سێ دەیە دوای ڕاپەرین وئێستای كوردستانی بەهێزتر ..
March 31, 2021
وتار و بیروڕا
گەلی كورد وەك نەتەوەیەكی ڕەسەن وخاوەن شوناس و دیرۆكی تایبەت بە خۆی لە ماوەی سەد ساڵی رابردوو، چەندین شۆڕش و ڕاپەرینی لە دژی داگیركەرانی كوردستان كرد تا شكۆ وسەروەری و خاكی داگیركەراویی بەدەست بهێنێتەوە ، بۆیە، لە پێناوەدا هەزاران پێشمەرگە، رۆڵەی قارەمانی ئەم كوردستان خوێن وگیانیان فیدای سەربڵندی گەل ونیشتیمانەكەیان و رزگاری خاكەیان كرد تا گەیشتنە قۆناغی ئەمڕۆی كوردستانێكی بەهێز، سەقامگیر وپێكەوەژیانی ئاشتیان و كیانێكی دەستووری و یاسایی .
ئەمڕۆ لە كاتێكدا یادی ڕاپەرینی 5ی ئازاری 1991 دەكەینەوە ، كە ناوچەكە وعێراق بە قۆناغێكی زۆر هەستیاردا گوزەر دەكەن ، بە هۆی سەڕەرۆی و پەڵهاویشتوویی هەندێك لە وڵاتانی ناوچەكە ، ئەو ناوچەیە بەردەوام بۆنی ئاگرو بارووتی لێدێت ، لەگەڵ هەموو ئەو ناسەقامگیری و شڵەژاوییانەدا ، كە كاریگەرییان لە سەر هەرێمی كوردستان وەك كیانێكی دەستووریش هەبووە ، بەڵام سەركردایەتیی سیاسی كوردستان زۆر بە شێوەیەكی ژیرانە مامەڵەی لەگەڵ رووداو و پێشهاتەكانی دەوروبەری كردووە لە پێناو پاراستنی دەستكەوتەكان لە لایەك و لەلایەكی تریش داكۆكیكردن لەو مافانەی كە دەیان ساڵە رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق خۆیان لە گەڕاندنەوە و جێبەجێكردنی دەدزنەوە .
ڕاپەرینی بەهاری 1991 رۆژێكی مێژوویی و گرنگی گەلی كوردە، كە خەڵكی ئازار چێشتوو و ستەملێكراویی كوردستان بە هێزوبازوی خۆیان توانییان رووبەرووی دڕندەترین رژێمی دیكتاتۆری ببنەوە و سایەی تاریكی و ستەمكاری لە سەر هەموو خاكی كوردستان ڕاماڵن و وانەیەكی گرنگ بدەنە داگیركەرانی كوردستان كە بۆ هەتا هەتایە، خاكی كوردستان ژێر دەست نابێت و ڕەتی دەكاتەوە .
بەدرێژایی دەسەڵاتی رژێمی بەعس ،نەتەوە و پێكهاتەكانی ئەو دەوڵەتە دەستكردە تووشی نەهامەتی زۆر گەوەر بوونەوە ، گەلی كورد وەك دووەم گەورە نەتەوە لە سەر ئاستی عێراق بە هۆی پێداگری لە سەر مافەرەواكانی تووشی ستەمكاری زۆر هەر لە زیندە بەچاڵكردن ، زیندانیكردن و برسیكردن ، ترس و تۆقاندن و بەكارهێنانی غازی كیمیایی و ئەنفال و وێرانكاری گوند و دارستان و كانیاوەكان بووە ـ جگەلەوەی ئەو رژێمە بە هۆی سەرەرۆیی و دیكتاتۆری پەڵاماری دراوسێیەكانی دەدات و چەندین ساڵ لە نێو جەنگ و نەهامەتی دا بوو ، دەیان هەزار كەسی لەو جەنگانەدا بە كوشتندا.
هەروەها رژێمی عێراق ، زیاتر لە 182 هەزار رۆڵەی كوردستانی تەنها بەهۆی كوردبوون و داكۆكیكردن لە ماف و شوناسیان شوێن بزركرد و جگە لەوەی لە چەند خوڵەكێكدا بە هۆی بەكارهێنانی كوشندەتترین غازی كیمیایی 5000هەزار پیروگەنج وئافرەت و منداڵی خەنكاند و شەهیدبوون . هەموو ئەو كارەسات و ستەمكارییانە بوونە هۆی ئەوەی وەك گركانێك بەرەوی داگیركەران و رژێمی دیكتاتۆریدا تەقینەوە و گەلی كورد و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و بەرابەرایەتی بارزانی و بەرەی كوردستانی توانییان كوردستان بە بەرنامەیەكی رێك و پێك كوردستان هەر لە رانیە دەروازەی راپەڕین تا كەركووك لەو رژێمە خوێنمژ و دیكتاتۆرە پاك بكەنەوە .
ماوەیەكی كورت دوای ڕاپەرینە شكۆمەندەكەی بەهاری 1991، سەرۆك بارزانی بە باوەربوون بە بنەماكانی دیموكراسی و ئازادی و پێكەوە ژیانی ئاشتیانە ، داوای هەڵبژاردنێك كرد كە تێیدا ، گەلی كوردیش ببێتە خاوەن دامەزراوە و دەسەڵاتی سەربەخۆیی خۆیی كە تێیدا ئامانج و مافەكانی پراكتیزە بكات و خەونەكانی بێنێتەدی ، دواتر لە رۆژی 21/5/1992 لە هەڵبژاردنێكی دیموكراسیانەی ئەنجامدا ، ئینجا بووە خاوەن پەرلەمان و حكومەت و دواتر دەستی بە دامەزراندن و دروستكردنی دەیان زانكۆ و قوتابخانە و نەخۆشخانە و ئینجا فیدراڵیزم و دوای رووخانی بەعسیش كە رۆڵی گرنگ و سەڕەكی بینی ، بە فەرمی هەرێمی كوردستان لە نێودەستووری هەمیشەیی چەسپاند و ئینجا لە نێوخۆیی كوردستانیش پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوتی كوردستان و بەبازاركردن و راكێشانی سەرنج دەیان كۆمپانیایی گەورەی و پرۆژەی ستراتیژی لە بواری جۆراجۆر و ئینجا پێشخستنی كەرتی ئابووری و كشتوكاڵ و چەندین هۆڵی وەرزی و رێگاو بانی ستراتیژی سیمایەكی جوانی حكومرانی گەلی كوردی بە هەموو دونیا پیشان دا.
لەماوەی چەند ساڵی رابردووشدا، بەهۆی ئەو پێشكەوتنە جۆراوجۆراندا لە بواری سیاسی ، دیپلۆماسی وئابووری و ئینجا سەقامگیری كوردستان و دروستبوونی متمانەی وڵاتانی ناوچەكە و جیهان بە هەرێمی كوردستان ، چەندین جار هەوڵی تێكدان و لەناوبردنی لە دەرەوە و نێوخۆ بە پاساو و سیناریۆی جۆراوجۆر دراوە ، بەڵام بە فیداكاری ومامەڵەكردنێكی ژیرانە سەركردایەتیی سیاسی كوردستان رووبەرووی هەموو ئەو هەوڵانە بوونەتەوە و ئەمرٍۆ دوای 30 دەیە هەرێمی كوردستان بۆتە ، شوێنی رێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ و رٍادەربڕین و هەروەها ئومێدی گەورەی هەر چوار پارچەی كوردستانە.
قۆناغی ئێستامان بۆ لە گۆڕنانی پیلانگێری و خەونی دوژمنان ، پێوستە هەموو هێزولانە نیشتیمانپەوەر وكورپەرەوەرەكان پشتیوانی هەنگاوەكانی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتی هەرێمی كوردستان بن كە لە چوارچێوەی چاكسازی و پێشكەوتنی كوردستان لە گشت روویەكەوە ، هەروەها پاراستنی ئەو سەقا سەقامگیرەی كە تێیدا هەموو پێكهاتە نەتەوەیی وئایینییەكان كە ئەمرۆ هەرێمی كوردستانی كردۆتە سیمبولی پێكەوە ژیان و سیمایەكی جوانی پێشكەوتن بەرەو ئاسۆیەكی روونتر لە نێو كوردستانێكی بەهێزتردا .