میلیتاریزەكردنی عێراقی فیدراڵی هەڵەیەكی دیكەی سیاسەتی حوكمڕانی

میلیتاریزەكردنی عێراقی فیدراڵی هەڵەیەكی دیكەی سیاسەتی حوكمڕانی
لەوەتەی ساڵی 2003 –وە،عیراقی فیدراڵ چەندین رووداوی گەورەی سیاسی بەخۆیەوە بینیوە، وێرای دەیان بڕیاری ئەوتۆ كە بنیادی تازەی عیراق دادەڕێژێت هەروەها ئاراستەی حەزو ویستی گەلانی عیراق دەست نیشان دەكات لە پابەندبوون بە فیدرالیەت و سیستەمێكی دیموكراتی،بەڵام سروشت و شێوەی ئەو بڕیارانەی دەسەڵاتی گواستنەوەو دواتریش دەسەڵاتی فیدراڵ لە بەغدا،بە پێی خواست و پێداویستییەكانی وڵات نەهاتنە ئاراوە، لەلایەك هەڵوەشاندنەوەی هەڕەمەكی دامەزراوەكان و نەبوونی ئەلتەرناتیڤی گونجاو بۆ ئەوەی شوێنیان بگرنەوە،كەلێنێكی ئیداری پەیداكردو ئەوانەیشی كە دانران بێجگە لە دەستدانە گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی وڵات، هیچی دیكەیان لێ چاوەڕوان ناكرێت.
ئەوەی زیاتر پەیوەستە بە سیاسەتی بەرگری لە عیراقی فیدراڵدا،بوونی چەندین هەڵەی زەقە لە سیستەمی بەڕێوەبردنی ئەم دەزگایە،بەتایبەتیش گرتنەبەری هەمان سیاسەتی رژێمەكانی پێشوو، ئەویش بریتییە لە بەحزبی كردنی سوپاو هێزی سەربازیی،راستە بە درێژایی مێژووی عیراق رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی حوكم هەوڵی زۆریان داوە كە ئەم دەزگایە بە حزبی بكەن و بۆ سەپاندنی دەسەڵات و هەژموونی خۆیان بەكاری بێنن،بەڵام هەمیشە هێزە نیشتمانییەكانی وڵات داوای بێلایەنیی ئەم سیستەمەیان كردووە تاكو بخرێتە چوارچێوە دەستوورییەكەی بۆ بەرگریكردن لە نیشتمان.
بۆیە هەموو لایەك درك بەوەدەكات كە چەندین جار سوپا بۆ قازانجی دەسەڵات خراوەتە شەڕەوەو دژی ویست و خواستەكانی میللەت بەكارهاتووە،تەنانەت لەچەندین شەڕی دۆڕراویشدا دژی پێكهاتەكانی گەل و شۆڕشە رزگاریخوازەكانی بەشداری پێكراوە،هەروەكو لە دەستدرێژی و پەلامارەكاندا بینیمان دەرحەق بە گەلی كوردستان لە دەیەكانی رابردوودا،دیارە ئەمڕۆش هەمان سیناریۆ دووبارەدەبێتەوە،دەستێوەردانی حزبی لە پێكهاتەكانی سوپا لەلایەن ئەو هێزو لایەنانەی دەسەڵاتیان وەرگرتووە ئەویش بە گۆڕینی بنیادی سوپاكەو بیروباوەڕی سەربازی و سیاسی شێوێنراو، هاودژە لەگەڵ ئەو سەركردەو فەرماندە دڵسۆزانەی خاوەن شارەزایی و توانای پیشەیی و زانستیی سەربازین،ئەوەی ئەمڕۆ لە عیراقدا روودەدات بریتییە لە كۆكردنەوەی خەڵك لە ریزی سوپایەك كە لە هەموو روویەكەوە كەموكوڕیی هەیە، هاوكات ئامانج تەنیا زیادكردنی ژمارەیەتی و بە هیچ شێوەیەكیش بڕوای بە كاركردنی پیشەیی نییە،بەكارهێنانیشی بۆ بەدیهێنانی مەرامی سیاسی و دژ بە پێكهاتەكانی گەل تەنیا ئەو مانایە دەگرێتەوە كە دەسەڵات بەرەو دكتاتۆریەت و تاكڕەوی هەنگاو هەڵدەگرێت و بۆ ململانێی سیاسی و تایفی بەكاری دێنێت كە خۆی لە خۆیدا پێچەوانەی ئەو دەستوورەیە كە گەلانی عیراق دەنگیان بۆ داوە.
شكست هێنانی رژێمی پێشوو نەبۆتە پەندێك بۆ ئەو دەسەڵاتەی ئەمڕۆ لە عیراق حوكمڕانە و دووبارە بوونەوەی هەمان سیاسەتە لە پێكهاتەی هێزی چەكدارو بەحزبیكردنی سوپایە بەوەی كە فەرماندەی گشتی هێزی چەكدار بانگەشەی بۆ دەكات گوایە كەموكوڕی و یاخیبوون و ناڕێكی لە نێو سوپادا هەیە بۆیە پێویستە بە شێوەیەكی وا رێكبخرێتەوە (لەبەرژەوەندی نیشتمان)دا بێت!ئەو هەڵە زەقانەی لە سیاسەتی بەرگری و بنیادی سوپا بەرچاودەكەون بریتین لە:هێنانی كەسانێك بۆ ریزی سوپا كە بڕوایان بە پیشەیی سەربازی نییە،پەیرەو كردنی گوتاری تایفی لە پرۆسەی دامەزراندن یان لە فەلسەفەی ئاراستەكردن و پلان و سیاسەتی كاركردنی سوپا،ئەمە وێرای بەرزكردنەوەی پلوپایەی كارمەندانی سوپا دوور لە مەرجە یاساییەكان بۆ نموونە بەر چەند ساڵێك كەسێكمان بە پلەی ملازم بینیوە،بەڵام لە ماوەیەكی كەمدا پلەكەی بەرزكراوەتەوە بۆ لیوا یان بەرزتر.سەرباری هێنانی كەسانی تایەفیگەر بۆ نێو سوپا كە دوورن لەسروشتی پێكهاتەی سوپاو ئامانجەكانی و پیشەییەكەیەوە، هێنانی كەسانێك كە لە حزبدا پلەیان بەرزەو دواتر پێدانی پۆستی بەرزی سەربازی، بۆیە چۆن دەتوانرێت پشت بەو جۆرە سوپایە ببەسترێت، لە هەمان كاتدا دوورخستنەوەی هەواڵگریی سەربازی و بواردان بە دزەكردنی بیانی بۆ ناو كاروباری سوپا، هەروەها مەشق و راهێنانی سوپا بە پێی بەرنامەو ئەجندای بیانی بە تایبەتیش كە دەبینین هەر بەخششێك یان كۆمەكێك لە هەر لایەكەوەبێت بە پیرییەوەدەچن و بەبێ هیچ مەرجێك یەكسەر گوێڕایەڵی دەبن،ئەویش لەبەر ئەوەی هیچ ستراتیژییەتێكی مەشق و پیشەیی لە سوپای عیراقدا بەرچاوناكەوێت كە لەگەڵ بیروباوەڕی سەربازیدا یەك بگرێتەوە،مامەڵەكردن لەگەڵ دەوڵەتاندا هێشتا لە شێوە تەقلیدییەكەیە كە زۆرجار لەگەڵ بەرژەوەندیی نیشتمانیی عیراقیدا یەك ناگرێتەوە پاساویش بۆ ئەوە گوایە بۆچوون و بیركردنەوەی رژێمی پێشووە لە مامەڵەكردن لەگەڵ نێوەندە نێودەوڵەتییەكاندا، بەڵام لە رووی سروشتیی پڕچەككردن و قەبارەو پێكهاتەی ئێستای سوپایشەوە،ئەوا هەموو عیراقییەك بە ئاشكرا بەو گەندەڵییە دەزانێت كە حكومەتی ناوەند لە پەنای كڕینی چەك لە وڵاتان دەستی داوەتێ وێرای ئەو هەموو پاروپوولەی كە لە ژێر ئەو بۆند و گرێبەستەسەربازییانەدا بە هەدەر دەڕوات، تەنانەت پەرلەمانی عیراقیش ئاگای لەم كەین و بەینە نییە وەك ئەو گرێبەستانەی بۆ كڕینی چەك لەگەڵ رووسیاو چیك بەم دواییە مۆری كردن.
حكومەتی عیراق لە هەڵەیەكی دیكەیدا بە جارێ پشتی لە هەندێ چەك و پێداویستییەكان كردووە و لێیان ناپرسێتەوە بۆ نموونە ئەو فڕۆكانەی كە لە ئێستادا لە هەندێ وڵاتدان و هی سەردەمی رژێمی پێشوون كە ئەمانە موڵكی ئەو وڵاتەن،دیارە بێدەنگ بوونیش لەسەر ئەم خاڵە گرنگە مەرامی تایبەتی خۆی لە پشتە،ئەو حكومەتە بە هیچ شێوەیەك خۆی لە هەندێ گرفتی چەكداری ناكاتە خاوەن، ئەو لەو هەموو میلیشیا چەكدارانە ناڕوانێت كە لە وڵاتانی دەوروبەرە چەكیان پێدراوەو مەشق و راهێنان دەكەن بێ ئەوەی لەرووی یاساییەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت بۆ نموونە سوپای مەهدی،تەنانەت لەم دواییەدا هەوڵی پڕچەككردنی هەندێ عەشیرەتیش دراوە و هەبوونی چەكیش لای هاووڵاتی بە شتێكی رەواو یاسایی لەقەڵەم دراوە،ئێستا حكومەتی ناوەند هەوڵ دەدات سوپا بۆ ئەركێكی دیكە بەكاربهێنێت ئەویش گوایە پشتیوانی كردنە لە هێزی پۆلیسی ناوخۆ،دیارە ئەمەش سەرپێچییە لە پیشەیی سوپاو ئەو ئەركە نیشتمانییەی بۆی دەست نیشانكراوە،لە هەڵە هەرە زەقەكان بەكارهێنانی سوپایە لەسەپاندنی ئەجندای لایەنی حزبی و سەرۆكایەتیی حوكم لە بەغدا بۆ رووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگە،لەلایەك وڵات تووشی دابەشبوون و لێكترازان دەچێت و لەلایەكی دیكەشەوە دەیانەوێت هێزی پێشمەرگە لە بودجەی فیدرالی دەربێنن،ئەو خاڵانەی ئاماژەمان پێكردن ئەوەمان بۆ روون دەكەنەوە كە پێویستە لایەنی یاسادانان چەندین مەرج و رێنمایی بەسەر حكومەتی فیدرالی بەغدادا بسەپێنن تاكو پێوەیان پابەند بێت لەو هەنگاوانەی كە دەیگرێتەبەر بۆ بنیادتنانەوەی هێزی چەكدار،دیاریكردنی رۆڵی فەرماندەی گشتی هێزی چەكدار بە بڕیارێك كە پابەند بێت بە راوێژكردن لەگەڵ سوپاسالار و وەزیری بەرگری و گەورە ئەفسەران لە كاتی جێبەجێكردنی هەر پلانێكی سەربازی نەك بكەوێتە ژێر كاریگەریی سەركردە سیاسییەكان،هاوكات قەدەغەكردنی كاركردن لە هەر حزبێكدا لەكاتی خزمەتی سەربازیدا و رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی بیروبۆچوونی تایفی و حزبی،لە هەمان كاتدا حكومەت رێگە بگرێت لە هاتنی میلیشیاكان بۆ ریزی سوپا بە هەر هۆیەك بێت و بواریش بدرێت بەو كەسانەی كە بە نیازپاكییەوە لە سوپادا خزمەت دەكەن،بەڵام نەك سوپاو پێكهاتەكانی بكرێن بە دەزگاگەلێك بۆ لەباوەش گرتنی نەخوێندەوارو بێكاران چونكە ئەو كاتە رێژەی بێكاریی داپۆشراو دروست دەبێت و زیانی لە قازانجی زیاتر دەبێت.بۆیە چاوخشاندنەوە بە پرۆگرامی مەشق و راهێنانی سوپا هەنگاوێكی گرنگە،هاوكات بەدواداچوونی پاكێجی پڕچەككردنی سوپا كە بە پێی هەندێ گرێبەستی خەیاڵی لە گەڵ وڵاتاندا لەسەری رێككەوتوون،لەسەر حكومەت پێویستە بەدواداچوونی ورد بكات بۆ ئەو كەسانەی ئێستا لە نێو سوپادان لەرووی رابردوویان و ئێستایان بە مەبەستی سوودلێوەرگرتنیان لە هەمان كاتیشدا دەبێ حكومەت چاو بخشێنێتەوە بە پۆست و پلەوپایەی سەربازیی فەرماندەو بەرپرسە باڵاكان لەگەڵ هەڵسەنگاندنی مووچەكانیان،پێویستە سوپای عیراق بە شێوەیەك ئامادەبكرێت یان بینا بكرێتەوە كە بڕوایەكی تەواوی بە پیشەی سەربازی هەبێت و ئەو ئامانجە ستراتیژییانەی جێبەجێ بكات كە لە پێناویدا دادەمەزرێت،بەڕێوەبردنی ستراتیژییەكانی تایبەت بە سیاسەتی بەرگری پێویستی بە دەزگایەكی بەتوانا هەیە كە بتوانێت لەم رەوشە ئاڵۆزەدا سوپا بە پێی پێوانەو ستایل و مۆدێلی بەرگریی جیهانی بنیاد بنێتەوە.بەڵام ئەگەر هەر لەسەر ئەو رایە سووربین و پێمانوابێت كە هێشتا لە سەرەتای پێكهێنانی سووپاداین ئەوا بە هەڵەدا دەچین چونكە نابێت لەبەر خاتری لایەنێك كە ئامانجی تایبەتی خۆی هەیە لایەنەكانی دیكە پشتگوێ بخات،گەلی عیراقیش هەوڵ دەدات لە ژیانێكی سەرفرازدا بێت، دەبێت ئەوانەی لەسەر كورسی حوكمن چاك بزانن كە هەر یەكێك بە هەڵبژاردن یان سازانی سیاسی بێتەسەر كورسی حوكم تا كۆتایی ژیانی هەربەردەوام نابێت بەڵكو لە هەڵبژاردنی داهاتوودا میللەت بڕیاری خۆی دەدات و ئەوكەسە هەڵدەبژێرێت كە بڕوای بە دیموكراسییەت و پێشكەوتن و ئاوەدانی و بووژانەوە هەبێت و سوپاش رۆڵی نیشتمانیی و جەماوەریی خۆی ببینێت و جارێكی دیكە بۆ بەگژاكردنی خودی میللەت بەكارنەهێنرێت.
*توێژەری ئەكادیمی زانستە سیاسیەكان
Top