گرنگی كۆنگرەی 13ی پارتی دیموكراتی كوردستان
December 13, 2010
وتار و بیروڕا
ئەم رۆڵانەی پارتی لە مەیدانی سیاسەتدا هەرچەندە جێی شانازیە، لە هەمان كاتدا بەرپرسیارێتیەكی گەلێك گەورەو گران دەخاتە سەر شانی حزبەكەمان.
ئێمە با باس لەو كارە باشانە نەكەین كە بۆ خەڵكی كوردستان بەجێمان هێناون، چونكە ئەوە ئەركی سەر شانمان بووە بەرامبەر خەڵكی كوردستان و عێراق، هەر بۆیە با هەڵسەنگاندنەكەش بۆ ئەوان بەجێبهێڵین. با باس لە موبادەرەكانی جەنابی سەرۆك بارزانیش نەكەین كە لە مێژوودا بەشانازییەكی زۆر گەورە تۆمار دەكرێت.
باس لەوە بكەین كە ئایا ئەو كێشانە چین كە كۆنگرەی 13 پێویستە هەڵوەستەیان لەسەر بكات و چارەیان بۆ بدۆزێتەوە و بەرنامەیان بۆ داڕێژێت. بۆیە لێرەدا بە پێوێستی دەزانم چەند خاڵێكی گرنگ بە بیر بهێنمەوە كە پێویستە لە كۆنگرەی 13 دا پەراوێز نەخرێن. جێی خۆیەتی ئەوەش بڵێم كە لە جێی تردا باسم لەم خاڵانە كردووە، بەڵام لەبەر گرنگیان هەندێكیان دووبارە دەكەمەوە:
- پێویستە كۆنگرە هەڵسەنگاندنێكی مەنتیقی و مەوزوعی بۆ سیاسەتی گشتی حزب لە هەرسێك بواری پارلەمانی، حكومی و حزبیی بۆ هەرێمی كوردستان بكات. بەواتایەكی دی هەڵسەنگاندنی ئەدای پارلەمانتاران و وەزیرەكانی حزبمان بكات بۆ هەر سێ كابینەی سێ، چوار و پێنج.
- پێویستە كۆنگرە میتۆد و میكانیزمی نوێ و سەردەمیانە پێشكەش بكات بۆ رێكخستنی حزبی. بە واتایەكی دی پێویستە ئێمە لە پاش ئەم كۆنگرەیە پتر ببینە حزبی پارلەمانتاریست و بیر لە سندووقی دەنگدان بكەینەوە، نەك تەنیا مەبەستمان بێت ژمارەی ئەندامانمان زۆر بێت. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە كۆتایی بە زیادەڕەوی لە بیرۆكراسی حزب بهێنین. واتە با بۆ دەركردنی بڕیارێك بە دەیان بازگەی ئیداری دانەنێین، چونكە بیرۆكراسیەت لە ئیدارەدا رێگە بۆ گەندەڵی خۆش دەكات.
- حزب دەبێت قوتابخانەیەك بێت بۆ پێگەیاندنی كەوادر بۆ پۆستی ئەندام پارلەمان، وەزیر، دیپلۆمات، پارێزگار، قایمقام و .. تا دێت. كە بەداخەوە تا ئێستا ئیش لەسەر ئەوە بە باشی نەكراوە. بۆیە پێویستە بیر بكەینەوە كە «ئایا ئەمە چۆن بكەین؟».
- پێویستە هەر وەك جەنابی سەرۆك دەفەرمووێت «بگەڕێینەوە سەر هەندێك لە ئەخلاقیاتی شۆڕشی ئەیلوول» و، خەڵكی خۆمان لەسەر مەبدەئی كاری خۆبەخش رابهێنین و، كۆتایی بە كەڵچەری تەمەڵی و بە پارە پاداشت كردن بهێنین كە لە ئێستادا بووەتە دیاردەیەك لە ناو حزبماندا.
- ژینگەپارێزی كە یەكێكە لەكۆڵەكەكانی رێبازی بارزانی، پێویستە وەك مەبدەئو وەك بەرنامە بچەسپێندرێت.
- پێویستە بەرنامەی روونمان لە بواری پەروەردە و تەندروستی و بیمەی كۆمەڵایەتی هەبێت. هەروەها موناقەشە لەسەر داڕشتنی قانونی كاری هەرێمی كوردستان بكەین.
- پێویستە ئیدارەیەكی مەحكەم و ئەكتیڤ بۆ راگەیاندنی حزب هەبێت بۆ ئەوەی كۆتایی بەم بەرەڵایی و بێ بەرنامەییەی راگەیاندنی حزب بهێنرێت. چونكە لە ئێستادا راگەیاندنی حزبمان جگەلەوەی لەفەوزادایە، بە هیچ جۆرێك دەوریشی وەكو پێویست نییە. هەروەها پێویستە بۆچوونەكانمان بە دەنگی بەرز بە خەڵكی كوردستان رابگەیەنین و، كۆتایی بە میدیای سێبەر بهێنین. چونكە هەروەك لە زۆر جێگەی دیكە ئیشارەمان پێداوە ئەوە بەهەدەردانی سامانی گشتیە.
- بە مەبەستی زیاتر چوونە ناو خەڵك و ئەكتیڤ كردنی حزبمان لە یەكە ئیدارییە لۆكاڵیەكاندا، پێویستە مەبدەئی سەركردایەتی پارێزگاكان و دەسەڵاتیان لە چوارچێوەی مۆدێلی لامەركەزیدا دیاری بكەین، وەك نموونەی ئەو سەركردایەتیەی سلێمانی.
- گرنگی بدرێت بە ئەنجومەنەكانی شارەوانی و پارێزگاكان.
- پێویستە مەسەلەی واستەو واستەكاری لە ناوحزبدا ریشەكێش بكرێت و، مەسەلەی ئیمتیازاتی حزبیش بە میكانیزمێك رێكبخرێت. بە واتایەكی دی حزب نابێت ببێتە كۆمپانیایەكی بازرگانی كە ئینسانەكان تیایدا سەرگەرمی پاراستنی بەرژەوەندی شەخسی خۆیان بن.
- پێویستە پێداچوونەوەیەك بەسەر سیاسەتی خۆمان بەرامبەر ئافرەت و گەنج بكەین، بە بەرنامەیەكی دیراسەتكرا و ئەوپەڕی كەڵك لە تواناكانیان وەربگرین بۆ بەشداری كردنی چالاكانەیان لە بەڕێوەبردنی كۆمەڵگەی كوردستان.
- پێویستە كاروبار و خزمەتگوزاریەكانی خێزانی شەهید و ئەنفالكراوەكان و پێشمەرگە دێرینەكانی ئەیلوول و گوڵان سیستماتیزە بكرێت.
- پێویستە گرنگیەكی زیاتر بە پارێزگای سلێمانی و گەرمیان بدرێت، چونكە ئێمە بەرامبەر ئەم دوو دەڤەرە كەمتەرخەم بووین، هەرچەندە بەشێكی ئەو كەمتەرخەمیە لە دەسەڵاتی خۆماندا نەبووە.
- پێویستە بیر لە میكانیزمی نوێ بكەینەوە بۆ تەعامولكردن لەگەڵ میدیای ئەهلی و ئۆپۆزیسیۆن، لەوێشدا مەبدەئی دانوستان بكەینە ستراتیژ.
- پێویستە ئۆفیسی (PR) ی حزب دابمەزرێت، واتە ئۆفیسی پێوەندییە گشتیەكان (بە عارەبیەكەی مكتب العلاقات العامە). چونكە حزبێكی سەردەمیانە نابێت ئۆفیسێكی لەو جۆرەی نەبێت.
- دواجار پێویستە گیانی كاری هەرەوەزی و تیم بەهێز بكرێت.
ئەوەی ماوە بگوترێت ئەوەیە كە پێویستە لە پێشدا سەرمایەگوزاری لەسەر حزبێكی بەهێز بكەین و كەمتر پەلەپەل لە بەدەستهێنانی پۆستی حكومیدا بكەین. چونكە ئەوە حزبە كە حكومەت پێكدەهێنێت، بۆیە تا حزب بەهێز بێت و بەشێوەی موئەسەسات كار بكات، ئەواحكومەتەكەشی بەهێز دەبێت و، حكومەتی موئەسەسات دەبێت. بەرەو كۆنگرەیەكی سەركەوتوو لە فەزایەكی هەڤاڵانە و بەرپرسیارانەدا..