گلەیی و نازی بزووتنەوەی گۆڕان

گلەیی و نازی بزووتنەوەی گۆڕان

بزووتنەوەی گۆڕان بەردەوام لە رێگای هەڵسووڕاو و ئەندامانی جڤات و فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمانی کوردستان گلەیی و گازندە لە بوونی گەندەڵی و بە فیڕۆدانی سامانی گشتی دەکەن و، نازی ئەوەش بەسەر کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەکەن کە ئەوان هەڵگری پرۆژەی چاکسازین، جا ئەگەر هەڵسووڕاو و ئەندامانی جڤات و فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمانی کوردستان هەڵگری پەیام و جێبەجکاری سیاسەتی بزووتنەوەی گۆڕانن وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکەن، بۆمان هەیە بپرسین: پەرلەمانتارانیان لە پەرلەمانی بەغدا تەرجوومەی سیاسەتی کام حزب و لایەنی کوردی دەکەن؟ چونکە ناکرێ حزبێک لە پەرلەمانی کوردستان دژی گەندەڵی و بە فیڕۆدانی سامانی گشتی و خاوەنی پرۆژەی چاکسازی بێت، لە پەرلەمانی بەغداش دژی ئەو رەنج و خوێنە بێ کە لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان رژاوە و کێشراوە، ئەوەتا وەک دەبینین کام فراکسیۆن و کوتلەی عەرەبی زیاتر دژایەتی کورد و حکومەتی هەرێم بکات، پەرلەمانتارەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵی هاوپەیمان و هاوئامانج و هاورەفتار و هاوکردارە و موو بە بەینیانەوە ناچێ.
جا ئەگەر ئەوان بە رەوای بزانن کە گلەیی بوونی گەندەڵی و نازی چاکسازی بەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بکەن، ئەی چۆن وەڵامی خەڵکی کوردستان دەدەنەوە کە لە بەغدا هاوپەیمان و هاوئامانج و هاوڕەفتار و هاوکرداری ئەو فراکسیۆن و کوتلە عەرەبیانەن کە سادەترین ماف بە کورد رەوا نابینن و پێیانوایە دەبێ کورد بە منەتەوە ژێردەستەیی ئەوان قبوڵ بکات، بۆیە دەڵێم ناکرێ هیچ حزبێکی کوردی سیاسەتی دووفاقی بکات، وەک ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان لە کوردستان دژی گەندەڵی و خاوەنی پرۆژەی چاکسازی بێ، لە بەغدای عرووبەش هاوپەیمان و هاوئامانج و هاوڕەفتار و هاوکرداری عرووبەخوازەکان عەرەبی بێ.
Top