زێهنیەتی خۆسەپێنی بەغدا هاریكارە بۆ داعش و میلیشاكانی تر..

زێهنیەتی خۆسەپێنی بەغدا هاریكارە  بۆ  داعش و میلیشاكانی تر..


كاتێك سیاسییەك و سەركردەیەك بریار و هەڵسەنگاندن بۆ بابەتێكی گرنگ و ستراتیژی و هەستیاری وڵاتەكەی دەدات بە تایبەت لە كاتی جەنگ و هەرٍەشەی تیرۆر و قەیرانەكاندا ، پێوستە ئەزموون و زانایەكی زۆری هەبێت و نەكەوێتە ژێر هەست و سۆز و لووتبەرزی بەڵكو پێوستە هەردەم وردبینانە و لۆژیكانە بریار بدات ، عێراق و سەركردەكانی لە ماوەی سەد ساڵی رابردوو، گیرۆدەی سەركردە و كەسانێك بوونە كە بێجگە لە زێهنیەتی خۆسەپاندن ، تاكڕەویی و جەنگ و دیكتاتۆری لە هیچ قۆناغێكدا لە پێناو بەرژوەندی عێراقی بە زۆر دروستكراوە و پێكهاتەكانی نێویدا هەوڵیان نەداوە ، بەڵكو بەردەوام هۆكاری نەهامەتی وماڵوێرانیی بوونە و هیچ كات خوێندنەوە ژیرانە و لە خەمی ئایندە نەبوونە بەڵكو هەست وغرووریان زاڵ بووە بە سەڕ راستییەكاندا .
بەتایبەت ئەگەر باسی 18 ساڵەی حكومڕانی عێراق و بەدیاریكراویی رووداوەكانی 7 ساڵی رابردوو نێو عێراق و شێوازی مامەڵەكردنی دەسەڵاتدارانی عێراق بكەین ، ئەوا ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگرمان بۆ ئاشكرا دەبێت ، ئەویش شكستی دەسەڵاتدارانی عێراقە لە چۆنییەتی بەرێوەبردن و پاشگوێ‌ خستنی رۆحییەتی پێكەوە ژیان و دیموكراسی و یەكتر قبووڵكردن و جێبەجێكردنی دەستوور و باوەر نەبوونە بە فیدراڵی و بنەماكانی هاوبەشی كە عێراقی تووشی گەورەترین هەڕەسهێنان وبەردەوامی شەڕی قوڵی مەزهەبی و تایفی و سەر و ئینجا بۆشایی ئەمنی و پاشاگەردانی و حكومێكی میلیشایی و دارستانی كردۆتەوە كە تا بە ئەمڕۆ هەموو دانیشتیوانەكەی ئەو دەوڵەتە دەستكردە بەدەستییەوە دەناڵێن و هیچ وەلا وخۆشەیستییەكیان بۆ نییە .
سەرهەڵدانی داعش و ئینجا بە پاساویی پاراستنی عێراق دروستكردنی دەیان هەزار میلیشا بە ناوی مەزهەبگەرایی و ئینجا پەلەكردنی حكومرانانی عێراق و بەدیاریكراویی حەیدەر عیبادی كە راگەیاندنی غروورئامێز و نالۆژیكانەی بە كۆتایی هاتنی رێكخراویی تیرۆریستی داعش و دواتر بە خێرایی پیلانگێری و پەڵاماردانی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە پێناو خۆسەپاندن و دەسەڵاتی تاكڕەویی وایانكرد كە ، نەك عێراق بە گشتی بەرەو خراپترین دۆخ هەنگاو بنێت بەڵكو هەموو ئەو بۆشاییە ئەمنیی و هێرش وپەڵاماردانە تیرۆریستیانەی چ لە لایەن داعشی تیرۆریست و گروپە میلیشاییەكانی تر بەناوی حەشد وهێرش بۆ سەر هەولێری پایتەختی كوردستان و سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و ئینجا سەرباز و پۆلیسی فیدراڵی ئاماژەیەكی روون وئاشكرایی نالۆژیكی و نابەرپرسیاریەتیی و كاڵبوونی حكومڕانانی عێراقە ، چونكە ئەوان بەبێ بەهەند وەرگرتنی ئەوەی كە لە زۆر ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و عیراق هێشتا گروپی جۆراوجۆر هەن و كارە تیرۆریستییەكانیان بەردەوامە، كەچی تەپڵی سەركەوتن لێدەدەن.
ئەو هێرش و پەڵاماردانانە، تا بە ئێستا دەیان قوربانیی و كوژراویی لێكەوتۆتەوە ، كە بەدڵنییاییەوە، هۆكاری سەڕەكی هەڵسوكەوتی نابەرپرسانە و زێهنیەتی خۆسەپێن و نەزانانەی حكومڕانانی عێراقە، بەتایبەت كە سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان و سەرۆك مسعود بارزانی چەندین جار و بەئاشكرا هۆشداری دایە ، وڵاتانی زڵهێز بەتایبەت ئەمەریكاو عێراق لە بارەی بوونی ئەو هەرٍەشە رژدانە ، جێگەی سەرسورمانە كاتێك دەسەڵاتدارانی عێراق بە كاتێكدا رۆژ بە رۆژ ئەو هەڕەشە و مەترسیانە روویان لە زیادبوون كردووە ، بەڵام بە هۆی زێهنیەتی خۆپەرستانە و لە پێناو بەرژوەندی و پۆست وپایەت و بەردەسهێنانی كورسی لە هەڵبژاردنەكان ئەو مەترسیانە و هۆشداریی دانەكانی هەرێمی كوردستان لە بارەی تیرۆر و دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لەناوچەكە بە هەند وەرنەگیرێت .
لە ماوەی رابردوو، جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش و گروپە میلیشاكانی تر بەتایبەت لە ناوچەكانی سنووری كەركووك و شەنگال و دەركەوتن وهێرشەكانیان روویان لە زیادبوون كردووە ، بۆیە، ئەوە هەڕەشەیەكی گەورەیە لە سەر هەموو عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە ، نەبوونی هەماهەنگی و ئاسایی نەكردەوەنەوە رەوشی ئەو ناوچە جێ ناكۆكانە و بوونی میلیشای حەشدی نایاسایی و داعشی تیرۆریست ، وادەخوازێت كە هەموو هێزەكانی پێشمەرگە بكەونە ئامادە باشییەوە و عێراقیش بە هۆش بێتەوە چونكە ئەو مەترسیانە تەنها بۆ سەر كورد و كوردستانییەكانی ئەو ناوچانە نییە ، بەڵكو لە سەر هەر موو عێراقە .
بۆیە، تا زێهنیەتی حكومرٍانی بەغدا بە ئاڕاستەی خۆپەرستانە بروات و رێككەوتنی ئاسایی كردنەوەی بارودۆخی شەنگال تا كەركووك نەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و هەماهەنگی پێشمەرگە و سوپای عێراق نەچنە بواری جێبەجێكردنەوە ، ئەوا داعش و گروپە میلیشاكانی تر سوود لەو بۆشایی گەورە ئەمنییە وەردەگیرێت بۆ پەڵاماردانی هێزەكانی پێشمەرگە و سوپا و پۆلیسی فیدراڵیی . چونكە داعشی تیرۆریست لەناونەبراوە و ئێستا گروپە میلیشا نایاساییەكانی تر زیادبوونە ئەوەش هەڕەشەیەكی گەورەیە لە سەر هەموو ناوچەكە .

دەبێت هەڵبژاردنی داهاتووی عیراق وا نەكات حزب و لایەنەكان خەریك بكات بە ململانێ زیانبەخش بۆ بەدەستهێنانی كورسی، داعشییەكان سوود لەو دۆخە نائارامییانە وەردەگرن و كارە تیرۆریستییەكانیان دەكەن، ئەگەر سەیری جموجۆڵی تیرۆیستان بكەن، شێواز و تەكتیكی دیكە و تەكنیكی سەربازیی پێشكەوتوتر لە دژیان بەكار بهێنن، بۆیە، ناكرێت عێراق نابەرپرسیارانە مامەڵە بكات و ژیان و سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەكە بە خۆ دزینەوە لە ئاساییكردنەوەی و گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان مەترسیدارە و تا داعشێك و میلیشایەك مابێت عێراق و ناوچەكە هەست بە ئاسوودەیی وئارامی ناكات و پێوستە بەهەموو تواناوە ئامادە و رووبەرووی ئەو مەترسیانە ببینەوە .
Top