دۆزی کورد لە نێو عێراق لێکترازاو و ھەرەسھێنراو..

دۆزی کورد لە نێو عێراق لێکترازاو و ھەرەسھێنراو..

ئەگەر ھەڵوەستەیەک لە سەر مێژوو دروستبوونی عێراق تا بە ئێستای دا بکەین ئەوە راستییەکی حاشاھەڵنەگرمان بۆ روون دەبێتەوە کە ھەر لە سەرەتای دامەزراندنی ئەو دەوڵەتە دەستکردە بە زۆر پێکەوەلکێنراوە ھەر لە سەردەمی شا فەیسەلەوە تا دەگاتە ئەمڕۆ ھەموو حوکمرانی بە زێھنیەتێکی تاکرٍەوانە و دیکتاتۆرانە دەسەڵاتی سیاسی و سەربازیان بۆ مانەوەیان لە سەر کورسی دەسەڵات بەکارھێناوە . ھەر لە کودەتای سەربازی و تا بەکارھێنانی تۆپ و تانک و فرۆکە و تیرۆر ، بۆیە، ئەوەی لە دەسەڵاتی عێراق لە ماوەی سەدەی رابردوو تا بە ئەمرٍۆ بینراوە ، ستەمکاری و چەوسانەوە و تۆڵەسەندنەوە و دەیان کارەساتی قێزەوەنە ، لە نێو دەوڵەتێکدا کە جگە لە بەرژوەندی شەخسی و حکومرانان بۆ ماوەیەکی کاتی ھیچ کەسێک خۆی بە خاوەن ئەو عێراق دەستکردە نەزانیووە و نازانێت .
خاکی کوردستان بە شێوەیەکی فەرمی ویەک لاکەرەوە لە ساڵی١٩٢٦ دەبێتە بەشێک لە عیراق،سێ لایەن کێشەیان ھەبوو لەسەر ھەرێمی کوردستان، تورکیا کە دەیویست بیکات بە بەشیک لە خۆی، عێراق وبەریتانیا کە دەیانویست ببێت بە بەشێک لە عیراق، ھەر وەھا خودی کورد، کە سەربەخۆییان دەویست.. بەڵام بەریتانیا بڕیار دەدات کوردستان بکرێت بە بەشێک لە عیراق لەبەر نەوتە زۆرەکەی کەرکوک، چونکە عێراق بە تەواوی لە ژێر کۆنترۆڵی بەریتانیا بوو، کوردستان ئەو کات لە عیراق بەھێزتر وزیاتر سەروەری ھەبوو، چونکە نیمچە حکومەتێکی ھەبوو، بەریتانیا ویستی بیکات بە بەشێک لە عێراق تا بە تەواوی کوردستانیش بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی خۆی.
جگە لەوەی بەدرێژایی مێژوویی عێراق و پێش دروستکردنی ئەو دەوڵەتەش ناکۆکیی قۆڵی مەزھەبی و تایفی بوونی ھەبووە و ھەزاران کەس بوونەتە قوربانی و بەدرێژایی مێژوو ھەریەک لەسعوودیەو ئیماڕات و بەحرەین و کوێت ئەمانە دوژمنایەتییەکی کۆنیان لەگەڵ عێراق ھەیەو نایانەوێت ئەو وڵاتە خۆشی بەخۆیەوە ببینێت.
عێراق ئەگەرچی دوای رووخانی رژێمی بەعس ، کۆتا دەرفەتی بۆتە ھاتە پێشەوە تا بیری دیکتاتۆری خۆسەپێنی بسرێتەوە، شوێنی دیموکراسی ، فیدراڵی و ھاوبەشی و سازان بگرێتەوە ، بەڵام وەک چۆن بینرا لەماوەی ھەژدە ساڵی رابردوو، نەک ھەر عێراق نەیتوانیی رێرەویی دیکتاتۆری بەرەو دیموکراسی بگۆرێت ، بەڵکو جارێکی تر سیاسەتی مەزھەبی و تایفی و زۆرینەی گرتەبەر بۆ خۆسەپاندن و سڕینەوەی بەرامبەر بە تایبەت گەلی کورد و بە سیاسەتی پەراوێز خستن ، ئینجا گەمارۆدان و دواتریش پەڵاماردانی میلیشایی بەچەک و جبەبەخانەی ئەمەریکی کە ئەو کاتە بەمەبەستی شەرٍی تیرۆر پێیاندرابوو ، ئەمەش دەرخەری ئەو راستییە کە عێراق نەک ھیچ کات باوەری بە دیموکراسی و مافی نەتەوە و پێکھاتەکانی تر نییە بەڵکو ، بەکردە دابەشبووە .
ئەگەر لایەنی کەمی دادپەروەری وئەخلاق ھەبوایە لای بەریتانیا دەبوو کاتێک تورکیا وعێراق داوای کوردستانیان دەکرد، بەریتانیا دەبوو بە گوێی دانیشتوانی کوردستان بکات ودەوڵەتی کوردستان لە باشور دابمەزرێنێت، نەک بیدات بە عێراق، کە لە زۆربەی بەڵگەنامەکانی خۆیاندا ھاتووە کوردستان ھەرگیز بەشێک نەبووە لە عێراق. ھەر ئەوەشە کە ماوەی ١٠٠ ساڵە ، شۆڕش و ڕاپەڕینە کان و قوربانیدانی گەلی کورد و سەرکردایەتییە تێکۆشەرەکەی بەردەوامە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا ، ھەر بە شێوەی سیاسی ، دیپلۆماسی ئەگەرچی زێھنیەتی گەمارۆدان و خۆسەپاندن وەک رابردووی رژێمەکانی پێشووتر زاڵە بە سەر عێراقی لێکترازاو دا .
Top