پاپای ڤاتیکان و سوپاسگوزاری پێشمەرگەی کوردستان ..

پاپای ڤاتیکان و سوپاسگوزاری پێشمەرگەی کوردستان ..

ئازایەتی و قارەمانی و مرۆڤدۆستی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بە پێچەوانەی سوپاکانی تری جیھان ، لەوە دایە، ھیچ کاتێکد پێشمەرگە ، لە پێناو داگیرکاری و بەرژوەندی تایبەت و چاوبڕین لە خاکی وڵاتێکی تر نە جەنگاوە ، بەڵکو ھەموو تێکۆشانی لە پێناو ئازادی خاک و سەربەستی گەل و نیشتیمانەکەی بووە و لەلایەکی تریشەوە ، جەنگی چوار ساڵەی جیھانی تیرۆر ، پارێزگاریکردن لە ئاشتی و پێکەوە ژیان و بەرگریکردن لە ھەموو مرۆڤایەتی دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە ھەموو جیھان قەرزداری پێشمەرگەیە، رابەر و سەرکردە و ناوەندە ئاکادێمییەکانی جیھانی بە رێز و شانازییەوە باسی پێشمەرگە و مرۆڤدۆستییەکەی دەکەن بەتایبەت پاپای ڤاتیکان کە وەک رابەرێکی روحی ئایینی کریستیانەکانی ھەموو جیھانە .
مێژووی گەلی کورد وشۆڕشە ڕەواکەی پڕە لەسەروەری و فیداکاری ورۆحی مرۆڤ دۆستی وئاشتیخوازی و شەڕی کورد ھیچ کات لە پێناو داگیرکاری ھیچ گەل و نەتەوەیەکی تر و خۆسەپاندن بە سەر ھیچ وڵات و نیشتیمانێکی تر نەبووە ، بەڵکو لە پێناو پاراستنی شوناس ، خاک و ئاشتیخوازی و ئازادیخوازی بووە کە مێژووش گەواھیدەری ئەورٍاستییە بووە و ھەر ئەوەشە وایکردووە کە ھەردەم خاکی کوردستان و گەلەکەی جێگەی متمانە بن بۆ ھەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاکانی تر بە تایبەت لە رۆژانی سەخت و تەنگانەدا .
پەیکەری پێشمەرگە و سەرکەوتن ونەبەردییەکانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ماوەی جەنگێکی سەخت دژ بە تیرۆر و پاراستنی ئازادی ، ئاشتی و دیموکراسی تەنھا بریتی نەبوو لە راگرتنی ھێرشی تیرۆریستانی داعش، بەڵکو ئیرادەی پێشمەرگە سەلماندی کە پێشمەرگە دەتوانێت تەواوی خاکی کوردستان و ھەموو مرۆڤایەتی لە مەترسییەکانی دڕندەترین رێکخراویی تیرۆریستی لە جیھاندا .
پێشمەرگە، لەماوەی چوار ساڵ رووبەرووبوونەوەی دڕندەترین رێکخراوی تیرۆریستی ، جگە لەوەی بەرگری لە خاک و شوناسی خۆی کرد بە بەراوەرد لەگەڵ عێراق کە بە چەند کاتژمێرێکدا سێ بەشی کەوتە دەستی چەنگی تیرۆریستان ، لە ھەمان کاتیشدا ، پێشمەرگە بە خۆین و گیانفیدایی خۆی توانی ،ببێتە ئاشتی و سەقامگیری دەبێت بۆ ناوچەکە و کوردستان ئەو وڵاتەیە کە سەلماندویەتی دەتوانێت ، تیرۆریستان تێکشکێنت و ژینگەیەکی لەبار بۆ لیبوردەیی و پێکەوە ژیانی فرە ئایینی و فرە نەتەوەیی ئینجا بۆ ھەموو ناوچەکە و جیھان فەراھەم بکات.
لەلایەکی ترەوە، ھێزی پێشمەرگە و سەرۆک بارزانی بوو توانی رابەرایەتی ئەو جەنگە قورسە بکات و لە ناو ئیرادەی خەڵکی کوردستاندا وەڵامدانەوەی پیویست بۆ تێکشکاندنی تیرۆریستان و پاراستنی کوردستان دروست بکات ومێژووییەکی پرسەوەری و شانازیی ھەمیشەیی بۆ کورد وکوردستان تۆمار بکات کە ھەردەم ھەموو دونیا شانازیی بە کورد وکوردستان بکەن .
بۆیە، ئەمرٍۆ کاتێک پاپای ڤاتیکان سەردانی ھەولێری پایتەختی کوردستان دەکات و چەند جارێک و بەردەوام سوپاسگوازی رابەری نەتەوەیمان ھێژا سەرۆک بارزانی و سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکومەتی کوردستان دەکات و ئینجا سەرۆک بارزانی وەک دیارییەکی گرانبەھا پەیکەری پێشمەرگەی پێشکەش دەکات ، ئەوە ئاماژەیەکی روون وئاشکرایە، بەوەی کە پەیکەری پێشمەرگە،رەمزی بەرگریکردن لە ئازادیخوازی،ئاشتیخوازی، دیموکراسیخوازی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە.
لە ھەمان کاتیشدا ، پێشمەرگە، ئەو مرۆڤە بەجەرگ و قارەمان و گیانفیدایەکە ، کە لە برٍی ھەموو مرۆڤایەتی، شەڕی تیرۆری کرد ، سیمبولی گەلێکی ستەملێکراوە کە لە پێناو پاراستنی بنەماکانی مرۆڤایەتی و ئاشتیخوازی و ئازادیخوازی تێکدەکۆشێت و ئەمڕۆش بەرھەمەکەی ئاشتی و پێکەوە ژیانی ھەرێمی کوردستانە وەک کیانێکی دەستووری و یاسایی لە ناوچەکە و ھەموو دونیا.
بەدڵنییاییەوە، پاپا و زۆرێک لە سەرکردە و رابەری وڵاتان باش ئەو راستییە دەزانن کە ، پێشمەرگە بەرابەرایەتی سەرۆک بارزانی بوو توانی مرۆڤایەتیی لە مەترسیی و ھەرٍەشەی تیرۆر بپارێزێت و ئێستاش بە ھەمان شێوەی پێشمەرگە زیاتر لە جاران بەرگریکاری ئاشتی وسەقامگیری و ئارامی لە ناوچەیەکی پر کێشە و ئالۆزدا.
لە سەر بیوگرافی پەیکەری پێشمەرگەش ھەر ئەو راستییە نووسراوەتەوەکە ، ئەم پەیکەرە وەک ھێمایەکە بۆ قوربانیدان وئازایەتی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شەرٍی دژی تیرۆریستانی داعش. لەو شەڕەدا پێشمەرگە لە بری ھەموو جیھان شەڕی تیرۆری کرد و ، بە قارەمانێتی و قوربانیدانی خۆی پارێزگاری لە بەھاکان و ژیانی سەرجەم مرۆڤایەتی کرد.
ھەربۆیە،پێشمەرگە، لە دوێنی خەباتی رزگاریخوازی شاخ و ئەمڕۆیی خەباتی شارستانی پارێزگاریکردن لە دەستکەوتەکانی کورد وکوردستان ھەردەم بەکردەوە و بە خوێن و روحی ئامادەیە پارێزگاری لە شوناس ومێژوو وئاشتی ، ئازادی و دیموکراسی و پێکەوە ژیان بکات و شانازی پرسەروەریشی لەلاپەرەکانی مێژوو بۆ ھەتا ھەتایە تۆمار کردووە ..

Top