هەمیشە متمانەت بە خۆت هەبێت

هەمیشە متمانەت بە خۆت هەبێت

(رالف والدو ئیمرسون) فەیلەسوف و نوسەر و شاعیری ئەمریكی دەڵێ" متمانە بە خۆبوون بریتییە لە بناغەی هەموو پێشكەوتن و سەركەوتنێك".
متمانە بە خۆبوون لەوە وە سەرچاوەی گرتووە كە مرۆڤ بڕوا و متمانە و پشت بە بڕیارەكان و تواناكانی خۆی دەبەستێ‌ و بەردەوامە لە سەر كارەكانی و كۆڵ نادات و دەستبەرداری خەون و ئاواتەكانی نابێت و بەردەوام پەرە بە تواناكانی خۆی دەدات هاندەری خۆی دەبێت و خۆی خۆش دەوێ و گرنگی بە خۆی دەدات لە هەموو ڕوویەكەوە. لە بیرمان نەچێت متمانە بە خۆبوون بڕبڕەی پشتی تەندروستی دەروونییە و كرۆك و ناوەڕۆك و گەوهەری بەختەوەری ودڵخۆشیە ، لە هەمان كاتدا بنچینەیەكە بۆ هەموو سەركەوتن و پێشكەوتنێك چۆن باڵندەیەك بە باڵەكانی دەفڕێ و بەرەو ئاسمان بەرز دەبێتەوە و هەوای پاك هەڵدەمژێ و باڵەكانی هاوسەنگ و بەهێزن و دوور دوور دەفرێ و لە هەوای پیس دووردەكەوێتەوە بە هەمان شێوە مرۆڤیش دەبێ متمانەی بەهێز بێت وەكو باڵەكانی باڵندە، هەرگیز بیر لە شتی یڕوپوچ و بێ مانا نەكاتەوە و متمانەی بەخۆی هەبێت و ئامانجەكانی بەدی بهێنێت.
لە چیرۆكی شێرومامز و متمانە و ترس بە زەقی دەبینرێت بە پێی لێكۆلینەوە زانستییەكان مامز لە هەر كاتژمێرێك(90) كلیۆمەتر ڕادەكات و شێریش لە هەر كاتژمێرێك (58)كلیۆمەتر ڕادەكات. واتە مامز زۆر خێراتر ڕادەكات لە شێر، بەڵام كاتێك شێر دوای مامز دەكەوێت و دەیەوێت ڕاوی بكات و بیگرێت بێگومان دەستی دەكەوێت و ڕاوی دەكات، چونكە شێر متمانەی بەخۆی هەیە و ئامانجیەتی ڕاوی بكات و لە بەرامبەریشدا مامز هەر چەندە خێراترە، بەڵام بڕواومتمانەی بەخۆی نییە و دەترسێ و هەمیشە ئاوڕ لە دواوە دەداتەوە و مامزەكە دەبێتە نێچیری شێرەكە و لەلایەن شێرەكەوە ڕاو دەكرێت، بۆیە متمانە بەخۆبوون چەكێكی بەهێزە و لە هەموو رووبەڕووبوونەوەكان ئامانجەكان دەپێكێ‌، وە شێر زۆربەی جارەكان لە 25%هەوڵەكانی سەركەوتوو دەبێ و سەردەگرێ و ئامانجی دەبێت واتە 75%ی هەوڵەكانی بێ ئەنجام دەبێت، بەڵام هەرگیز ناڵێ من پادشای دارستان نیم و دۆڕاوم و سەركەوتوو نەبووم، لەگەڵ ئەوەش كە لە 25%ی هەوڵەكانی سەركەوتووە هەمیشە متمانەی بەخۆی هەیە و خۆی بە پادشای دارستان دەزانێ‌ و بەردەوام دەبێت. بە هەمان شێوە مرۆڤیش گەر هاتوو لە چەند هەوڵ و هەنگاوێك سەركەوتوو نەبوو نابێ دەستبەرداری خەون و ئامانجەكان بێت و خۆی بەدەستەوە بدات و بلێ من ناتوانم بەدەستیان بهێنم، بەڵكو سووربوون و بەردەوامی و كۆڵنەدان و هەوڵدان ئامانجەكان نزیكتر و نزیكتر دەكاتەوە و لە كۆتایشدا بەدەستیان دەهێنێ‌، چونكە متمانە بەخۆبوون باشترین و پاكترین رێگا و هۆكارە بۆ زاڵ بوون بە سەرترس و دڵەڕاوكێ و دوو دڵی، لە هەمان كاتیشدا بنچینەی هەموو سەركەوتن و پێشكەوتن و بەدەست هێنانێكە. هەمیشە گرنگە ڕاهێنان بكەین لە سەر هەبوون و گەشەپێدان و چەسپاندنی متمانە بەخۆمان و لە خۆمان ڕازی بن و سوپاسگوزاری خودای گەورە و بەخشندە بین، لە ناخەوە هەستی ڕازی بوون دروست بكەین و هەمیشە ڕازی بین بەوەی هەمانە و گەش بین و ئەرێنی بین و تێڕوانین و دیدگامان پڕ متمانە بێت و خوداش هەمیشە هاوكار و پاڵپشت دەبێت.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

Top