مستەفا بارزانی، رابەر، دادپەروەر و یەكسانخواز، ئازا وئازادیخواز

مستەفا بارزانی، رابەر، دادپەروەر و یەكسانخواز، ئازا وئازادیخواز

لە دیرۆكی بزاڤی رزگاریخوازی كورد و كوردستان هێندەی گەلی كورد بە ناوی مستەفا بارزانی و شۆڕشەكەی دەناسرێتەوە، نیو هێندە بە مێژووی كۆی بزاڤ و شۆڕشەكە ناناسرێتەوە، هەتا بە ئەمرۆش لە سەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیش بەهەمان شێوەیە، ئەوانەی لە نزیكەوە شارەزایی هەڵسووكەوت و بیروباروەر پتەویی كوردپەوەروی و نەتەوەپەروەری بارزانیی رابەرو سەركردەی بزاڤی رزگارگاریخوازی كوردو كوردستانن یان بە پەیام و رێبازەكەی ئاشنا بوون، ئەوەی ئەو مرۆڤە كارێزمایە ئامانجی بووە و بۆی تێكۆشاوە لە كوردستان بهێنرێنە‌ دی و جێبەجێ بكرێن، ئەمەش ئاماژەیەكی روونە بۆ گرنگی رۆڵ و پێگەی ئەو رابەرزە مەزنەی نەتەوەیی كورد هەموو تەمەنی لە پێناو نیشتمانەكەی فیدا كرد و لە مێژووی خەباتی رزگاریخوازی كورددا گەورەترین گوڕوتینی بە خەبات و تێكۆشانی گەلی كورد دا و دۆزی كوردی لە شاخەوە گواستەوە گوند و شار و لەوێشەوە گەیاندییە ناوەندە ئاكادێمی و پایتەختە گەورەكانی ناوچەكە و جیهان.
بە پێی هەموو سەرچاوە مێژووییەكان ، مستەفا بارزانی یەكەم سەركردەی هەڵكەوتووی نەتەوەی كورد بووە، خەباتی گەلی كوردی لە چوارچێوەی ناوچەیەكەوە كردە خەباتی نیشتمانی و نەتەوەیی گشتگیر لە داخوازی مافی سەرەتایی و مافی مرۆیی و كلتوورییەوە، داواكارییەكانی كوردی بەرز كردەوە بۆ ئاستی داواكاری سیاسی و بزاڤی رزگاریخوازی كوردی لە نەبوونی بەرنامەیەكی سیاسی رزگار كرد و بە دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان وەك قوتابخانەی كوردایەتی ماف ، ویست و داخوازییە نەتەوایەتییەكانی كوردی لە چوارچێوەی بەرنامەی حزبێكی سیاسی رێكخست .
مستەفا بارزانی سیمبولی نەتەوەیەكی مافخوار و ستەمڵێكراو بوو كە دونیا لە رێگەی ناوی بارزانییەوە كوردی ناسی، ئەو رابەرە دیرۆكییە وكارێزمایی و ئەفسانەییە لە دوای خۆشی رێبازێكی پرشانازی و سەروەری جێهێشتووە كە ئەمڕۆ گەلی كورد توانیوێتی لەبەر رۆشناییەكەیدا لە ناوگێژاوی ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە و دونیادا سیاسەتێكی هاوسەنگ و هێور بگرێتەبەرو لە ناو هاوكێشە نێودەوڵەتییەكانی ئەم سەردەمەو عێراقێكی پر كێشە و ئاڵۆزدا ، سەنگ و پێگەی خۆی بپارێزێت وداكۆكیی لە دەستكەوت ومافەرەواكانی بكات .
بڵیمەتی وقارەمانی و متمانەبەخۆیی و باوەربوونی بە یەكسانی و خەبات كردن لە دژی ستەمكاران و ڕەتكردنەوەی ژیانی ژێر دەستی، لەو خەسڵەتە دیارانەی مستەفا بارزانی بوون كە لە دەڤەری بارزان و لە قوتابخانەی خۆنەویستی و كوردپەوەری و شۆڕشگێرییدا پێی گۆشكرابوو، دواتر هەر ئەو بنەمایانە بوون كە بەو هۆیەوە مستەفا دیدو پەیڕەوەێكی بۆ بزافی رزگاریخوازی كوردستان رەنگ رێژ كرد، كە ئەمڕۆ لە هەركاتێكی تر زیاتر لە رۆحی سەردەم و بەها بەرزەكانی مرۆڤایەتی و شارستانییەوە نزیكە.
مستەفا بارزانی ، ئەو سەركردە مەیدانی یە بوو، كە بەرەنجامی راستییەكی میژووییە، لەخەباتی مەیدانیشدا ئافرێنەری میژووە، ئەو لەناو هەستی تاكی كوردستانی دا بوونی هەبوو بۆیە لەمێژووی ژیانیدا توانیویەتی هەموو كاتیك هەستی خەڵك بۆ شۆڕش و بەرگریكردن و خۆشەویستی نیشتمان بجوڵێنێت. مستەفا بارزانی ئەو رابەرە خاكییەكەی هەڵقوڵاتیی كورد بوو، كە گەلی بەسەرچاوەی بریارو، پارتیش وەك قوتابخانەی كوردایەتی بە ئامرازی خزمەتی گەل و خۆشی هەردەمی بەخزمەتكاری گەل دەزانی. ئەو لە میژووی سیاسی خۆیدا، بڕوای تەواوی بە پێكەوە ژیان هەبووە و كاری بۆ كردووە، هەمووكات دادپەروەر و یەكسانخواز، ئازا ، سەركردەی مەیدانی جەنگ و سیاسەت بووە و كە بۆ هەتا هەتایە لەلاپەرە پر شانازییەكانی نەتەوەیی كورد بە سەربڵندییەوە باسی دەكرێتەوە ..
Top