کۆڕۆنا وەک دێوەزمەیەکی کۆمەڵگەی مرۆیی

کۆڕۆنا وەک دێوەزمەیەکی کۆمەڵگەی مرۆیی

لەوکاتەوەی مرۆڤ لەسەرئەم زەمینە رووەو بەکۆمەڵبوون رۆیشتووەو بەکۆمەڵ بەدەستھێنان و پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی خۆی بووە، ئەویش بەسوود وەرگرتن لە سێ شتی سەرەکی، یەک: ئەزموونی لەگەڵ دانەکان و دیاردەو بابەتەکانی سروشت. دوو: مامەڵەی لە گەڵ خواستی ھەمەجۆرو داواو نیازی مرۆڤ و گرووپ و کلتووری کۆمەڵەکانی دەوروبەری. سێیەم: لەگەڵ حەزو خولیاو خەونە خودی و جۆری داواو پێویستیەکانی خودو گرووپ و ئەو کۆمەڵگەی تیایدا ئەندامە.
ئەم سیانە دەلاقەی تەماشەو دیدو دونیابیی ھەرمرۆڤێک بوون بۆ جیھان و جۆری پەیوەندی گرتنی لەگەڵ مرۆڤەکانی ئەم سەرزەمینە، لەوێوە حەزی بەژیانکردن و بەردەوامی ژیان و بەدەستھێنانی ئاسودەیی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی خۆراک و لابردنی تەنگژەو بەربەستەکانی بەردەم زیندو مانەوەو خۆشگوزەرانی بووە.
لەم رێیەی مرۆڤداو لەم جەدەلیەی بیرو ئایدیاو مامەڵەو پەیوەندیانەی نێو ژیانی کۆمەڵایەتیەیدا لەم سەرزەمینەو ھەنگاو ھەڵگرتنی زیاتری ئەو مرۆڤە بەئاوەدانکردنەوەی ئەم سەرزەمینە بەخۆی، ھەردەم سێ دێوەزمەی مەترسیدارو گرنگ وەک بەربەست و مۆتەکە، لەبەردەم ژیانکردن و گوزەرانی خۆشی و مانەوەی لەنێو کۆمەڵدا دەرکەوتە بوون. بەمانا لەگەڵ بەکۆمەڵبوونی زیاتری مرۆڤ و گەورەبوونی کۆمەڵگەی مرۆیی ئەو سێ دێوەزمەیە زیاتر خۆیان نواندووە کە ئێمە بەکورتی بەرچاو رۆشنیەکیان لەسەردەدەین و کۆرۆنا وەک یەکێک لەو دێوەزمانە دەکەینە ھەوێنی باسەکەمان.
یەکەم: گرفتی کەمی بەردەستی پێویستیەکان و زیاتر بوونی خواستی پێداویستیەکان لەلایەن مرۆڤ و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیەوە ..
بەو پێیەی پێویستی خواستێکی دەروونی و بایەلۆژی و کۆمەڵایەتی مرۆڤە، ناخی مرۆڤ و لەھەمانکاتدا کلتورەکەی لەپشت ھەرھەوڵێکی مرۆڤەوەیە بۆ دەسکەوتنی، چونکە تاکە ھۆکاری بەردەوامی پێدانی ژیانیەتی و درووستکەری ژیان و شارستانییەتیەتی، دیارە مرۆڤیش واناسراوە بونەوەرێکە کە خاوەن خواستی پێداویستی جۆراو جۆرەو پێدەچێت گەورەترین جیاکەرەوەی مرۆڤ و ئاژەڵان ئەوەبێت کەئاژەڵە ناگۆکان (حیوانات غیر ناگقە) پێداویستیەکانیان تەنھا رەمەکی و بایەلۆژەی بن ، شێوەی فێربوون و جێبەجێبوونی ھەر رەمەکی و بایەلۆژین و بێ کەمو کورتی شایەن بەفێربوونن. بەڵام پێداویستیەکانی مرۆڤ بایەلۆژی و کلتورین و شایەنی خستنەسەرن و شێوازو رێگەی بەدەستھێنانیان لەھەژمارنایەن. بۆ ئەم مەبەستەش مرۆڤ رێگەی شیاوونەشیاو (رێگەی باش و رێگەی خراب )ھەڵدەبژێرێت، ھەرچی سیستمی ئاکارو نۆرم و بەھاکۆمەڵایەتیەکانن لەکۆمەڵگەدا، ئەو رێو میکانیزمە داچۆراوانەی نێو ئەزموون و بیرو خەمی مرۆڤانەی مرۆڤن بۆ دیاریکردنی جۆری(باش-خراب) رێوشوێنی بەدیھێنانی ئەو پێویستیانە بە ئاسانترین و گونجاوترین شێواز کە ئاسایشی کۆمەڵایەتی و بەردەوامی ژیان و گوزەران بدەن بەدەستەوە. دیارە سەرچاوەکانی پێداویستی ھەم سروشتین و ھەم کۆمەڵایەتی و مرۆیین. مرۆڤیش بۆ رامکردنی سروشت تابە ئیمرۆ دەگات جەنگاوە و توانیویەتی وەک یەکەم و گەورەترین سەرچاوەی پێداویستیەکان بەئاکاری و نائاکاری سودی لێوەربگرێ و ببێتە سەرچاوەی یەکەمی پێداویستیەکانی، لەھەمانکاتدا بەو پێیەی کۆمەڵگەش دابینکەری زۆرێک لەپێداویستیەکانی تاکە، لێرەوە پەیوەندی تاک و گرووپ و کۆمەڵگە لەسەر ئەم مەبەستە وەستاوەو بونیادی سەرەکی کۆمەڵایەتی بوونی لەسەر دیاریکراوە.
دووەم: گرفتی دەرکەوتەبوونی ململانێی زیاتری مرۆڤەکان لەپێناو دەستگەیشتن بەسەر سەرچاوەکانی بەرھەمھێنان و بژێوی، دواجار داگیرکردنی سەرچاوەکانی ژیان و دەسەڵات لەلایەن کەسانی خۆپەرستەوە.
پرسی ململانێ پرسێکی مرۆییە، لەوساتەوەی کە ئیتر مرۆڤ نەگەرایەوە بۆ ئەو ویژدان و (نیازی پاک)ەی ناخی مرۆڤ وەک ئاینەکان باسی دەکەن و وەک ئەو (ویستی چاکە)یەی کە کانت لەپشتیەوە رەخنە لە سەر عەقڵی پەتی دەیگرێت، رەھای دەکات لە ھەمووشتەکان، بەڵکو ناخی خۆی کردە ھێلانەی ئەنانیەت و ئەو خۆپەرستی وخۆبەگەورە زانینەی (کەیەکەم جار لای شەیتانەوە دەرکەوت (انا خیر منە) بەرامبەر باوەئادەمی باوکی مرۆڤایەتی نواند، پاشان ئەم نەریتە نەگریسە ھاتە ناو مرۆڤەکان و بەداخەوە زیاتر لەنێو کەسە دەست رۆیشتو دەسەڵاتدارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان تەشەنەی کردو دەستەواژەکانی (ھەرچی من دەیڵێم ئەوەراستە،!! ئەوەی من دیاری دەکەم ئەوە پەیرەوە،!! کێ لە ئێمە پیرۆزترو بیرکەرەوە تر لەسەر راستی تر ھەیە!! خۆ بەگەورە زان و پیرۆزو شایستە بەریزی ئەوانی ترو ئەوانی تر بە کەسانی پلە دوو بەردەست.!! ئەمە تەنھا بۆ(من)ەو شایەن بەمن و بنەماڵە‌و دەست و تاقمی (من) ەو ئەوانی تر ... ئیتر..؟؟ھەزاران دەستەواژەی ناساغ و ناسازی مرۆیی و دژ بە ژیانی دادی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی راستەقینە، ئیتر راکردوو خۆپەناگرە لەھەر بەرپرسیاریەتێکی ئینسانی و کۆمەڵایەتی راستەقینە ئەگەر لەبەرژەوەندی خۆی نەبێ وزیانی بۆ پەزەکانی نەبێ!! چونکە بەرپرسیارێتی ھەستێکی ئەرێنی شێلراوی گیانی مرۆڤانەیە، کەلەناخی مرۆڤەکاندا وەک ھەڵوێستێک بەرامبەر جیھانی دەرەوە لەئەرک و ماف و گێرانی رۆڵ دا لە گوتەو کارو مامەڵەی مرۆڤدا دەرکەوتە دەبێت. بەمەش تاکی مرۆڤ روەو خزمەت و پاراستنی کۆمەڵگە ئاراستە دەکات. بەڵام ئەم جۆرە مرۆڤانە ئەمانەیان نییەو بۆ ناخی خۆیان شۆربوونەتەوەو سەرچاوەی ململانێن تەنانەت وەیشومەو دوژمنێکی سەرسەختی ھاوشێوەکانی خۆشیانن.!
بوونی ئەم جۆرە تەرزە لەمرۆڤ لەم ژیانەو خاڵی نەبوونی کۆمەڵگەکان (بێ جیاوازی و کوردەواری بەنمونەش)لەم تەرزە مرۆڤانە خاڵی لاوازی کۆمەڵگەکانە بۆ بوونی درزی دارمان و لەرزەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و دەرکەوتەبوونی ھەزاران دیاردەی وەک دزیی و گەندەڵی و ھەژاری و کوشتن و ...ھتد
ئەمە بەدەرلەوەی ئەگەری ھەڵکشانی ململانێکان و بوونی رقێکی داپۆشراوی ساختە بە (ئم و بەڵێ قوربانەکان!!) و نەمانی متمانەی پردی پەیوەندی خەڵک و دەسەڵاتە لەھەرکۆمەڵگەیەکدا ، (بۆ کوردەواریش ئەمە ھەر راستە.) کە دەرگایەک دەکاتەوە بۆ پرسی من و ئەوان، پرسی خەیرو شەر، پرسێک کەتا بینەقاقای گەوزاوە لەململانێ، ململانێی بینراو و نەبینراو، چێنراو بە قین و بوغزو پاشقول و ملشکاندن، ئیترو ئیتر ئیتر بەردەوام تا ئەوکاتەی مرۆڤی بریاردەری سەردەستە یان ئەگەرێتەوە بۆ ناخی راستەقینەی خۆی و نێو ماڵی گشتی ئەوان، ئەوانێک کەھۆکاری سەرزل بوونی ئەم بوون رۆژێ لە رۆژان (کە مەخابن نموونەی لەمە زۆرکەمە!!) یان ململانێکە دواجار بەملشکانی ئەوچینی سەردەستەکەی دێت، مێژووی مرۆڤایەتیش لەم نمونانەی بێ ھەژمارە.
سێیەم : نەخۆشی
نەخۆشی بۆ خۆی لەگەڵ مرۆڤدا مێژوویەکی دێرینی ھەیە، پرسی مێژووی کۆمەڵایەتی ڤایرۆسەکان وەک ھۆکارێکی نەخۆشخەرو مەترسیدار ھەڕەشە لەسەر ژیانی مرۆڤ، مێژینەیەکی کۆمەڵایەتی ١٢ھەزار ساڵەی لەگەڵ کۆمەڵگەی مرۆیی دا ھەیەو ھەردەم ھۆکارێکی نەخوازراوو بێزراو دوژمن ئاسای مرۆڤ بووە لەم سەرزەمینە. بەتایبەتی دوای چەرخی بەردینی نوێ و دەرکەوتنی ژیانی کشتوکاڵی و زیاتر بوونی چری دانیشتوان، ئیتر نەخۆشیە ڤایرۆسیەکان ماڵی و نیشتەنی کۆمەڵگەکان بوون، نموونەی سورێژە وئاوڵە و تاعوون و ھتد. کە ئەمانە زۆر جار ژیانی مرۆڤایەتیان تیکداوەو کۆمەڵگەکانیان بەرەو لێواری لەناوچوون بردووە.
نەخۆشی ئەو دێوەزمە بووە بەدرێژایی مێژوو شەری لەسەر ژیان و بونی مرۆڤ کردووە، ھەردەم مەترسی بووە لە توانای و چالاکی و ھێزو دەسەڵات و بەردەوامی ژیانی، بەھەمانکاتدا گەورەترین رێگربووە لە بەردەم خەون و خولیاو خۆشیەکانی ژیانی، یەکێک لەتێکدەرەکانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی سیاسی و نیشتمانی نەتەوەکان بووە، چونکە ھیچ کات ئاسایشی کۆمەڵایەتی و نیشتمانی ھیچ کۆمەڵگەیەک پارێزراو نابێت ئەگەر کۆمەڵگەیەکی ناتەندروست و پەککەوتەو پرنەخۆشی ھەبێت.
دیارە کۆڕۆنا وەک یەکێک لەو نەخۆشییە ڤایرۆسی و درمانەی کە ئیمرۆ کۆمەڵگەی مرۆیی بەتێکڕا تەنیوە، یەکێکە لەخراپترینی ئەو دوژمنانەی کەبەرۆکی کۆمەڵگەی مرۆیی گرتوە لەبەرسێ خاڵی گرنگ:
یەک: بەچالاکترین جۆری نەخۆشی لەم سەرزەمینە ھەژمارکراوە کە بتوانێت بەکەمترین کات ھەمووسنوورە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان ببرێت و پرسیارو گۆرانکاری لە جۆری سیستمی تەندروستی کۆمەڵگەکان دروست بکات و راستەوخۆو ناراستەوخۆ ھەموو کۆمەڵگەی مرۆیی بخاتە ژێر باری خۆپارێزی و بەرگری و جۆری کۆنترۆڵکردنیەوە.
دووەم: تائێستە یەکەم جۆری نەخۆشی ئەم سەرزەمینەیە کە زۆرینە یاخود بەجۆرێ لەجۆرەکان ھەموو چالاکیەکانی مرۆڤایەتی خستە ژێر پارێزو و رارایی و تەنانەت جۆرێک ھەڵپەساردنەوە، بەجۆرێک کە بەگەورەترین ھەرەشە لەسەر ئابووری و بژێوی ژیانی مرۆڤایەتی ھەژماردەکرێت، پێدەچێ داکەوتەکانی ئەم نەخۆشییە ئەگەر وەھا بەردەوام بێت، دیاردەی ھەژاری و جەنگ و ململانێ مانەوەی کۆمەڵگەکان درووست بکات .
سێیەم: بەداخەوە کۆڕۆنا دووگرفتەگەورەکەی تری ئاماژەمان پێدا : ( گرفتی کەمی بەردەستی پێویستیەکان و زیاتر بوونی خواستی پێداویستیەکان لەلایەن مرۆڤ و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیەوە .. و دەرکەوتەبوونی ململانێی زیاتری مرۆڤەکان لەپێناو دەستگەیشتن بەسەر سەرچاوەکانی بەرھەمھێنان و بژێوی، دواجار داگیرکردنی سەرچاوەکان ژیان و دەسەڵات لەلایەن کەسانی خۆپەرستەوە. ) زیندووتر دەکاتەوەو دەیانکاتە سەرباری خۆی. بەوەی زیاتر بوونی خواستی تەندروستی و بەربەستبوون لەسەر ئاسان دەستگەیشتن بەسەرچاوەکانی ژیان وبژێوی، ئەمە لەسەر ئاستی دێوەزمەی یەکەم بەرۆکی کۆمەڵگەی مرۆیی دەکاتەوە، لەسەر ئاستی دێوەزمەی دووەمیش ململانێکان لەسەر سەرچاوەکانی ئابووری و دەسەڵات ئەو مەترسیە گەورەیەیە کە بگاتە بڵاوبونەوەی ھەژاری بەربڵاو لەسەر ئاستی جیھان و گومان دەکرێ دوای نەمانی کۆڕۆنا سەرەتای جەنگێکی نوێ بێت. ھیواداریشم وانەبێت!!
Top