بوونی میلیشاكانی حەشدی مەترسین بۆ سەر سەقامگیری ، متمانە لە عێراق ..

بوونی میلیشاكانی حەشدی مەترسین بۆ سەر سەقامگیری ، متمانە لە عێراق ..


دوای تێپەڕبوونی 18 ساڵ بەسەر كۆتاییهاتن و ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق، پێشهاتە سیاسییەكان كۆمەڵێ گۆڕانكارییان بەدوای خۆیاندا هێنا، گرنگترینیان: دیاردەی ناسەقامگیریی سیاسی و نەبوونی ئاسایش، بەردەوامیی ناكۆكی لەناو دەوڵەت، بەش بەشی تائیفەگەری و قەیران و تەنگژە سیاسییە توندەكان. ئەمانە دەرەنجامی كۆمەڵێك پرس بوو، لەوانە: گرێدراویی نەرێنیی كۆمەڵگە بە بۆماوە مێژوویییەكانەوە، لاوازیی كەلتووری فرەیی و فرەڕەنگی، زاڵبوونی بەرژەوەندیی تەسك و لایەنگیریی لاوەكی لەسەر بەرژەوەندیی گشتی، نادادپەروەری لە دابەشكردنی داهاتی دەوڵەت، لێكدانەوەی هەڵەی ئایین ومەزهەب و خستنەكاری لە خزمەتی بەرژەوەندییە سیاسییەكان و دەستێوەردانی دەرەكی و كاریگەرییەكانی، هەموو ئەو هۆیانە و هی تریش، بوونە مایەی شكستی حكوومەت و، قەیرانی تری بەدوادا هات بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت.
بۆیە ئەنجامی كۆتاییی هەموو ئەم كارانە، هاتنی داعش بوو بۆ عێراق و، هەروەها دەسەوەستانی هێزەكانی ئاسایش بەرامبەریان. لەبەر ئەوە، بە ڕەچاوكردنی ئەم هەموو پرسانە لەژێر ئاسەواری هەرەسهێنانی خێرای سوپای عێراق بەرامبەر جەنگی چەتەكان بە دەستی ڕێكخراوی داعش‌، بووە مایەی لەدایكبوونی حەشدی شەعبی لە ساڵی 2014 لە سەروبەندی ئەم دۆخە قەیراناوی و تەنگژاوییەی عێراقدا؛ حەشدی شەعبی لە 13/6/2014 لەسەر فەتوای مەرجەعی گەورەی شیعەكان "ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی" بۆ شەڕكردنی داعش دامەزراوە. ئەم حەشدە هێزیكی نانیزامی و ناسەربازییە و، تەنیا لە كەسانی شیعەمەزهەبی شۆڤێنی و توندرۆ پێك هاتوون. هەروەها تێچوو و خەرجیان بە دەیان ملێون دۆلاری ئەمریكی دەخەملێنرێت .
ئەم گرووپە وەك هێزێكی زیادەی هاوكار بۆ سوپای عێراقی و هێزە ئەمنییەكان و، بە هۆی بێتواناییی هێزە عێراقییەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بە شێوەیەكی تایبەت، پێك هێنرا. ئەم ڕێكخراوە تیرۆریستییە بە یەكێك لە مەترسیدارترین قەیرانەكان دادەنرێت كە ڕووبەڕووی عێراق بۆتەوە. هۆكاری كۆتایی بریتی بوو لە زیادبوونی هەژموونیی هێزی شیعە لەسەر حسابی هێزی سوننەی عێراق.ئێستا كەحەشدیش بوون بەچەند بەشێكەوە هەندێكیان وابانگەشە دەكەن كەپابەندی بریارەكانی یٔێران نابن. بۆیە هیچ گرەنتییەك نییە كەیٔەم گروپانە. هێرشی تیرۆریستی نەكەنە سەر ئەمریكا و هاوپەیمانانی ؛ لەكاتی ئەنجامدانی هێرش بۆسەر بنكە و باڵیۆزخانەكانەی ئەمریكا و هێزەكانیان و ئینجا هەڕەشە و مووشەكباران و كاری تێرۆرستی یان لە سەر ئاستی عێراق و سوریا و هەرێمی كوردستانیش بەردەوامە .
لەلایەكی ترەوە، ئەو گروپ و میلیشایا، دەستیان بە سەر چەندین دەروازی سنووری نێودەوڵەتییدا گرتووە و كە دەیان میلیارد دۆلاریان دەست دەكەوێت و ئەو پارە و ئیمكانییەتانە بۆ ئەنجامدانی كارە شارٍەوا و تیرۆریستیەكانیان لە عێراق و ناوچەكە سوودی لێودەگیرێت و بە بێ‌ ئەوەی هیچ پرسێك بە حكومەتی عێراق بكەن وحیسابیان بۆ بكەن .
حەشدی شەعبی ڕێكخراوێكی چەكداریی نزیك لە ئێرانە. كە پێكدێت لە 42 گروپی چەكداری شیعی كە زۆربەی گرووپەكان ئەندامەكانی ڕێبەرایەتییان لە ئێران ژیاون. ئەگەر لە ڕەهەندی ئایینییەوە سەیری حەشدی شەعبی بكەین، ئەوا دەبینین كە زۆربەی ڕێكخراوەكانی ناو حەشدی شەعبی لە بواری ئاییندا پەیڕەوی لە "عەلی خامنەیی" دەكەن. بیجگە لەوەی كە بەشێكی زۆری چەكی دەستی حەشدی شەعبی، چەكێكە لە كارگەكانی چەكسازیی "سوپای پاسدارانی ئێران"ەوە دروست دەكرێت؛ ئەوەیش دەری دەخات كە لە نێوان ئێران و گرووپەكانی حەشددا پەیوەندیی ڕاستەوخۆ هەیە.
لەكاتی دەستبەكاربونی مستەفا كازمی؛ وەك سەرۆك وەزیرانی عێراق؛ گەورەترین كێشە و ئالنگاری بەردەم كابینەكەی میلیشیا و گروپەكانی حەشدی شەعبی بوو؛ بەتایبەتیش كە ئەمەریكا پاڵپشتی بەهێزی كازمیە و گروپەكانی حەشدیش زیاتر ولایان بۆ ئێران هەیە تا عێراق؛ یٔەمەش دەبووە گەورەترین ئاستەنگی بەردەم كازمی؛ كەدەبوو نەك هەرخۆی بۆ ئەمریكییەكان یەكلای بكاتەوە؛ بەڵكو دەبوو ئەو میلیشا و گروپە توندرۆیانەی حەشد بێ‌ چەك بكات ؛ یان بەتەواوەتی و بەتەواوەتی دەستی ئێران یان لێ‌ ببڕێ لەو گروپانە و لە عێراقیشدا؛ بەڵام ئەم ئاڵنگارییە وەك خۆی ماوەتەوە و ئێستا ژمارەیەك لە گروپ و میلیشایانەی حەشد بە چەك و مووشەك؛ بەگێچەڵكردن بەباڵیۆزخانەی ئەمەریكاو هاوپەیمانا؛ خەریكە عێراق دەگەیەننە قۆناغی كۆتایی و رەوشێكی مەترسیداریان خۆلقاندووە و كە دەخوازێت ئەمەریكا و هاوپەیمانانی سنوورێك بۆ ئەو كارە تیرۆریستیانەی دابنرێت كە بوونەتە هۆكاری ناسەقامگیری ناوچەكە وزیانگەیاندن بە بەرژوەندییەكانی ئەمەریكاو هاوپەیمانانی.
Top