سلێمان شا و ئارامگاكەی لە سووریا
March 25, 2015
وتار و بیروڕا
سەرگوزشتەی ئارامگاكە خۆی لەخۆیدا سەرگوزشتەیەكی سەرنجڕاكێشە. هەرچەند پارتی داد و پەرەپێدانی دەسەڵاتدار مەسەلەكەی خستۆتەوە قاڵبی پاراستنی كەلەپووری دەوڵەتی عوسمانییەوە، بەڵام مەسەلەكە لەبنەڕەتدا ئەوەندەی كە پەیوەندیی بە دەمارگیریی توركایەتییەوە هەیە، ئەوەندە پەیوەندیی بە كەلەپووری دەوڵەتی عوسمانییەوە نییە، چونكە سەرگوزشتەی ئارامگاكە دەچێتەوە سەر ئەو سەردەمەی كە دوو حكومەت لە توركیا هەبوو، یەكێكیان لەئەنكەرە و ئەوی تر لەئەستەمبول. حكومەتەكەی ئەنكەرە كە دواتر سیستمی سیاسی لە پاشایەتییەوە كردە كۆمار و لە جیاتی ئایدیۆلۆژیای ئیسلامگەرا سكولاریزمی پەسند كرد، لەساڵی 1921دا رێككەوتنێكی لەگەڵ فەرەنسای داگیركەری ئەوسای سووریا واژۆ كرد كە تێیدا شوێنی ئارامگاكە بە بەشێكی خاكی توركیا دانرا.
چیرۆكەكە لەساڵی 1219 دەست پێ دەكا، كاتێك سلێمان شا كە سەرۆكی خێڵی قایی بوو، لە كاتی پەڕینەوە لە رووباری فوڕات لە سووریا، كەوتە ناو ئاو و خنكا. تەرمەكەی لە قەڵای جەعبەر لە نزیك ئەو شوێنەی لێی خنكا، بەخاك سپێردرا.
سلێمان شا جگە لەوەی كە باپیرەی دامەزرێنەری دەوڵەتی عوسمانییە، رۆڵێكی گەورەی لە مێژووی توركدا نییە و شایستەی ئەو رێزلێنانە نییە. تا ئێستاش روون نییە چی حكومەتی ئەنكەرەی هانداوە داوا لە فەرەنسا بكا شوێنی ئارامگاكە وەك خاكێكی توركی بسەلمێنێ و چی وای لێ كردووە تەرمەكە نەباتەوە بۆ توركیا. تا ئێستا تەرمەكە سێ گوڕ و سێ شوێنی بەخۆیەوە دیوە. گۆڕی یەكەم بۆ ساڵی 1219 دەگەڕێتەوە و شوێنەكەی لە قەڵای جەعبەر بوو. ساڵی 1973 پاش تەواوبوونی بەنداوی تەبقە لەسەر رووباری فوڕات، دیمەشق داوای لەئەنكەرە كرد تەرمەكە بگوازێتەوە بۆ ناو خاكی توركیا، چونكە شوێنی گۆڕەكە دەكەوێتە ژێر ئاوی بەنداوەكە. بەڵام ئەنكەرە لەبری بردنەوەی تەرمەكە، گواستیەوە بۆ شوێنێكی تر كە 37 كیلۆ مەتر لە سنووری نێودەوڵەتییەوە دوورە.
شوباتی رابردوو هێزەكانی تورك تەرمەكەیان گواستەوە بۆ شوێنێكی نزیك گوندی ئاشمە كە تەنها 200 مەتر لە سنووری توركیاوە دوورە و بەنیازن لەكاتی هێوربوونەوەی بارودۆخی سووریا، بیگێڕنەوە بۆ شوێنی جارانی. پرسیارەكە ئەوەیە كە ئەگەر تورك بە چاوێكی رێزەوە تەماشای تەرمی سلێمان شا دەكا، بۆچی هەموو جارێك لە گۆڕەكەی دەری دێنێ و لەشوێنێكی تر دەینێژێ؟ بۆچی كۆتایی بەم تێكە و فڕكەیە ناهێنێ و نایباتەوە لای خۆی؟ بەمەش دڵی لای تەرمەكە نامێنێ و تەرمەكەش بۆ هەتا هەتایە ئاسوودە دەبێ.