ئیسلام لە گۆشەنیگای فەلسەفەی ئایینەوە دوالیسمی و مۆنیسمی بەشی پێنجەم

ئیسلام لە گۆشەنیگای فەلسەفەی ئایینەوە دوالیسمی و مۆنیسمی  بەشی پێنجەم
دوالیسمی ئەو بۆچوونەیە كە هەقیقەت لە دوو گەوهەری جیاوازدا دەبینێتەوە، ئەوانیش (ڕۆح و ماتەر) یان (ڕۆح و جەستە)ن. ئەم تێگەیشتنە هەر لەسەر ئەو بنەمایەی كە هەقیقەتی بوون لە دوو گەوهەری وەك خودا و گەردوون پێكدێت، كە خودا گەوهەرێكی ڕۆحییە و گەردوونیش گەوهەرێكی ماتەرییە، پێناسە دەكات. مۆنیسمی دەڵی: نەخێر، هەقیقەت یەك گەوهەرە و هەرچییەكی دی هەبێت، دەبێتە سیفاتی ئەو گەوهەرە. ئەو گەوهەرە هەقیقییە لێرەدا تەنها خودایە و ئەو ماتەر، یان جەستە و ڕۆحەش دەبنە دوو سیفاتی ئەو خودایە. لەم بۆچوونەدا هەر تەنها خودا بوونی ڕاستەقینەی خۆی دەبێ و جگە لە سیفاتی ئەو تاكە گەوهەرە، ئیتر هیچیتر لە ئارادا نابێت. ئەم بۆچوونەش باوەڕی وایە كە تاكە گەوهەر، خودا، یاخود هەر سروشت كە خۆی خودا بێت، لە ڕێگەی بێ ئەنداز شت و لە ڕێگەی بێ ئەنداز ڕێگەوە، خۆی ئاشكرا دەكات. واتە تەنها یەك گەوهەر بوونی دەبێت، ئەویش خودایە، ماتەر و ڕۆح دوو دەركەوتەی ئەو خودایەن، كە مرۆڤیش تا ئێستا تەنها ئەو دووانەیان (ڕۆح و جەستە، یان ماتەر) دەناسێت .
لەو شرۆڤانەی پێشەوە، ئێمە لەوە تێگەیشتین كە ناساندنی خودا بە بوون و نەبوونییەوە، لە دوو جۆر بیركردنەوەی جیاواز تێناپەڕێت، هەروەك ئاماژەمان دایە؛ یان دوالیسمی بووە، یان مۆنیسمی بووە. ئەم دووانەش لەگەڵ پارادایمە جیاوازەكانیشیانەوە، لە ژێر ڕەشماڵی تەییسمیدا جێگەیان بۆتەوە. لێرەودوا هەوڵدەدین ئەو پارادایمانەی بۆ ناساندنی خودا تەرخانكراون، پێناسەیان بكەین و دواجار بۆچوونی ئیمڕۆكەی خۆشمان لەمەڕ ناسینی خودا، ئاشكرا بكەین. سەرەتا پێناسەی پانتەییسم، پانەنتەییسم، پۆلیتەییسم، مۆنیتەییسم و دەییسم دەكەین، پاشان بۆچوونی خۆمان لە میتافۆری (خودا وەك سفر)دا شرۆڤە دەكەین، كە لە دەرئەنجامدا، وشەی خودا بە وشەی هیچ یەكسان دەبێت. ڕەنگە لەم سەردەمەدا و پاش ئەو هەموو لێكدانەوە و بۆچوونە فەلسەفی و زانستییانەی كە بەسەر مێژووی مرۆڤایەتیدا هاتووە، گونجاوتر بێت.
پانتەییسم (وەحدة الوجود- یەكبوونی) پارادایمێكە واتە مۆدێلێكە لە بیركردنەوە، بوونی خودا و ئەوەی كە هەیە، لە یەك یەكەدا دەبینێتەوە. بەمانایەكیتر ئەوەی هەیە خوداوەندانەیە، واتە ئەوەی هەیە خودا خۆیەتی، كە لەم باوەڕەدا سروشت و بوونەوەر و خودا، ناتوانرێ تیایدا جیابكرێنەوە. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت كە ئەوەی كە (هەیە) و (خودا) وەك دوو وشەی جیان، بەڵام لە ڕاستیدا گوزارش لە یەك هەقیقەت دەكەن و دەبنە سینۆنیم (مرادف) بۆ یەكتر. مەبەستەكە لێرەدا ئەوەیە كە لە بری ئەوەی هەقیقەت لە دوو گەوهەری جیای وەك ماتەر و ڕۆح پێكهاتبێت، هەقیقەت یەك گەوهەرە و ماتەر و ڕۆح دەبنە سیفەتی ئەو هەقیقەتە كە ناو نراوە خودا.
پانەنتەییسم (وحدة الشهود- یەكبینی) جۆرێكە لە باوەڕ و دەڵێ: ئەوەی كە هەیە خودا لە خۆیدا هەڵیگرتووە، واتە بوونەوەر بەشێك دەبێت لە كردەی خودا و سەرچاوەی هێزە لە دەركەوتنی بوونەوەردا. كەواتە بەپێچەوانەی پانتەییسمەوە، لەم بۆچوونەدا خودا و بوونەوەر واتە خودا و ئەوەی كە هەیە یەك یەكە نین و جیان و گوزارش لە یەكتر ناكەن، واتە نابنە سینۆنیم بۆ یەكتر. بە مانایەكی دی خودا لە بوونەوەر زیاترە، نەك گوزارش لە یەكدی بكەن. كەواتە خودا هەم ناونشینە و هەمیش دەرنشینە لەم بۆچوونەدا.
پۆلیتەییسم (تعدد الهة- فرەخودایی) بۆچوونێكە كە هەقیقەتی خودا لە چەند فۆرمێكدا خۆی دەبینێتەوە. دیتنەوەی خودایە لە ناو دیاردەكانی سروشتدا، واتە بۆ هەر شتێك خودایەكیان دیاریكردووە. ڕوونتر بڵێین ئەم بیروباوەڕە خودا وەك ناونشیانێك دەبینێت و لە هەموو شتێكدا هەست بەو خودایە دەكات.
دەییسم (خودایەتی) باوەڕیكە دەڵێ: بەڵێ خودایەك ئەم گەردوونەی خوڵقاندووە، بەڵام ئەم خودایە پاش ئەوەی ئەم كارەی ئەنجام داوە، دەستی لە گەردوونە دروستكراوەكەی خۆی هەڵگرتووە و بۆ یاسا و ڕێسای سروشت خۆی، بە جێیهێشتووە. ئەو خودایە هیچ جۆرە دەستێوەردانێك لەم بوونەرەدا ناكات. واتە خودا پاش ئەوەی ئەم گەردوونەی خوڵقاند، دەستی لێهەڵگرت و جێیهێشت بۆ پرۆسەی سروشتی، بە موعجیزەكردن واتە بەكاری موعجیزەیی، یان موعجیزە ناردن، یاساكانی خۆی ناشكێنێت.
مۆنۆتەییسم (وحدانية الإله- یەكخودایی) بوونی خودا بوونێكی تاكانەیی (تاقانەیی) خودایانەیە و فۆرمی جیاوازی لە خۆی نەگرتووە . بە پێچەوانەی پۆلیتەیسمەوە، خودا لەم پارادایمەدا، كائینێكی دەرنشینە، لەم بوونەوەرە جیایە و وەسەر كەوتووە، وەك دەڵێن (ترانسەندەنتە).
پاش ئەوەی كە ئەو پێناسانەی كە تا ئێستH بۆ خودا كراون، جیاكرانەوە، درێژە دەدەین بە چەمكی مۆنۆتەییسم لە هزری ئایینی ئیسلام و پەیوەندی بەو سەردەمەوە كە ئیسلام تیایدا هەڵكەوتووە.
ئیسلام و مۆنۆتەییسم
مێژووی هزری مرۆڤایەتی ئەوە دەردەخات كە پێناسەكردنی خودا، یان دیاریكردنی شوناس و سیفاتەكانی خودا، مرۆڤ لەوەتی چاوی كردۆتەوە و لەو هەستەی خۆی سەبارەت بە بوونی خودایەك هۆشیار بۆتەوە، ئەو هەستە خەریكی كردووە و لە ڕەنگكردنی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا، كاریگەری تایبەتی خۆی هەبووە. ئەو ساتەی ئیسلام تیا سەرهەڵدەدات و ئەو شوێنەی تیا دەردەكەوێ، بیرۆكەی یاخود چەمكی مۆنۆتەیسمی هەم لە ناو ئایینەكانی ئەو ناوە و هەم لە ناو فەلسەفەی ئەو دەوروبەرەدا وەك فەلسەفەیەكی نوێ و تایبەت، بینراوە و خوێندراوەتەوە. لە هەمانكات گەشەی هزری ئەو سەردەمەش هەر ئەو جۆرە خودایەی بەگەن كردووە. نیوە دوورگەی عەرەب بە ئایینی مۆنۆتەیسمی وەك جوولەكە و مەسیحی و بە ئایینی زەردەشتی وەك لە ئێران و فەلسەفەی یۆنانی كە بە زمانی سوریایی ئامادەیی هەبوو، بەتایبەتی لە شام كە جێنزرگەی بازرگانەكانی مەككە بووە، دەورە درابوو، واتە هەم بە فەلسەفە و هەمیش بە ئایین ئەقڵی عەرەبی بە جۆرێك تەنرابوو، وایانكردووە، جۆرێك لە هۆشیاری ئایینی و ناڕەزایی لە جۆری پەرستشی عەرەبی ئەو ناوچەیەدا بهێنێتە ئاراوە.
نەتەوەی عەرەب لە نیوەدوورگەی عەرەبدا باوەڕیان بە خودایەك بووە بەناوی الله، ئەو خودایەی كە ئیسلام بە ناویەوە دەبێژێ، وەلێ پەیوەندی و مامەڵەیان لە تەك ئەو خودایەدا بە بڕوای ئیسلام نەگونجا و ناچێز بووە. عەرەبی ئەو كاتە كۆمەڵیك بتی لە پەرستگاكەی خۆیدا كۆكردبۆوە، بەناوی ئەوەی وەك وەسیلەیەك لە خودا نزیكیان بكاتەوە. ئەمە ئەو خاڵە بنەڕەتییەیە كە ئیسلام و ئایینی عەرەبی پێش ئیسلام جیا دەكاتەوە. ئیسلام زۆر بە توندی دژ بەو جۆرە پەیوەندییەی نێوان خودا و مرۆڤ وەستایەوە و ئەو بتانەی وەك هاوەڵێ بۆ خودا دەخستنە پێشچاو و بە تاوان و گوناحی مەزنی دەدایە قەڵەم. ئیدی خودا لە فۆرمی مۆنۆتەییسمیدا لەو سەردەمەدا وەك چەمكێكی مۆدێرن و وەك خودایەكی ناو گەلانی پێشكەوتووی ئەو ناوە، خۆی مانیفێست دەكات. خودا لەم فۆرمەدا پێناسەی تایبەتی خۆی وەردەگرێت و كۆمەڵیك سیفات لە خۆ دەگرێت كە مرۆڤ ئەو سیفاتانە لە خۆیدا دەبینێتەوە، بەمانایەكیتر خودا هەروەك مرۆڤ دەبێتە خاوەن كەسێتی تایبەتی خۆی. بۆ نموونە ئەو خودایە لە ناو ئایینی ئیسلامدا نەوەدونۆ سیفات وەردەگرێت. لێرەوەیە زاناو فەیلەسوفی بواری ئاییناسی و فەلسەفەی ئایین، چەمكی خودا لەم فۆرمەدا واتە فۆرمی مۆنۆتەیسمی، ناو دەنێن خودای (ئەنترۆپۆمۆرفیسم) واتە خودایەك كە مرۆڤ خۆی فۆرمی پێبەخشیوە و لە شێوەی خۆی خودایەكی خوڵقاندووە. بە كورتی و پوختی لەم لێكدانەوەیەدا «مۆنۆتەییسم» جۆرێك دەبێت لە بیركردنەوە سەبارەت بە خودا؛ كە خودا تاكە و تەنهایە و لە دەرەوەی بوونەوەردایە، لە ناو فەلسەفەدا زاراوەی «ترانسەندەنتداڵ» وەردەگرێت و «مۆنۆتەیست» یش كەسێكە كە ئەو باوەڕەی هەڵگرتبێت. ئەمجۆرە باوەڕە پتر لە مێژووی ئایینی ئیبراهیمی ڕەنگ دەداتەوە كە بریتین لە ئایینی یەهودی، مەسیحی و ئیسلام. چەمكی مۆنۆتەییسم لە دوو وشەی گریكی پێكهاتووە كە یەكەمیان (مۆنۆ) واتای یەك دێت و دووەمیان (تیۆس) بە واتای خوداوەندی دێت. ئەمجۆرە تێگەشتنە لە خودا، لە ئایینەكانی ئیبراهیمیدا ئەزموونێكی تایبەتە و لە ناو فەلسەفەشدا كۆنسێپتێكی تایبەتە. واتە خودا لە فۆرمی مۆنۆتەییسمیدا خودایەكی تاك و كامڵ و نەگۆڕە، سەرچاوەی ئەم گەردوونەیە و لە هیچەوە گەردوونی بەدیهێناوە، چاوەڕوانی ئەوەشە كە مرۆڤ و هەرچی هەیە ئەو بپەرستن و ملكەچی یاساكانی ئەو بن.
ئیسلام كە خۆی بە خاوەنی مۆنۆتەییسمی ڕاستەقینە دەبینێ و خۆی دەباتەوە سەر ئیبراهیم و ئیسماعیلی باوانی عەرەب، لە هەمانكات زۆربەی مەسیحی و یەهودییەكانی سەردەمی خۆی كە لە سەر ڕێرەوی ئیبراهیم بوون، كە باوانی ئەوانیش بووە، بە لادەر دەیانبینێ. بەهەرحاڵ ئیسلام لە ڕێگەی پەیامبەر محەمەدـەوە بانگەشەی بۆ كرا و لەسەر باوەڕی مۆنۆتەییسمی دامەزرا كە بە گرینگترین بنەمای ئیسلام وەك ئایین ناسێندرا. تەنانەت سوورەتی ئیخلاس كە باوەڕی مۆنۆتەییسمی ئیسلامی بە پوختی لە خۆگرتووە و كورتترین سوورەتە لە قورئاندا، كەچی بەهای ئەو سوورەتە لەبەر مۆنۆتەیسمی ناوەڕۆكەكەی، یەكسان دەبێت بە یەك لەسەر سێی هەموو قورئان. سوورەتی ئیخلاس دەڵێ:
ئەو الله (خودا) یە تاك و تەنهایە، (الله) خودایەكی بێنیازە، هیچ كەسی لێنەبووە و خۆیشی لە كەس نەبووە، هیچ هاوتا و هاوشێوەیەكی ئەویش نییە و نەبووە.
ئیدی لەم سوورەتەوە خودا شوناسێكی ئیسلامی تەواو وەردەگرێ و موسڵمان بەم چەشنە خودایە چاك ئاشنا دەبێت. واتە خودای مۆنۆتەییسمی ئیسلامی نە لە خودای مەسیحییەكان دەچێ و نە لە خودای یەهودییەكان دەچێ. نەك هەر بە شوناس لە هی ئەوان جیادەبێتەوە، بەڵكو بە شوێنی ڕووتێكردنیشی واتە بە ڕووگەی پەرستشەكانیشی، لەوانی جیا دەكاتەوە. ئەگەرچی لە سەرەتادا خودای ئیسلام لە خودای یەهودی جیا نەكرابۆوە، چونكو بۆ نوێژكردن ڕوویان لە بەیتولمەقدیس دەكرد، وەلێ پرۆسەی بە كۆمەڵایەتیكردن و كاریگەری مێژوو و هێزی نەتەوەگەری، خودای ئیسلامی بە تەواوەتی لە خودای یەهودی و مەسیحی جیا كردەوە.
بەهەرحاڵ هەرچەندە خودایەكی مۆنۆتەییسم وەك لە باوەڕی ئیسلامدا هاتووە، خودایەكی دەرنشین، یان سەرنشین بوو، بەڵام لە نەریتی ئیسلامدا ئەوەش هاتووە كە خودا دێتە سەرزەوی و لە بەندەكانی نزیك دەبێتەوە و هەندێ بەندەی خوداش دەگەنە ئاستێ كە دەتوانن بە چاویان خودا ببینن، بە گوێی ئەو ببیستن، بە دەستی ئەو دەست ببەن و بە پێی ئەو هەنگاو بنێن. ئەم خودایەی كە ئیسلام باوەڕی پێیەتی و قورئان خۆی وەسفی دەكات، لە هەندێ شوێندا ئاماژە بۆ دەست و چاوی دەكات و شوێنی وەك عەرشی لە ئاسمان بۆ دیاری دەكات. ئەم خودایە لەم فۆرمەدا دواجار كێشە و گرفتی بێئەندازی بۆ بیرمەندانی ئیسلامی پاش پەیامبەر محەمەد خوڵقاندووە، كە لە ناو زانایانی كەلام و فەیەلەسوفە موسڵمانەكاندا ڕوونتر خۆی نیشاندا. ئەویش لە دوو چەمكی وەك زاتی خودا و سیفاتی خودا دوو بەرەی پڕ لە ململانێی فكری و ڕۆشنبیری و بگرە خوێناویشی هێنایە ئاراوە، كە لە دوو گروپی وەك زانستی كەلام (موعتەزیلە و ئەشعەری)دا پتر خۆی بینییەوە. ئەم بابەتە لە بەشی كتێبی پیرۆز پتر ڕۆشنی دەكەینەوە.
Top