بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا لەسەر بنەمای باوەڕ

بەرەنگاربوونەوەی  گۆڕانی كەشوهەوا  لەسەر بنەمای باوەڕ

 

مەبەست لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا لەسەر بنەمای باوەڕ، بریتییە لە گشت ئەو كار و چالاكییانەی دامەزراوە ئایینییەكان و سەركردە و شوێنكەوتووانی هەر ئایینێك، كە لە ڕووانگەی باوەڕیانەوە لە پێناوی ڕووبەڕووبونەوەی قەیرانی گۆڕانی كەشوهەوا ئەنجامی دەدەن.

بۆیە لەم پێناوەدا مەرجەعە گەورەكانی ئایینەكان بەیاننامەیان دەركردووە و چوونەتە نێو دەستپێشخەرییەكانەوە، بۆ بڵاوكردنەوەی هۆشیاری و زانیاری لەبارەی گۆڕانی كەشوهەوا و بانگهێشتكردنی هەمووان بۆ كاراكردنی ڕێكارە هاوبەشەكانی پەیوەست بە كەشوهەواوە.

لەوانەیە لە ڕابردوودا بە دەگمەن گوێمان لە زانایەكی ئایینی بووبێت قسەی لەبارەی بابەتێكی نوێی زانستیی وەك گۆڕانی كەشوهەوا كردبێت، نەك هەر لە هەرێم و ناوچەكەی ئێمەدا، بەڵكو لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهانیش، چونكە ئەوەی باو بووە ئەوە بووە كە زانایان و سیاسییەكان قسەیان لەو بارەوە كردووە، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا ئاساییە كە دەبینین پاپای ڤاتیكان و شێخی ئەزهەر و نوێنەرانی ئایینەكانی دیكەش لە مینبەری ئایینی و زۆر مینبەری دیكەی مەدەنییەوە، تەنانەت لە نێو فیلمی دیكیۆمێنتاریشەوە كۆمێنتیان لەسەر گۆڕانی كەشوهەوا هەیە.

پاڤیلیۆنی باوەڕ

لەبەر گرنگیی ڕۆڵی بەرچاوی ئایینەكان لە كاری كەشوهەوادا، بۆ جاری دووەم پاڤیلیۆن(شوێن)ی ئایینەكان لە كۆپ 29 كرایەوە، پاش ئەوەی لە 3ی دیسەمبەری 2023 لە وڵاتی ئیمارات لە كۆپ 28 بۆ جاری یەكەم پاڤیلیۆنی ئایینەكان كرایەوە، كە هاوپەیمانییەكی جیهانیی لەخۆ دەگرێت و نزیكەی (97) ڕێكخراوی (11) ئایینی تێدان.

ئامانجەكانی پاڤیلیۆنی باوەڕ

یەكەم: دابینكردنی سەكۆیەك بۆ گفتوگۆ و گۆڕینەوەی ڕا و بۆچوون لە نێوان سەركردە ئایینییەكان و زانایان و ئەكادیمییان و شارەزایانی ژینگە و چالاكانی بواری كەشوهەوا و خانمان و لاوان و گەلانی ڕەسەن.

دووەم: بەهێزكردنی كاری پێكەوەیی و بەكۆمەڵ بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی كاریگەر و هەستپێكراو لەبارەی گۆڕانی كەشوهەواوە.

سێیەم: گەیاندنی پەیامی نوێنەرانی سەركردە و كۆمەڵە ئایینییەكان بە دروستكارانی بڕیار و سیاسەت، بۆ ئەوەی پلانی پەیوەست بە گۆڕانی كەشوهەوا بكەنە پێشینەی كارەكانیان.

چوارەم: بەهێزكردنی بەرپرسیارێتیی ئاكار و ئەخلاقی بۆ پاراستنی هەسارەی زەوی.

پێنجەم: هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان بە بابەتەكانی وەچەخستنەوە و بەرپرسیارێتیی تاك لە ڕاگرتنی هاوسەنگیی نێوان ژمارەی دانیشتووان و دەرامەتە سرووشتییەكان.

شەشەم: بنیادنان و هێنانەئارای چەمكی دیپلۆماسیەتی ئایینی و خستنەڕووی بەرپرسیارێتیی باوەڕداران لە داڕشتنی گوتارێكی ئایینیی كاریگەردا، بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانی گۆڕانی كەشوهەوا.

بۆچی پێویستە باوەڕ بخرێتە نێو كاری پەیوەست بە گۆڕانی كەشوهەواوە؟

یەكەم: ئایینەكان بنكەیەكی فراوانی جەماوەرییان هەیە.

نزیكەی شەش ملیار مرۆڤ كە ڕێژەیان دەگاتە (85%) ی دانیشتووانی سەر گۆی زەوی شوێنكەوتووی ئایینەكانن، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە پەیوەستكردنی باوەڕ بە كاری گۆڕانی كەشوهەواوە، دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە هۆشیاركردنەوە و كاراكردنی توێژێكی یەكجار فراوانی مرۆڤ لەسەر گۆی زەوی.

دووەم: توانای بەخشین و كۆمەكی داراییان هەیە.

 لەبەر ژمارەی زۆری باوەڕداران و توانای داراییان بۆ پارەداركردن و كۆمەكردن بە كار و چالاكییەكانی پەیوەندیدار بە گۆڕانی كەشوهەواوە، بەتایبەتی كە باوەڕداران ئامادەیی زیاتریان بۆ بەخشین هەیە.

سێیەم: كاری خۆبەخشی لەپێناو كەمكردنەوەی زیانەكانی گۆڕانی كەشوهەوا.

پەیڕەوكارانی ئایینەكان كە بەپێی ڕێنمایی نێو دەقە ئایینییەكانیان هەمیشە داوای عەدالەت و عەدالەتی ژینگەیی و كەشوهەوا دەكەن، لە توانایاندایە پێشڕەو بن لە زۆرێك لەو كارانەی كە هاووڵاتیان هان دەدەن، بۆ بیرۆكەی ڕێزگرتن لە سرووشت و ژینگە لە ڕووانگەی ئایینەكانەوە.

چوارەم: كۆبوونەوە لە خولگەی بەها هاوبەشەكاندا.

 هەرچەندە ژمارەی ئەو ئایینانەی كە مرۆڤەكان پێیانەوە پابەندن زۆر و جیاوازن، بەڵام هەر هەموویان هاوبەش و لەیەكچوون لە ژمارەیەك لە بەها مرۆییەكانی وەك ئاشتی و میهرەبانی و عەدالەت و مرۆڤدۆستیدا، بۆیە ملیارەها مرۆڤی باوەڕدار وەك بەشێك لە بڕوای ئایینی و خوداپەرستی و عیبادەت دەڕواننە پاراستنی پێكهاتەكانی ژینگە و ڕووەك و گیانلەبەران.

چی بكرێت بۆ كاراتركردنی بیرۆكەی ڕۆڵی باوەڕ لە كاری پەیوەست بە گۆڕانی كەشوهەواوە؟

یەكەم: دامەزراندنی ئەنجومەنێكی ڕاوێژكاریی هەمیشەیی بۆ سەركردە ئایینییەكان لە چوارچێوەی ڕێككەوتننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاری گۆڕانی كەشوهەوا.

دووەم: بەهێزكردنی پەیوەندی و گفتوگۆی بەردەوام لە نێوان لایەنە ئایینییە چالاكەكاندا لەبارەی گۆڕانی كەشوهەواوە.

سێیەم: موتوربەكردنی پڕۆگرامی خوێندن بە بەها و ڕەوشت و ئاكار و باوەڕ لە بارەی بابەتەكانی پەیوەست بە قەیرانی گۆڕانی كەشوهەواوە.

چوارەم: بڵاوكردنەوەی گیانی لێبوردەیی و لەیەكگەیشتن و، ڕێگریكردنیش لە كەلتووری ڕق و كینە بەرانبەر ئەوانی دیكەی جیاواز.

Top