كوردستان و عێراق، دوو نەتەوە و جوگرافیایی جیاواز..
February 10, 2021
وتار و بیروڕا
لە ناو ئەو دەوڵەتە دەستكردە و زۆرەمڵێیە ، گەلی كورد و خاكی كوردستان بە زۆر لكێنراو و گەمارۆدرا، ئینجا گشت مافەرەواكانی پاشگوێ خرا و ئینجا لە ستەمكاری و پاشگوێ خستنی ئەو نەتەوە خاوەن مافە كە دووەم گەورە نەتەوەیە لە عێراق و مافی هاوڵاتیبوونی راستەقینە بە واتایەی كە پلە یەك بێت لێ پاشگوێ خرا. ئەمە جۆرە هەڵسووكەوت و بیركردنەوەیە بەرامبەر بە گەلی كورد هەر لە رژێمی شاهانە بۆ كۆماری و ئینجا دەسەڵاتدارانی ئێستای شیعی هیچ جیاوازییەكی نەبووە لە زێهنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پرس و مافەرەواكانی گەلی كورد ، بەڵكو دوای سەدەیەك لە دەسەڵاتی دیكتاتۆری و خۆسەپاندن ، هەركە دەسەڵاتدارانی شیعی گەیشتنە سەر حكومرانی وكورسی ، ئەوا هەموو شتەكان پێچەوانە بوونەتەوە، سیاسەتی زۆرینە و كەمینەیان بە ناوی سەروەری و پاراستنی یەكپارچەیی عێراقێك كە سەدە ساڵە هەموو هەوڵەكانی بە یەكگرتوو هێشنەوەی بێهوودە ماونەتەوە، كارەسات و قوربانی گەورەی لێكەوتۆتەوە بە تایبەت بۆ ئێمەی گەلی كورد كە بە هۆی پێداگری لە سەر مافەرەواكانمان قوربانی زۆر گەورەمان بەخشیووە و دەبەخشین و دەسەڵاتدارانی عێراقیش بەردەوامن لە سەر بەكارهێنانی بنەماكانی پێكەوە ژیان و هاوبەشی و ئاشتی ودیموكراسی ئەوا زمانی هێزو، زۆرینە و گەمارۆدان و سڕینەوە و پلە دوویی بەرانبەر بە گەلی كورد بەكار دەهێنرێت .
ئەمەوە بێجگە لە دەستێوەردان و هۆكارە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان و كاریگەرییان لە سەر سیاسەت و بەرێوەبردنی دەسەڵاتدارانی لە عێراق و ئینجا نەبووونی یەكپارچەیی و سەروەریی ئەو دەوڵەتە دەستكردەی كە هیچ كات ئۆقرەیی و سەقامگیری بە خۆیەوە نەبینیووە و بەردەوام شوێنی مڵمڵانێ و یەكڵاكردنەوەی كێشەی تایفی و مەزهەبی و وڵاتانی ناوچەكە بووە و ئیتر بە شێوەیەك كە عێراق لە دۆخێكدایە، كە لە نێو گێژەلۆكێكی سیاسی، كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكی هەرەسهێنراو و ئاسایشیەكی ناڵەباری ژیان بە سەر دەبات كە هیچ كام لە تاكەكانی نێویی چیتر نایانهەوێت عێراقی بن و لە نێویدا ژیان بە سەر ببەن .
عێراق ، ئیتر جگە لەوەی پابەندی دەستێوەردانی وڵاتان و بیری مەزهەبی و تایفی و خۆسەپاندن ، باوەری بە هیچ بنەمایەكی دیموكراسی و پابەند بوون بە دەستوور كە وەك گرێبەستێكی نێوان هەموو پێكهاتەكانی عێراق ، گەلی كوردیش وەك دووەم نەتەوە لایەنی سەرٍەكی ئەم گرێبەستە یاساییە، كە دەبینرێت بەكردەوە ،چەند ساڵێكە دەسەڵاتدارانی عێراق لە بەغدا دەیانهەوێت ، لە فیدراڵییەت و هاوبەشی پاشگەز ببینەوە و بوونەتەوەش و بە چاوێكی بەرتەسكانە و شۆڤێنیانە مامەڵە لەگەڵ گەلی كورد بكەن .
دوای سەدەیەك ، لە بە زۆر دروستبوونی عێراق وەك دەوڵەت ، هیچ كات حاڵەتی سروشتبوونی دەوڵەتبوونی بە خۆیەوە نەبینیووە و تادێت قەیرانەكان نێوخۆیی وسیاسی ، كۆمەڵایەتیی و ئابوورییەكانی زیاتر قوڵتر دەبنەوە و ئەوەش پێناسەی عێراقی بوون نەك مسۆگەر نەكرد بەڵكو ناسەقامگیری و نادادپەوەری زیاتر پەرە پێدا ، بۆیە، ئیتر كاتی ئەوە هاتووە وڵاتانی زڵهێز و نەتەوەیەكگرتووەكان بیر لە رێگەچارەیەكی بنەڕەتی بۆ كۆتایی هێنان بەو دەوڵەتە دەستكردە كە ناوی عێراقە بهێنن .