لە رەمەزاندا نرخەكان بەرادەیەك روو لەهەڵكشان دەكەن بەقەد بەڕەكەش بەش ناكات

لە رەمەزاندا نرخەكان بەرادەیەك روو لەهەڵكشان دەكەن  بەقەد بەڕەكەش بەش ناكات
كێشەی بەرزبوونەوەی نرخی كاڵاو كەلوپەلەكان لەمانگی رەمەزان تەنیا تایبەت نییە بەعێراق و هەرێمی كوردستان، بەڵكو سەرجەم وڵاتانی ناوچەكەو وڵاتانی موسڵمان دەگرێتەوەو لەو مانگەدا روووبەرووی هەڵكشانێكی لە رادەبەدەری نرخەكان دەبنەوەو، حاڵەتەكەش بەردەوامی دەبێت لەگەڵ نزیكبوونەوەی جەژنی رەمەزان بارودۆخەكە ئاڵۆزتر دەبێت و دوای جەژنیش بازاڕەكان دووچاری بێبازاڕی و تا رادەیەك سستبوونی كاروچالاكی بازاڕ دەبنەوە. كۆنترۆڵكردنی خواست بەشێوەیەكی گشتی و هاوسەنگ بوونی خواست و خستنەروو بەشێوەیەكی گشتی لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو كارێكی ئاسان نییە بەو پێیەی ئەو وڵاتانە خۆیان لەخۆیاندا رووبەرووی قەیرانی ئابووری دەگمەنی كاڵاو كەلوپەلەكان بوونەتەوەو وڵاتانی بەرهەمهێن نین. كێشەی هەڵئاوسانی نرخەكان و بەرزبوونەوەی بەهای خزمەتگوزارییەكان لەسەر هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییانی كەم دەرامەت و مامناوەندی لە داهات تیژتر و كاریگەرتر دەبێت، بەو پێیەی ئەم توێژانە لەتوانایاندا نییە داهاتی تاكەكەسییان بەهاوشێوەی بەرزبوونەوەی نرخەكان روو لەهەڵكشان بكات بەڵكو بەو هاووڵاتییانە ناودەبرێن كە بەداهاتی دیاریكراو ناسراون، ئەمە جگە لەوەی لەهەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییان بەتایبەتی ئافرەتان بێكارن و ئەوەی تەمەنیشی گەورەیەو خانەنشینە خاوەنی داهاتێكی كەمە، ئەمە جگە لەوەی هەرێمی كوردستان خاوەنی بیمەی كۆمەڵایەتی و چاودێری تەندروستی و زەمانی كۆمەڵایەتی نییە و پێداویستییەكانی بواری تەندروستی بەرادەیەكی سەرسوڕهێنەر بەرز بۆتەوە، لەهەندێك حاڵەتتدا لەنرخەكانی وڵاتێكی پێشكەوتووی ئەوروپایی زیاترە.
بەمشێوەیە كەمی و دیاریكراوی داهاتی تاكەكەسی و هەژاری و بێكاری و نزمی مووچەی خانەنشینی و بەرزی نرخەكانی بواری تەندروستی و كەمئەندامێتی كە رێژەكەی لە كوردستاندا زۆرە هەمووی دەرئەنجامێكی مەترسیداری لێدەكەوێتەوە لەگەڵ هەڵئاوسانی نرخەكان كاریگەری خراپی بۆ سەر هاووڵاتییان و بواری گوزەرانی خێزانەكان قورسترو پڕ لەمەترسیدارتر دەكات، ناچار ئەو هاووڵاتییانەی كەم دەرامەتن و خاوەنی داهاتی كەم و مامناوەندین ناتوانن بەقەد بەڕەكەش پێیان راكێشن، چونكە پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیانیان بەتایبەتی لەو مانگە بەرزدەبێتەوە ناچار ملكەچی نرخە تازەكان دەبن. زۆرجار مەسەلەكە دەچێتە بواری كولتوورێكەوە كە هاووڵاتی كوردستانی ترسی لە كەمی كاڵاو كەلوپەلە خۆراكییەكان هەیە، ئەمەش وەكو حاڵەتێكی دەروونی لەئاكامی شەڕو گەماڕۆی ئابووری و دەگمەنی كاڵاكانەوە دووچاری بووە، بۆیە پێش هاتنی مانگی رەمەزان هاوڵاتییان دەستیان كرد بەكڕینی پێداویستییەكانیان و زۆرجار بەكۆ كاڵاكان دەكڕن، ئالێرەدا فرۆشیار و بازرگان كە بەدوای قازانجی خێراو دەستكەوتەوەن راستەوخۆ نەك تەنیا نرخەكان ناشكێنن كە پێشتر لەهەندێك بواردا روویدا بوو بەڵكو بەهاكانی بەرز دەكەنەوە بەرادەیەك لەگەڵ بەهاو نرخی راستەقینەی خۆیدا ناگونجێت، بەمشێوەیە لەمانگی رەمەزان بازاڕەكان دەبوژێنەوەو نرخەكانیش بەرز دەبنەوە.
ڕێگا چارەسەرەكان چییە ؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە كە لەگەڵ كەوتنەوەی هەر كێشەیەكدا راستەوخۆ هاووڵاتییان ئاراستەی لایەنی دەسەڵاتی دەكەن و چاوەڕێی ئەوەش دەكەن بەزووترین كات ڕێگا چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، راستە لە پیادەكردنی ئابووری بازاڕو تارادەیەك ئازادكردنی بازرگانی حكومەت ناتوانێت دەستێوەردانی راستەوخۆ بەدانانی نرخەكان بكات بەڵام لەسەرجەم وڵاتانی دنیا لەكاتێكی دیاریكراو بۆ مەبەستێكی دیاریكراو لەپێناو بەرژەوەندی گشتی دەستێوەردانی حكومەت بۆ ناو كاروباری بازرگانی و بازاڕ هەیە، بۆ نموونە لەم مانگی رەمەزانەدا دیاریكردنی نرخەكانی هەندێك كاڵاو كەلوپەل و مەوادی خۆراكی شتێكی ئاساییە، هاوكات لەم مانگەدا بەرزكردنەوەی هۆشیاری هاووڵاتییان بە ئاگاداركردنەوەیان بەكەمكردنەوەی خەرجییەكان و زێدەڕۆیی نەكردنیان كاریگەری خۆی دەبێت، لەمەش گرنگتر دڵنیاكردنەوەی هاووڵاتییانە بەوەی لەم مانگەدا كێشەی دەگمەنی لەنرخی كاڵاو كەرەستە خۆراكییەكان روونادات .
یەكێك لەو خاڵانەی كە لەئاكامی بەرزبوونەوەی نرخی كاڵاو كەلوپەل و كەرەستە خۆراكییەكان دەكەوێتەوە زیانگەیاندنە بەئابووری كوردستان، ئابوورییەك كە خۆی لەخۆیدا بەرهەمهێن نییەو واقیعێكی وایلێكەوتۆتەوە پارەو داهاتەكانی كوردستان بۆ دەرەوەی وڵات بچێت، چونكە لەگەڵ هەر بەرزبوونەوەیەكی نرخی كاڵاكان پارەیەكی زیاتر روو لەوڵاتانی دەوروبەرو جیهان دەكات و دەبێتە هۆی دابەزینی بەهای نرخی دیناری عێراقی، بۆیە پێویستە روو لەبەرهەمهێنان بكەین كە لەلایەك دەبێتە هۆی كۆنترۆڵكردنی بازاڕەكان و نرخ لەلایەكی ترەوە ئەو بڕە پارەیەی كە هاووڵاتییان دەیداتە فرۆشیارو بازرگان بۆ سوودی توێژێكی فراوانی جوتیارو كرێكارو بەرهەمهێن دەچێت.
لەم روانگەیەوە ناكرێت كۆنترۆڵی زانستییانەو باشی نرخەكان بكەین بێ ئەوەی كۆمەڵگایەكی بەرهەمهێن بین، چونكە كۆنترۆڵكردنی نرخەكان لە وڵاتانی دەوروبەرو لەلای بازرگانی دەرەوە كارێكی زەحمەتە، پێویستە كار بۆ بەهێزبوونی ژێرخانی ئابووری و پێشخستنی كەرتی بەرهەمهێن بكرێت ئەوجا روو لە مەسەلەی كۆنترۆڵكردنی نرخەكان بنرێت لەناوخۆو دروستكردنی كێبركێ لەنێوان بەرهەمهێنەرەكان و بازرگانەكان بدرێت بەوەی لەپێناو باشترین كوالێتی و هەرزانترین نرخ رۆحی كێبركێ دروست بێت و بەرهەمهێنانی كوردستانیش دەست بەژیانەوە بكاتەوە.

دكتۆر خالید حەیدەر
مامۆستای ئابووری لە زانكۆی سلێمانی
Top