داود ئۆغلو لە نێوان بێدەنگبوون و راشكاویدا
February 19, 2015
وتار و بیروڕا
لەم رووەوە سێ سیناریۆ هەیە. سیناریۆی یەكەم ئەوەیە كە پارتی دادو پەرەپێدان 330 كورسی لە كۆی 550 كورسی بەدەست بێنێ. ئەمە دەرفەت دەداتە پارتی دەسەڵاتدار رێژەی دووسێی دەنگەكان بەدەست بێنێ و دەستوورێكی تازە دابنێ. ئەردۆغان لە لێدوانێكدا لە ویلایەتی بۆرسە رایگەیاند كە ئەو ئومێد لەسەر 400 كورسی هەڵدەچنێ و سیستمی سەرۆكایەتی لە توركیا دادەمەزرێنێ.
لەم سیناریۆیەدا داود ئۆغلۆ رووبەڕووی سێ ئەگەر دەبێتەوە. لە یەكێكیان وەك سەرەك وەزیران دەمێنێتەوە، بەڵام هەموو دەسەڵاتەكانی لێ دادەماڵدرێن و دەدرێن بە سەرۆكی كۆمار. لە ئەگەری دووەمدا رەنگە لەكار بخرێ و كەسێكی وەك هاكان فیدان كە وازی لە دەزگای هەواڵگری هێناوەو بەنیازە خۆی بۆ پەرلەمان كاندید بكات، جێی بگرێتەوە. لە ئەگەری سێیەمدا رەنگە ئەردۆغان فیدان بكاتە سەرەك وەزیران و داود ئۆغلو بكاتەوە بە وەزیری دەرەوە، بەتایبەتی كە لەسیستمی سەرۆكایەتیدا پۆستی سەركۆمار و وەزیری دەرەوە دوو پۆستە سەرەكییەكەی حكومەت پێكدێنن.
سیناریۆی دووەم ئەوەیە كەپارتی دادو پەرەپێدان دەوروبەری 300 كورسی بەدەست بێنێ. لەم سیناریۆیەدا پارتی دەسەڵاتدار زۆرینە بەدەست دێنێ و لە دەسەڵات دەمێنێتەوە، بەڵام ناتوانێ دەستوور و سیستمی سیاسی بگۆڕێ. ئەم سیناریۆیە ئەو دەرفەتە بۆ داود ئۆغلو دەڕەخسێنێ كە لە پۆستی سەرەك وەزیران بمێنێتەوە. سیناریۆی سێیەم ئەوەیە كە پارتی دەسەڵاتدار لە300 كورسی كەمتر بەدەست بێنێ، ئەمەش بەم مانایە دێ كە پارتی دەسەڵاتدار وەك گەورەترین فراكسیۆنی ناو پەرلەمان دەمێنێتەوە، بەڵام ناتوانێ حكومەت بەتەنها پێك بێنێ، بۆیە ناچار دەبێ هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنێكی تردا بكا. ئەو لایەنەش رەنگە هەدەپ بێ. لە سیناریۆیەكی وادا ئەردۆغان سیستمی سەرۆكایەتیی پێ دانامەزرێ و چارەنووسی حكومەتی حزبەكەی بەدەست كوردەوە دەبێ.
سیناریۆی دووەم لە سیناریۆكانی تر زیاتر بە كەڵكی داود ئۆغلو دێ. كێشەی داود ئۆغلو لەوەدایە كە وەك سەرۆكی پارتی داد و پەرەپێدان، دەبێ هەموو توانای خۆی بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی حزبەكەی 330 كوری بەدەست بێنێ. بەڵام بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە دەرفەتی گۆڕینی سیستمی سیاسی دەڕەخسێنێ و لەم سۆنگەیەوە داود ئۆغلو لە پۆستەكەی لادەبرێ، یاخود لانیكەم هەموو دەسەڵاتەكانی لێ دەسەندرێنەوە.
تا ئێستا داود ئۆغلو لەدژی سیستمی سەرۆكایەتی هیچی نەوتووە، بەڵام پشتگیریشی نەكردووە. پشتگیری نەكردنی سیستمی سەرۆكایەتی لە لێدوانێكی رووندا، خوێندنەوەیەكی وای بۆ دەكرێ كە داود ئۆغلو پشتگیریی سیستمی سەرۆكایەتی ناكا، بۆیە لێدوان لەم بارەیەوە نادا، چونكە ئەگەر پشتگیریی بكا، پشتگیرییەكە بەم مانایە دێت كە ڕازییە دەسەڵاتەكانی لێ دابماڵدرێن و بدرێن بە سەرۆكی كۆمار. بەهەمان پێودانگ، بێدەنگی لەم بارەیەوە بەم مانایە دێت كە حەز ناكا دەسەڵاتەكانی لێ دابماڵدرێن و بدرێن بە سەرۆكی كۆمار. هەرچۆنێك بێ، كەس نازانێ ئەردۆغان هەتا كەی ئەم بێدەنگییە گوماناوییەی لێ قبوڵ دەكا.