئەوە خودا نییە وەك مۆنیزمی دەڵێت، بەڵكو ئەوە تەنها گەردوون خۆیەتی، خودا خۆی گەوهەر نییە، بەڵكو هیچێكە، كە بە هیچ شیوەیەك ناخرێتە بەردەست وەك چۆن ژمارە بەردەستە. كەواتە میتافۆری سفر بۆ ناسینی خودا ناكەوێتە ناو هیچ كام لەو دوو مۆدێلەی مۆنیزمی و دوالیزمییەوە. هەمانكات میتافۆری سفر ئەو بۆچوونەش بە گەن ناكات كە گوایە خودا دەستبەرداری گەردوونێك بووە كە خۆی دروستی كردووە، چونكی وەك لە پێشەوە خستمەڕوو، لە ناخمانا دەنگی خودامان بیست، كە گوتی: من وەك خودا، خۆم ئەفسانەم، من وەك خودا خۆم هەر هیچم، ئیدی لەوێوە بوو، ئەو دەنگە بوو، ئێمەی هاندا تا جارێكیتر بە ناساندنی خودایا بچینەوە. سەرەڕای ئەمانە هەمووی، دەركمان بەوەش كرد كە كارلێككردنی بەردەوام لە نێوان مرۆڤ و خودایا دەبێت، مرۆڤ بەردەوام بەرەو خودا هەنگاو دەنێ و خوداش بەردەوام ڕێگەی كراوەیە تا مرۆڤ بگاتە ئەو، ئەو مرۆڤەی كە گەیشتە ئەو، ئیدی ئەو بەسەر هەموو بۆچوونەكاندا تێپەڕ دەكات و بە چاوێكی دی ژیان و مردن و جیهان دەبینێت.
دەرنجام ئەوە بوو كە مرۆڤ بە گوێرەی سەردەم و شوێنكات، هەقیقەتی بوون لە دیدی خۆیەوە وێنا دەكات. دەركەوتنی پارادایمی جیاواز، مانای وایە دیدی مرۆڤ بۆ هەقیقەتی بوون، یا ئەو خودایەی دەبێتە بنەڕەتی سەرهەڵدانی هەموو شتێ، ئەوە مرۆڤ خۆیەتی لە گۆشەنیگای خۆیەوە هەقیقەت دەبینێت. جا ئیتر هەقیقەت خۆی چۆنە و وەك خۆی چییە، ئەوە لە بەردەستا نییە. ئەو نەخشەیەی ئێمە دەیكێشین بۆ هەقیقەت، ئەوە هەقیقەت خۆی نییە، وەلێ بە بێ ئەو نەخشەیە هەنگاونان سەخت دەبێت. بەڵگەمان لێرەدا بۆ ئەوەی كە نەخشەكێشانی ئێمە بۆ هەقیقەتێك، ئەو هەقیقەتە خۆی نییە، بەڵكو تەنها وێنایەكە بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەكانمان بدەینەوە، نموونەمان هەقیقەتی ئەم گەردوونەیە. مرۆڤ لەوەتی هەیە و هۆشی بە خۆیدا هاتۆتەوە، هەوڵیداوە لە بوونی گەردوون بگات، بۆیە نەخشەی كێشاوە بەو ئاقارەدا كە ڕەنگە گەردوون بەم چەشنە هەبێت، بۆیە ئەم دیاردانەی دەوروبەرمان وادەردەكەون. بۆ نموونە ئەو سێ نەخشە، یان وەك وتمان پارادایمی ناسینەوەی گەردوون كە داهێنراون، ئەوانیش: گوایە گەردوون بە جۆرێكە كە زەوی ناوەڕاست، یان چەقی گەردوون بێت، پاش سەدان ساڵ گەردوون بەجۆرێك نەخشێندرا كە گوایە خۆر نەك زەوی، چەقی گەردوون بێت، سەدان ساڵ پاش ئەم مۆدێلە ئیستە مۆدێلی مەزنە تەقین وێنایەكە بۆ گەردوون كە باسی چەقی گەردوون و زەوی و خۆر نییە، بەڵكو گەردوونێكە زۆر جیاواز لەوانی پێشتر. ئەم گۆڕنكارییانە لە وێناكردنی هەقیقەتی گەردوون، وامان لێدەكات باوەڕ بەوە بكەین بە هۆی زانیاری دەسكەوتنەوە لەگەڵ تێپەڕبوونی كات و ڕۆژگار كە مرۆڤ خۆی وێنا دەكات و هەر خۆیشی ئەیگۆڕێ. ناساندنی خوداش بەهەمانشێوە، هەوڵدانی مرۆڤە كە دەیەوێ لەوە تێبگات، خاوەنی، یان سەرچاوەی ئەم گەردوونە لە كوێی تێگەیشتنی مرۆڤدا جێگەی دەبێتەوە. مرۆڤ چۆن بتوانێ لەوە تێبگات كە خودا گەردوون لە نەبوونەوە بێنێتە بوون، چۆن لە هیچەوە شتێك بێنێتەوە. ئەم هەوڵە تەنها ئیدراك كردنی بوونی خودایە، بەڵام هەستی هەقیقی و چەشتنی بوونی خودا خۆی، ئەزموونێكی سەبژێكیتییە كە ئەو هەقیقەتە بەدەستەوە دەدات و مرۆڤ لە خوا تێدەگات، بێئەوەی زمان، یان وشە بتوانێ وەك خۆی ئاشكرای بكات. لە كۆتاییدا دەڵێم: خودا یەكسانە بەو هیچەی كە نە هیچ وشەیەك و نە هیچ شتێكیش ئەیگرێتە خۆی، چونكە بەهاكەی ڕەهایە و ناساندنی ئێمەش ناڕەهایە.
Top