كۆبانێ نەك تەنها وەك سمبولێكی نەتەوەیی
November 6, 2014
وتار و بیروڕا
ئەگەرچی لە سەرەتادا بەرەی كۆبانێ بۆ كورد روخسارێكی نەتەوەیی وەرگرتبوو كە ببووە سمبولی خۆڕاگریی كورد، بەڵام دواتر مەسەلەكە دووراییەكی فرەڕەهەندتر و فرە دووراییتری وەرگرت، تا ئەو ئەندازەیەی كە داگرتنی چەك بۆ كۆبانێ و زیادكردنی گورزە ئاسمانییەكان، بووە ئاماژەیەكی روون بۆ هەڵوێستی توندوتۆڵی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەم بارەیەوە.
مەسەلەی پشتگیریكردنی كۆبانێ چەند دووراییەكی سیاسی و سوپایی لانیكەم لە سێ لاوە وەرگرتووە. یەكەم: لەم رووەوە كە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی نایەوێ پاش گرتنی موسڵ و تكریت، هیچ دەرفەتێكی دی بۆ پڕۆپاگەندە و خۆهەڵكشان بۆ داعش بڕەخسێنێ، دووەم: لەو رووەوە كە بەردەوامبوونی شەڕی كۆبانێ ئەو تیۆرییەی بەدرۆ خستۆتەوە كە داعش بانگەشەی بۆ دەكرد، گوایە هیچ شوێنێك نییە خۆی لە بەردەم هێرش و پەلاماری داعشدا رابگرێ. سێیەم: هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی خۆڕاگریی كۆبانێی وەك بەڵگەی سەركەوتوویی گورزە ئاسمانییەكان نیشان دەداو وەڵامی ئەو رەخنانەی پێ دەداتەوە كە رووبەڕووی واشنتۆن بوونەتەوە كە گوایە گورزە ئاسمانییەكان بەبێ هێرشی زەمینی هیچ كاریگەرییەكیان نابێ.
بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە كە لە رووی سوپاییەوە كۆبانێ هێزێكی گەورەی داعشی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووە. ئەگەر لە روانگەی ستراتیژی سوپاییەوە تەماشای مەسەلەكە بكرێ، بۆ داعش هەڵەیەكی گەورەیە كە ئەو هەموو هێزە بۆ گرتنی كۆبانێ كۆ بكاتەوە. سەرقاڵبوونی داعش بە (كۆبانێ)وە، بۆتە هۆی ئەوەی لەبەرەكانی دیكەوە هێز بۆ كۆبانێ ببا، كە لەبەرەنجامدا ئەم كارە بۆتە مایەی لاوازكردنی توانای هێزەكانی داعش لەبەرەكانی دیكەدا. هەر لەو ماوەیەدا كە تێیدا داعش بە كۆبانێوە سەرقاڵ بووە، لە چوار بەرەدا شكستی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە: لە ئامرلی لەبەردەم هێزەكانی عێراق و هێزی پێشمەرگەدا، لە رەبیعە لە بەردەم هێزی پێشمەرگە و هێزی خێڵی شممەردا، لە جورفی سەخر لە بەردەم هێزەكانی عێراقدا و لە زوممار لە بەردەم هێزی پێشمەرگەدا.
كۆبانێ بۆ داعش وەك تەڵەیەكی لێ هاتووە كە داعش نە دەتوانێ سەركەوتنی تێدا بەدەست بێنێ و نە دەتوانێ وازی لێ بێنێ.
لە رووی میدیاییەوە، كۆبانێ بۆتە مایەی گۆڕینی وێنە كلاسیكییەكەی ئافرەتان لە رۆژهەڵاتدا. جیهانی رۆژئاوا سەرسامە بەو رۆڵەی كە ژنە شەڕڤانەكانی كۆبانێ لە بەرپەرچدانەوەی هێرشە یەك لەدوای یەكەكانی داعشدا دەیگێڕن.
بەدڵنیاییەوە، كۆبانێ دەستێكی باڵای لە دروستكردنی رایەڵەی پەیوەندی لەنێوان كوردی سووریا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا هەیە. ئەم رایەڵەیەی پەیوەندی كە كاریگەرییەكی گرنگی لەسەر رەوتی جەنگی جیهانی دژ بەتیرۆر دەبێ، بناغەیەكیش بۆ درێژەپێدانی پەیوەندیی سیاسی، پاش كۆتایی هاتنی قەیرانی داعش، دادەڕێژێ كە تێیدا كورد دەستێكی باڵای لەسەرلەنوێ رێكخستنەوەی بونیادی ناوچەكەدا دەبێ.