هەڵەی حكومەت

هەڵەی حكومەت

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا حکومەت هەڵەی کرد، دەبووایە لەباتی دەرخستنی مەترسییەکانی ئەو ڤایرۆسە و رێنمایی خۆپاراستن و قەدەغەی هاتووچۆ، بیگوتبایە: ئەو ڤایرۆسە مەترسی نییە و وەک جاران کۆڕ و کۆبوونەوە بکەن و پێویست بە خۆپارستن و خۆ کەرەنتینە ناکات، ئەوکات عێراقچی و رۆشنبیرە دەمشڕ و هەڵەوەڕەکان و دوژمنانی سەربەخۆیی کوردستان، نەدەبوونە کەری دێزە و لە داخی حکومەت خۆیان کەرەنتینە دەکرد و لە ماڵەکانیان نەدەهاتنە دەرێ، خەڵکە دڵسۆز و کوردپەر و کوردستان ویستەکەش چۆن لە رابردوودا هەستیان بە مەترسی ژێردەستەیی و هەموو جۆرە مەترسییەکانی تر کردووە و دژی جەنگاون، هەستیان بە مەترسی بوونی ئەو ڤارۆسەش دەکرد و خۆیان کەرەنتینە دەکرد، ئەوکات حکومەت وەک ئێستا تووشی کێشە و هێز بڵاو کردنەوە نەدەکرا و رێڕەوەی درووستی خۆپارێزی دەگیرایە بەر، بەوەش بۆ یەکەمجار کورد دژی دوژمنێکی هاوبەش یەکدەخرا و بەڕەی ئاژاوەگێڕی لە ژێر پێی هەموو ئەوانە دەردەهێنرا، کە لەسەر بەڕەی دوژمنان فێری سەمای کەرتکەرتێن و گرووپگرووپێ کرابوون، بۆیە داوا لە حکومەت دەکەم جارێکی تر هەڵەی وا نەکات و لەگەڵ دەرکردنی هەر بڕیارێک خوێندنەوە بۆ هەڵوێستی عێراقچی و رۆشنبیر هەڵەوەڕەکان و دوژمنانی سەربەخۆیی کوردستان بکات.
Top