مەرام و تیری دوژمنان بە ئاڕاستەی قەوارەی کوردستانە ..

مەرام و تیری دوژمنان بە ئاڕاستەی قەوارەی کوردستانە ..

زێھنیەت وچەمکی تازە دروستبووی شۆڤێنیزمی شیعەگەرایی بە سوود وەرگرتن لە تاوانکاری و خۆسەپاندنەکانی رژێمە دیکتاتۆرییەکانی پێشووتری خۆیان و ھەموو ئەو تاوانانەی کە بەرامبەر بە گەلی کورد ئەنجامیاندا ، ئەمرۆ ھەموو ئەو بیرۆکە و تاوانانکارییانەیان لە لە نێو یەک دۆسییە دا کۆکردۆتەوە ھەر رۆژەوە بەناوێک دژایەتی قەوارەی ھەرێمی کوردستان دەکەن ، کە ئەگەر دوێنی نەوتی کوردستانیان وەک چەک و ماددەی کیمیایی لە دژی گەلی کورد بەکار دەھێناو ئەوەتا ئەمڕۆ نەوتی کوردستانیان کردۆتە بەھانەیەک بۆ ئەوەی بیکەنە چەکێک بۆ کۆتایی ھێنان بەو دەستکەوتانەی کە نەشیعە و نە سووننە خێری پێمان نەکردووە و تەنھا چاویان بە سەر بڵند و شکۆمەندی گەلی کورد ھەڵنایەت .
ئەو گوشارە نارەوایانە کە چەند ساڵێکە لە لایەن دەسەڵاتدارانی شیعی شۆڤێنیزمی بەغداوە دژ بە ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت پاساوەکە تەنھا نەوتە ، ئەگینا بە پێی دەستووری ھەمیشەیی ، ھەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی ھەموو ئەو کانزایانەی کە لە سنووری خۆیەتی ، لە پێناو پێشکەوتن و گەشەسەندنی ئابووری خۆی سوودی لێوەربگرێت ، بەڵام مەرٍامی شۆڤێنییە شیعەکان دەستبەسەرداگرتنی ھەموو ھەرێمی کوردستان وەک ئەوەی لە ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ خەونیان پێوە بینی و پەڵاماری ھەرێمی کوردستانیان دا .
ئاشکرایە، نەوت و غاز وەک کانزاییەکی پر بایەخ و گرانبەھا لە سەر ئاستی رۆژھەڵاتی ناوەرٍاست و بە تایبەت عێراق، بە کاڵایەکی پر بایەخ وەک ژێر خانی ئابووری سوودی لێوەردەگیرێت و ھەموو وڵاتانی ناوچەکە بە سەرچاوەیەکی سەرەکی داھات سوودی لێوەر دەگرن و ئابووری و ژێر خانی ئاوەدانی گەشەسەندنی وڵاتەکەیانی پێی پێشدەخەن، بە پێچەوانەوە لە عێراق لە ماوەی سەد ساڵی رابردوو، نەک ھەر نەوت نەبۆتە ھۆکاری خوشگوزەرانی و ئاوەدانی ، بەڵکو وەک چەکێکی مەترسیدار و کوشندە لە دژی گەل و پێکھاتەکانی و بەتایبەتی گەلی کورد بەکارھێنراوەتەوە .
ئەوەی دەسەڵاتدارانی شیعیە شۆڤێنییە دیکتاتۆرەکانی عێراق لە نێو مێشکی پووک و خۆسەپێنینان دەیپەروەرێنن ، بە رواڵەت نەوتە ، بەڵام ئاشکرایە، سەدەی رابردوو، ھەمان نەوتی کوردستان بۆ کرٍینی تۆپ و فرۆکە، کیمیایی و ئەنفاڵکردن لەدژمان بەکارھێنرایەوە، ھەر بە پێی ئەزموونی رابردوو وئێستاش بەھەمان شێوەی دیکتاتۆرەکانی بەغدا مەرامیانە و ھەوڵی دەست بەسەرداگرتنی نەوتی ھەرێم لەلایەن دەسەڵاتی ناوەندی عێراقەوە، لەلایەک ھەوڵدانە بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی ڕەھایان بەسەر ھەرێمی کوردستان و لەلایەکی تریشەوە شێوەیەکە لە بێھێزکردنی گەلی کورد و کۆتایی ھێنان بە قەوارەی سیاسی و یاسایی و رەوایی پێدراویی ھەرێمی کوردستان ..
ئەگەر چی ھەرێمی کوردستان دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە، بەڵام توانیوێتی زۆر سەرکەوتووانە نەوت دەربھێنێت و دواتر ھەناردەی بکات ، خۆ ئەگەر واشی نەکردایە ، ئەوا پیلانی داگیرکردنی کوردستان زۆر لە مێژە ئامادەکرابوو و ئەوکاتەش پاساوێکی تریان دەھێنانەوە، چۆن ، لە سەرەتا دا کوردیان لە بەغدا پەراوێز خست و ئینجا دواتر مووچەی پێشمەرگەیان بری تا پێشمەرگە دەستبەرداری باوەرەکانی بێت و کوردستان بێ ھێز بێت و دواتر مووچەی خەڵکی کوردستانیان برٍینی و ئێستاش نەوتیان کردۆتە پاساویی بێ بنەما ، ئەگەر چی ھەموو رژێمە یەک لە دوای یەکەکان ترسیان لە گەرانەوەی خاک و نیشتیمانی رەسەنی کوردان بۆ خاوەنە سەرەکییەکە کە کورد ھەیە ، بەڵام دەسەڵاتدارانی شۆڤێنی بەغدا ترسیان ھەیە ھەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بە نەوت ھەوڵی جیابوونەوە و بەدەوڵەتبوون بدات. بۆیە دەرھێنانی کەرتی نەوت لە دەست حکوومەتی ھەرێم و کۆنتڕۆڵکردنی لەلایەن بەغداوە، خۆی لە خۆیدا ھەوڵدانە بۆ لەباربردنی خەونی لە مێژینەی کورد بۆ دابڕان لە عێراقێک ھیچی لە سەر یەک نەماوە و ھیچ لایەنێک بە خاوەنی خۆی نازانێت .
ئاشکرایە، لە ھەر شوێنکی دونیا نەوت و کانزا ھەبێت ئەوا سەرمایەداران و کۆمپانیاکان رووی تێدەکەن، دواتر بەرژوەندییە تایبەتیەکانیان دەپارێزێن و ئینجا پەیوەندی سیاسی ، دیپلۆماسی و ئابووری بەھێز دەبێت و سەرنجی خاوەن کارو سەرمایەکانیش بەلایی خۆیدا رادەکێشت بەتایبەت بوونی سەقامگیری وئاسایش کۆڵەکەی ئەساسییە .ھاوکات لەڕووی سیاسی و ئاسایشی نێودەوڵەتیەوە شێوەیەک لە متمانە و پارێزراوی بۆ وڵات بەدی دەھێنێت.
بۆیە، لە ماوەی سێ دەیەی رابردوو و بەتایبەت دوای پرۆسەی ئازادی عێراق و رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣ ، ھەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی متمانەپێکراو و یاسایی بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی تری عێراق، ھێمن و ئارامە. ئەم ئارامییە وایکرد کۆمپانیاکانی نەوت بۆ دۆزینەوە و دەرھێنان ڕوو لە ھەرێمەکە بکەن. لە ماوەیەکی کەم لە زەوییەکی ڕەق و وشکدا، دەیان کێڵگەی نەوتی و ھێڵی گواستنەوەی نەوت و پاڵاوگە بەرپا بوون.
بۆیە، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو، نەوت وێڕای ھەندێ بابەتی سیاسی و ئابووری و سەربازی، سەرنجێکی نێودەوڵەتی بۆ ھەرێمی کوردستان دروست کرد. شۆڤێنیزمی دەسەڵاتداری تایفی و نەتەوەیی عێراق لە ئاست ئەم پێشکەوتن و گەشەسەندنە خێرایەی ھەرێمەکە نیگەران بوو. بۆیە ھەرزوو کەوتە خۆ و لە بەرانبەر ھەناردەکردنی نەوت لەلایەن حکوومەتی ھەرێمەوە، بەشە بودجە و مووچەی کوردستان ببڕی. بۆیە، بەغدا و شۆڤێنییەکان قۆناغ بە قۆناغی ھەوڵی لاوازکردنی ھەرێمی کوردستانیان داوە ئەویش لە رێگەی گەمارۆدان و بەکارھێنانی میلیشا و پیلانگێری قرێژ ، بۆیە، کاتی ئەوە ھاتووە کە پشت بەخۆمان ببەستین و نێوماڵمان رێکبخەین چونکە مەرامی شۆڤێنییە شیعە کان نەوت نییە بەڵکو کۆتایی ھێنانە بە قەوارەی ھەرێمی کوردستان بە بێ جیاوازی ھێزولایەنەکوردستانییەکان .

Top