عامر عەبدوڵڵا و وەرزێكی گەرموگوڕی بزووتنەوەی كۆمۆنیستی
November 20, 2014
وتار و بیروڕا
ئەم جۆرە بیروباوەڕە زۆرتر بۆ ئەو قۆناغە دەگەڕێتەوە كە تێیدا رەوتێكی ناسیۆنالیست لە ناو پارتی كۆمۆنیستدا سەری دەرهێنا و كەوتە بیانووگرتن بە سەركردە كوردەكانی ناو حزب. لەم بیركردنەوەیەدا عامر لەبەرامبەر كورددا تای تەرازووی ناسیۆنالیزمی لە تای تەرازووی ئینتەرناسیۆنالیزم قورستر دانا. بەڵام، جگە لەوە هەندێ ئاماژەش هەیە كە عامر نەك هەر وەك ناسیۆنالیستێكی عەرەب، بەڵكو هەندێ جار وەك سوننەگەراش بیری كردۆتەوە، وەك پلارگرتنی لە رەچەڵەكی شیعییانەی سەلام عادل.
ئەم جۆرە بیركردنەوەیە كاریگەریی لەسەر بۆچوونەكانی تریشی بەجێ هێشت كە هەندێكی لەگەڵ رای فەرمیی حزب نەدەگونجا، لەوانە هەڵوێستی بەرامبەر بە شەڕی عێراق - ئێران. لەكاتێكدا حزب لە دروشمە راگەیەندراوەكەیدا رایەڵەیەكی لەنێوان راگرتنی شەڕ و رووخاندنی رژێمی بەعسدا دروست كردبوو، عامر و ناسیۆنالیستەكانی دیكەی ناو حزب لە ساڵی 1982 بەدواوە دروشمەكەیان «دەم و دەست راگرتنی جەنگ» بوو.
هەر دوابەدوای ئەمەو پاش پەرەسەندنی ناكۆكییەكانی ناو حزب، عامر و هەڤاڵەكانی وتووێژێكیان لەگەڵ رژێمی بەعس دەست پێ كرد و داوای ئازادیی كاری سیاسیی ئاشكرایان لێ كرد. خراپترین لایەنی مەسەلەكە زۆرتر پەیوەندیی بەوەوە هەبوو كە گرووپەكە زۆرتر ئازادیی كاری بۆ خۆی داوا دەكردو خۆی لە گرووپەكانی ئۆپۆزیسیۆن دابڕیبوو.
لە مێژووی پارتی كۆمۆنیستدا عامر كەسێكە مشتومڕی زۆر لەسەرە، چونكە ئەو پرەگماتیتر لەوەی كە ئینتەرناسیۆنالیستبوون بەسەریدا دەیسەپێنێ، بیری دەكردەوە و كاری دەكرد. لە ساڵی 1964دا عامر یەكێ لە لایەنگرە بەهێزەكانی هەڵوەشاندنەوەی پارتی كۆمۆنیست بوو. ئەو بەپێی تیۆریی «رێگەی ناسەرمایەداری» پێیوا بوو حكومەتی عەبدولسەلام عارف بە رێگەیەكی «ناسەرمایەداری» عێراق بەرەو سۆسیالیزم دەبا. ئەمەش وایكرد پشتگیریی ئەوە بكا كە حزب هەڵبوەشێندرێتەوەو ئەندامەكانی بچنە ناو حزبەكەی عەبدولسەلام عارف.
لەسەرەتای حەفتاكاندا زۆر بەتەنگ ئەوەوە بوو كە پارتی كۆمۆنیست بگا بە رێككەوتنێك بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ حزبی بەعسدا و دواتریش تا دواسات پێیوا بوو كە نابێ حزب لە هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانییەكە پەلە بكا.
عامر پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ ئەحمەد حەسەن بەكر دروست كردبوو. پێشتریش لەكۆتایی پەنجاكان و سەرەتای شەستەكاندا بەهێزترین پەیوەندیی لەگەڵ عەبدولكەریم قاسم دروست كردبوو. ئەمەش خۆی لەخۆیدا بەهرەیەكی كارا بوو كە دەیتوانی پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ ئەو بەرپرسانەدا دروست بكا كە لە بیروباوەڕ و تێڕوانیندا لەگەڵیاندا هاوڕا نەبوو.
سەرنجڕاكێشترین هەڵوێستی، ئەو هەڵوێستەیە كە بەرامبەر بە سەددام حوسێن هەیبوو. عامر یەكێ لەو سەركردانەی پارتی كۆمۆنیست بوو كە ئومێدیان لەسەر ئەوە هەڵچنیبوو كە حزب بتوانێ ئەزموونی كوبا لە عێراق دووبارە بكاتەوە و سەددام بەرەو كۆمۆنیزم بەرێ. ئەو، وەك عەبدولحوسێن شەعبان نووسیویەتی، لەو بڕوایەدا بوو كە دەشێ بتوانرێ وا لە سەددام بكرێ بەلای بەرژەوەندیی رەنجدەراندا دابشكێنێ. شەعبان لە كتێبەكەیدا بە روونی نەیوتووە عامر خاوەنی ئەو تیۆرییە بەناوبانگەیە كە سەددام بە كاسترۆی عێراق دەچوێنێ، بەڵام ئەو لە كاتی مشتوماڵكردنی ئەم مەسەلەیەدا بیركردنەوەی خوێنەر بەو ئاراستەیە دەبا كە عامر بانگەشەی بۆ تیۆریی كاسترۆی عێراق كردووە، بەتایبەتی كە عامر بە پشت بەستن بە چەند ئەزموونێك لەم رووەوە، ئەمەی بە مەحاڵ نەزانیوە. شەعبان ناونیشانێكی لاوەكیی بۆ كتێبەكەی بە شێوەی «وەرزێكی گەرموگوڕی بزووتنەوەی كۆمۆنیست» داناوە. دیارە ئەو لەم مەسەلەیەدا لە راستی دوور ناكەوێتەوە، چونكە هەر تاوتوێكردنێكی رۆڵی عامر عەبدوڵڵا لە بزووتنەوەی كۆمۆنیستیدا، بەدڵنیاییەوە تاوتوێكردنێكی گەرموگوڕ دەبێ.