ئیسلام لە گۆشەنیگای فەلسەفەی ئایینەو جیهانی ئیسلام و جیهانی ڕۆژئاوا

ئیسلام لە گۆشەنیگای فەلسەفەی ئایینەو جیهانی ئیسلام و جیهانی ڕۆژئاوا
بەشی سێیەم
لەم سەردەمەدا و بە تایبەتیش لە ڕۆژئاوا، دەرەنجامی ئەو گۆڕانەی بە سەر ئاستی بیرکردنەوەی مرۆڤدا هات، ئەو ڕۆڵەی کە زانست و فەلسەفە گێڕای بەرامبەر بە تێگەیشتن بە جۆرێکیتر لە ئایین، وای لە مرۆڤ کرد لە بیرکردنەوەی ئایینیدا، جۆرێک لە ئازادی وەرگرێت. واتە مرۆڤ تا ڕادەیەک توانی لە بیرکردنەوەی ئاییندا سەربەخۆ بێت و لە دەرەوەی دامەزراوە ئایینییە تەقلیدییەکان بیربکاتەوەو هەناسەی ئازادی هەڵمژێت. لێرەوە ئیدی زاراوەیەک ڕەوایەتی خۆی لەناو کایەی ئاییندا وەرگرت کە جۆرێکە لە گوزارش کردن لە ڕۆحیگەری لە سەردەمێک کە بە پۆستمۆدێرن ناسراوە.
لەم سەردەمەدا گرنگە لە شوێن و جێگەی ڕۆحیگەری وردبینەوە، تاوەکو لەوە تێبگەین تا چ ئاستێک لایەنێکی گرنگی مرۆڤ کە ڕەنگە گرنگترین بنەمای بوونی مرۆڤی لە خۆگرتبێت، لەم دۆخەدا بایەخی مابێت، یان بە پێچەوانەوە ئەم دۆخە وای لە مرۆڤ کردبێت، کە گرنگترین توخمی مرۆڤبوونی خۆی لە دەست دابێت. دەبێ ئەو ڕاستییەش لەبەرچاو بگرین، پۆستمۆدێرن وەک دۆخێک کە زۆر لایەنی تاک و کۆمەڵگە و کەلتوور و سیاسەتی ئەوروپای گرتۆتەوە، مانای ئەوە نییە ئیدی سەرتاپای جیهانی گرتبێتەوە و بە گشت کۆڵان و قوژبنێکی دنیادا وەک یەک بڵاو بووبێتەوە. ئەمە نەک تەنها بۆ وڵاتانی غەیرە ئەوروپی ڕاستە، بەڵکو بۆ ئەوروپا خۆیشی هەر ڕاستە، چونکی مەرج نییە گشت ئەوروپییەک لە دۆخێکی پۆستمۆدێرنیسمیدا بژی. خۆ ئەگەر لە کۆمەڵگەی وڵاتانی لەمەڕ خۆمان بڕوانیت، دەبینیت نەک نە گەیشتۆتە دۆخێکی پۆستمۆدێرنیی، بەڵکو هێشتا نەگەیشتۆتە دۆخی مۆدێرنیتیش، بەواتایەکی تر، جیهانی ئیسلامی لە سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاستدا دەژی. دەبێ ئەوەش بڵێم و زۆریش بە گرنگی دەزانم کە جیهانی ئیسلامی ئیمڕۆکە هێشتا لە ڕووی ماریفییەوە لە ئاستی سەدەکانی ناوەڕاستی جیهانی ئیسلامیشدا ناژی. دەتوانین لەو سەردەمە ئاماژە بۆ چەندین زانا و بیرمەندی مەزن بکەین کە تیا دەرکەوتوون، وەلێ ئێستا جیهانی ئیسلامی ئەوەش بەرهەم ناهێنێت. جیهانی ئیسلامی ئیمڕۆکە و سەدەی ناوەڕاست تەنها لەو ڕووەوە لەیەکتر دەچن، کە ئایینی ئیسلام وەک هەقیقەتێکی ڕەها دەبینن و ئایینەکانیتر وەک ناهەقیقەتێک دەبینن. خاڵێکی گرینگ کە جیهانی ئیسلام و ڕۆژئاوا لە یەکتری جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە جیهانی ئیسلام هێشتا لە کتێبەوە، واتە لە دەقەوە لە جیهانی واقع دەڕوانێ و دەیکاتە پێوەرێ بۆ ناسینەوەی هەقیقەت و دەروازەی فراوانی واقيع و ئەقڵیان داخستووە و بەندیخانەی هەقیقەتی ڕەهایان بۆخۆیان دامەزراندووە.
لە سەرەتادا گرینگە بزانین ئەو دوو تێرمە: واتە ڕۆحیگەری و پۆستمۆدێرن، لە پشتیانەوە چ مەبەستێک دەبێ هەبێت و بەهۆی چییەوە داهاتبن، دەکۆشم ڕوونیان بکەینەوە. بۆئەوەی لەو مەبەستە تێبگەین، بە پێویستی دەزانم ئەو پرسیارەی فەیلەسوفێکی هۆڵەندی ناسراو بە(بارت فۆرسلاوس) لێرەدا بخەمە بەرچاو؛ کاتێ کە دەپرسێت: ئەگەر پێناسەی باوی پۆستمۆدێرن ئەوەبێت کە کۆتایی بە چیرۆکە مەزنەکان هاتبێت، دەبێ ئەم چەمکە چ پێوەندییەکی بە ڕۆحیگەرییەوە هەبێت؟ ڕۆحیگەری پۆستمۆدێرنانە، چ واتایەک بە ئێمە دەخشێت؟ هەروەک خۆی لە وەڵامی خۆیدا دەڵێ: ئەمەشیان واتە پۆستمۆدێرنیسم، پەیوەندی بە مۆدێرنیسمەوە هەیە. ئاخۆ ئەمەیان چ مانایەک ببەخشێت؟1
ئەگەر ئێمە توانیمان لە مۆدێرنە بگەین، هەڵبەت لە پۆستمۆدێرنەش باشتر تێدەگەین. هەرچەندە مۆدێرنە سەردەمێکی تایبەت لە مێژووی فيکردا دەگرێتەوە، بەڵام ئەو ناوەی بە باڵایدا بۆیە هەڵگرتووە، لەبەر ئەوەیە کە ئەو سەردەمە سروشتێکی تایبەتی لە خۆی گرتووە. کەواتە ئەگەر مۆدێرنە سەردەمێکی تایبەت بێت و ئەدگاری خۆی هەڵگرتبێت، بنەڕەتی ناسینەوەی ئەو سەردەمە لە کوێدا و بە چیدا دەردەکەوێ؟ ئەوەی کە زۆر باوە و دەوترێ سەبارەت بە مۆدێرنە، ئەوەیە کە: سەردەمێکە پاش سەدەی ناوەڕاست لە ڕۆژئاوادا سەرهەڵدەدات، ئەو سەردەمە تیایدا بە چەشنێکی ئەوتۆ زانست گەشە دەکا و پەرەدەستێنێ، بەتایبەتی زانستی سروشتی بەجۆرێک سەردەردەهێنێ، کە گشت کایە و بوارەکانی ژیان داگیر دەکات. وەک دەڵێن گەشەسەندنی زانست بە ئاستێکدا دەڕوات، کە پەردە لەسەر ئەفسانەی هەقیقەت لادەبات یان بە واتایەکی تر ئازادبوون لە وەهم بەرپا دەکات.2 لەو سەردەمەدا بە چەشنێک زانست دەسەڵاتدار دەبێت کە نەک هەر دەست وەردەداتە سروشت، بەڵکو ئەو دیو سروشتیش بۆ خۆی قۆرخ دەکات و دەیکاتە جێگەی مشتومڕ و دەستی بۆدەبات. بە واتایەکی دی، زانستی سروشتی هێندە پەل دەهاوێت، ئایین و فەلسەفەش دەخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە... فەلسەفە و ئایین لە نێوەندی تەوژمی مۆدێرنەدا بە چەشنێک کەوتبوونە ژێر کاریگەری زانستی سروشتییەوە، تا بۆ ئەوەی مافی بوونیان لە دەست نەدەن، بە ناچاری لە تەک ئەو جۆرە ئەقڵگەراییە زانستییەدا خۆیان دەگونجاند و دەستیان لە هەندێ مافی خۆیان هەڵدەگرت.3 پێویستە لەوەش ئاگاداربین کە کاریگەری زانستی سروشتی پەلی بۆ جیهانی ئیسلامیش بە جۆرێک هاویشتبوو، کە زاناو بیرمەندانی جیهانی ئیسلامیشی ناچار کردبوو، تا ئەوانیش ئیعجازی زانستی بۆ قورئان و حەدیس بەرهەمبهێنن.
ئەگەر مۆدێرنە ئەو سەردەمە بێت کە لەپێشەوە ئاماژەمان دایە، ئەی دەبێت مەبەست لەوە چی بێت کە پۆستمۆدێرنە کۆتایی هێنانە بە چیرۆکە مەزنەکان؟ چیرۆکە مەزنەکان چین؟ هەر کەسێ ناوی پۆستمۆدێرنەی هێنابێت، ئەوە بووە کە کۆتایی بە ئایدیۆلۆژییە مەزنەکان هاتووە. «چیرۆکە مەزنەکان کۆتاییان هاتووە» گوتەیەکە لە دەمی فەیلەسوفی فەرەنسی (لیۆتارد) ەوە داهاتووە. واتە کۆتاییهاتن بووە بەو لێکدانەوە گشتگیریانەی وەک مارکسیزم، مەسیحیەت و ڕۆشنگەری کە بۆ هەقیقەتیان ئەنجام دابوو. مەبەست لەوەیە کە هەقیقەت بەتایبەتی هەقیقەتی مێژوویی، لەم ئایدیۆلۆژیایانەدا، وەک یەک یەکەی واتابەخش شرۆڤەکراوە، ڕەوتی مێژوو بە ئاڕاستەیەکی دیاریکراودا جووڵاوە و دەجووڵێ و ئامانجێکی سەرتاپاگیر بە دەستدەهێنێت. پۆستمۆدێرن پێیوایە کە ئەو یەکە پڕ واتایەی مێژوو، لە شرۆڤەکردنی پۆستمۆدێرنیدا، کۆتایی هاتووە. بەڵام لە هەمان کات پۆستمۆدێرنیسمی ئەو باوەڕەشی بووە کە مرۆڤ بە هۆی ئەم دۆخەوە، لە قەیرانێکدا خۆی بینیوەتەوە؛ قەیرانێک کە بەها مەزنەکان، بەهای خۆیان لە دەستداوە.
بناغەی هەقیقەت هەر لە دێرەوە وابووە کە لە میتافیزیکادا بۆی گەڕاون. هەر جۆرە بیرکردنەوەیەک کە یەکەیەکی واتاداری هەڵگرتبێت، ناوی میتافیزیکای لێنراوە. هەر لەبەرئەوەشە ئەو ناوەی بە بەرا بڕاوەتەوە، چونکی پرسیارەکانی میتافیزیکا، بە گشتی پرسیارگەلێ بوون کە لە بنەڕەتی هەقیقەت یان لە هەقیقەتی هەقیقەت کۆڵاونەتەوە، بۆیە پرسیاری لەم چەشنە کە مرۆڤ دەریدەبڕێت، بە پرسیاری بناغەیی دانراون. پوختەی قسە ئەوەیە ئەو میتافیزیکایەی، کە ڕەگ و ڕیشەکەی لە فکری کلاسیکی یۆنانی، ئایینی مەسیحی و زانستی نوێگەریدا دەبینێتەوە، پۆستمۆدێرنیسم، دەستی بەسەردا گرت.4
لێرەوە ئیتر دەبێت پرسیار لە ڕۆحیگەری بکەین و بزانین چ پێوەندییەکی دەبێ بە پۆستمۆدێرنەوە هەبێت. ئەگەر پۆستمۆدێرنە ئەو دۆخە بێت کە تیایدا یەک ئایدیۆلۆژیای مەزن نەمابێت تا هەقیقەت بۆ خۆی قۆرخ بکات، هەروەک ئایینە مەزنەکانی جیهان قۆرخیان کردووە، ئەگەر زانستیش ئەو دەسەڵاتەی لەدەست دابێت کە بتوانێ دەست بۆ هەموو شوێنێکی مرۆڤ بەرێت، مانای وایە ڕێژەگەری (ڕێلاتیڤیسم) دێتە ئاراوە کە گشت بۆچونێک یان ئایدیۆلۆژیایەک، دەتوانێ مافی بوونی خۆی هەبێت و لەم دۆخە ڕێژەگەرییەدا، ڕەوایەتی خۆی وەربگرێت. بە مانایەکیتر ئەم ڕێژەگەرییە، فرەییگەریش(پلۆرالیسم) دەخاتە ناو بازاڕی ئایدیۆلۆژیاوە. لێرەوەیە کە فەیلەسوفێکی ئینگلیزی وەک (پەیتەر بێرگەر) باوەڕی وایە لە سەردەمی پۆستمۆدێرنیسمیدا گشت ئایینێک ڕەوایەتی خۆی وەردەگرێتەوە و بوار دەلوێت تا ئایین خۆی وەک ئایدیۆلۆژیایەکی ڕەوادار نیشان بداتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆیە، ئەویش دەڵێ؛ پۆستمۆدێرن دۆخێک دەهێنێتە ئاراوە، تیایدا ئایین، ئەو ئایینەی کە مۆدێرنە فەرامۆشی کردبوو، جارێکیتر جێگەی بێتەوە.5
دەبێت ئەوەمان لا ئاشکرا بێت کە ئایین لە بۆچوونی ئەو زانا و فەیلەسوفانەدا، ئایینێکی تایبەت و ناسراو ناگرێتەوە، ئایین لە ڕووە فراوانەکەیەوە دەگرێتەوە، ئایین بەو مانایەی کە مرۆڤ بە دووی شتێکی سەرو خۆیەوە وێڵە، دەگرێتەوە، ئایین وەک ڕێبازێک بۆ ژیان کە مرۆڤ بە دەرەوەی خۆیەوە دەبەستێتەوە، مەبەست لەو خۆزگەیەی مرۆڤە، کە وەک دەڵێن بیری مۆدێرنە لە چوارچێوەیەکی ئەقڵگەرایی و زانستی ئەوتۆدا گیری دابوو، هیچ بوارێکی بۆ ئەو خۆزگەیەی مرۆڤ وەک مرۆڤ نەهێشتبۆوە. واتە لێرەدا مەبەست لە ئایین، قسەکردنە لەسەر شوێنێکی مرۆڤ، یان چاو گرتنە لە دۆخێکی مرۆڤ کە تیایدا مرۆڤ هەست بە بوونی خۆی دەکات وەک مرۆڤ، ئەو لایەنە شاراوەیەی مرۆڤە کە مرۆڤ لەوێوە خۆی دەناسێتەوە، مرۆڤ لە وێدا خۆی دەبینێتەوە. بێگومان مەبەستمان لەو شوێنەی مرۆڤە کە ناوی ڕۆحی لێنراوە، مەبەستمان لەوەیە کە لە کەشوهەوای پۆستمۆدێرنەدا ڕۆحیگەری کە بنەڕەتی مرۆڤە، دەژیێتەوە. ئیتر لێرەوە گرنگە بزانین، ڕۆحیگەری چییە؟!
ڕۆحیگەری خەریکبوونێکی مرۆڤە بە شوێنێکی خۆیەوە کە بەردەوام چاوی لە شوێنێکی ترە، شوێنێک هەمیشە دەیبات بەرەو دەرەوەی یان سەرەوەی یان ئەودیو خۆی. ئەزموونێکی بێدەنگی مرۆڤە، کە پەیوەندی جەستە و ڕۆحی مرۆڤ دیاریدەکات، مێشک و ئەقڵی مرۆڤ لەوێدا گەمەی خۆی دەکات، لەو گەمەیەدا مرۆڤ هەستێک بە بوونی خۆی دەکات، چونکی لەو گۆڕەپانەدا کە مێشک و ئەقڵ گەمە دەکەن، یەزدان لەوێدا خۆی ئاشکرا دەکات، مرۆڤ لە وێدا لە بوونی خۆی هۆشیار دەبێتەوە و بە بوونی خۆی دەگاتەوە، خودا لە وێندەرێ بە مرۆڤ و مرۆڤیش لەو کاتەدا بە خودا دەبێتەوە، ئەوە ئەو ساتانەیە کە خودا بە دیوێکداو مرۆڤیش بە دیوەکەی تردا خۆی تێدا دەهێنێتەوە. مەبەستم لێرەدا لەوەیە کە جیهانی ئیسلامی پێویستی بەم کرانەوەیە دەبێت، تا لە گرتووخانەی ڕەها خۆی ڕزگار بکات.
بە پاشخانی هزریی فەلسەفەی ئایینەوە، دەکۆشین لەمەوپاش تیشکێک بخەینە سەر ئایینی ئیسلام. لەسەرەتادا بە چەمکی خودا لە نێوەندی پێناسەکانی مێژووی مرۆڤ دەستپێدەکەین و پاشان تیشک دەخەینە سەر پەیامبەر موحەمەد(د.خ) هەم وەک پەیامبەر و هەمیش وەک مرۆڤ، کۆتایی بابەتەكە بە باسی کتێبی پیرۆز دەهێنین و لە گۆشەیەکەوە لە قورئانیش دەڕوانین، تا بتوانین دەروازەیەک بە ئاڕاستەی ڕێژەگەری، بۆ جیهانی ئیسلام واڵا بکەین.


سەرچاوەكان:
1. Bart Voorsluis, Spiritualiteit en postmodernisme, Amsterdam, p.7.
2. لابردنی پەردە لەسەر ئەفسانە یان سیحری هەقیقەت، پێناسەیەکە لە ماکس وێبەرەوە داهاتووە, لەبەرامبەر وشەی ئينگلیزی (Disenchantment)و وشەی هۆڵەندی (Onttovering) دانراوە.
3. ئازاد قەزاز، فەلسەفە و خەم، سلێمانی، ٢٠١٢، پ. ٢٥٤
4. Bart Voorsluis, Spiritualiteit en postmodernisme, Amsterdam, p.8.
5. Steve Bruce, God is Dead, Oxford 2003, p.233.
Top