سەرۆکی هەرێم و دوایين گەشتی بۆ بەغدای پایتەختی عێراق

سەرۆکی هەرێم و دوایين گەشتی بۆ بەغدای پایتەختی عێراق

لە چەند رۆژی رابردوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێزدار کاک نێچیرڤان بارزانی سەردانی به‌غداى کرد. ئەوەی جێى باسە ئه‌وه‌يه‌ كه‌ دوای قووڵبوونەوەی کێشەکانی هەرێم و بەغدا دروستبوونی ئالۆزيی زیاتر له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى نێوانیان، ئه‌م سه‌ردانه‌ جارێكى دى بۆ سه‌لماندنى نیازپاکيی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگه‌ڵ بەغدا بوو، لە لایەکی ديكه‌وه‌ لەشکرکێشيی تورکیا و ئێران بۆ سه‌ر خاکی هەرێمی کوردستان جێگای نیگەرانيی هەرێم بوو، بۆیە ئەمانە وای کرد، سەرۆکی هەرێم سەردانی بەغدا بکات، بۆ ئەوەی هەولە ديپلۆماتى و سیاسيیەکانى وا بکات، لەشکرکێشی بۆ سه‌ر خاکی هەرێمی کوردستان رابگرێت. له‌ راستيدا ئه‌وه‌ش سه‌لمێندراوه‌ كه‌ بەربەستەکان هەر چەند گه‌وره‌ بن، بن پیاوی خۆی هەیه، تێکی بشکێنیت، سه‌رۆكى هه‌رێميش هەمیشە بە سياسه‌تى حەکیمانەی خۆی په‌يوه‌ندييه‌كانى گرێ داوه‌ و کارى به‌رچاوى بۆ چه‌سپاندنى مافە دەستووريیەکانى هه‌رێمى كوردستان کردووە.
هەرێمی کوردستان هەردەم دەستپێشخەری و نیاز‌پاکيى خۆى سه‌لماندووه‌، بۆ ئەوەى کێشەکانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات و، بە دیالۆک بگەنە چارەسەرێک بە پێى دەستووری عێراق، چونکە ناکۆکی چەند درێژه‌ى هه‌بێت، رۆژێک هه‌ر ده‌بێت په‌نا بۆ گفتوگۆکردن و لێک تێگەیشتن ببه‌ن. ئەم سەردانەی بەڕێز سەرۆکی هەرێم بۆ هەنگاونان و بەرقەراریی زیاتری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی لە وڵات بوو، بۆ ئەوەی بۆ هەموو دونیاى بسەلمێنن، ئێمە هەمیشە خوازیاری ئاشتین لە وڵاتدا، هه‌روه‌ها سەردانی سەرۆکی هەرێم بەربەستی تەسکی حزبيیەکان تێک دەشکێنیت، کە هەندێک لایەن گرتوویانەته‌بەر بۆ لاوازکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەمیشەش له هەوڵدان قەبارەی هەرێمی کوردستان بچووک بکەنەوە، لە کۆتایيداش بەرەو نەمانی ببەن، بوونى هەردوو جێگرانی سەرۆکی هەرێميش له‌ وه‌فدى سه‌ردانه‌كه‌دا هەڵگری پەیامێکی ديكه‌ی سیاسی بوو، بۆیە هەمیشە ئێمە دەبێت ئەوەمان لە یاد بێت، كه‌ بە یەکگرتوويی دەستکەوتی زیاتر بۆ کوردستانیان دەستەبەر دەبێت، پەرتەوازیمانیش دەستەکەوتەکانمان بەرەو لەناوچوون دەبات، بۆیە پێویسته هەموو لایەنە سیاسيیەکانی کوردستان هاوكاريى سەرۆکی هەرێم بكه‌ن و هەماهەنگ بن و دوور بکەوەنە له بەرژەوەنديی تەسکی حزبی و پێکەوە دەست لە ناو دەست مافە دەستووریيەکانی کورد بپارێزن.
Top