مانەوەی ئەسەد و چارەنووسی ناوچەكە
February 5, 2015
وتار و بیروڕا
بەپێی زانیارییەكان، لەم هەلومەرجەی ئێستادا واشنتن دوو مەسەلەی بەلاوە گرنگە. یەكەمیان: لەناوبردنی داعشە كە دەستی بەسەر نیوەی سووریا و قەڵەمڕەوێكی فراوانی عێراقدا گرتووە، دووەمیان: رێككەوتنە لەگەڵ ئێران سەبارەت بە فایلە ئەتۆمییەكەی. مەسەلەكانی دی بەلای ئەمریكاوە مەسەلەی لاوەكین و دەكرێ پەلەیان تێدا نەكرێ.
كێشەی واشنتن ئەوەیە كە داعش بۆتە بەچانسترین ئەلتەرناتیڤی ئەسەد، بۆیە ئەگەر مەسەلەكە بگاتە ئەو رادەیەی كە واشنتن ناچار بێ داعش، یان ئەسەد هەڵبژێرێ، ئەوا بەدڵنیاییەوە ئەسەد هەڵدەبژێرێ.
نیگەرانیی واشنتن لە سەركەوتنی داعش لە سووریا وایكردووە تەواوی ستراتیجی خۆی بگۆڕێ. لەمەوبەر واشنتن پشتگیریی پرۆسەی مەشقپێكردنی هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای دەكرد بۆ رووخاندنی رژێمی ئەسەد. ئەمڕۆ هەر بەردەوامە لەسەر پشتگیریی مەشقپێكردنەكە، بەڵام نەك بۆ رووخاندنی ئەسەد، بەڵكو بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش. لە وتارەكەیدا لە كانوونی دووەمی رابردوودا، ئۆباما وتی: ئامانجی مەشقپێكردنی هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا یارمەتیدانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش. وەزیری بەرگریی ئەمریكا بە نۆرەی خۆی رایگەیاند كە ئامانجی مەشقپێكردنەكە كە لە وەرزی بەهاردا دەستپێدەكا، بەرگریكردنە لە ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی ئۆپۆزیسیۆن لە دژی داعش. رۆبەرت ساتلۆف، لێكۆڵیار لە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەمبارەیەوە وتوویەتی: «سەرۆك ئۆباما لە وتارەكەیدا هیچ باسی ئەو دیكتاتۆرەی نەكردووە كە سێ ساڵ لەمەوبەر داوای دەست لەكار كێشانەوەی كردووە».
هەندێ فاكتەری یارمەتیدەر دەستیان لە گۆڕینی ستراتیجی ئەمریكادا هەبووە، هەندێكی پەیوەندیی بەوەوە هەیە كە واشنتۆن گەیشتۆتە ئەو رادەیەی كە ئەسەد بە مەترسی نەزانێ. لە ڕاستیشدا ئەگەر ئەسەد بتوانێ دەست بەسەر هەموو سووریادا بگرێتەوە و تا دە ساڵی دیكەش لە دەسەڵات بمێنێتەوە، هەر بە لاوازی دەمێنێتەوە و نابێتە مەترسی بۆ سەر هیچ لایەنێك.
هەروەها رازیبوونی واشنتن بەوەی كە رووسیا سەرپەرشتیی پرۆسەی ئاشتیی نێوان ئەسەد و ئۆپۆزیسیۆن بكات، دەشێ لە بەرەنجامی كۆتاییدا مۆسكۆ و واشنتن بگەیەنێتە لێك تێگەیشتنێك سەبارەت بە دوو كێشەكەی سووریا و ئۆكراین. ئەگەر ئەم لێكتێگەیشتنەش بێتەدی، دەشێ ببێ بە بناغەیەك بۆ لێكتێگەیشتنێكی ئەمریكی- ئێرانی.
دەبێ ئەوەش لەبەرچاو بێ كە واشنتن و مۆسكۆ لەم هەلومەرجەدا لەسەر ئەوە هاوڕان كە ڕووخانی رژێمی ئەسەد لەم هەلومەرجەدا بە قازانجی توركیا دەشكێتەوە و دەرفەتێك بۆ دەركەوتنی توركیا وەك هێزێكی دیاری ناوچەكە دەڕەخسێنێ.
ئەمە هەمووی بەسەر یەكەوە كارێكی وایكردووە مانەوەی ئەسەد لەناچارییەوە ببێ بە شتێكی پێویست بۆ رێگرتن لە چارەنووسێكی مەترسیدارتری ناوچەكە.