#چەکی دەستی پێشمەرگە لە پێناو بەرگریکردن لە خاک نەتەوەکەیەتی..

#چەکی دەستی پێشمەرگە لە پێناو بەرگریکردن لە خاک نەتەوەکەیەتی..

نەتەوەی کورد لە سەدەی ڕابردووەوە تا ھەنووکە بۆ گەیشتن بە مافی ڕەوای خۆی کە لەلایەن دیکتاتۆرەکانەوە زەوتکراوە، لە پڕۆسەیەکی بەردەوام و چەند قۆناغی جۆرواجۆردا خەباتی کردووە .ھەر چۆنێک بێت لەم خەباتە دوورودرێژەشدا لە ھەموو شێوەکانی خەبات بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی کەڵکی وەر گرتووە.ئامادە بوونی ھێزی پێشمەرگە یەکێک لە ڕێکارەکانە کە لێرەدا تیڕامانێکی لە سەر دەکەین.پێشمەرگە ھەڵگری بەرھەڵستیی زوڵم، خۆڕاگری و، بەرەنگاریی دوژمنان و داگیرکەری و چەوسانەوەیە. ئەم چەمکە ڕۆحی بەرجەستەی خەباتە. چەمکێکە کە زێھنییەت و بەرجەستەبوونی مادیی خەباتی، لە خۆیدا ئاوێتە و یەکانگیر کردووە. پێشمەرگە مرۆڤێکی ھوشیارە کە بیری ئازاد لە زەینیدا چەکەرەی کردووە و پێگەیشتووە و، ئامانجی ئەوەیە خۆی سووژە و بکەری ژیانی بێ.
چەمکی پێشمەرگە ئامرازبوونی مرۆڤی کورد و ئۆبژە و بابەت بوونی، دەباتە ژێر پرسیار و ئیرادەی ڕاستەقینەی گەڕانەوەی بکەر و سووژەبوونی مرۆڤی کوردە؛ سووژە و بکەرێکی ناسکار و خودموختار و ئازاد، کە خۆی پێوەندییەکانی ژیانی ڕێک بخا و دایبڕێژێ؛ خۆی ژیانی دیزاین بکا و بینەخشێنێ و ئاڕاستەکەی دیاری بکا.پێشمەرگە تێکۆشەرێکی و خاوەن بیروباوەڕ، تاکێکی ئازادیخواز و نیشتمان پەروەرە کە بۆ ڕزگاریی گەل و وڵاتەکەی تێدەکۆشێت و لە رێڕەوی جووڵانەوەی نەتەوەیی-دیمۆکراتیکی کوردستاندا خەبات دەکات و ھەوڵ بۆ دەستەبەرکردن و پاراستنی سەروەریی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان دەدات.
پێشمەرگە ئەو شۆڕشگێڕە خۆنەویستانەن، کۆمەڵگای کوردستانن کە بە بیروباوەڕێکی پتەو و نەگۆڕ، خولیای ئازادیی خاک و نیشتمانیان لە سەر دایە و لە رێکخستنێکی بەرینی نەتەوەییدا رێزەکانیان پتەو دەکەن و لە پێناو ئامانجە بەرزەکانی خۆیاندا تێدەکۆشن.پێشمەرگە لەپێناوی ژیاندا خۆی نا بەڵکو ، لە پێناوی ژیانی خۆی و مرۆڤەکانی دیکەدا دەجەنگێ. پێشمەرگە ژیاندۆستە و بەگژ مەرگدا، بەگژ ئەوانەدا، کە مافی ژیان لە مرۆڤەکان دەستێننەوە، بۆ ئەوەی خۆیان بسەلمێنن و بەردەوام بکەن، دەچێتەوە.
چەکی دەستی پێشمەرگە لە پێناو بەرگریکردن لە خاک و خۆی و نەتەوەکەیەتی. بانگەشەی بیرو باوەڕی شۆڕشگێڕانە بۆ خەڵکی کوردستان لایەنێکی دیکەی چالاکیی پێشمەرگانەیە وھەر دەم ئامادەی بەرگری لە خۆی و بەرەنگاربوونەوەی ھێرشی داگیرکەرانە . جەوھەری پێشمەرگەبوون خەباتە لە پێناوی ژیانێکی سەربەستانە ئازادانەدا، کە مرۆڤەکان وەک مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ و لە مافە سروشتی و وجوودییەکانی خۆیان بەھرەمەند بن.ھەردەم ئامادەیە، لە پێناو پارێزگاریکردن لە شوناش و دەسکەوتەکانی خوێن و گیانی خۆی فیدای ببەخشێـت و بەکردەوە ئەمەی سەڵماندووە .

Top