زانكۆئەهلیەكان و چەند تێبینیەك

زانكۆئەهلیەكان و چەند تێبینیەك
لەبەر ئەوەی پێشتر لە یەكێك لە زانكۆ ئەهلیەكان ساڵانێك وەكوو بەرپرسی پێوەندیەكان ئیشم كردوە زۆر خۆم بەدوور دەگرت لەوەی لەم بارەیەوە هیچ بنووسم، بەڵام لەبەر چەند هۆیەك پێویست بوو ئەم چەند تێبینیە تۆماربكەم. یەكەم ئێستا مشتومڕی ئەوە لە ئارادایە سەرۆكایەتی هەرێم كار بكات بۆ ئەوەی زانكۆ ئەهلیەكانی كوردستان كە لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیری كوردستانەوە دانیان پێدانراوە، وەزارەتی رۆشنبیری بەغداش دانیان پێدا بنێت.
پێدەچێ مەسەلەكە وابەستەبوونی هەرێمە بە تەعلیمات و یاساكانی بەغداوە، لەكاتێكدا ئەوە واقیعەو ناتوانرێ نكووڵی لێبكرێت، تەنانەت ساڵی 2008 وەكوو نوێنەری زانكۆیەكی ئازاد و ئەهلی لە هۆڵەندا لە میانەی سەردانەوەمدا بۆ كوردستان، بە ئامادەبوونی دكتۆرە شوكریە رەسول كە ئەو كاتە ئەندام پەرلەمان بوو، چاوم بە دكتۆر ئیدریس هادی وەزیری خوێندنی باڵای ئەو كات كەوت و زۆر بە ڕوونی وتی ئەوان وابەستەی بەغدان و كەی وەزارەتی خوێندنی باڵای بەغدا دانی بەو زانكۆیانەدا نا، ئێمە كێشەمان نامێنێت.
بەهەرحاڵ من ئەتوانم زیاتر لەبارەی زانكۆ ئەهلیەكانی دەرەوەی كوردستان قسە بكەم كە بەزمانی عەرەبی و هەندێكیان بە كوردی خوێندكاری كورد و عەرەب وەردەگرن بەرانبەر بە بڕێك پارەی ساڵانەو بە سیستەمی خوێندنی لە دوورەوە دەخوێنن و كۆتایی ساڵ یان لە ماڵەوە یان ئەگەر لە رووی جوگرافیەوە لە بارەگای زانكۆكەوە نزیك بن، دەچن لە بارەگای زانكۆكە تاقیكردنەوەكان بكەن. ئەوەی دەمەوێت زیاتر لەسەری بدوێم، خودی زانكۆكان نییە، بەڵكو ئەو كەسانەن كە روو لەو زانكۆیانە دەكەن بۆ خوێندن، زۆربەیان لەبەر هۆی سیاسی یان ئابووری یان تایبەت بەخودی خۆیانەوە لە رابردوودا نەیانتوانیوە درێژە بە خوێندن بدەن، هەروەها لەبەر ئەوەی زمانی ئەو وڵاتەی دەرەوە باش نازانن تا تیای بخوێنن، بۆیە روو لەوجۆرە زانكۆیانە دەكەن. زانكۆكەش لەبەرانبەردا ساڵانە بڕێك پارەیان لێوەردەگرێت و مامۆستایەكیان بۆ دەستنیشان دەكات سەرپەرشتی خوێندنەكەیان بكات. هەتا ئێرە مەسەلەكە تاڕاددەیەك ئاساییە. بەڵام ئەوەی بەلامەوە ئاسایی نییە و هێشتا پێم قووت نادرێت، ئەوەیە كەوا زۆر كەس روو لەو جۆرە زانكۆیانە دەكەن، ئیمكانیەتیان هەیە بڕە پارەكە دەدەن، بەڵام هیچ مەرجێكی خوێندكارییان تێدانییە، زۆریان وەكو چاولێكەری و بە سوود بینین لەو ئاسانكاریە زۆرانەی بۆیان دەكرێ و بەسوود بینین لەوەی كە هیچ لێپرسینەوەیەكی رووبەڕوو نییە لەلایەن مامۆستاكەیەوە و دواجار پارەیداوەو بە پرەنسیپی كڕین و فرۆشتن بڕوانامەكەی دەست دەكەوێت، پاشان هەر ئەمانە ئەچنەوە كوردستان و بڕوانامەیەكی گەورە و گرانی بەكالۆریۆس، ماجستێر یان دكتۆرا لەگەڵ خۆیان دەبەنەوە و لە زۆربەی دامەزراوە و رێكخراو و لایەنەوە پێشوازییان لێدەكرێت و ئیشی باشیان دەستدەكەوێت و زۆربەی جاریش بەو بڕوانامەیە ئیشی حزبی وەردەگرن و لە حزبەكەدا گەورەدەبن.
لە كاتێكدا ئەو چەند ساڵەی كە لەو زانكۆیە ئیشم دەكرد، چەندجارێك كە یەكێك بووم لەو كەسانەی لە كاتی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵدا چاودێریی خوێندكارەكانم دەكرد، تیایاندا بوو كە تەمەن و نیوی منی هەبوو و كەسایەتی ناسراو بووە، بەڵام كتێبەكەی لەبەینی رانیدا دادەنا و لە كتێبەكەوە دەینووسیەوە. بەخۆم چەندین لێكۆڵینەوەی ماستەرو دكتۆرام بینیوە كە بەهای وتارێكی نووسەرێكی تازەپیاكەوتووی نەبوو، تەنانەت خاڵ و فاریزەی نەزانیوە بەكاربێنێت و، بە دانسقە پەراوێزی داناوە، جگە لەمانە لێكۆڵینەوە هەیە كە بڕوانامەی دكتۆرا و ماجستێری پێ وەرگیراوە كە سەدی حەفتا و هەشتای لە ئەنتەرنێـتەوە كۆپی و پاستە كردوە. ئێستاش پیتێكی دالیان داناوە و ئیشی باشیان دراوەتێ، لەدەرەوە و ناوەوەی كوردستان لە رێگەی حزبەكانەوە بوونەتە بەرپرس یان ئیشی باشیان پێ دەستكەوتوە..
بە بڕوای من حاڵی زانكۆ ئەهلیەكانی ناو كوردستان رەنگە بەیەك پلە باشتربێت، ئەویش ئەوەیە كە خوێندن تیایاندا بە سیستەمی رووبەڕووە، ئەگەرچی ئەوانیش بۆ هەموو چین وتوێژەكانی كۆمەڵگانییە بە یەكسانی، بەڵام لە خراپترین حاڵەتیدا هەبوونیان باشترە و دیاردەیەكی شارستانیە، ئەگەرچی تاچەند زانكۆكە ئەبێـت مەرجەكانی خوێندنی باڵا پەیڕەو بكات، دەبێت خوێندكارەكانیش بەهەمان شێوە هەموو مەرجەكانی خوێندكارێكی جیددیان تیابێت كە ڕێز لە خوێندن و زانست دەگرن. لە كۆتاییشدا مەسەلەكە تەنیا دانپیانانی رەسمی نییە بە بڕوانامەكانیاندا، چونكە لەهەموو حاڵەتێكدا خوێندكارەكە بڕوانامەكە وەردەگرێت، گرنگ جیدیەت و رەچاوكردنی مەرجە زانستیەكانە لە دەرچوواندنی خوێندكارەكان.
Top