كاروانى كوردستانێكی بەهێز به‌ره‌و ئاسۆیه‌كى گه‌شتر..

كاروانى كوردستانێكی بەهێز به‌ره‌و  ئاسۆیه‌كى گه‌شتر..

حكومەتی هەرێمی كوردستان چ لە سەردەمی كابینەی هەشتەم و چ ئێستای كابینەی نۆیەم و لە ماوەی حەوت ساڵە بەهۆی بڕینی بودجە و مووچەوە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، رووبەڕووی قەیرانێكی ئابووری بۆتەوە. بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم قەیرانە و تێپەڕاندنی، لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا هەوڵێكی زۆر خراوەتە گەڕ بۆ ئەوەی رێگەچارەیەك بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە بدۆزرێتەوە، لەمەش زیاتر هەوڵدراوە لەمیانەی كەمكردنەوەی خەرجییەكان و زیادكردنی داهاتەكان، سیاسەتێكی ئابووریی سەربەخۆ و سەركەوتوو بۆ هەرێمی كوردستان دابڕێژدرێتەوە. تا بتوانرێت رووبەرووی گەمارۆ وگوشارەكانی دەسەڵاتدارانی بەغدا ببینەوە كە مووچە وبودجە وەك كارتێكی گوشار بەكار دەهێنن .
قۆناغی ئەم گوشار و گەمارۆیانە لە دژی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014 بۆ ماوەی سێ‌ ساڵ و تا2017 دەستی پێكرد دوای لە دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان لە 25/9/2017 تا 2021 بەردەوامی هەیە ، هەر لە سەردەمی حكومەتی نوری مالیكی بە بڕینی بودجە و مووچەی كوردستان دەستی پێكرد، ئامانجی ئەوە بوو كە رێگری لە ستراتیژیەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكات بۆ داڕشتنی سیاسەتێكی ئابووریی پشت بەخۆ بەستوو، بەڵام لە قەیرانی دووەمدا، حكومەتەكەی حەیدەر عیبادی لە میانەی پەنابردنی بۆ سەپاندنی گەمارۆی زۆر نامرۆڤایەتییانە و هەروەها بەكارهێنانی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و هێزەكانی حكومەتی عێراق بۆ داگیركردنەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، ئامانجی ئەوە بوو كە كیانی سیاسیی هەرێمی كوردستان وەك قەوارەی سیاسیی دانپێدانراو لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا بسڕێتەوە، لەمەش زیاتر بە رێگەی یاریكردن بە هەستی مووچەخۆرانی كوردستان و پەرتكردنی نێوماڵی سیاسیی كوردستان، هەتا ئێستاش هەوڵەكانی بەردەوامن بۆ ئەوەی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان لەبەریەك هەڵبوەشێنێتەوە و بیسرێتەوە.
مەڕامی سەرەكی لەو گەمارۆدان و گوشارانە و پەنابردنی بۆ هێزی سەربازی و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بۆ ئەوەی هەولێر و دهۆك داگیر بكات و كۆتایی بە قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان بهێنت، كە ئەم ئامانجەیان بە بەرگری قارەمانانەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان تێكشكێنرا، هەوڵی دووهەمیشیان ئەوەبوو كە دەیویست بەشێوەی یاسا و بڕیار، قەوارەی هەرێمی كوردستان یان بە شێوەی پارێزگایەك یانیش بسڕێتەوە، بەڵام ئەمەشیان لە میانەی هەوڵە چڕوپڕە دیپلۆماتییەكانی سەركردایەتی ژیرانەی هەرێمی كوردستان و شەخسی رێزدار نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی لەسەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی شكستی پێهێنرا
لەگەڵ هەموو ئەو گوشار و گەمارۆیانەشدا ، سەڕەرای گەڕانەوەی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا لە دوای هەڵبژاردنەكانی 30/9/2018 بە مەبەستی بەدەسهێنانەوەی مافە دەستوورییەكانی لە چەنگ دەسەڵاتدارانی بەغدا ، بەڵام زۆری نەخایاند ، هەموو ئەو هێزولایەنانەی كە دژی بوونی قەوارەی هەرێمی كوردستان بوون ، جارێكی تر گوشارەكانیان لە سەر هەرێمی كوردستان دەستپێكردەوە ، ئەمەوە سەڕەرای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت و هەموو ئەو كۆسپ و تەگەرە و پیلانانەی كە لە بەرەدەم هەنگاوەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان دروستكران ، بەڵام پرۆسەی ئاوەدانی و چاكسازی و پاكسازی نەوەستان.
لەگەڵ ئەو گوشار وگەمارۆیانەی دەسەڵاتدارانی بەغدا ، بەڵام هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەكان بۆ بەدەسهێنانی مافە و شایستەكانی خەڵكی كوردستان لە رووی دەستووری و ئینجا هەنگاوەكان بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری تایبەت بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان هەر لە شەنگال تا كەركووك و خانەقین هەوڵی رژدیان بۆ دراوە و بەردەوامیشە .
ئەم هەنگاوە چاكسازییانە حكومەتی كوردستان و رژدبوونی رێزدار مەسروور بارزانی ، دەبێتە هۆكاری ئەوەی خەرجییەكانی خەزێنەی حكومەت كەم ببێتەوە، بۆ ئەوەی مانگانە بتوانێت مووچەی فەرمانبەران بدات، راستە لە ئێستادا هەوڵێك هەیە كە حكومەتی هەرێمی و حكومەتی ناوەندی بگەنە رێككەوتنێك، بەڵام بگەنە رێككەوتن، یان نەگەن، ئەم چاكسازییانە پێوستن و دەبێت دەستیان پێبكرێت، ئەمەش زەمینەی ئەوە خۆش دەكات كە بتوانین سیاسەتێكی ئابووری دابڕێژین، بۆ ئەوەی بتوانین خۆمان بەڕێوەبەرین، كە چۆن داهاتی حكومەتی كوردستان زیادبكرێت و جگە لە بوونی بودجەیەك بۆ هەرێمی كوردستان لە پێناو ئەنجامدانی كاروپرۆژەكانی هەرێمی كوردستان .
بۆیە، دەتوانین بڵێن كە ، هەنگاوەكانی دوێنی و ئەمڕۆی حكومەتی كوردستان و ڕژدبوونی سەرۆك وەزیران رێزدار مەسروور بارزانی پرۆسەی چاكسازی و پاكسازی لە هەرێمی كوردستاندا بابەتێكی سەرەكی سەركردایەتی هەرێم وحكومەتی كوردستان كە چەند ساڵێكە ویستی ئەنجامدانی هەبووە . هەروەها هەردەم كاری لە سەر ئەوە كردووە، تا كوردستان لە گشت روویەكەوە ، گەشەسەندن و پێشكەوتن بەخۆیەوە ببینێت ، بەڵام گەمارۆ دارییەكانی بەغدا و پاڵپشت نەبوونی هێزولایەنە كوردستانییەكان بە شێوەیەكی رژد بۆ رووبەرووبوونەوەیەكی بەهێز لەگەڵ ئەو سیاسەتانەی بەغدا و لە نێو خۆیی كوردستانیش لەبواری ئیداری و ئابووری و چاكسازی ئەو هەنگاوانەی لە سەرخۆ كردووە، بەڵام،وەك دەبینرێت هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەكان لە نێو خۆیی كوردستان و عێراق و نێودەوڵەتی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی كوردستان ئاماژەیەكی روونن بۆ ئایندەیەكی گەش و پرهیوا لە بەردەم هەرێمی كوردستان و بە خۆراگری گەلەكەمان و بوونی سەركردایەتییەكی حەكیمانە لە هەرێمی كوردستان هەنگاوەكان ئومێدبەخش و هیوابەخشن.

Top