بۆ چی تەبایی و كوردستانی بەهێز پێوستە ؟!..

بۆ چی تەبایی و كوردستانی بەهێز پێوستە ؟!..


مێژوویی هەڵسوكەوت و مامەڵەكردنی حوكمڕانانی عێراق لە ماوەی سەدەی رابردوو، بەرانبەر بە مافەرەواكانی گەلی كورد روون و ئاشكرایە و زێهنیەتیان هیچ گۆرانكارییەكی بە سەر دا نەهاتووە و ئەگەر، هەڵوەستە لە سەر 18 ساڵی رابردوو و ئینجا ساتە وەختی دەستبەكاربوونی یەكەم سەرۆكوەزیرانی عێراق بەكەین تا بەوەی ئەمرۆ دەگات، كە پێشنیار كراوە بۆ ئەو پۆستە، هیچ كام لەوانەی كە ئەگەر لە سەردەمی ئۆپۆزسیۆن پەیوەندییەكی باش یان لەگەڵ پرسی كورد هەبوو و رەوایی تەواویان پێدەدا ، دوابە دوای گرتنە دەستی دەسەڵات بینیمان كە لە هەموو ماددە دەستوورییانەی پەیوەندیی بە دۆزی كورد و گەڕانەوەی متمانە و نیازپاكیی دەسەڵات هەیە خۆیان كشاندنەوە ؛ هەر لە دۆسییەی نەوت و پێشمەرگە و ماددەی 140 و چەندین ماددەی تر، كە پەیوەندی بە رۆحی بنەما سەرەكییەكانی دەستوور و شەراكەت وسازانەوە هەبوو.
دەسەڵاتدارانی بەغداش بەوەشەوە نەوەستان تا كار بۆ دەستێوەردان و تێكدانی تێكدانی نێوماڵی كورد بكەن و دوای هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی یاسایی و دەستووری هەرێمی كوردستان بكەن وەك ئەوەی رابردووی گەلی كورد وخەبات و قوربانیدانیان فەرامۆش كرد بێت ، بەتایبەت لە دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی 25/9/2017 ، كە بینیمان چۆن هێزی میلیشایی و تانكی پێشكەوتوویی سەربازی وەرگیراو لە ئەمەریكا و هاوپەیمان و میلیشایی وڵاتانیان دژ بە هەرێمی كوردستان جوڵاند بەمەبەستی داگیركردنی ئەو ناوچە كوردستانییانەی كەوتوونەتە دەرەوەی هەرێمی كوردستان و دواتر بە دڵنیاییەوە تەواوی هەرێمی كوردستان كە مەڕامی گەڵاویان بوو.
بۆیە، دەتوانین بڵێین كە پاشەكشەی ئەقڵی سیاسی عێراقی لە بەرامبەر بنەماكانی دەستوور و خواستی خەڵكی كوردستان ئەو راستییە دەردەخەن، كە چیتر دەستووریش جێگەی متمانە و دڵنیایی نییە بۆ كورد. ئەگەر چی گەلی كورد قوربانی زۆری دا لە پێناو بونیاتنانی عێراقی دیموكراسی و فیدراڵی و دەستووری ئێستای عێراق زامنی پێكەوە ژیانی ئاشتییانە و پارێزگاری كردنە لە مافەكانی كورد لە هەرێمی كوردستان، وەك قەوارەیەكی دەستووری. بەڵكو، ئاماژەكان ئەوەمان نیشان دەدەن كە لە سەردەمی نوری مالیكی یەوە، چۆن كار لەسەر بچووككردنەوەی بەشداری و رۆڵی كورد وقەوارەی هەرێمی كولادستان دەكرێت .
لە ڕووی سیاسەتی و دیپلۆماسییەوە چ لە سەر ئاستی ناوچەیی وچ نێو دەوڵەتییشەوە، ئەگەر پێداگیری و خۆڕاگریی سەرۆك بارزانی نەبووایە و پلان و بەرنامەی دروست و ژیرانەی سەرۆكایەتی هەرێم و حكوومەتی هەرێم نەبووایە، دەكرا بڵێین نا ئومێدییەكی گەورە باڵی بەسەر گەلی كورد و دۆزە رەواكەیدا دەكێشا.بۆیە، دوای ئەو هەموو ئاماژانە و هەڵسووكەوتانەی دەسەڵاتدارانی بەغدا لە ماوەی 18 ساڵی رابردوو ئەزموونمان لەگەڵ دەسەڵاتی بە ناو فیدراڵی عێراق و، مامەڵە لەگەڵ ئەو زێهنیەتە بە فەرمانی وڵاتانی ئیقلیمی و شۆڤێنی مەزهەبی وزمانی چەك وئاگر وڵات بەڕێوە دەبات، لە پێش هەموو هەنگاوێك، ریزەكانی خۆمان رێك بخەین و ماڵی كورد لە پەرتەوازەیی رزگار بكەین؛ جا چ بە ئەگەری پێكەوە ژیان و چ لێك ترازان.
بانگەوازی و كۆبوونەوەكانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی رابردو و ئێستاشدا ، لەگەڵ سەرجەم هێزولایەنەكانی كوردستان، مایەی خۆشحالی و دەستخۆشی و ئومێد بەخشە كە سەركردایەتی سیاسیی كورد بەو ئاراستەیە هەنگاو بنێت. لە بەرامبەر بەغدا یەك دەنگی و یەك ریزیمان پتەوتر بكەین و، لە ئەگەری هەر گۆڕانكارییەكیش، هەر یەك ریز و یەك بریار دەمانگەیێنێتە ئامانج و گەڕانەوەی متمانەی جەماوەر وەك دڵنییاییەوە بۆ پاراستنی گشت دەستكەوتەكان و قەوارەی هەرێمی كوردستان و داكۆكیكردن وچەسپاندنی گشت مافەرەواكانمان.
Top