گوڵان ئەزموونێكی رەسەنە

گوڵان ئەزموونێكی رەسەنە
خۆشحاڵم دوای 15ساڵی بەردەوام لە دەرچوونی گۆڤاری گوڵان بۆچوونی خۆم دەنووسم. بەڕای من لەم بۆنەیەدا جێگای خۆیەتی جارێكی دیكە ئاماژە بە ئامانجەكانی دەركردنی بدەمەوە. گۆڤاری گوڵان وەك ئەزموونێكی تازە لە ساڵی 1994 دەستیپێكرد و تازەییەكەشی لە رێباز و شێوازی دەرچوون و جۆری ستافەكەشیدا بوو. لە رێبازەكەیدا هەندێك تازەگەری هێنا و هەوڵیدا هەنگاوی یەكەم وەكو گۆڤارێكی ناڕەسمی بەڵام بە پشتیوانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، بەپێی توانا پابەندی مەبدەئی پیشەییبوونی رۆژنامەنووسیی بێ و بەخێرایی رووداوەكان بگوازێتەوە و ببووە مەكۆیەكیش بۆ بیروڕای جیاواز. لە هەمانكاتدا بە مەسئولییەتیشەوە مامەڵەی لەگەڵ بابەتەكانی خۆی دەكرد. بەردەوام بوونی ئەو گۆڤارە لە 1994 تا ئێستا كە دەكاتە 15 ساڵ شاهیدی ئەزموونێكی رەسەن و سەركەوتووە. ئەگەر گۆڤاری گوڵان پڕۆژەیەكی كاتی بۆ ئامانجێكی سیاسی دیاریكراو بایە، لەگەڵ هاتنەدی ئامانجە سیاسییەكە ئەو گۆڤارەش كۆتایی دەهات. وەكو زۆرلەو بڵاوكراوانەی كە دیومانە و ئێستاش لە مەیدانەكەدا دەیانبینین.

گوڵان لە هەموو قۆناغێكدا راستە مۆركی قۆناغەكەی پێوە دیاردەبوو، بەڵام خۆی دەگونجاند و رێبازی خۆی بزر نەدەكرد و هەمیشە چاوی لەوە بوو كە ببێتە گۆڤارێكی قورس و زیاتر نوخبەیی بێ، جیا لەوەی كە بایەخی بە كێشە كۆمەڵایەتی و هونەری و هەمە چەشنیەكانیش دەدا و لە پاشكۆی خۆیدا هەڵیگرتوون.
رەسەنایەتی رێبازی گۆڤاری گوڵان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بایەخدانی یەكەمی ئەو گۆڤارە كوردستان و كۆمەڵگای كوردستان و بزووتنەوەی سیاسی كوردستان بووە. هیچ كاتێك لە گۆڤاری گوڵاندا پەلاماردانی رەگەزە جیاجیاكانی كولتوری كوردستان جێگای نەبووتەوە بەڕێزەوە هەمیشە هەوڵی داوە گفتوگۆی هەموو شتەكان بكات. گوڵان لە گفتوگۆكردنداهیچ پیرۆزییەكی لەلای خۆی دانەناوە بەڵام هەرگیز شیعاری شكاندنی شتە پیرۆزەكانیشی هەڵنەگرتووە چونكە ئەوە لەگەڵ سروشتی كولتووری كوردستان زۆر گونجاوە. هەربۆیە دەبینی گوڵان جگە لە كاروباری سیاسی ئەمڕۆ، گرنگی زۆری بە رێبازە جیاجیاكانی بیری ناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان و لاباڵە سیاسیەكانی ناو بزوتنەوەی سیاسی دوای رزگاری و ناو حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان داوە، جگە لەوە گوڵان هەمیشە ئاوڕی لە بەسەركردنەوەی كاروباری بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان بە گشتی لەهەر چوار پارچەكەشدا و رەخنە یان رەزامەندی بابەتەكانی گوڵان بۆ بابەتێكی دیاریكراو هەمیشە لە گیانی هەستكردن بە مەسئولییەت بەرامبەر بە وڵاتە.
گوڵان هەمیشە بەرچاوی روون بووە پێویستە سەروەری ئەم وڵاتە هەبێت ئینجا دەتوانین باسی دیموكراسی و ئازادی بكەین، دەبێ سەربەخۆییمان هەبێت تاكو رەخنە لە دیاردە جیاجیاكانی ناو كۆمەڵگا و كولتوری وڵاتەكەمان بگرین.

ئەمڕۆ دوای 15 ساڵ دەبینین گوڵان هەنگاوێكی زۆری بەرەو ئەو ئامانجانە هاویشتووە كە ئێمە كۆمەڵێك گەنج لە ساڵی 1994 لەبەرچاومان بوو ئەویش ئەوەبوو ببێتە گۆڤارێكی سیاسی رێكوپێك و بەناز و دەوڵەمەند لە ناوەڕۆكدا. دەبینین ئەمڕۆ گوڵان وایلێهاتووە، یەكێكە لە گۆڤارە جوانەكانی ئەم وڵاتە، لە رووی تەكنیكی و ستافەوە لە نوێ و، گەنج كاری تێدا دەكەن هەر لە سەرنووسەرەوە تا دەگاتە رۆژنامەنووسەكانی دیكەی، لە هەمان كاتدا لەرووی تەكنیكی چاپیشەوە لە ریزی گۆڤارەكانی ئەم سەردەمەیە و بووەتە گۆڤارێكی سیاسی و فكری هاوكات لەگەڵ رووداوەكانی هەفتە.

گۆڤارێكی لە پێشەوەیە، بۆیە لەم بۆنەدا سوپاسی ئەو كەسانە دەكەم كە لە ساڵی 1994 لەگەڵ من دەستیان بە دامەزراندنی ئەم گۆڤارە كرد و هەموومان بە شێوەی جیاجیا دەورمان هەبووە لەدامەزراندنی، لەوانە بەڕێز بەدران ئەحمەد و بەڕێز فیصل دەباغ و بەڕێز بێوار عەبدولرەحمان. ناشتوانم لە رووی كاروباری هونەری و دیزاینەوە باسی دەوری هونەرمەند محەمەد ساڵەیی و بەڕێز محەمەد قادر نەكەم. لە كۆتاییدا دەستخۆشی و پیرۆزبایی لە سەرنووسەری ئێستا و و نووسەر و رۆژنامەنووسەكانی هاوكاری دەكەم و هیوادارم ئەوان گۆڤاری گوڵان بكەنە سەرەتا بۆ پڕۆژەیەكی گەورەتر و لە مێژووی وڵاتەكەماندا تا ئەو كاتەی كە دەكرێ بمێنێت و بەردەوام بێت.
Top