نەیاران چاویان بە سەركەوتنەكانی هەرێمی كوردستان هەڵنایەت

نەیاران چاویان بە سەركەوتنەكانی هەرێمی كوردستان هەڵنایەت

عێراقی دوای رووخانی رژێمی بەعس ، بە هۆی دەستێوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی و ئینجا سەڕەوی گروپ و لایەنە شیعییەكان لادان لە بنەماكانی دەستوور و دەرچوون لە یاسا و ئینجا لەجیاتی گرنگیدان بە سوپایەكی نیشتیمانی پەنابردن بۆ دروستكردنی دەیان گروپی میلیشایی لە گشت جومگەكانی سیاسی ،ئابووری ، كۆمەڵایەتی و ئەمنییەوە شكستی گەورەی بەركەوت ، هەر ئەوەشە وایكردووە كە جیاوازییەكی زۆر لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لە گشت روویەكانەوە هەبێت ، ئەوەش وەك زۆرجاران ئەو لایەن و گروپە شیعیانە جەختیان لە سەر كردۆتەوە ، ئۆباڵی شكست و ریسوا بوونەكانیان دەخە ئەستۆی گەلی كورد وهەرێمی كوردستان و تا ئێستاش زیانی زۆر گەورەی ئابووری بە هەرێمی كوردستان گەیاندووە جگە لە پەڵاماردانی سەربازی و بەكارهێنانی گروپ ومیلیشایی وڵاتانی ئیقلیمی.
لەڕاستیدا، بوونی سەقایەكی جێگر و كەشێكی ئاڕام وایكردووە كە هەرێمی كوردستان رۆژ بە رۆژ جیاواز لە بەغدا زیاتر جێگەی بایەخی وڵاتانی ناوچەكە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بێت ، بۆیە، هاتنی باڵوێزخانە و ناوەندە دیپلۆماسییەکانی وڵاتان لە بەغداوە بۆ هەولێر، دانپیانان و پشتگیرییە بۆ هەرێمی کوردستان، وەکوو هەرێمێکی زیندوو. پێگەی یاساییی هەرێمی كوردستان ، وەکوو تاکە هەرێمی عێراقی فیدراڵ، یارمەتیدەرە بۆ پێشخستنی پێگەی نێودەوڵەتیی هەولێری پایتەخت. بە واتایەکی تر فیدراڵیی عێراقی، پێویستە لە هەموو ئاستەکان ڕەنگ بداتەوە و، بەکردار ڕەنگی داوەتەوە. ئەم فیدراڵییە کاریگەریی خۆی لەسەر خودی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی عێراقیش دروست کردووە. گومانی تێدا نییە ئەو گوتارە ڕاگەیه‌ندراو و ناڕاگەیه‌ندراوانه‌ی دیپلۆماتکارانی بیانی کە ئاراستەی عێراق و هەرێمی کوردستانی دەکەن جۆرە جیاوازییەکی تێدایە، کە ئەمەیش سەلمێنەری دووپارچەبوونی پەیوەندییەکانی عێراقە لەگەڵ جیهانی دەرەوە
ئەوای ئێرانیش لە ناوچەکە دەستڕۆشتووە، لەبەرئەوە گرنگە هەرێمی کوردستان ئەوە بۆ ئێران روون بکاتەوە، کە هاتنی ئەو ناوەندە دیپلۆماسییانە بۆ هەولێر، بە زیان بۆ سەر ئێران نییە، لە رووی عورفی نێودەوڵەتیشەوە، تاوەکوو ئێستا هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق و هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتییش نییە رێگری لە هاتنی باڵوێزخانە و ناوەندە دیپلۆماسییەکان بکات، کاتێک شوێنی وڵاتێک ئارام نییە بۆ شوێنێکی دیکەی بچن، باشتربوونی پەیوەندییەکانی هەولێر لەگەڵ وڵاتانی جیهان بۆ پێگەی هەرێمی کوردستان باشترە و بەتایبەتی لەگەڵ ئەمەریکا و رووسیا و ئەوروپا، چونکە هاتنی ئەو وڵاتانە گرنگیدانی زیاترە بە هەرێمی کوردستان و دانپیانانی سەقامگیریی زیاترە،
لە راستیدا ، ئەو هەوڵە دوژمنكارییانە و مووشەكبارانكردنی هەولێری پایتەخت ، كە هەوڵێكە بۆ بە نائارام پیشاندانی هەرێمی كوردستان و شاردنەوەی شكستەكانی دەسەڵاتدارانی عێراق لەرووی ئابووری، سەقامگیری و پێشكەوتنەوە و لە هەمان كاتیشدا ، ئەوە پیشانی هەموو دونیا دەدات، کە لە هەرێمی کوردستان ئارامی و سەقامگیری هەیە و یاسا سەروەرە و توانای هێزە ئەمنییەکان لە ئاستی متمانەی وڵاتاندایە، ئەوەش دەلالەتی گەورەی دەبێت بۆ حوکمڕانی و بەهێزیی حکوومەت لە هەرێمی کوردستان، کە ئەوەش بۆ رێکخراوە جیهانییەکان وناحكومییەكان کاریگەریی گەورەی هەیە و بە زیاتر و باشتر هەرێمی کوردستان لە راپۆرتەکانیاندا هەڵدەسەنگێنن.
لەلایەكی ترەوە ، هاتنی باڵیۆز و کاریگەریی وڵاتان بۆ هەرێمی کوردستان ئیرەیی لایەنە عێراقییەکانی بەدوادا بێت، بێ گومان وڵاتانی ئیقلیمییش رای تایبەتیان لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە و ساڵانێکە ئەزموونێکی تاڵمان لەگەڵیاندا هەیە، تاوەکوو ئێستا ئەوانە هەستیارییان بەرامبەر بە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان کۆتایی نەهاتووە و هەوڵ دەدەن تا بۆیان بکرێ لە قاڵبی بدەن،رێرەوەی ئەو پێشكەوتننانە بە رێگەی گەمارۆدان و مووشەكباران كرد بگرن..
Top