کیانی کوردستان لە نێو رٍەشەبا و ناوچەیەکی ئاڵۆز دا ..

کیانی کوردستان لە نێو رٍەشەبا و ناوچەیەکی ئاڵۆز دا ..

بە ھۆی شوێن پێی جوگرافیایی کوردستان لە ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بوونی سەروەتێکی کانزایی بێ شوومار لە گشت روویەکەوە و ھەروەھا دەوڵەمەندی بە سەر چاوەکانی ئاو و کشتوکاڵی بەھێز وبەرچاو لە ناوچەکە و ھەروەھا بە ھۆی چاوچنۆکی زڵھێزانی جیھان و حەز و ویستیان لە سەر خاکی کوردستان ، ئەوا دەیان ساڵە و دوور لە ویستی نەتەوەکەی خاکی کوردستانیان لەت لەت و دابەشکردن بە سەر چەند دەوڵەتێکی دەستکرد ، ئەوەش وایکردووە کە شەڕ و مڵمڵانێ کان دوای زیاتر لە سەدەیەک بێ کۆتایی بمێنێنەوە و بەردەوام بن .
گەلی کورد وەک نەتەوەیەکی ڕەسەنی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە ھۆی ستەمکاری و ھەوڵی ئەو دەوڵەتانەی کەوا خاکی کوردستانیان بە سەردا دابەشکراوە ، چەندین راپەڕین و شۆرشیان تا بە ئەمڕۆ و لە سەر ئاستی کوردستانی گەورە ئەنجامداوە لە پێناو رزگارکردنی خاک و شوناس و بەدەسھێنانەوەی سەروەری و شکۆمەندی. بۆیە، ئەگەر ھەڵوەستەیەک لە سەر ھەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە چواربەشە بە زۆر لکێنراوە بە عێراق بکەین دەبینن کە ناوچەکەمان کەوتۆتەوە نێو چەقی رۆژھەڵاتی ناوەرٍاستدا گیرۆدەی چوار دەوڵەتی دەستکردی ستەمکار بۆتەوە ، بەشێوەیەک کە لە ماوەی رابردوو، دا ھەموو جۆرە ئامراز و چەک و پیلانگێرییەکی قرێژیان دژ بە بزاڤەرزگاریخوازیی و شۆڕشگێرییەکەی لە دوێنی و ئەمڕۆی خەباتی شارستانی گەلەمان لە دەڤەرە بە پاساویی جۆراجۆر ئەنجامداوە و زیانی زۆر گەوریان بە دۆزی رەوایی میللەتەکەمان گەیاندووە .
ئەو داگیرکەر و رژێمانە ، بە بێ گوێدان بە ھەموو چەشنە بنەمایەکی مرۆڤایەتی وسلوکی و رەوشتی بەردەوامن لە سەر ھەڕشەکردن لە مۆرٍکی کوردبوومان و شوناسمان و بەردەوام لە ھەوڵی خۆسەپاندن و سرٍینەوەمان و بچووکردنەوەمان دەدەن و کار دەکەن بۆ تواندنەوەمان و دەرکردنمان لە سەر خاکی باب و باپیرانمان و بەردەوام پاساویی بێ بنەما و چەواشەکاری دەکەن .
دوای زیاتر لە سەدەیەک و گۆرانکارییەکان بە سەر سیستەمی سیاسی و زێھنیەتی جیھانی و حکومرانی و تێپەڕاندنی شەرٍی یەکەم و دووەمی جیھانی و ئینجا سیستەمی جیھانگەرایی و سەرھەڵدانی چەمکەکانی ئازادی، دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ ، بەڵام تا ئێیستا مافەکانی مرۆڤ و بەتایبەت گەلانی ژێر دەستی و ئازادیخواز تا ئێستا لە ژێر ھەرٍەشە و مەرتسی داگیرکەران و بەرژوەندی وڵاتانی زڵھێز رووبەرووی ھەرٍەشە و چەوسانەوە دەبنەوە و ھەموو چەک و ئامرازێک بۆ لەناوبردن و سڕینەوەی شوناسیان بەکار دێنن بەتایبەت گەلی کورد وەک نەتەوەیەک خاوەن رٍەسەنایەتی خۆی و تایبەت مەندی و زمان و مێژوو کە بەردەوام خەباتی کردووە تا خۆی و شوناس و نەتەوەکەی بپارێزێت و قوربانی بێ شوماری بەخشیووە و دەبەخشێ.
بۆیە، کاتێک بیری خۆسەپاندن و کەلتووری خۆسەپاندن بە سەر بیری پێکەوەژیان و مافی گەلان و بەتایبەت گەلی کورد زاڵ بێت ئەوا دەبینرێت کە چ کارەسات و قوربانی گەورەی لێکەوتۆتەوە، کاتێک بە بێ پرسی گەل و نەتەوە و پێکھاتەکانی ناوچەکە دەوڵەتی دەستکرد دروست بکرێت و ھیچ خۆشەویستی لە نێوان گەل و نەتەوەکانی نەبێت ئەو ئاشکرایە ، چەندە قەیرانی بێ کۆتایی بەدوای خۆیدا جێدەھێلێت .
بۆیە، ئەمرۆ ناوچەکە بە ھۆی دەرچوون لە بنەماکانی قبوڵکردنی یەکتر و پێکەوەژیان و بە زۆر خۆسەپاندن رۆژ بە رۆژ بەەرەو چارەنووسێکی مەترسیدار و نادیار ھەنگاو دەنێت ، ھەر ئەوەشە وایکردووە کە دوای سەدەیەک دۆزی کورد وەک نەتەوەیەک بەردەوام قوربانی بدات و خەبات بکات تا لە نێو جەرگەی رۆژھەڵاتێکی نائارام و چوار داگیرکەر بۆ بەدەسھێنانەوەی خاکی داگیرکراوی بوون بە دەوڵەت و سەربەخۆ وەک گەل و نەتەوە رەسەنەکانی ناوچەکە. ئەزموونی سەدەی رابردوویی مانەوەمان لە عێراقی دەستکرد و زێھنیەتی نەگۆری دەسەڵاتداران پێمان دەڵێن کە ، باوەریان بە دیموکراسی و مافی گەلی کورد نییە و تەنھا خۆسەپاندن و خۆپەرستی و شۆڤێنیەت پێش ھەموو شتێکی ترە ، لە ئەنجامدا ، پێوستە گەلی کورد ، بیر لە یەکخستنی نێوماڵی خۆی بکاتەوە، تاکو بتوانێت دەستکەوتەکان، شوناسی و قەوارەکەی کە بەرھەمی خەباتی دەیان ساڵە و قوربانیدانمانە لە ھەرٍەشەی شۆڤێنی و مەزھەبی و دیکتاتۆرانی سەردەم بپارێزێت .
Top