هەڵگری مەشخەڵی چاکسازی
June 7, 2020
وتار و بیروڕا
زۆرن ئەو وڵات و هەرێم و کۆمەڵگهيانەی بە دەست گەندەڵيیەوە دەناڵێنن، (گەندەڵی سیاسی، ئابووری، ئەمنی و گهندهڵى له گشت سێکتەرەکانی ژیان). بهداخهوه گەندەڵی لە زۆربهى سێکتەرەکان بووە بە کەلتوور، ههر بۆيه زۆر گرنگە كار بۆ ئهوه بكرێت كه گەندەڵی وەک کەلتوورێکی قیزەون تەماشا بکرێت، بەڵام ریسکەکە لێرەوە دەست پێ دەکات، مخابن کەسانێک شانازی بە گەندەڵی دهكهن، چونکە ئەگەر وەک کەلتوورێکی ناشيرین سەیرى بکهن، بەرەو بنبڕکردن دەچوو، بەڵام کاتێک شانازی پێیەوە دەکرێت ئەوا رەگەکانی زیاتر پتەو دەبێت.
گومان لەمەدا نیيە کە کوردستاینش بەدەر نیيە لەم ریسکەکە، تەنانەت لەمێژە گلاسەکە لێوانلێو بووە و، میللەتی گەیاندۆتە دووڕێیانی نائومێدی و دەتوانم بڵێم دوورکەوتنەوە لە ئینتیمای نەتەوەيی... لێرەدا دەمەوێت باس لە ئەمە بکەم کە کەسێک مەشخەڵی بنبڕکردنی گەندەڵی هەڵگرتووە و خۆی خستووەتە کەشتيی گەلەوە، لەبەرامبەردا کەسانێکی بەرپرس و دەسەڵاتدار دەیانەوێت ئەم مەشخەڵە لە پێناوی بەرژەوەنديی تایبەتيی خۆیان بکوژێننەوە!! هەر بۆیە ئەو كهس و لايهنهى کە بەرژەوەندیيان بە بنبڕکردنی گەندەڵی دەکەوێتە مەترسی، هەوڵدەدەن هەموو کۆسپ و بەربەستێک بخەنە بەردەم هەڵگری مەشخەڵی ریفۆرم و چاکسازی و بۆ ئهو مهبهستهش گشت میکانیزمێک وەک سۆشیاڵ میدیا و کەنەڵەکانی راگەیاندن و رۆژنامە و گۆڤار و...هتد بهكار دههێنن، تهنانهت بە تەشهیرکردن بە چاکسازيکاران و بێئومێدکردنی شەقام به چهواشهكارى... بهڵام راستیيەکە ئەوەیە ئهمڕۆ ئیرادەیەکی بەهێز هەیە بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی، هەرچەندە دژایەتیيەکی زۆریش دەکرێت، لەلایەن ئەو کەسانەی سوودمەندن لە پرۆسەی گەندەڵی، بەڵام من زۆر ئومێدم بە توانا و هیزی جەنابی سەرۆک وەزیران هەیە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ جێگرەکەی دەتوانێت کەشتيی چاکسازیيەکە بگەیهنێت بە کەنارێكی بەرهەمدار.
پەندێکی کوردى ههيه و دەڵێت: "چەپڵە بە دەستێک لێ نادرێت". لێرە دا ئەم پەندە کوردیيە فۆکەس دەخاتە سەر ئەوەی کە ئەگەر ههماههنگى و باڵانسێک نەبێت لە نێوان دەسەڵات و میللەت، ئەوا ناتوانرێت روبەڕووی گەندەڵی ببینەوە، بەڵکو دەبێت هەم دەسەڵات ئەم ئیرادەیەی هەبێت و هەم میللەتیش ئیرادەی بەهێزى بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ههبێت.
له ئێستاشدا كه جەنابی سەرۆک وەزیران بە تەواوەتی خۆی خستۆته بەرەی گەل، گونانى تێدا نامێنێت مه هیچ هێزێک لەسەر زەمین ناتوانێت رێگری لێ بکات و ئەو بەرپرس و دەسەڵاتدارەنەش کە دەیانەوێت، بەهۆی داتەپینی بەرژەوەندیيەکانیان رێگری بکەن لە پرۆسەی ریفۆرمسازی، ناتوانن رووبەڕووی ئیرادەی میللەت ببنەوە.
بەرێز جەنابی سەرۆک وەزیران پێویستە چەند میکانیزمێک بگرێتە بەر بۆ ئەوەی بتوانێت سەرکەوتوو بێت لەم هەوڵە پیرۆزەی گرتوویەتیەبەر:
یەکەم: پێویستە کاربکرێت بۆ دروستکردنی متمانەی هاووڵاتی بە دەوڵەت بە باشترکردنی بژێوی و ژيانی خەڵک، چونکە کاتێک هاووڵاتی متمانەی بۆ دروست بوو، هیچ کەس و لايهنێك ناتوانێت شەقام بەلاڕێدا ببات.
دووەم: کاربکرێت لەسەر شەفاف نیشاندانی داهاتی وڵات.
سێهەم: کارکردن لەسەر دادگەری و یەکسانی.
چوارەم: رەخساندنی هەلی کار و پرۆژە خزمەتگوزاریيەکان.
لە کۆتايیدا دەمەوێت بڵێم: کەسانێک هەن دەستیان کردووە بە ئەنجامدانی پرۆسەیەکی ریفۆرمی سەرتاسەری، لە بەرامبەردا کەسانێک هەن هەموو هەوڵێکیان دانانی بۆمبە لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەکە، بەڵام ئەگەر ئێمەی میللەت هاوکار بین لەگەڵ هەڵگری مەشخەڵی چاکسازی، ئهوكات گشت ئەهو بۆمبانەی کە دەخرێنە سەر رێگەی بەرێزیان، ئۆتۆماتیکیەن پووچەڵ دەبنەوە، گەندەڵکارانیش ناتوانن خۆيان له سهرووى ياساوه دابنێن. پێویستە گشتمان گەندەڵی بکەین بە عەیبە و قیزەوەنترین تاوان، بۆ ئەوەی گەندەڵکاران تەنانەت رووی ئەوەیان نەبێت، بێنە نێو کۆمەڵگه، ئیتر ئەم رێکاریانە بگرینەبەر هەموومان بە یەکەوە دەست لەناو دەست زۆر دڵنيام دەتوانین بەسەر گەندەڵیدا زاڵ بین و وڵاتێکی نموونەيی بنیات بنێین و باروگوزەرانی وڵات و حکومەت و هاووڵاتیانیش پێ دەنێتە قۆناغێکی زێڕین.