ئاماژەكانی پشت جیانەبوونەوەی سكۆتلەند لە بەریتانیا

ئاماژەكانی پشت جیانەبوونەوەی سكۆتلەند لە بەریتانیا
سكۆتلەندییەكان خۆیان هەرێمی خۆیان بەڕێوە دەبەن و سوودمەندیشن لە تۆكمەیی پێگەی پاونی ستەرلینی و سەقامگیریی رەوشی ئابووریی بەریتانیا. سكۆتلەندییەكان هەست بە هیچ جیاوازییەك لەنێوان خۆیان و ئینگلیزەكان ناكەن و یاساكان یەكسانییەكی تەواویان لە نێوان هاووڵاتییاندا هێناوەتەئاراوە. سەرباری ئەوەی بەریتانیا خاوەنی یەكێ لە دێرینترین دیموكراسییە پێشكەوتووەكانی جیهانە و بەداهێنەری درەوشاوەترین مۆدێلی سەركەوتوی سیستمی پەرلەمانی دادەنرێ.


جگە لەهەستی ناسیۆنالیستی، هیچ هۆیەك بۆ جیابوونەوەی سكۆتلەند لە بەریتانیا نییە. تەمەنی یەكگرتنی ئینگلتەرا و سكۆتلەند سێ سەد ساڵ دەبێ. ساڵانی بەرایی یەكگرتنەكەی لێ دەرچێ، ئینگلیز و سكۆتلەندییەكان ساڵانی پاشتریان بەخۆشی و تەبایی رابواردووە. لەگەڵ شۆڕشی پیشەسازیدا كە لە نیوەی یەكەمی سەدەی نۆزدەهەمدا لە بەریتانیا سەری هەڵداو بووە مایەی ریشەكێش كردنی سیستمی دەرەبەگایەتی و وەدیهێنانی گۆڕانی كۆمەڵایەتیی گەورە، تێكهەڵكێش بوونێكی زۆرتر لە نێوان هەردوو هەرێم هاتەئاراوەو لەو سەروبەندەدا سكۆتلەندییەكان هەم لە شۆڕشی پیشەسازیدا رۆڵێكی كارایان نواند، هەم لە فراوانكردنی ئیمپراتۆریەتە پان و پۆڕەكەی بەریتانیادا.
سكۆتلەندییەكان خۆیان هەرێمی خۆیان بەڕێوە دەبەن و سوودمەندیشن لە تۆكمەیی پێگەی پاونی ستەرلینی و سەقامگیریی رەوشی ئابووریی بەریتانیا. سكۆتلەندییەكان هەست بە هیچ جیاوازییەك لەنێوان خۆیان و ئینگلیزەكان ناكەن و یاساكان یەكسانییەكی تەواویان لە نێوان هاووڵاتییاندا هێناوەتەئاراوە. سەرباری ئەوەی بەریتانیا خاوەنی یەكێ لە دێرینترین دیموكراسییە پێشكەوتووەكانی جیهانە و بەداهێنەری درەوشاوەترین مۆدێلی سەركەوتوی سیستمی پەرلەمانی دادەنرێ.
هەوڵدان بۆ جیابوونەوە لە دەوڵەتێكی خاوەنی جبەخانەی ئەتۆمی و ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش و خاوەنی مافی ڤیتۆ و دەستڕۆیشتوو لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتاندا، دیاردەیەكی مایەی تێڕامانە. خاڵی گرنگ لەم رووەوە ئەوەیە كە هەر لەسەرەتاوە هیچ بەڵگەیەكی بەهێز لەسەر ئەوە نەبووە كە هاووڵاتیی سكۆتلەندی ژیانێكی خۆشتر و ئاسوودەتر لە سكۆتلەندایەكی سەربەخۆ بەسەر دەبا.
لە رووی سایكۆلۆژییەوە، دڵنیا نەبوون لە ئایندە و ترس لە وەرنەگرتنی سكۆتلەند لە یەكێتیی ئەوروپا و لەدەستدانی ئەندامێتیی پەیمانی ناتۆ لە هۆیە سەرەكییەكانی رەتكردنەوەی جیابوونەوە لە بەریتانیا بوو.
بە كردەوە هەوڵدان بۆ جیاكردنەوەی سكۆتلەند لە بەریتانیا دژی رەوتی یەكگرتنەوەی ئەوروپایە. دوای بڕانەوەی جەنگی دووەمی جیهان، رابەرانی ئەوروپا بناغەیەكیان بۆ یەكخستنەوەو یەكگرتنەوەی ئەوروپا داناو یەك لەدوای یەك ئەنجومەنی ئەوروپا و رێكخراوی خەڵووز و پۆڵا و بازاڕی هاوبەشی ئەوروپا و چەندین رێكخراوی تریان وەك رێخۆشكردنێك بۆ یەكگرتنەوەی ئەوروپا پێكهێناو لەسەرەتای نەوەدەكاندا، دوابەدوای یەكگرتنەوەی ئەڵمانیا، سەركەوتوو بوون لە راگەیاندنی یەكێتیی ئەوروپا وەك كۆنفدراسیۆنێكی سیاسی. بۆیە سەرهەڵدانی بزووتنەوەی جیاخواز لە سكۆتلەند و لەهەندێ وڵاتی تری ئەوروپا، لەوانە ئیسپانیا و ئیتاڵیا و بەلژیك، لەگەڵ ئامانجە مێژووییەكانی ئەوروپادا ناگونجێ و لە ناوەڕۆكیشدا بە شێوەیەك لەشێوەكان ئاماژەیەكی ترسناكە بۆ لێكترازانی یەكێتیی ئەوروپا بەهۆی پارچەپارچە بوونی پێكهێنەرە سەرەكییەكانیەوە. ئەمە بەم مانایە دێ كە سەركەوتنی پڕۆژەی جیابوونەوەی سكۆتلەند كاریگەریی خراپی لەسەر ئایندەی ئەوروپا دەبوو. هەر ئەمەش هۆی هەڵوێستی توندی یەكێتیی ئەوروپا دژی جیابوونەوەی سكۆتلەند روون دەكاتەوە.
سكۆتلەندییەكان بەشكستهێنانی پڕۆژەی جیابوونەوە هیچیان نەدۆڕاندووە، بەڵام براوەی یەكەم لە هاوكێشەكەدا حكومەتی بەریتانیایە، كە هەم رێی لە ئەنجامدانی راپرسییەكە نەگرت و هەم داوای لە سكۆتلەندییەكان كرد بە نەخێر دەنگ بدەن. ئەمەش، بەدڵنیاییەوە، ئەو پەڕی هەستكردنە بە لێپرسراوەتی.
Top