تیرۆریسم وه‌ك ستراتیژیه‌تی شکست
October 10, 2013
وتار و بیروڕا
ده‌کرێت لێره‌دا قسه له گرووپی ئه‌لقاعیده بکه‌ین. چوارچێوه‌ی ستراتیژیه‌ته‌کانی ئه‌م گرووپه دروستکردنی ده‌وڵه‌تێکی ئیسلامییه که تیایدا چه‌ند که‌سێک به‌ناوی خوداوه حوکمی گه‌لانی عێراق بکه‌ن. بۆ دروستکردنی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ش ده‌بێت ئه‌م وڵاته له‌و چینه سیاسییه پاکبکرێته‌وه که ئێستا حکومه‌تداری ده‌که‌ن. باشترین ڕێگاش بۆ دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌و چینه‌و ڕوخانی حکومه‌ته‌که‌ی له‌ناوبردنی فیزیکیه. هه‌روه‌ها باشترین تەکنیکیش بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه تێرۆریسم و مێکانیسمهکانیهتی.
ئایا گرووپی ئه‌لقاعیده، به‌پێی ئه‌م چوارچێوه‌یه‌ی که بۆ خۆی دیاری کردووه، توانیویه‌تی سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بێنێت؟ بێگومان نه‌خێر. چونکه له‌ماوه‌ی پێنج ساڵی ڕابردوودا، له‌سه‌رانسه‌ری عێراقدا ئه‌م گرووپه تیرۆریستیانە نه‌یتوانیوه یه‌کێک له‌و که‌سایه‌تیانه تێرۆر بکات که کاراییان به‌سه‌ر کێڵگه‌ی سیاسی ئێستای عێراقه‌وه هه‌یه. هه‌موو ئه‌وه‌ی که تا ئێستا کردویانه، بێگومان به‌پێی به‌یانه‌کانی خۆیان، ته‌نیا چه‌ند چالاکیه‌کی تێرۆریستانه‌یه که قوربانییه‌کانی ئه‌و که‌سانه‌ن که به‌هیچ شێوه‌یه‌ک کاراییان نییه به‌سه‌ر ئاڕاسته‌کانی کێڵگه‌ی سیاسی عێراقیه‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌و ده‌وڵه‌ته ئیسلامیه‌ی که ئه‌م گرووپه وه‌ک ئیدیال تیپێک پێشنیاری ده‌کات له ئێستای عێراقدا ئه‌گه‌رێکی ته‌واو ناواقیعی و خه‌یاڵیه:
چۆن و به‌چ ڕێگایه‌ک ئه‌م سوپایه 60% ی ئه‌م وڵاته که شیعه‌ن و به‌خوێنی سه‌ری ئه‌و تینوون ملکه‌چی ده‌وڵه‌ته خه‌یاڵیه‌که‌ی ده‌کات؟ چۆن و به چ ڕێگایه‌ک ده‌توانێت کوردستان بکات به پارچه‌یه‌ک له جه‌سته‌ی ئیسلامی تورابورا؟ ئه‌م گرووپه ته‌نانه‌ت له‌نێو کۆمینۆتێی سووننهشدا نه‌یتوانیوه جێگای خۆی بکاته‌وه، ئیتر چۆن و به‌چ ڕێگایه‌ک بێجگه له شکست هیچ شتێکی دیکه ده‌کرێت چاوه‌ڕێی بکات. له‌کاتی ئه‌نجامدانی ئه‌و کاره تێرۆریستیه‌ی که له هه‌ولێر ئه‌نجامدارا (29 سێپته‌مبه‌ر 2013)، حزب وگرووپ وچینه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی کۆمینۆتێی سووننه پێش هه‌موو که‌س ئیدانهیانکردن و به‌رائه‌تی خۆیان له تیرۆریستان ڕاگه‌یاند.
له راستیدا ئه‌مه به‌ته‌نیا قه‌ده‌ری ئه‌لقاعیده نییه، به‌ڵکو قه‌ده‌ری به‌شێکی زۆر گه‌وره‌ی هه‌موو ئه‌و گرووپانه‌یه که ڕێگای تێرۆریستییان له سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه تا ئێستا بۆ چالاکی هه‌ڵبژارد. ئه‌و چه‌ند حاڵه‌ته که‌مه‌ش که سه‌رکه‌وتنیان به ده‌ست هێناوه ده‌کرێت بڵێین زیاتر ئه‌و گرووپ و بزووتنه‌وه‌و لایه‌نانه‌ن که دژی کۆلۆنیالیسمی کلاسیکی جه‌نگاون و تێرۆریسمیان وه‌ک یه‌کێک له که‌ره‌سه‌کانی ڕزگاری به‌کارهێناوه. واته قسه‌کردن له‌سه‌ر سه‌رکه‌وتنی ڕێژه‌یی لای تێرۆریسته‌کان راسته‌وخۆ ده‌مانباته‌وه سه‌ر قسه‌کردن له‌سه‌ر بزووتنه‌وه ڕزگاریخوازه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م. هه‌روه‌ها ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌م مهیدانهشه که گره‌وی سه‌رکه‌وتن و بردنه‌وه له نێوان حکومه‌ت و ڕاپه‌ڕیوه‌کاندا بایه‌خێکی به‌رچاو وه‌رده‌گرێت.
کاتێک تێرۆریسم ده‌بێت به هه‌ڵگری پرۆژه‌یه‌کی سۆسیۆ-پۆلیتیک و کار له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سه‌رتاسه‌ری ڕژێمێک ده‌کات و ده‌یه‌وێت له جێگاکه‌یدا ڕژێمێکی دیکه به‌رقه‌رار بکات، بێگومان ئیتر جه‌نگی نێوان ئه‌و ڕژێمه و ئه‌و تێرۆریسمه ده‌بێت به جه‌نگی مردن و ژیان، حکومه‌ت هه‌موو تواناکانی به‌کارده‌هێنێت بۆ ئه‌وه‌ی به ئاگر و ئاسن له‌و تێرۆریسمه بدات. ململانێی حکومه‌ته‌کانی فه‌ره‌نسا و ئیتالیا و ئه‌ڵمانیا، دژ به ڕێکخراوی ئه‌کشنی ڕاسته‌وخۆ و که‌تیبه سوره‌کان و سوپای سوور بریتی بوو له جه‌نگی سه‌روماڵی و بنبڕکردنی هه‌میشه‌یی و له ڕیشهههڵکێشان و به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ئه‌م حکومه‌تانه ئاماده‌نه‌بوون ڕێکه‌وتنێک له‌گه‌ڵ ئه‌و گرووپانه‌دا ئیمزا بکه‌ن.
دیسانه‌وه بۆ تێگه‌شتن له چه‌مکی سه‌رکه‌وتن دوو نموونه‌ی دیکه ده‌هێنمه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی له ڕێگایانه‌وه په‌رده له‌سه‌ر تیپێکی دیکه له سه‌رکه‌وتن و شکست لابده‌ین. «کۆرس» هه‌رێمێکه له هه‌رێمه گرنگ و فراوانه‌کانی فه‌ره‌نسا و خاوه‌نی زمان وکەلتوورو جوگرافیا‌و مێژوویه‌کی تاقانه‌ی خۆیه‌تی. ده‌یان ساڵه بزووتنه‌وه سه‌ربه‌خۆخوازه‌کانی هه‌رێمی کۆرس له خه‌باتدان بۆ جیاکردنه‌وه‌ی له فه‌ره‌نساو له پێناوی ئه‌م ئامانجه‌شیاندا سه‌دان کرده‌ی تێرۆریستیان به‌رهه‌مهێناوه. گرفتی سه‌ره‌کی ئه‌و بزووتنه‌وانه له‌وه‌دایه که تا ئێستاش نه‌یانتوانیوه دانیشتووانی ئه‌و هه‌رێمه قه‌ناعه‌ت پێبکه‌ن که سه‌ربه‌خۆیی له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌واندایه‌و ده‌بێت له‌و پێناوه‌دا ئاماده‌ی هه‌موو قوربانییه‌ک بن. له عێراقیشدا هه‌رێمێک هه‌یه به‌ناوی کوردستان و ده‌یان پارت و گرووپی یه‌ک سه‌ده‌یی هه‌ن که کار بۆ سه‌ربه‌خۆی کوردستان ده‌که‌ن. راسته تا ئه‌مڕۆش، هه‌رێمی کۆرس و هه‌رێمی کوردستان سه‌ربه‌خۆنین و به دوو ده‌وڵه‌ته‌وه لکێنراون، به‌ڵام ئه‌وه‌ش راسته که له‌به‌رامبه‌ر شکستی گرووپه‌کانی هه‌رێمی کۆرسدا، گرووپه‌کانی هه‌رێمی کوردستان توانیویانه 98% خه‌ڵکی کوردستان قه‌ناعه‌ت پێبکه‌ن که به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان له سهربهخۆیدایهو له‌و پێناوه‌شدا به ده‌یان ڕووبار خوێن پێشکه‌ش به‌و سه‌ربه‌خۆییه بکه‌ن. له‌وه‌ش زیاتر، راسته کوردستان له‌سه‌ر ئاستی فیزیک سه‌ربه‌خۆ نییه، به‌ڵام به‌درێژایی یه‌ک سه‌ده له بیناکردنی یاده‌وه‌ری کۆلێکتیڤی کوردی له لایه‌ن بزووتنه‌وه ناسیۆنالیسته‌کانه‌وه، ئه‌مڕۆ کوردستان، له‌سه‌ر ئاستی شعووری، یه‌که‌یه‌کی ته‌واو سه‌ربه‌خۆیه له عێراق. ته‌نانه‌ت چاودێره نێو ده‌وڵه‌تیه ساده‌کانیش هه‌ست به‌وه ده‌کەن که کوردستان و عێراق زیاتر له دوو وڵاتی له‌یه‌ک جیا ده‌چن وه‌ک له وڵاتێکی یه‌کگرتوو. ئه‌مه ئه‌و تیپه تایبه‌ته‌یه له سه‌رکه‌وتن که ده‌کرێت ناوی بنێین سه‌رکه‌وتنی قه‌ناعه‌ت پێکردن.
بێگومان سه‌رکه‌وتنی کوردی به‌ته‌نیا بۆ پرۆگرامی سۆسیالیزاسیۆنی گرووپه ناسیۆنالیسته‌کان ناگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵکو پێوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆی به‌و مێتۆده زهبروزهنگاویهی که به درێژایی سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌غداد له‌گه‌ڵ کوردستاندا به‌کاری هێناوه هه‌یه. بۆ قه‌ناعه‌تپێکردنی جه‌ماوه‌ر، شکسته‌کانی به‌غداد له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و سه‌ربازی له کوردستاندا، هه‌میشه چه‌کێکی به‌هێزبوون به‌ده‌ست بزووتنه‌وه ناسیۆنالیسته ڕاپهریوهکانی کورده‌وه. کاتێک بزووتنه‌وه ناسیۆنالیسته‌کانی کۆرس وه‌ک کورده‌کان سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ستناهێنن، به‌شێکی زۆری له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که ده‌وڵه‌تی فه‌ره‌نسی توانیویه‌تی له‌سه‌ر ئاستی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی وئابووری و ته‌نانه‌ت سه‌ربازیش سه‌رکه‌وتن له نێو کۆمه‌ڵگه‌ی کۆرسدا به‌ده‌ست بێنێت. ته‌نانه‌ت ئه‌مڕۆ له فه‌ره‌نسادا هه‌رێمی کۆرس وه‌ک هه‌رێمی به‌هه‌شت ناو زهد ده‌کرێت. به‌ڵام کوردستانی به‌عس ته‌واو به پێچه‌وانه‌ی مۆدێلی فهرهنسیهوهیه.
هه‌روه‌ها ده‌بێت ئەم تێبینیه‌ش تۆمار بکه‌ین: ئه‌و خوێنه‌ی که له بریندارکردنی هه‌ستی ناسیۆنالیستیه‌وه ده‌چۆڕێت، هه‌مان ئه‌و خوێنه نییه که له بریندارکردنی هه‌ستی سۆسیۆ-ئیکۆنۆمیکی که‌سێک، گرووپێک یان چینێکی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه ده‌چۆڕێت. خوێنی یه‌که‌میان هێزێکی سیحراوی موعجیزاوی بۆ کۆکردنه‌وه‌و رێکخستنی جه‌ماوه‌ر هه‌یه. هێزێک که زیاتر له خرۆشان و شه‌پۆلی ئۆقیانووسه‌کان ده‌چێت، به‌ڵام ئه‌م سیحر‌و موعجیزه‌یه لای هێزی دووه‌م که‌متره. کاتێک تێرۆریسمی بزووتنه‌وه‌یه‌کی ناسیۆنالیستی وه‌ک به‌ره‌ی ڕزگاری جه‌زائیر سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست دێنێت و تێرۆریسمی که‌تیبه سووره‌کانی ئیتالی شکست دێنێت، به‌شێکی زۆری له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که یه‌که‌میان له خوێنی یه‌که‌مه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت و دووه‌میشیان له خوێنی دووه‌مه‌وه.
به‌شێکی به‌رچاوی گرووپه تێرۆریسته‌کانی عێراقی ئه‌مڕۆ ده‌یانه‌وێت له ڕێگای ستراتیژیه‌تی چاوی کامێراکانه‌وه و په‌خشکردنه‌وه‌ی چالاکیه تێرۆریستیه‌کانیان له‌سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه جیهانیهکان وه‌ڵامێکی دروست بۆ پرسیاری سه‌رکه‌وتن بدۆزنه‌وه. هه‌روه‌ها پێیانوایه، ئه‌و ستراتیژیه‌ته ڕێگای ململانێیه‌کی ته‌مه‌ن درێژیان بۆ خۆش ده‌کات. له خه‌یاڵدانی ئه‌واندا چاوی کامێراکان پشتیوانیی جه‌ماوه‌ریان بۆ دابین ده‌کات و ئه‌م پشتیوانیه‌ش ته‌مه‌نی خه‌باتیان درێژ ده‌کاته‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه تێبینی ده‌که‌ین پێچه‌وانه‌که‌یه‌تی. واته گرووپه تێرۆریستیه عێراقیه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌و پڕوپاگه‌نده بێسنووره‌ی که بۆ چالاکیه‌کانیان ده‌یکه‌ن و له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو چاوی کامێرایه‌ی که به‌سه‌ر چالاکیه‌کانیانه‌وه ئاماده‌یه، تا ئێستاش نه‌یانتوانیوه پشتیوانی جه‌ماوه‌ری بۆ خۆیان دابین بکه‌ن. باشترین نموونه‌ش هه‌ڵبژاردنه‌کانی 15 دیسه‌مبه‌ری 2005 بوو. پاش ئه‌وه‌ی چه‌ند گرووپێکی سووننی عه‌ره‌بی تێرۆریست داوایانکرد له خه‌ڵکی عێراق به‌گشتی وکۆمینۆتێی سووننه به‌تایبه‌تی به‌شداری هه‌ڵبژاردن نه‌که‌ن و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ریایه‌ک له خوێنیان لێکردن گه‌ربێت و به گوێیان نه‌که‌ن و به‌شداری بکه‌ن. ئه‌م بانگه‌وازه نه‌ک هه‌ر لای عێراقیه‌کان به ئیجابی وه‌ڵام نه‌درایه‌وه، ته‌نانه‌ت لای کۆمینۆتێی سووننه و به‌تایبه‌تتریش له لایه‌ن نووێنه‌رانی ئیسلامی سووننیهوه به‌توندی ره‌دکرایه‌وه. ڕۆژنامه‌ی الحياة یه‌ک رۆژ پێش هه‌ڵبژاردنه‌که، 14 دێسەمبەر 2005، به ناوونیشانێکی گه‌وره له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌م ده‌نووسێت:»هه‌زار زانای ئیسلامی سووننی فه‌تواده‌ده‌ن بۆ به‌شداریکردن له هه‌ڵبژاردندا «. له‌درێژه‌ی هه‌واڵه‌که‌یدا باس له‌وه ده‌کات که هه‌زار زانای ئیسلامی سووننی داوایان له عێراقیه‌کان کردووه به چڕی به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا بکه‌ن. رۆژی دواتر رۆژنامه‌ی لۆمۆندی فه‌ره‌نسی ده‌نووسێت که زیاتر له 12 ملیۆن عێراقی ده‌نگیاندا به حه‌وت هه‌زار وسه‌د و په‌نجاو پێنج کەس.
ڕاسته ئه‌و گرووپه عێراقیانه له ڕێگای خستنه سه‌ر ته‌له‌فزیۆنی چالاکیه‌کانیانه‌وه توانیویانه گه‌وره‌ترین دیعایه بۆ خۆیان بکه‌ن و گه‌ره‌نتی بۆ ده‌رکه‌وتنه یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کانیان بدۆزنه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ڕاسته که هه‌موو ئه‌و دیعایه و دهرکهوتنانهیان، نه‌یانتوانیوه پشتیوانیی جه‌ماوه‌ریان بۆ دابین بکه‌ن، پشتیوانیه‌ک که ببێته پانتایی یاخیبوونێکی جه‌ماوه‌ری به‌رفراوانی سه‌رتاسه‌ری.
* سۆسیۆلۆگ و مامۆستای زانکۆ لە پاریس